Skip to Content

کورتەچیڕۆک/ سپیکردنەوەی رابردوو.. رەسوڵ بەختیار

کورتەچیڕۆک/ سپیکردنەوەی رابردوو.. رەسوڵ بەختیار

Closed
by كانونی دووه‌م 12, 2023 General, Literature

نازانم دەبێ لەسەردەمەکانی پێشتریش هەر وابووە، یان تەنیا ئەم رۆژگارە، کەسانێکی والێکردووە، لەهەموو بوار و کار و کردەوەکاندا خۆی بەپاڵەوان بزانی، کەچی لەهەندێک قۆناغی ژیانیدا سودێکی بۆ خانەوادە و هۆز و شار و گەڕەکەکەی خۆی نەبووە، کەچی بەپێچەوانەوە دژایەتی هەموو شتێکی کردووە، خەڵکی بەگرتن داوە بۆ چەند قڕوشێک ئامادە بووە، بەپێش جەیش و جاشدا بڕوا، هەرچی گەڕەکی شارە بیکاتە کەلاوە، لە لادێی و گوندەکاندا زوڵمی لەجووتیاران کردووە، سەردەمانێک ئێمەی گەنج نەماندەوێرا بەکۆڵانەکەیاندا بڕۆین، نەوەک بیانووییەکمان پێ بگرن، بەچەند کەسێک بە شەق و شولاق لێمان بدەن.
ئەمە قسەی پیاوێکی بەتەمەن بوو، دیار بوو زۆر خەفەتی لەو بابەتە دەخوارد، بەرامبەرەکەی هەڵدەدایە و گوتی: حاجی لەوەگەڕێ، هەر ئەوانە ئێستا بوونەتە پیاوی ناو پیاوان، لەنێو کۆمەڵگەدا تەنیا وەک پێشتر قسەیان دەڕوا.
ئەو گەنجەی لەدەوروبەری ئەوانە دانیشتبوو، دیاربوو لێیان تێنەدەگەیشت، چەند جارێک هەوڵیدا پرسیاران لێ بکات، بەڵام لەرووی نەدەهات، کاتێک چووە ماڵەوە پرسیارەکانی لەباوکی کرد، ئەو بەپێکەنینەوە پێیگوت: بڕۆ بخوێنەوە، ناو دێڕەکان بخوێنەوە، هەرچی کۆن و نوێیە بیخوێنەوە، ئینجا تێدەگەی دۆخەکە بۆ گۆڕاوە، بەوە هەڵمەخەڵەتێ نووسەر و رۆژنامەنووس و شاعیرێکی ناودارە، راستە تۆ سەیری دەقەکان دەکەی، لەوانەیە زۆر جوان بێ، بەڵام دیسان پەڕی سەردەمێک بخوێنەوە، بزانە دوو روویی گەیشتۆتە چ قۆناغێک، بزانە ئێستا چی دەنووسن.
باوکە ئەوە باسی چیم بۆ دەکەی؟ خۆ من دەمەوێ بزانم ئەوانە لەفەیسبوکدا دەیانبینم هاوکاری خەڵک دەکەن، یەکسەر وێنەکیش لەگەڵ کەسە بێدەرەتانەکەش دەگرن، دواتر لەلاپەڕەکەیان بڵاوی دەکەنەوە، کەسانێک دەستخۆشی لێدەکەن، بەپیاوی سەردەمی دەناسێنن، لەگەڵ ئەمەش کەسانێک هەزار جوێنی پێدەدەن و بەکەسێکی درۆزن دەیناسێنن.
(بەپێکەنینەوە) هەندێک کەس هەن رابردوویان ئەوەندە ناشیرینە، دەیانەوێ بەچەند هاوکارییەکی خەڵکی هەژار و ئاوارە و بێدەرەتان خۆیان خۆشەویست بکەن، وا دەزانن خەڵک رابردووی لەبیر چووە.
گەنجەکە هیچ قسە و پرسیارێکی دیکەی نەکرد، لەلایەکەوە خۆی گرمۆڵە کرد و کەوتە ناو خەیاڵی بیرکردنەوە لەخۆی، وا خۆی نیشان دەدا، هیچ کاتێک بەو شێوەیە نابێ، لەژیاندا راستە و ڕاست دەڕوا.
ئەو پێیوابوو ئەوانەی بەو شێوەیەن، دەبێ خواردن و خەوتنیان ئاڵۆز بێ، چۆن دەبێ مرۆڤ لەراستی لابدا و چۆن دەتوانێ لەنێو کۆمەڵگە زۆڵم بکات.
دواتر لەدڵی خۆیدا گوتی: باوکم باسی لەوەکرد، بڕۆ بخوێنەوە، واتە چی بخوێنمەوە، کتێب، رۆژنامە، یان سەیری تەمسیلی، گۆرانییە کۆنەکان بکەم، بەڵام ئەمە کاتێکی زۆری دەوێ تا بزانم دۆخی ئێستا و رابردوو و نێوان رەش و سپی لێکجیا بکەمەوە.
گەنجەکە بڕیاریدا هێدی هێدی بەو بابەتانە بچێتەوە، ماوەیەک سەری لەزۆر بابەت دەرنەدەچوو، بەڵام دواتر گەیشتە ئەنجامێک ئەوانەی بۆ پارە و پوول، پۆست و ڤیلە بووبوونە پیاوی سەردەمێک، لەم سەردەمەش بابەتەکانیان بۆ بەژن و باڵاکانە….جگە لەوەی دەیانەوێ شتێکیان دەستبکەوێ، بەهەمان شێوە دەیانەوێ رابردووی خۆیان سپی بکەنەوە.

Previous
Next
Kurdish