Skip to Content

“تۆ دەمریت و کەسێک خۆشی نەویستی، تۆ دەمریت و ژیان تەریق نابێتەوە!”.. نووری بێخاڵی

“تۆ دەمریت و کەسێک خۆشی نەویستی، تۆ دەمریت و ژیان تەریق نابێتەوە!”.. نووری بێخاڵی

Closed
by نیسان 10, 2021 General, Literature

ناخۆش ئەوەیە وزەت نەمێنێت
وزەی بیرکردنەوە لە خۆت و دەوروبەرت
توانای گوتنی گۆرانییە دڵخوازەکانت
هێزی دەربڕینی تووڕەییەکانت

ناخۆشتر ئەوەیە
تاقەتی گلەییکردن لە خۆت
سەرکۆنەکردنی ئەو شتانەی بێزارت دەکەن و
لۆمەکردنی ئەو شتانەت نەبێت، کە تووڕەت دەکەن
تەنانەت توانای ئەوەت نەبێت
گوزارشت لە هەستە جوانەکانیشت بکەیت

ترسناکە،
زۆریش ترسناک
لەدەستدانی وزەی گوتن و
ویستی پێکەنین و
مەیلی گریان و
ئارەزووی سەماکردن
دۆخێکە هاوشێوەی مردن

ئێمە ئێستا واین
هەناسە دەدەین و مردووین
دڵمان لێ دەدا و مردووین
بوونمان پارچەیەکە لە مردن
چاوەڕوانییەکانمان
بێتاقەتییەکانمان
بێهوودەییەکانمان
بێئومێدییەکانمان
نیگەرانی و دڵەڕاوکێکانمان
ترسەکانمان
هەر یەکەیان و مردنێکە بۆ خۆی

چش، هەر دەمرین
ئەرێ، بەڵام چ مردنێک؟

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو، وەک خۆت،
وەک ئەوەی هەیت،
خۆشی بوێیت

تۆ دەمریت و کەسێک نەبوو
لەبەر جوانییەکانت نا، ناشیرینییەکانت
باشییەکانت نا، خراپییەکانت
ڕۆشناییەکانت نا، تاریکییەکانت
میهرەبانیت نا، دڵڕەقیت
ڕووگەشیت نا، مڕومۆچیت
هێزت نا، لاوازییت
گاڵتە و شۆخییەکانت نا، عەبووسییەکانت
خۆشی بوێیت و لێت وەڕس نەبێت

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو
لەبەر هەڵچوون و تووڕەبوونەکانت
هیچبوونت
دەمدەمێتی و بێ حەوسەڵەییت
گریانەکانت بۆ شتی پووچ
پێکەنینە بێ ماناکانت
پرتە و بۆڵەی بەردەوامت
لەبەر وڕێنەی بێ سەروبەرت
خۆشی بوێیت و لێت بێزار نەبێت

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو
بە چەوتی و چەوێڵییەکانتەوە
بە خوار و خێچییەکانتەوە
بە تاوان و گوناهەکانتەوە
خۆشی بوێیت و پەشیمانیی داینەگرێ

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو
ڕووخسارت نا، ڕۆحتی خۆش بوێت
دەستت نا، دڵتی خۆش بوێت
دەنگت نا، هەناسەکانتی خۆش بوێت
چاوەکانت نا،
بریسکەی برینی نیگاکانتی خۆش بووێت

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو
بە دوورکەوتنەوەت، بێتاقەتیی بیخواتەوە
بە دیارنەمانت، سەخڵەت بێت
بە نەخۆشکەوتنت، لۆچ بکەوێتە ڕووخساری

تۆ دەمریت و
خۆر لە هەڵاتن
مانگ لە خەمڵین
ئەستێرەکان لە جریوە
ناکەون!

تۆ دەمریت و
درەختەکان لە چرۆکردن
ڕووبارەکان لە خوڕە
دارستانەکان لە هاژە
مەلەکان لە چریکە
گوڵەکان لە شکۆفەکردن
ناکەون!

