Skip to Content

جیهان بەرەو(ساڵنامەی هۆلۆسین) ی ساڵێ ١٢٠٢١-.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

جیهان بەرەو(ساڵنامەی هۆلۆسین) ی ساڵێ ١٢٠٢١-.. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن

Closed
by ئازار 21, 2021 General, Opinion

جیهان بەرەو(ساڵنامەی هۆلۆسین) ی ساڵێ ١٢٠٢١- سیزارە جیهان بەرەو( ساڵنامەی نەورۆز ) ی ساڵێ ١٢٠٢١-

(Holocene calendarساڵنامەی مرۆڤایەتی-)

نەورۆز..ساڵنامەی دوازدە هه زار ساڵەی کورد
لێکۆڵێنەوەیەکی زانستی مێژوویی شوێنەواریی ئەفسانەیی بەڵگەدارە
لێکۆڵەر پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن، پسپۆرئ ئەفسانەو مێژووی کۆنی ئەفسانەی کوردستان.
زانکۆی سەلاحەدین / هه ولێر- نەورۆزی ١٢٠٢١
بەرامبەر ٢٠٢١ ی زایینی

پێشەکی ..
مێژووی مرۆڤ زۆر کۆنە لەگەڵ ساڵنامە، چۆن مرۆڤ لەو سەرەتایەی کە بیری کردەوە کاری بەرهه مدارو بەردەوام بکات بەردەوام بێت لە گەڵ وەرزەکان،یەکەمین کاریش کشت وکال بووە ، ئەمەش وای کردووە زۆر بە وردی چاودێری گۆڕانکاریەکانی شەوو ڕؤژومانگەکان و وەرزو ساڵ بکات ، هه ر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕؤژژمێری و ساڵژمێری پەرە بسێنێ و زۆر پێش بکەوێ ، ئەوەش ئاشکرایە لە زۆر وڵات و لە نێو زۆر میللەت ، ساڵنامەو ڕؤژنامەی زۆرو جۆراوجۆر پەیدابوون، جگە لە ساڵنامەی جیهانی ساڵنامەی ناوچەیی و ئایینی و نەتەوییش پەیدا بوو ن . ئێستالە جیهان ژمارەی ساڵنامەکان هێندە زۆرن بەسەرکردنەوەو کۆکردنەوەیان زەحمەت کەوتووە ، هه ر لە کوردستان ژمارەیەکی یەکجار زۆر ساڵنامە هه ن و هه ر یەکەیان بۆ ناوچەیەک و ئایین و ئایینزاکەکن ،جگە لە ساڵنامە ڕؤژژمێری زۆرو وردیش هه ن کە بە نموونە : چلەی زستان و چلەی هاوین بە ڕؤژەکان دەژمێرن و ئاوو هه واو بەروبۆمی پێ دیاری دەکەن . بەوەش سودیان لە هه ڵهاتن و ئاوا بوونی ئەستێرەو مانگ و ڕۆژ و سەوزبوونی گیاو پشکوتنی گوڵ و هه ڵس و کەوتی ئاژەڵ و گیاندارەکان وەرگرتووە، ئەم وەردەکاریەی ساڵنامەو ڕؤژنامە چووەتە نێو ئەدەبی زارەکی وئەفسانەو بوونەتە پەند و قسەی نەستەق و چێرۆک و بەردەوام دەگوترێنەوە .

