ئایدۆلۆژیا گەدەی برسی تێرناکات.. عوسمانی حاجی مارف
ئەو ڕۆژانەی ڕاپەڕینی جەماوەری لە تونس، میسر، لیبیا، سوریا و یەمەن سەریان هەڵدا، هەنگاونانی ئامادەیی بو، بۆ هەڵگیرسانی شۆڕشێک دژ بە برسیەتی، هەربۆیە ناوی لێنرا بەهاری عەرەبی، بەمەش وەستانەوەیەکی بەرفراونی جەماوەری دژ بەو ڕژێمانە هاتە مەیدان، کە دەیان ساڵ، لەسەر حسابی برسی کردن و پێشێلکردنی ئازادی، لە ژێر پەردەی پیرۆزکردنی عروبەوە، سەرمایەگوزاری و کەڵەکەی سەرمایەیان بەڕێوە بردووە. ئەم هەڵچونە جەماوەریە نیشانیدا، خەڵکی ستەمدیدە توانای سەپاندنی ئیرادەی خۆیان هەیە و سەلماندیان پیرۆزکردنی عروبە وەڵام بە گەدەی خاڵیان ناداتەوە. لە هەمانکاتدا ئەوەش بەرچاوکەوت کە گردبونەوەی بەرفراوانی جەماوەری و شەپۆلی ناڕەزایەتی لە مەیدانی شارەکان و شەقامەوە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ بکات، بەڵام بەبێ ئامادەیی لە ڕێکخراوبون و ئاسۆیەک بۆ سەرکەوتنی ئەوڕاپەڕینە، بۆ گەیشتن بەرەو دابینکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی خەڵک، پاشەکشەی پێدەکرێت. هەر بۆیە بەهاری عەرەبی، بوبە دۆزەخی عەرەبی، دیمان لە لیبیا و سوریا و یەمەن شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە میلیشیاکان، چەندین ساڵە وێنایەکی قێزەون لە بەرامبەر ئایندەی ڕاپەڕینی جەماوەریدا نیشان ئەدات.
لە هەمانکاتدا دیمان چۆن شەپۆلی ئەو ناڕەزایەتیانە بەر بە تەشەنەکردنی گیرا، لەبەر ئەگەری فراون بونی بەرەو ووڵاتە عەرەبیەکانی تر و ووڵاتانی ناوچەکە، هەروەها ڕژێمەکانی دیکە وەک ئێران و هەندێک دەوڵەتی عەرەبی توانیان لە ڕێگەی ڕێوشوێنی توندی ئەمنی یان لە ڕێگەی گوتارێکی ئایدیۆلۆژیەوە، مانەوەی ڕێژیمەکانیان بە پاراستنی ناسنامە، ئایین، یان قەومی گرێدا، توانیان شەپۆلەکانی ناڕەزایەتی کۆنترۆڵ بکەن. هەر بۆیە لەو سەردەمەدا ئەم ڕژێمانە توانیان زریانەکە تێپەڕێنن. سەرەڕای توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک ئەو ڕژێمانە توانیان بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیان بدەنەوە. هەڵبەتە ئەم دواخستنە لە هەڵچونی ناڕەزایەتی لەو ووڵاتانە هۆکارەکەی ئەوە بو کە ناڕەزایەتیەکانی تونس و میسر، نەیانتوانی چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیانە بکات، کە لە پلەی یەکەمدا ناڕەزایەتیەکانی لێکەوتەوە، لە هەمان کاتدا دۆخی لیبیا و سوریا و یەمەن وێنایەکی تەڵخ و بێ ئاسۆیی دابەدەسەتەوە.
لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ڕژێمەکانی ناوچەکە و جیهان ڕووبەڕووی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی بوونەوە، هەندێکیان لە چوارچێوەی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناوزەد کران و هەندێکی دیکەیان لە قەیرانە ناوخۆییە کەڵەکەبوەکانەوە سەرچاوەیان گرت، زۆرێک لەو ڕژێمانە لە ڕێگەی هەڕەشە و سەرکوتی ڕاستەوخۆ و بانگەشەی ئایدیۆلۆژی و ئایینی و ناسیۆنالیستی، ڕەخساندنی گەندەڵکاری لە پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا، یان هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و سود وەرگرتن لە ململانێی زلهێزەکان، بەجۆرێک دەستیان بەسەر شەقامەکاندا توندکردەوە و دەرگایان بەڕووی هەر هەوڵێکی گۆڕانکاری ڕیشەیی داخست. بەڵام ئەم کۆنترۆڵە ڕەگی قەیرانەکانی ئەو وڵاتانەی وەڵام نەدایەوە، تەنها دوایخست. ئەمڕۆ فاکتەرێکی نوێ و مەترسیدارتر سەریهەڵداوە، ئەویش داڕمانی ئابووریە، کە ناتوانرێت نە بەهێز سەرکوت بکرێت و نە بەکاریگەری دروشمەکان بێدەنگ بکرێت.
