Skip to Content

تەنز/ پێناسە … نەوزاد بەندی

تەنز/ پێناسە … نەوزاد بەندی

Closed
by ته‌مموز 31, 2020 General

لە میللەتێکدام (دوو نوقتە سەری دێڕ ):

  • ھەموویان درەخت ئەشکێننەوە و ئەبڕنەوە ، ھەموویشیان بۆ پەڵەیەک سێبەر ئەچن بە عاسمانا .
  • ھەموویان برسییانە و .. تەنەکەی خۆڵی زۆربەیشیان پڕە لە خواردن.
  • ھەموویان بێ ئاون و تینوویانە و .. ئاوێکیش شک ببەن بە ناوی ئاوەڕشێنەوە ، ئەیڕێژن ..
  • ھەموویان بە قسە خواناسن و .. بە کرداریش شەیتان .
  • یەکێکیان قسەیەکی حەق بکا ، لێی ئەبن بە سێ بەشەوە ، بەشێکیان توند گوێچکەی خۆیان ئەگرن ، بەشێکیان دەست ئەکەن بە جنێودان پێی ، بەشی سێیەمیش ئەبن بە سیخوڕ بەسەریەوە و ھەوڵی کوشتنی ئەدەن .
  • کچی جوانی تێدا ناکەوێتە سەر عەرز ، لە بێشکەوە یان لە قۆناغی ئامادەیی و زانکۆوە ئەڵقەکە ئەکەنە پەنجەی ، بەعزێکیشیان ئەگەنە ئۆکرانیا و چیچان بۆ دەستەبەرکردنی کچی جوان .
    -لەگەڵ ھەر خاوەن پیشەیەک بە سەرۆکی حوکمەتیشەوە چاوپێکەوتنی تی ڤی بکەیت ، ئەڵێن یەک فلسی ئەحمەڕ شک نابەم و دوو مانگیشە ئیشم دەست نەکەوتووە و بەتاڵم ، کەچی بە دوای کرێکارێ ، وەستایەکا بگەڕێ ، ھەر ھەمووی پێت ئەڵێن دوو ھەفتەی تر تەلەفۆنم بۆ بکە .
  • ڕۆژانە ھەموویان خۆیان ئەڕازێننەوە ، جا بە ووردی سەیری یەکتری ئەکەن بزانن چ شوێنێک بەر حەملەی ڕازاندنەوە نەکەوتووە بۆ ئەوەی لەو قۆڵەوە پێی ڕابوێرین.
  • دەوڵەمەندترین میللەت و سواڵکەرترین میللەتن لە جیھاندا .
  • نەوتەکەیان جاران بەرامبەر بە خۆراک بوو بەڵام ماوەی 30 ساڵێکە نەوتەکەیان بەرامبەر قەرز و جەردە و ئەو شتانەیە .
  • ھەتا سیاسەتمەدارەکانی گەندەڵتر و بێخەمتر بن ، خۆشەویستتر و بەھێزتر و تەمەندرێژتر ئەبن .
  • لە پڕۆفیسۆریانەوە ھەتا نەخوێندەواریان بە تەمان خوا وەزعەکەیان بۆ چاککا.
  • لە جیاتی کارگە و داھێنان ، خەریکی دەرمانخانە و چێشتخانە و خەستەخانەن ، تەبعەن ھی ئەھلی .
  • دەمی ھەر تاکێکیان ئەکەیتەوە ، مەزڵومە و مافخوراوە .
  • ھەموویان حەزیان لە نوکتە یە .
  • حەزیان لێیە لێرە بژین و لە ووڵاتێکی ئەوروپیش سۆشیاڵ وەربگرن .
  • ڕۆژێک برنجیان مەدەرێ ڕۆحیان دەرئەچێ .
  • پڕ پڕە لە پڕۆفیسۆر و یاریدەدەری پڕۆفیسۆر ، کەچی مەسینە و جلگرەیش کە ئێرانەوە ئەھێنن .
  • سەدان و ھەزاران سەرکردەی مەزن و کاریزما ی ھەبووە و ھەیە کەچی ھێشتا نەبووە بە ووڵات .
  • کار لەسەر بێزارکردن و لەناوبردن و سووککردنی یەکتری ئەکەن و ئەنجامی زۆر باشیشیان بە دەستهێناوە .
  • ھەموو بێگانەیەک بۆی ھەیە بدا بەسەریاندا ئیتر وەک سوپا بێ یان وەک کۆمپانیا یان وەکو مافیا و جەردە و پیاوکوژ و قاچاخچی .
  • ھەموویان نووسەر و شاعیرن لە نوسینی جنێو و کفر و درۆدا داھێنەرن .
  • نووسەر و بیریاری دژ بە دەسەڵات ی زۆر گەورەیان ھەیە کە لە تاراوگە ئەژین ، لە ژێریشەوە موچە و خانووی شاھانەیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ دابینکراوە .
  • دەسەڵات ھەر کەسێکی بەدڵ بێ و خزمەتکاری بووبێ بە پلەی عەقید و عەمید و لیوا خانەنشینی ئەکا و پیاویش نیە قسە بکا .
  • هەموو شارەکە بسووتێنە و تاڵان بکە ، یەک ڕۆژ هەواڵەکانی ئۆپۆزیسیۆن باسی ئەکا و بۆ سبەینێ هەموو لە بیریان ئەچێتەوە وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێ .
  • ھەموو حەزیان لە ھەندەرانە ، پێی ئەڵێن خاریج بەس تەنھا سیاسەتمەداران و یار و یاوەرانیان ئەتوانن بە فەرمی و لە ڕێی فڕۆکەوە گەشت بکەن ، ئەوانی تر لە ڕێی قاچاخەوە بە مەلە ئەڕۆن ، بەعزێکیان ئەخنکێن .
  • کۆمەڵێک داهێنانمان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە وەک پاشەکەوتی موچە و ..موچە بڕین و .. هەرێمێکی دوو پارێزگا هەردووکیشیان پایتەخت بن و ..بەرەڵا کردنی دەرچووی دە دوانزە ساڵی پەیمانگا و کۆلێژەکان بۆ سەرجادەکان و ..زەرەر کردن و قەرزاربوون لە نەوتفرۆشتندا ..
    شتی تریش ..
Previous
Next
Kurdish