کۆنترین ساڵنامە ..
ساڵنامە بەرهه می گەشەکردن و پێشکەوتنی شارەستانیەتەکانە، کۆنترین شارستانیەتیش شارستانیەتی کوردستانە،چۆن کوردستان بەقسەی زۆر لە پسپۆران و لێکۆڵەران ، بە تایبەت( دەبلیو.ئای، ویگرام و ئەدگارتی.ئای، ویگرام) لەسەر ئەو ڕایەن کە ( کوردستان لانکەی مرۆڤایەتیە) و (نایف زەهرەدین) یش دەڵێ:( کوردستان لانکەی شارستانیەت)،(*١) ەو ئەمەش ڕای زۆربەی زاناو لێکۆڵەرو پسپۆرانی مێژووی کۆنە ، ئەوەش ڕێگای ئەوە خۆش دەکات کە هه ر ئەو کۆنترین شارستانیەتەی کوردستان خاوەنی کۆنترین ساڵنامەش بێت . سۆمەریەکان کە میللەتێکن لە کوردستان قۆناخی یەکەمی شارستانیەتەکەیان دەستپێکردوو خۆشیان بەشێکن لە ئەڵقەگرنگەکانی پێکهاتەی مێژوویی میللەتی کورد ، ئەمەش ڕای زۆربەی شارەزایانی مێژووی سۆمەرە، هه رچەندە سۆمەریەکان وەک ئەوەی زۆر زوو ساڵنامەیان بەکارهێناوە، بەڵام؛ لە نێو نووسینەکانیان دا درەنگ باسی ساڵنامەیان کردووە ، بەڵام ؛ ئەگەر سەرنجی ژیانی ڕؤژانەوکارو ئایین و پێشکەوتن و درووستکردنی شارو پێکهێنانی دەسەڵاتەکانیان بدەین و دەقە ئایینی و کلتوری و ئەفسانەکنیان بخوێنیەوە ، هێمای ساڵنامەیان تێدا دەبینین ، هه رچوونە (جیهانی ژێرە وە) لە ١/٧ساڵی سۆمەریەوە تا زیندوو بوونەوەی (دەممووزی) و( هاتنەوە سەردنیا) ی لە ١/١ ساڵی نوێی و وەک جەژنێکی گەورەو ڕؤژێکی دیاری کراو وەک لە داستانی – دەممووزو عەشتار- داهاتووە، کە ئەو ڕؤژە ڕؤژی یەکەمی سەری ساڵێ سۆمەریەکانەو لە هه مان کاتیش (جەژنی گەورەی زەگمەک) یشە،کە گەورەترین و کۆنترین جەژنی ئایینی وئەفسانەیی و سروشتی و کشتوکالی و فەلەکی سۆمەریەکان وهه موو مرۆڤایەتیە . پسپۆرێک دەنووسێ :(سۆمەریەکان یەکەمین میللەتن ساڵنامەیان دانا) و(٢١ئازارسەرتای ساڵی نوێیە بەپێی ساڵنامە سۆمەریە پەیرەوکراوەکان لە سەردەمی شارە وڵات داولە سەرەتای شارستانیەتی دوو ڕووباران و نزیکەی لەساڵی ٧٥٧٨دا ) (١) هه روەها دکتۆر دڵشاد زامواپسۆری شوێنەوار لە نووسێنێک دا بە ناوی – مێژووی بەکارهێنانی ساڵنامە لە میسۆپۆتامیاو زاگرۆس!) دا دەنووسێ :(یەکەم نووسێنەوەی مێژوو و دانانی ساڵنامە پێنج هه زار ساڵ لە مەو بەر دەستی پێکردووە.(٢) دیارە جەژنی – زەگمەک – و جەژنەکانی تری سۆمەری کە ساڵانە پێرۆز دەکران، ئەمە بۆخۆی نیشانەی بوونی ساڵنامەی سۆمەریەکانە، چۆن ئەم جەژنانە ساڵانە لە ڕۆژی خۆیان پیرۆز دەکران.
بەم دواییەگروپێکی شوێنەوارناس لە – ئۆسکۆتلەندا- لە کاتی گەڕانیان دا لە ناوچەی (وارن فیلد) ولەدەورو بە ری – قەڵای کارثیس- لە هه رێمی – ئەبر دیشنایەری ئۆسکۆتلەندا- دوازدە چاڵیان دۆزیەوە ، کە واپێدەچێ باسی قۆناغەکانی مانگە هه یڤیەکان بکات گروپەکە ڕایان وایەکە کە ئەم چاڵانە :(باسی گۆمەڵگایەک دەکەن کە پشتیان بە ڕاوی ماسی و کۆکردنەوەی بەرهه م بەستووە پێش – ١٠٠٠٠هه زار ساڵ)(٣) وەک دەبینین زاناکان لێرە وشەی – پێدەچێ!!- بە کاردێنن،کە ئەمە گومانێک لەسەر دەهه زار ساڵە کە دروست دەکات! جگە لەمانە زۆر میللەت و وڵاتی تر باس لە کۆنی و پێشینەی ساڵنامەی خۆیان دەکەن. ئەوە هه مووی ئەوە دەسەلمێنێ کە بیرۆکەی ساڵنامە لای مرۆڤ زۆر کۆنەو بەر هه مە کەشی هه مە جۆرە.