گەیشتنی قەیرانی ئابوری بە ئابووریەکی داڕماو، بە فیشەک و پڕوپاگەندە ناتوانێت ڕێگایەک بۆ رزگاربونی دەسەڵاتی سیاسی و سەرمایەداران بەدەست بهێنێت، کاتێک قەڵشتی نێوان دەوڵەمەند و هەژار، کرێکار و سەرمایەدار فراوانتر دەبێت، کاتێک دراو دەڕوخێت و بێکاری بەرز دەبێتەوە، ئاستی بژێوی دادەبەزێت و برسیەتی فروان دەکات، مانای شکستهێنانی حکومەتەکانە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیانی خەڵک، ئیتر شەقامەکان کۆنترۆڵ ناکرێن، برسێتی بێدەنگ ناکرێ و گەدەی بەتاڵیش بە ئایدۆلۆژیا فریو نادرێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەئێران دەبینرێت، نمونەیەکی بەرجەستەیە کە ناڕەزایەتی جەماوەری هاوشانی بازرگانان لە بازاڕی گەورەی تاراندا دەستیپێکرد، ناڕەزایەتیەک بەداڕمانی دراو و گرانی تێچووی بژێوی ژیان، بە خێرایی بڵاوبۆتەوە بۆ شارەکانی دیکە. ماوەی چەند ڕۆژێکە ناڕەزایەتیەکان بەردەوامیان هەیە و پێشبینی ئەگەری فراوانتری بۆ دەکرێت، ئەم شەپۆلە گەورەترین شەپۆلە لە دوای ناڕەزایەتیەکانی مەهسا ئەمینی ساڵی 2022، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی داڕمانی ئابوری هەمەلایەنەوەیە، نەک ئەنجامی هیچ ڕوداو و پرسێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
داڕمانی ئابوری نەک هەر سەقامگیری دارایی بەڵکو پەیکەری کۆمەڵایەتی و سیاسیش دەخاتە مەترسیەوە، کاتێک پێداویستی مرۆڤەکان بەردەست نیە و برسی دەبن، بۆچونە پێرۆزەکان دەڕووخێن و ئایدۆلۆژیا هێزی قایلکەری خۆی لەدەست دەدات. چینی ناوەڕاست کە سەردەمانێک قەڵغانی سەلامەتی بون بۆ سەرمایە و دەسەڵات، کاتێک ئەو قەیرانە توانای گوزەرانی بێ ئاسۆ دەکات، دەبنە سووتەمەنی بۆ ناڕەزایەتیەکان.
کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێکاران، کاتێک بە یارمەتی و بەرنامە کۆمەڵایەتیەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا ڕادەگیرێن، بەڵام لەدەورانێکدا کە ئەم یارمەتیانە، لە بەرامبەر هەڵاوساندا بەهای خۆیان لەدەست دەدەن، ناچار دێنە سەر شەقامەکان. لەم خاڵەدا ڕژیم ڕووبەڕووی دوڕیانێک دەبێتەوە کە ناتوانێت بەسەرکوت چارەسەری بکات، یان دەبێت ئابوری چاک بکات، یان ڕوبەڕوی داڕمانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.
ئەگەر ئەم قەیرانە ئابوریەی ئێران بەردەوام خراپتر بێت، شاهیدی شەپۆلی بەرفراوانی ناڕەزایەتی لە تەواوی شارەکانی ئێراندا دەبین، ئەم شەپۆلانە لە چاو شەپۆلەکانی پێش خۆیان توندوتیژتر دەردەکەون، چونکە لە نەبونی پێداویستیەکانی گوزەرانی زۆرینەی دانیشتوانی ئێرانەوە سەری هەڵداوە، ئەم قەیرانە بەتەواوی بەسەر زۆرینەی دانیشتواندا شکاوەتەوە، برسێتی گفتوگۆ و دانوستانی نییە و داڕمانی ئابوریش ناکرێت دوابخرێت. کۆماری ئیسلامی گەر پێیوایە کۆنترۆڵی ئاسایش چارەسەرە، دواتر بۆیان دەردەکەوێت کە شکستی ئابوری بەهێزترە لە چەک.
ناکرێ دانیشتوانی برسی بە هێز ملکەچ بکرێن، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەوە بگەن کە سەقامگیری سیاسی بەبێ سەقامگیری ئابووری بەدی نایەت، دەبێت دەستبەجێ دەست بە چاکسازی جددی بکەن، بەڵام ئایا فریا دەکەون یان مەیدانەکە بەجێ دەهێڵن بۆ ئایندەی ئەو هێزانەی جارێکی تر سواری سەری ئێرادەی خەڵک دەبنەوە و ئێران پارچە پارچە دەکەن.
لەم نێوەدا ئەوەی گرنگە، ئەرکی ئازادی خوازان و یەکسانخوازانە هەوڵ بدەن ئەم شەپۆلە بۆ بەدەستهێنان و سەرکەوتنی دەورو دەخالەتی دەسەڵاتی خەڵک یەکلایی بێتەوە، بە جیا لەهەر دەخالەتێکی دەرەکی و هەوڵی هەر لایەن و هێزێکی سیاسی کە دەیانەوێت دەسەڵاتی سەرو خەڵکی لە شێوازێکی تردا دامەزرێننەوە.
عوسمانی حاجی مارف
