مەرگ و لە دایک بوون! …. ع. سەرکەش
بێنە بەرچاوت، ئەو پێناسانەی تۆ هەتە، وەک ئەوەی ناوت چییە؟ کوڕی کێی؟ لە چ خێزان و بنەماڵە و عەشیرەتێکی؟ لە کام دێ و کۆمەڵگا، شار، ووڵات، کیشوەر، لە دایک بووی؟ بە چ زمانێک دەدوێی؟ چ داب و نەریتێکت هەیە، سەر بە چ بیروبڕوایەکی ئایینی، مەزهەبیت؟ لە جوگرافیای سیاسی کام پارت و ڕێکخستنی سیاسی چاوت هەڵێناوە!
ئەم پێناسانە هیچ یەکێکیان هەڵبژاردن و وویستی تۆی لەگەڵ بووە؟ یان بێ ئەوەی هیچ بزانی و هیچ خواستێکی خۆتی لەگەڵ بووبێ! بوونەتە پێناسەی تۆ!
ئەگەر پێناسە کۆمەڵایەتیەکان، جوگرافییەکان، سیاسیەکان، بگۆڕدرێت تۆ دەبی بە کەسێکی تر کە دیسان هیچ هەڵبژاردنێک بە دەست تۆ نیە، تۆ کۆرپەیەکی ساوایت و له هیج ناگەیت!
ئێستا وا دابنێ، وا بێنە بەر چاوی خۆت! تۆ لە دایک و باوک و خێزانێکی ئێزدی، لە ئێزدیخانێ، لە ژەنگاڵ لە دایک بووی!
ئەمە چ هەڵبژاردن و ویست و حەزێکی تۆ، گوناهێکی تۆی تیایە؟
وەک چۆن ئێستا لە دایک باوکێکی موسڵمان پەیدای ئەوسا دایک و باوکێکی ئێزدیت دەبوو! دەتوانی ئێستا لە هاوکێشەکە بگەیت؟
جاوەرە تۆ منداڵێک، مێرمنداڵێک هەتڵ گەورە و گەورەساڵێکیش بیت! خۆ هەڵبژاردنی خۆت نەبووە، بووی بە ئێزدی؟ بۆ دەبێ ڕەوا بێت هێرش بکرێتە سەر ئاواییەکەتان، بە بەرچاوی تۆ دەست درێژی بکەنە سەر کەسە ئازیزەکانت، دایک و خوشکت فریشتە ساواکانی دونیای منداڵی و وەک کاڵا بە تاڵان ببرێن و بکرێن بە جارییە و کۆیلە، باوک و براکانت خەڵتانی خوێن کرێن، کە ئەوانیش وا لە دایک بوون و هیچ هەڵبژاردنێکیان نەبووە وەک تۆ! وەک من وەک هەموو ئەوانی تر لە هەر ئایین و ئایینزایەک لە هەر تیرە و تۆرە و نەتەوەوەیەکی تر، هەر لەبەر ئەوەی ئێوە ئێزدین! نەک لەبەر ئەوەی دوژمندارییەک، تۆڵەی خوێن، تۆڵەی شەڕ و پێکدادانێک لە نێوانتاندا بێت.
چ تراژیدیایەکە! چ تاڵاوێکی مەرگە ئەم ژیانە کە ئایین و ئایینزاکان ئاوا ڕەوایی بە ناڕەوایی ئەدەن و شەڕ و شۆڕ و کوشت و بڕی و تاڵان و دزی و دەستدرێژی حەڵاڵ ئەکەن!
بۆ دەبێ چۆن لە دایک بوونت بە ویست و هەڵبژاردنی خۆت نەبوو! ئاواش ژیان و مانەوەت! مەرگ و لە ناوبردنت کە بە دەست خۆت نیە! کەسێکی تر لە دووری دوورەوە بێ ئەوەی بتناسێ و بیناسی، بێ ئەوەی بۆ چاوتروکانیش یەکتریتان دیبێ پێشتر، ئەو کەسە نامۆ و بێ کلتوور و فاشیستە بڕیار بدا و هەڵی بژێرێ بڕیار لە سەر چارەنووسی تۆ بدا!
ئەگەر لەم گوشە نیگایەوە لە ڕۆڵی فاشیانەی ئایین و ئایینزاکان نەگەین، دەبێ فەرمان و ئەنفال بۆ سەر مرۆڤایەتی قەت بنی نەیە! نە من نە تۆ ئارام و ئاسوودە بە بوونی جیاوازیەکانە پێکەوە هەڵناکەین و دەبێ گورگ بین تا گورگ نەمانخوا ئای لەم تراژیدیایە! ببین بە گورگ و دەم بنێینە یەکتری!
———————————-
ع. سەرکەش
ئۆپسالای سوید
2018.08.04