ساڵنامە هه رە کۆنەکان ..
ئەگەر گەشتێک بە نێو لاپەڕەکانی مێژوو دا بکەی و چاو بە دوای – ساڵنامە – کاند ا بگێڕی ، ژمارە یەکی زۆرت بەرچاو دەکەوێ و زۆربەشیان وا خۆ دەخەنە بەرچاو کە ئەوان یەکەمین ساڵنامەیان دروستکردووە! دیارە هه ریەکەو بە گوێرەی وڵات و نە تەوەکەی خۆی ساڵنامەکەی خۆی بە یەکەم دادەنێ !(*٢)
ئێمە لەم لێکۆڵێنەوەیەدا دوا جار هه وڵدەدەین بە بەڵگە بیسەلمێنین کە کامیان کۆنترینەوە یەکەمینە! ئێستا ناوی هه ندێک لەو ساڵنامە کۆنانە دەخەینەبەرچاوی خوێندەواران :-

  • ساڵنامەی ئوسکۆتلەندا ١٠٠٠٠ ساڵ؟!! ، ساڵنامەی سۆمەری..بە ناوی ساڵنامەی دووئاوانیش ناوی هاتووە ٧٥٧٦ساڵ تەمەنیەتی ، ساڵنامەی میسری ٧٥٠٠ ساڵ تەمەن ، ساڵنامەی بابیلی ٧٠٠٠ ساڵ ، ساڵنامەی سریان و ئاشوور ٦٧٧٠ ساڵ ، ساڵنامەی فیرعەونی٦٢٦٠ساڵ ، ساڵنامە عیبری ٥٧٢٠ساڵ ، ساڵنامەی ئەسکەندەر ٢٣٣٣ساڵ .
  • ساڵنامەی تر زۆرن و هه ر یەکە ژمارەیەک ساڵیان داوەتە پاڵ خۆیان وبەڵام، ئەمانە کۆنترینەکان بوون بە پێی ساڵەکان! دیارە هیچیان لە کۆنی دا هێندەی سۆمەریەکان بە ڵگەیان بە دەستەوە نیە!
  • ساڵنامە بەکارهاتوو و ناسراوەکان
  • ئێستاش ناوی هه ندێک لە ناسراوترین و بەکارهاتووترین ساڵنامەتان بۆ دەنووسین .
  • ساڵنامەی زایینی، ساڵنامەی کۆچی مانگی ، ساڵنامەی کۆچی خورشیدی ، ساڵنامەی چینی ، ساڵنامەی هیندی ، ساڵنامەی کۆریایی ، ساڵنامەی بودایی . ساڵنامەی حەیوانی ! ساڵنامەی قوبتی ، ساڵنامەی بەر بەری ، ساڵنامەی عبری ، ساڵنامەی ئەرمەنی ، ساڵنامەی کوردی ، ساڵنامەی کوردی گەرمە سیری سولتانی .(٤)
  • هۆیەکانی دانانی ساڵنامە..
– زۆر هۆ هه ن کە دەبنە هۆی دانانی ساڵنامە.. بۆ نموونە : ڕووداوی سروشتی ، ڕووداوی مێژوویی ، لە دایک بوونی پێغەمبەرو سەرکردەکان ، سەرکەوتنی وڵات و دامازرداندنی ئیمپراتۆریەت و بۆنە ئایینیەکان، لە هه موان کۆنترو زۆرتر ساڵنامەی کشتوکالیە..کە ئەمەیان زۆر دووبارە بووەتەوە .
  • ساڵنامەی زایینی ..
    ئێستا دەتوانین بڵێین..بڵاوترین و ناسراوترین ساڵنامە ساڵنامەی زایینیە، ئەم ساڵنامەیە لە سەربنەمای ڕۆژی لە دایک بوونی ( مەسیح ) داندراوە! کەچی تا ئێستا جیهانی مەسیحیەت لە سەر ڕۆژی لە دای بوونەکەی ناکۆکن ؛ لە نێوان ٧/ کانوونی دووەم و ٢٥/ کانوونی یەکەم دا وەک 🙁 دەبینن لە ڕاستی دا ڕۆژی لە دایک بوونی مەسیح گومانێکی زۆر هه ڵدەگرێ !)(٥) ساڵانە پەیرەوانی مەسیح دەبن بە دوو بەش و بە جیا ئاهه نگی لە دایکبوونی مەسیح دەگێڕن ؛ ئەمە ئەگەر بۆ پەیرەوانی مەسیح کێشیەکە؛ کێشەیەکیش بۆ زاناکان و شارەزایانی مێژووی کۆن و شارستانیەتی مرۆڤ لە خودی ساڵنامەکە دا هە یە ؛ زاناکان دەپرسن بۆچی دەبێ لە نێوان ئەم هه موو مێژووە دوورو درێژو پڕ ڕووداوە ، تەنیا (٢٠٠٠) هه زار ساڵەی لە دایکبوونی مەسیح بکرێ بە مێژووی مرۆڤ و شارستانیەتەکان، لە کاتێک دا زۆر ڕووداوی گرنگی مێژوویی زۆر کۆنمان هه یە ؟ هه ر بۆیە پشت بە کۆنی و سەرهه ڵدانی شارستانیەتەکان پێشنیاری گۆڕانی ئەم مێژوو و ساڵنامەیەدەکەن .