تۆ دەمریت و
منداڵەکان لە گڕوگاڵ
گەنجەکان لە چاوبەشقاڵێ
پیرەکان لە نزا
ناکەون!

تۆ دەمریت و
قەیرەکان لە خۆخواردنەوە
سەڵتەکان لە خوی نهێنی
بێوەژنەکان لە کروزانەوە
بێوەپیاوەکان لە مەراق
ناکەون!

تۆ دەمریت و
کچەکەت لە ماکیاژکردن
کوڕەکەت لە عیشقبازیی
ژنەکەت لە خەوزڕان
ناکەون!

تۆ دەمریت و
عەرەبانچییەکان لە هاوارکردن
دەستگێڕەکان لە سوڕانەوە
قەرەجەکان لە کوتینی دەرگاکان
ناکەون!

تۆ دەمریت و
نەخۆشەکان لە نرکە و ناڵە
سەرخۆشەکان لە هەوای سەر
بێنەواکان لە داڵغە
ناکەون!

تۆ دەمریت و
سواڵکەرەکان لە فرت و فێڵ
فاڵچییەکان لە فریودان
قومارچییەکان لە گرەوی دۆڕان
ناکەون!

تۆ دەمریت و
نۆتە هەر لەسەر پەیژەی ئاواز سەما دەکا
میوزیک هێشتا زایەڵەی دێ
ڕەنگ لەناو تابلۆکاندا تۆختر دەبێتەوە
هۆڵی سینەماکان پڕ و
تەختەی شانۆکان لە نمایش
ناکەون!

تۆ دەمریت و
زیندانییەکان لە خەونی ئازادی
جەنگاوەرەکان لە ئومێدی گەڕانەوە
منداڵی شەهید لە سواڵی خوێنی باوکیان
ناکەون!

تۆ دەمریت و
شۆفارەکان لە زمانلێدان
جەللادەکان لە دڵڕەقیی
پیاوکوژەکان لە تاوان
سیاسییەکان لە درۆ
دەسەڵاتدارەکان لە قۆڵبڕین
میدیا لە قیڕە قیڕ
ناکەون!

تۆ دەمریت و
ئەو گریانەی لە ناختدا قوڵپی دەدا
سبەی لە قورگی غەریبێکدا دەتەقێتەوە
ئەو ئازارەی دەیکرۆشتی
وەکوو کرم،
لەناو زامی کێم تێزاوی غەریبێکی دی، سەر دەردێنێ
ئەو خەمەی دەیخواردیتەوە
وەکوو زێرۆ،
بین بە خوێنی غەریبێکی ترەوە دەنێت

تۆ دەمریت و
یوئێن بە ڕەنگی ئاسمانیی،
ڕووخساری ڕەشداگەڕاوی شەڕخوازان سواخ دەدا
خاچی سوور، چاوەکانی بۆڕما نابینێ
مانگی سوور، خوێنی تیرۆر لە خۆیدا دەشارێتەوە

تۆ دەمریت و
نە شەڕ ماڵئاوایی دەکات
نە بێدادیی تەریق دەبێتەوە
نە برسێتیی شەرم دایدەگرێ
نە کۆچ دەوەستێ
نە پەناهەندەیی دوایی دێ

تۆ دەمریت و
نە مرۆڤ پشوو دەدا
نە جیهان دەحەسێتەوە

تۆ دەمریت و
کەسێک نەبوو تۆی خۆش بوێت، وەک ئەوەی هەیت

تۆ دەمریت و
ژیان لە سوڕی خۆی ناکەوێ
مردن داسی دروێنەی خۆی فڕێ نادات!

تۆ دەمریت و
هەموومان دەمرین
وەلێ نە ژیان تەریق دەبێتەوە
نە مردن شەرم دایدەگرێت!

نووری بێخاڵی

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish