
خەڵقکردنی مێژوو لە دەقی میتۆلۆژی ئەلیادە-1-.. یونس تانج
بەشی یەکەم:
نوسین، بەتایبەت نوسینی مێژووییی هەوڵێکە، دیفاکتۆیەکە، بۆ مانەوە و نەمری، زادەی پاش بێ ئومێدبوونی مرۆڤە لە گەیشتنی بە ژیانی نا کۆتا.
لە ڕووی کاتبەندییەوە (Chronology)، دەشێت گەلێک لە گەلێکی دیکە، زووتر هۆشیار بووبێتەوە و دەستی کردبێت بە تۆمارکردنی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی مێژوو، بە هەر جۆرێک بێت و لە هەر ئاستێکی ناجۆر و نزمدا بێت، تاکو چ ڕادەیەک سنورەکانی تێکەڵ بووبێتەوە لەگەڵ قۆناغە بەراییەکانی بیرکردنەوە و سەردەمەکانی ئەفسانەگەری، ئیشکالییەتەکە لە چییەتی و چۆنییەتی نوسینەکە نیە، گرنگ ئەوەیە کردەی خەڵقکردنی مێژوو بە ئەنجام گەیەندراوە، گرنگ ئەوەیە کۆششێک هەیە بۆ نوسینەوە، ئەگەرچی ئاوێزانی ئەفسانەکاری و ئەفسونگەرایی بووبێت، یاخود وەک پەخشانە شیعرێکی وێژەییی دەرکەوێت و مێزی لێکۆڵەران تەژی بکا لە کەرەستەی لێکۆڵینەوە، بەڵکو خودی قەیرانەکە ئەوەیە، دەست نەبردرێ بۆ نوسین و تۆمارکردن، تا لەئاکامدا خۆمان لەبەردەم نەتەوە و کەڵتێکی بێ مێژوو دەبینینەوە.
مێژوونوسان بە شوێن ئاماژەکانی دەقە ئەفسانەییەکان وێڵبوون، بە پشتبەستەییی ئامرازەکانی فەلسەفەی مێژوو بۆ بونیادنانی کۆڵەگەکانیی خودی مێژوو، چونکە مێژووی کۆنی زۆربەی گەلان ئاوێتەیە لە تەک ئەفسانەگەری، نەهامەتییەکە ئەوەیە خاوەنی ئەفسانە، یان دەقی ئەفسانەییش نەبی تاکو بە ئیلهام وەرگرتن لێی بنچینەکانی مێژووەکەی لەسەر ڕۆبنێی!
ئەوان بەو دنیابینییە کاریان کردووە.. کە دەبێت مێژوو نەشبێت دروست بکرێت، هەموو شتێکیان نوسیوەتەوە، تاوەکو لە سەردەمانی پاشتر مێژووناسان دەتوانن پۆلێنکاری و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەم دەقانەوە بکەن.
ئەفسانەو حیکایەتەکانی گوێی ئاگردان هیچ نین جگە لە کۆششی پێشین بۆ بەجێهێشتنی مۆری مێژوو، هەرچەند ئیلیادە بە بەشێک لە ئەفسانە لە قەڵەم بدرێت، بەڵام بووەتە هۆی گەڕانی شوێنەوارناسان بەدوای پاشماوەی شاری تەڕوادە و ساخکردنەوەی ڕووداوەکانی ئیلیادە. بۆ وێنە بەشێک لەم ڤەکۆڵینانە ئاماژە بەوە دەکەن، شارەکە کەوتووەتە بەری ئاسیای بچوک و تورکیای ئیمڕۆ، هەروەها ئەفسانەی ئەنیادە کراوەتە بنەمای لە دایکبوونی شارەکانی ئیتاڵیا و لە سەرهەڵدانی ئیمپڕاتۆڕیای ڕۆمانی، بەوەی ئینیاس وەک پاڵەوانێکی تەڕوادە پاش هەرەسی شارەکە بە فەرمانی خواوەند ڤینۆس خۆی دەربازی ئەو خاکە دەکا کە دواتر بە ئیتاڵیا دادەندرێت.
خواوەندە یۆنانییەکانی شاخی ئۆڵۆمپس، وەک لەم سێ ئەفسانەیەدا دەبیندرێت (ئەلیادە، ئەنیادە، ئۆدیسییا)، بزوێنەرن و مێژوو دروستدەکەن، بوونەتە بەهادەری چەمکەکانی جوانی و لێهاتوویی و ئیرۆس(عیشق) و هەڵسوڕێنەری گەڕەکانی جەنگ لە نێوان مرۆڤ، بوونەتە هۆی خەڵقکردنی مرۆڤی نیو-خودا و ئاوێتەبوونی تۆرمەی مرۆڤ بەخواوەندەکان، بۆ وێنە بەرێکی هێلێنا دەگەڕێتەوە بۆ زیۆسی گەورە خواوەندە، بەرێکی ئینیاسیی داستانی ئەنیادە دەگەڕێتەوە بۆ خواوەند مارس و هتد.. دەشێت بیرۆکەی بەخودابوونی مرۆڤ و بە کوڕ بوونی پەیامبەر یەسوعیش لە قۆناغی دواتر.. ڕیشەکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەم داستانانە، وەک ئەوەی لە بەشێک لە پوختەکراوی داستانی ئیلیادەی هۆمیرۆس()ی شاعیری یۆنانی دەردەکەوێت.