    ساڵنامەی کۆچی..
    موسلمانەکانیش پاش مەرگی پێغەمبەر خەریک بوو وەک مەسیحیەکان ڕۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر بکەن بەسەرەتای ساڵنامەی ئیسلامەکان، بەڵام؛ ئەوانیش بە هۆی ڕێکنەکەوتنیان لەسەر ڕۆژی لەدایکبوونەکەی لە نێوان ٨ و ١٢ ی ڕەبیعی یەکەم، بە ناچاری ڕۆژی کۆچەکەیان بۆ( شاری مەدینە) هه ڵبژاردو وەک ساڵی مانگی کردیان بە ساڵنامەی موسلمانەکان، بەڕاستی ئەو ساڵنامەیەش بە پیی باوەڕی موسلمانان بۆ ڕێو ڕەسمە ئایینیەکانیان دەگونجا، چۆن ساڵنامەی مانگی ساڵنامەیەکی نەوەستاوەو ڕۆژو مانگ و جەژنەکان لە نێوان وەرزەکان دا دەسوڕێن ! وەک ئەوەی لەم ساڵانەی دوایی دا لە نێو ساڵێکی هه تاوی دا پێغەمبەر دووجار لەدایک بوو !! ئەم هۆیانەو زۆری تریش وای لە( دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی) و هاوکارەکانی کرد پێشنیاری( ساڵنامەی هۆلۆسین) بکەن وەک ساڵنامەیەکی هه موو مرۆڤایەتی.

ساڵنامەی هۆلۆسین…
سیزارە ئیمیلیانی کە لە (٨ دیسەمبەری ١٩٢٢لە دیک بووە ولە٣٠ ژوئیە١٩٩٥ مردووە.)،(٦) زانایەکی ئەمریکی ئیتالی بووە ، جگە لە زەمینناسیی لە چەند پسپۆریەکی تریش دا شارەزابووەو کاری کردووە،خاوەنی دوو دکتۆرابووەو ئەندامی چەند نێوەندێکی زانستی بووەو لە هه موو لایەک ڕێزی لێنراوە.( ساڵنامەی هۆلۆسین بیرۆکەی ڕەسەنی (سیزارە ئیمیلیانی) یە،کە پێ لەسەر (دە هه زارساڵ) پێش زایین دادەگرێ و بە سەرەتای سەردەمی هۆلۆسینی دەزانێ وکۆتایی سەردەمی بەستەلەک و سەرتای سەردەمی کشت وکالی مرۆییە، کە ئەمە مێژووێکی گرنگ و کاریگەرە بۆ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی،بە پێچەوانەی ڕؤژی – لە دایک بوونی مەسیحی ناڕاست و زۆر مێژووی تر)،(٧) کە لەگەڵ مێژووە کۆن و گرنگەکەی مرۆڤایەتی ناگونجێ ! لە ساڵنامەی هۆلۆسین بە زیادکردنی ١٠٠٠٠ساڵ بۆ ساڵی زاینی هه موو مێژووەکان دەگرێتە خۆ. بەم جۆرە سودی زۆری دەبێت بۆ جوگرافیاو مێژوو و شوێنەوارو زانستیش. بۆ گەیشتن بە ساڵی ساڵنامەی هۆلۆسین دەتوانی (٢٠٢١) بخەیتە سەر( ١٠٠٠٠ ) ساڵ و کە دەکاتە(١٢٠٢١) ساڵ و ساڵئ ئیستای ساڵنامەی هۆلۆسین . گرنگی ئەم ساڵنامەیە بە قسەی سیزارە ئیمیلیانی لەوەدایە:( کە ساڵنامەی هه مووانەو دوورە لە نەتەوەو ئایین وڕەنگ و وڵات ولایەنگیری)(٦)
ئەوە تەنیا سیزارە ئیمیلیانی نە بوو کە ناڕازی بوو لە ساڵنامەی زاینی و پێشنیاری زیادکردنی (١٠٠٠٠) ساڵی کردووە، لە ساڵی ١٩٢٤( گابریل دوڤیل ) و هاوکارەکانیشی داوای زیادکردنی (١٠٠٠٠) ساڵیان کرد بۆ سەر ساڵەکانی زایینی .(٨)
ئەگەر زانایەکی وەکو سیزارە ئیمیلیانی ساڵنامەی زاینی ڕەتدەکاتەوەو بەڵگەی زانستی بۆڕایەکەی خۆی دێنێتەوە، ئەوا پسپۆرێکی کوردیش ڕەخنە لە( ساڵنامەی کوردی) دەگرێ و بە زانستیانە ئەویش ڕەتی دەکاتەوە کە (٢٧٢١) بۆ مێژووی کورد گونجاو بێت ! دکتۆر دڵشاد زاموادەنووسێ:(ڕۆژنامەی کوردستانی کوماری مهابادساڵنامەی کۆچی بە کارهێناوە، لەدوای ساڵانی١٩٦٠ هه ندێک نووسەری کورد لیرەو لەوێ ،ساڵی ٦١٢پ.ز وەک ساڵنامەی کوردیان بەکارهێنا، بەڵام ، دواتر ئەو مەسیحیانەی خۆیان بە ئاشوری دەزانن(ولە ڕاستیدا پەیوەندیان بەوانەوە نیە و سریانن) ڕەخنەیان گرت و وتیان چۆن ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری وشێوەنی ئێمەدەکەنە ساڵنامەی خۆتان؟! لە بەر ئەوە نووسەرانی کورد لێرەو لەوێ هاتن ساڵی ٧٠٠پ.ز . یان وەک دەستپێکی ساڵنامەی کوردی دانا. ئەمەش بناغەیەکی وای نیە، و تەنها مەزەندەیەکە کە لەو ساڵەدا پاشایەتی میدیا پەیدا بووە و دیاکۆ دەوڵەتی میدیای دامەزراندبێت، کە ئەمەش هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نیەوپاشایانی میدیا سەت و پەنجا ساڵ پێش ئەو ساڵە هه رناویان هه بووەو پاشابوون، دیاکۆ چەند ساڵ پێش ئەو ساڵە هه ر فەرمانڕەوابووە، دانانی ساڵنامەی کوردیش بە ٧٠٠پ.ز. لە هیچ کۆڕوکۆنفرانسێکی زانستی مێژوونووسان و شوینەوارناسانی ئەم نیشتمانەدا جێگێرنەکراوە و بەلکو هه ڕەمەکی هاتووە، )(٢) ئەگەر دکتۆر دڵشاد پاشایانی ماد بۆ ١٥٠ ساڵ پێش ٧٠٠ ساڵێ پێش زایین دەباتەوە ، ئەوا لە کتێبی(وحدت قومی کرد و ماد) ی نووسەر(حبیب الەتابانی) دەنووسێ 🙁 چوار سەت ساڵ پێش زایین پاشایەکی ماد لە ناوچەی ڕەواندز لە شەڕێکدا بەسەر دوژمنەکەی دا سەردەکەوێ و نۆ ڕؤژی دەمینێ بۆ نەورۆز، بە هۆی ئەوەی لەو سەردەمەدا هه موو کارەگرنگ و سەرکەوتنەکان لە نەورۆزدا ڕادەگەییندران ، پاشاکە فرمان دەدا ئەو نۆڕۆژەی کە ماوە بیکەن بەجەژن تا دەگەنە نەورۆزو ئەو سا سەرکەوتنەکە ڕادەگەیێنێ ، هه ر بەو هۆیەش بە جەژنی نەورۆزیان دەگوت: – جەژنی نۆڕۆژە)،(٩)
ساڵنامەی کوردیش وەک دکتۆر دڵشاد دەنووسێ ..لەسەربنەمای زانستی و لێکۆڵینەوە دانەمەزراوەو زۆرتر ڕەمەکیە! ئەو ساڵنامە کوردیە قسەی زۆری لەبارەوە کراوەو خراوەتە بەر گومان! هه ر بۆ یە کاتی ئەوە هاتووە بیر لە ساڵنامەیەکی دروست و زانستی بکەینەوە .

