سۆناتای خەون.. شیعری ستیڤان شەمزینی
قورگی شیعر پڕە لە ئاگر
ئاگرێک بۆ سووتان
ئاگرێک بۆ داگیرسان
چاوی عاشق پڕە لە فرمێسک
فرمێسکێک بۆ خامۆشی
ئەسرینێک بۆ نقووم بوون
ماڵی ژیان پڕە لە سەفەر
سەفەرێک بەرەو مەنفا
سەفەری گەڕانەوە بەرەو نیشتمان
حەوشەی خەون پڕە لە ئازار
ئازارێک بۆ شکانی شوشەی تەمەن
ژانێک بۆ ھەڵوەرینی باڵی پێکەنین
ھەستی من پڕە لە گریان
گریانێک بۆ تەنھایی شەوان
گریانێکی بەکوڵیش
بۆ جەنجاڵی رۆژانی تەنھایی
چیتر ستایشی پەپولە ناکەم
گوڵەکانی شیعر ئاو نادەم
سەری خۆم ھەڵدەگرم
بەرەو ھەسارەیەکی تر
خۆم نادەمە بەر شەپۆلی خۆزگە
کاتێک بزانم بەلەمی دڵم کونە
دوو باڵ بۆ فڕین نادۆزمەوە
کاتێ ئاسمان
تەژی بێ لە مەلی کوژراو
خەونی تینوو نابینم
ساتێ رووباری عەشق
وشکی کردبێ
رێگا بەرەو ئاوەدانییەکان نابڕم
کە ھەزاران ساڵە
لە کوخی تەنھاییدا گینگڵ ئەدەم
ئەمەوێ
بەسەر فەرشی سووری خەیاڵدا
ھەنگاو بنێم بەرەو
تەلاری ئەوینی جاویدانی تۆ
بیر لە رابردوو ناکەمەوە
دەست بە ئایندەوە ناگرم
ئەوەی ئەمەوێ ئەو ئێستایەیە
تۆی تێدا ئەدرەوشێتەوە
بیر لە خۆم ناکەمەوە
چارەنوسی شیعرم بۆ گرنگ نییە
ئەوەی دەیخوازم
مانەوەی تۆیە
لە ژوورە بەتاڵەکانی رۆحما
بەدیار یەقینەوە راناوەستم
گوومان ردێنم سپی ناکات
ئەو حەسرەتە دەبینم
لە تۆوە قوڵپ دەدات
دنیای من سەرەوژێر دەکات
کارێکم وەھام نییە بیکەم
بێکاریی زۆر ئازاربەخش نییە
مادام ھەموو ئیشم
گەڕانە بە دوای وشەدا
تا بیکەمە شیعر بۆ تۆ
زۆر بیر لە جێژوان ناکەمەوە
ھیچ کاتێک
بە درەنگ نازانم بۆ دیدار
ئەوە نییە تۆ ھەموو شەوێک
بە باڵی خەونێک دێیت و
لەناو پێخەفمدا رۆژ ئەکەیتەوە؟
٣١-١٢-٢٠١٨
ئەڵمانیا – بیلەفێلد