تەڕوادە(Trojan) شارێکە دەکەوێتە کەنارەکانی ئاسیای بچوک، بە شورا بڵند و قایمەکانیی بەناوبانگ بوو، شارەکە لەلایەن پریام پاشا بەڕێوە دەبردرا (پاریس و هیکتۆر) دوو لە ڕۆڵەکانین، کاتێک پاریس لە دایک دەبێت بڕیار دەدەن بیکوژن، چونکە پێشبینی ئەوەیان بۆ دەکرێت، ئەم کوڕە لە داهاتودا دەبێتە هۆی لەناو بردنی شاری تەڕوادە، بۆیە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە شوانێک ڕادەسپێرن بۆ ئەم کارە، بەڵام شوانەکە دەستی ناچێتە کۆرپەکەو هەڵدەستێت بە نهێنی بەخێوی دەکات و گەورەی دەکات، پاریسی کوڕی پریام پاشا دەبێتە شوانی مەڕوماڵاتی ئەو ماڵەی لەخۆیانگرت.
خواوەندە یۆنانییەکان دەکەونە ناو کێبڕکێیەکەوە، ئیریس خواوەند کە بەردەوام حەزی بە ئاژاوەیە، لە سەر سێوێکی سور دەنوسێت بۆ جوانترین و سێوەکە هەڵدەداتە سەر مێزی ئەم سێ خواوەندە، ( ئەسینا- ڤینۆس- هیرا) سێ خواوەندەکە لەسەر ئەوەی سێوەکە بۆ کامەیان بێت دەبێتە ناکۆکییان، دەڕۆنە لای زیۆسی گەورە خواوەند، ئەویش نایەوێ دڵی هیچ یەکێکیان بڕەنجێنێت، داوادەکات شوانێک بە ناوی پاریس لەبری ئەو بڕیارەکە بدات و جوانترینی ئەم سێ ژنە خواوەندە دەستنیشان بکات.
هەرسێکیان لە بەردەمی پاریسی کوڕی پریام ئامادە دەبن و سێوەکەی پێدەدەن، داوای لێدەکەن سێوەکە بداتە ئەوەی جوانترینییانە، هەر یەکەی لەبەرامبەر هەڵبژاردنەکە بەخششێک بۆ پاریس پێشنیار دەکا، ئەسینا، پێیدەڵێت سەرجەم سوپای سەر زەویت دەخەمە ژێر دەست، بەجۆرێک لە هیچ جەنگێک شکست نەهێنیت، هیرا، پێیدەڵێت موڵکی ئاسیاو ئەوڕوپات پێشکەشدەکەم، ڤینۆس، دەڵێت جوانترین ئافرەتی زەویت پێشکەشدەکەم، بەڵام پاریس پێشنیازەکەی ئەفرۆدیت (ڤینۆس) قبوڵدەکات و سێوەکەی پێدەدات.
پاش ئەم ڕووداوە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە شاری تەڕوادە بە ئامادەیی جەماوەر پێشبڕکێیەکی زۆرانبازی سازدەکرێت، پاریسی شوان بەشداری دەکات و دەکەوێتە بەرامبەر ئازاترین پیاوی تەڕوادە کە هێکتۆری برایەتی، بە نیشانەی لێکچووی سەر جەستەیان هێکتۆر براکەی دەناسێتەوە و دەستی دەگرێت و سەرباری نا ڕەزایەتییەکان دەیهێنێتەوە کۆشکی پاشایەتی باوکی.
لە گۆشەی یۆنانەوە.. هێلینی کچی لیدا و زیۆسی گەورە خواوەند، جوانترین ئافرەت بووە لەم سەردەمەدا، پاشا و پاشازادەکانی سەرجەم شارە دەوڵەتەکانی یۆنان خوازبێنیان کردووە، بۆ ئەوەی جەنگ لە نێوانیان ڕوونەدات دەگەنە ئەوەی کە هێلین هەر یەکێکیانی بە هاوژینی خۆی هەلبژارد، ئەوانی دیکە ڕەزامەند بن و ببنە هاوپەیمان و پارێزەری خۆی و هاوسەرەکەی، ئەوەبوو هێلینا مینیلاوسی پاشای ئەسپارتە وەک هاوسەر هەڵدەبژێرێت.. کە برای ئاگامەمنون ە.