تەقینەوەی شارستانیەت لە کوردستان..
ئەو مێژوو نووس و پسپۆرانەی مێژووی مرۆڤایەتی بە خۆڕا بەکوردستانیان نەگوتووە:(لانکەی مرۆڤایەت) و (لانکەی شارستانیەت) ، لە کوردستان جێ دەستی مرۆڤ زۆر کۆنەو بەردەوام شووێنی گرنگ و پاشماوەی گرنگتر دەدۆزرێتەوە، کە لە جیهان دا نموونەیان زۆر کەمە . وەک و پێشتر نووسیمان کە (سیزارە ئیمیلیانی) پێشنیازی (١٠٠٠٠ساڵ) ی کردووە بخرێتە سەر ساڵەکانی زاینی و( ساڵنامەی هۆلۆسین ) دابمەزرێ و ئەو سەردەمەش بەسەرتای (دابڕانی مرۆڤ بوو لە ژیانی بەرهه مخۆری دەستپێکی کشت وکال و گوندنشینی بوو)،(٨) دەزانێ .
ئێمەش بۆ پشتگیری ئەوو لە کوردستان باس لەو تەقینەوە گەورەییە شارستانیە دەکەین، کە چەندین پاشماوەی دەستکارو بیرو باوەڕسازی ئەو خەڵکەن کە ئەو سەردەمە لێرە ژیاون و کاریان کردووەو بەرهه میان بەجێ ماوەو هه موویان بۆ ئەو سەرەتا گۆڕانکاریەگرنگە دەگەڕینەوە ، کە تەمەنیان بە تێکڕایی دوازدە هه زار ساڵە و هه ر هه موو ئەم شوێنە شوێنەواریە گرنگانەش لە کوردستانن.

ئەشکەوتی شانەدەر…
ئەشکەوتی شانەدەر وەک شوێنێکی گرنگی شوێنەواری لە( ناوچەی برادۆست) و سەر بە( شاری هه ولێر)، هه ر لە زووەوە جێ ژیان و ماڵ و گوندو شاری (مرۆڤی نیاندر تاڵ) بووەو گرنگیەکی جیهانی هه یە، رالف سوالکی دەڵێ:( ئەشکەوتی شانەدەر کۆنترین و گرنگترین و دەوڵەمەندترین ئارشیفی مرۆڤایەتیە) بەڵام، چونکە سیزارە ئیمیلیانی سەرەتای سەرهه ڵدانی کشت و کال و گوندنشینی بە گرنگ دەزانێ بۆ بیرۆکەکەی ساڵنامەی هۆلۆسین ، ئەوا بە سەلماندنی لێکۆڵەرانی پسپۆر ، ئەشکەوتی شانەدەر( یەکەمین ئەشکەوتی کشت وکالی) یە لە هه موو جیهان و یەکەمین گوندیش (گوندی زەڤیا چەمێ – زاوی جمی )،(*٣)ی نزیک ئەشکەوتی شانەدەرە، کە بە مەزەندەی لێکۆڵەران تەمەنییان لە نێوان( ١٠تا١٢) هه زار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. کە دیارە یەکەمین کشت وکال و یەکەمین گوند لێرەوە دەرکەوتوون. هه ر بۆیە ڕالف سوالکی و هاوڕێکانی کە پشکنینیان لە شانەدەر کردووە ، یەکێکیان دەست بۆ درگای ئەشکەوتی شانەدەر درێژ دکات و دەڵێ:( هه رچی شارستانییەت هه یە لە دەرگای ئەو ئەم شکەوتەوە هاتووەتە دەرەوە .)،(٩)

گوندی بێستان سووری کشت وکالی ..
هه تا ئەم ساڵانەی دوایی ناوی ( گوندی چەرموو) ی سەر بە (شاری کەرکوک) ی (کوردستان ) بەسەرزارانەوە بوو کە کۆنترین گوندی کشت و کالی جیهانە! بەڵام، بە دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکانی (گوندی بیستان سوور) کە گوندێکی کشت و کالیە و تەمەنی (١٢ هه زار) ساڵە لە (دەشتی شارەزووری) سەربە (شاری سلێمانی) ە، تەمەنی کشت و کال چەند هه زار ساڵێک گەڕاوە دواوە ، بەمەش جارێکی تر کوردستان چۆوە ڕێزی هه رە پێشەوەی دەسپێشخەریە هه رە کۆنەکانی مرۆڤ و کشت و کال کردن و گوندنشینی لە جیهان .

گرێ ناڤوکێ – کوبیکلی تەپە…
گرێ ناڤوکێ کە بە ترکی- کوبیکلی تەپە – ی پێدەڵێن:( یەکێ لە شوینەوارە سەیرو سەر سوڕهێنەرەکانی جیهانە و دەکەوێتە سەر زنجیرە بەرزاییەکانی دوورایی ١٥ کم خوارووی ڕۆژهه ڵاتی شارێ ڕەها- ئورفای- کوردستانی باکوور- لە ترکیا) (٩) زاناکان بە پەرستگایەکی پیرۆزی دازانن، ئەوەی جێگای سەرنجە تەمەن و جۆری دروستکردنیەتی، کە تەمەنی بە (١٢ هه زارسال) مەزەندەدەکەن و دروستکردنەکەشی تراشین و خۆشکردنی هونەری و ئەندازەیی ئەو بەردو ستونانەیەکە ئەو پەرستگایەی لێدروستکراوە ، لە کاتێک دا لەو زەمەنە نە ئاسن دۆزرابووەوەو نە بەکاریش دەهات ! ئەی ئەو مرۆڤانە ئەو ستوونەگەورەوگرانانەیان چۆن نەخشاندووە ؟ کە گەورەییان لە نێوان دە تەن و پەنجا تەن دایە؟! هه ر بۆ یە هه ندێک لە زاناکان ئەوکارانە بە دەستکردی مرۆڤی ئاسایی نازانن! هه ر ئەو سەیرو نهێنەیەکە وا لە (کلاوس شمیت ) زاناو شوینەوارناسی سەر پەرشتیاری پشکنین لە گرێ ناڤوکێ دەکات بڵێ:( ئەگەر بەتەواوی پشکنین و لێکۆڵینەوەکانی گرێ ناڤوکێ تەواو بێت ، ئەوا تیۆری دروستبوونی مرۆڤ دەگۆڕێ !)،(١٠) کە تا ئەو کات سەتا شەشی شوێنەکە لێکۆڵینەوەی تێدا کرابوو .