ڕۆژێک پاریسی کوڕی پریام بە کارێکی دەوڵەتداری لە شاری تەڕوادەوە دەنێردرێتە شارە دەوڵەتی ئەسپارتە، لەوێ چاوی بە هێلین دەکەوێت و دڵیان بۆ یەک دەچێت، لێرەوە بەڵێنەکەی ئەفرۆدیت پاش ڕۆژگارێک دێتە دی و هێلینی کچی زیۆس، لەگەڵ پاریس ڕادەکەن بەرەو شاری تەڕوادە.
هەواڵی ڕفاندنی هێلێن بڵاو دەبێتەوە و ئاگامەمنونی برای مینیلاوس، پاشاکان کۆ دەکاتەوە و ئەوەیان بە بیر دەهێنێتەوە پێشتر بەڵێنیان داوە هاوپەیمانی ئەم دوو هاوسەرە بن (هێلێن و مینیلاوس)، بۆیە لە سەرجەم شارە دەوڵەتەکانی یۆنانەوە سوپاو هێز و پاڵەوانەکانی وەک (ئەخیل و بترۆکلیس و ئەیاس و ئۆدیسیۆس) کۆ دەبنەوە بە سەرکردایەتی ئاگامەمنون، بە هەزار کەشتییەوە بە ڕێدەکەون بۆ هێرشکردنە سەر شاری تەڕوادە.
پاش جەنگێکی دە ساڵە یۆنانییەکان ناتوانن دەربازی ناو شاری تەڕوادە ببن، بەهۆی شورا پتەو و بەهێزەکانییەوە، لە ڕوبەڕوبوونەوەیەک لە دەرەوەی قولەکان هیکتۆر بیترۆکلیسی هاوڕێ خۆشەویستەکەی ئەخیل دەکوژێت، بۆیە ئەخیل بڕیار دەدات بێتەوە ناو جەنگەکە، پاش ئەوەی لە ئاگامەمنونی فەرماندەی لەشکرەکەیان توڕە بووە و ڕیزەکانی سوپای جێهێشتووە، بۆیە دەگەڕێتەوە مەیدانی جەنگ و لە ڕووبەڕووبوونەوەیەک دەتوانێت هێکتۆری برای پاریس بکوژێت، لە بەرامبەردا پاریسی کوڕی پریام دەتوانێت خاڵی لاوازی ئەکلیریس(ئەخیل) بدۆزێتەوە و گورزێک لە ژێر پێیەکانی بدات و لە تۆڵەی هێکتۆری برای کۆتایی پێبهێنێت.
گەلێک لە پاڵەوانەکانی یۆنان و تەڕوادە لە ناو دەچن، تەنانەت بەشێک لە خواوەندە یۆنانییەکان دابەش دەبن لە نێوان پاڵپشتیان بۆ دوو بەرەکە، هیرا و ئەسینا و سایدۆن، دەبن بە پشتگیریکاری یۆنانییەکان، ڤینۆس و ئەپۆڵۆ و ئیریس دەبن بە پشتگیریکاری تەڕوادەییەکان.
تاوەکو یۆنانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی بیرۆکەی ئەسپێکی دارینەوە بڕۆنە ناو شاری تەڕوادە، ئەسپێکی زەبەلاحی دارین دەهێنن لە دەرەوەی تەڕوادە دایدەنێن، هاوکات کۆمەڵێک جەنگاوەر لە ناوەوەی ئەسپەکە خۆیان مات دەدەن، تەڕوادەییەکان وا دەزانن سوپای یۆنانییەکان پاشەکشەی کردووە، بۆیە ئەسپەکە ڕادەکێشنە ناوەوەی شارەکەو وەک دەستکەوتێک چاوی لێدەکەن، تومەز لە نیوەشەودا جەنگاوەرە ئەسپارتاییەکان لە ئەسپە دارینەکە دادەبەزن و دەروازەی شاری تەڕوادە واڵا دەکەن، بەمەش سوپا یۆنانییەکەی دەرەوە هەڵمەت دەبەنە ژوورەوە.. دەتوانن شارەکە تەخت بکەن و بیسوتێنن، هێلێناش لەگەڵ خۆیان ببەنەوە یۆنان و شارە دەوڵەتی سپارتە.
هەڵبەت سەربوردەی ئەسپە دارینەکەو هەرەسی تەڕوادە لە داستانی دووەمی هۆمیرۆس بوونی هەیە، کە ناسراوە بە داستانی ئۆدێسا و خودی بیرۆکەی ئەسپە دارینەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ژیری و لێوەشاوەیی ئۆدێسا.
یونس تانج
——————————
ژێدەرەکان:-
Homer. Robert fagles. Iliad. Panguin.London.1990 –
- دريني خشبة، قصة طروادة، مؤسسة هنداوي، المملكة المتحدة، 2017