دێرینکۆیۆ ..واتە کونی قووڵ..
شاری ژێرزەمینی- دێرینکۆیۆ – ی هه شت چین لە ژێر چین (*٤ ) (سەر بە شاری وێران شەهر لە کوردستانی باکوور – ترکیا-،)(١١ ) یەکێ تر لە شوینە سەیرو سەر سوورهێنەرەکانە، بە هۆی ئەو تایبەتمەندیەوەیە کە هه ندێک بە (شاری جنۆکان) ی ناو دەبەن، کە بە قووڵایی ٨٥ مەتر ڕوو لە خوارەویەو جێگای ٣٠ تا ٥٠ هه زار کەسی تێدا دەبێتەوە ولەگەڵ هه موو پێویستیەکانی ژیان بە گاو گۆلک و مەروبزن و کەرو ئەسپەوە ! بە شەشسەت دەرگا بەدەرەوە پەیوەستەو دەرگاکان لە ژوورەوە بە بەردی گران و ئەستوور دادەخرێن و هه رگیز لە دەرەوە ڕا کەس ناتوانێ بیانکاتەوە! ١٥ هه زار کڵاوڕۆژنەی هه واگۆڕی تێدایە ! لێکۆڵەران تەمەنی ئەو شارە ژێرزەمینیە بە (١٢ هه زار ساڵ) دەزانن. ئێمە لە لێکۆڵینەوەیەک دا بە ناوی 🙁 دێرینکۆیۆی شاری ژێرزەمینی …لە نێوان جیهانی ژیرەوەی داستانی دەمموزی و بە هه شتی ژێرزەمینی جەمشید دا)،(١٢) بە لێکۆڵینەوە سالماندوومانە کە ئەم شارە ژێرزەمینیە، جیگای چوونە خوارەوە – جیهانی ژێرەوە – عالم السفلی – ی دەمموووزو عەشتارو ئیننەنای داستانی دەمموزی سۆمەریەکانە! هه روەها هه مان (بە هه شتی ژیرزەمینی جەمشید) یشە کە جەمشید لە ئەنجامی سەرمای زۆر پەنای بۆ بردو خەڵکە هه ڵبژاردەکەی لە نەمان ڕزگارکرد . هه ر ئەم شارەش لە بارەی گرنگی و سەیریەوە زۆری لە بارەوە گوتراوە ، بۆ نموونە دەڵێن : ( شاری دێرینکۆیۆ بە قەد ئەهرامەکان گرنگ و پڕ نهێنیە .)( ١٣) کە ئەم شارەش بەرهه می کۆمەڵە زانستێکە کە پێکەوە وادەکەن ژیان تێیدا گونجاو بێت . بەڵام؛ نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە ئەم کارە پڕ زانستیە ، بۆ ١٢ هه زار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.

کاراهان تەپە…
کاراهان تەپە کەوتووتە ٦٣ کیلۆمەتریێ ڕۆژ هه ڵاتی شاری ئورفا – روها- و لەڕووی بینا سازیەوە وەک کوبیکلی تەپە- گرێ ناڤوکێیە و زۆریش پیدەچێ کە هاوزەمەن بن.(١٤) لە ساڵی ١٩٩٣لەکاتی بینا سازی ساختمانێکی گەورە لە شاقامی – یەنی یول- کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری شانلی ئورفا پەیکەریکی مەترو نۆهه ت سانتیمەتری دەرکەوت،کە بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوەوتەمەنێکی ١٢٠٠٠ ساڵەیی هه یە،ئەو پەیکەرە بێ دەمەو چاوەکانی بەبەردی – ئابسیدینی ڕەش – پڕ کراوەتەوە،پەیکەری ناوبراوبە ناوی کۆنترین پەیکەری مرۆڤی تەواو ناسراوە، بە دوو دەست عەورەتی خۆی داپۆشیوە ، هه ر بۆیە بە چاکی نازانرێ پیاوە یاخۆ ژن، بەڵام؛ مەزەندە بۆ ئەوە دەچێ نێرینە بێت .)،(١٤) لەسەروبەندی دۆزینەوەی شوێنی شوێنەواری کاراهان تەپە ، ڕۆژنامەکان نووسیان 🙁 شاری – شانلی ئورفا- ی ترکیا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی – کاراهان تەپە – وەک کۆنترین شوێنی شوێنەواری جیهان ئاشکرا بکات.)،(١٥) ئەوهه واڵە دەبێتە جێگای باسواخواسێکی زۆر جونکە لە- کوبیکلی تەپە- گرێ ناڤوکێ – کۆنترە. وەک( پرۆفیسۆر نەجمی کارول) دەڵێ:(کنەو پشکنینی تەواوئەوە دەردەخات کە کاراهان تەپە مێژووێکی ١٢٠٠٠ ساڵەی هه یە ولە کوبیکلی تەپە کۆنترە و کەوتووەتە ٣٥ کم ڕۆژ هه ڵاتیەوە.)،(١٦) کاراهان تەپە لە نێو شوێنەوارناسان بە دەستە خوشکی گرێ ناڤوکێ – کوبیکلی تەپە دەناسرێ، ئەگەرچی پێشتر گرێ ناڤوکێ – کوبیکلی تەپە وەک خاڵێ سەرتای دەرکەوتنی مرۆڤ دەناسرا؛ ئەوا ئێستا ئەو خاڵە بۆ کاراهان تەپە دەگەڕێتەوە،
هه ر لەدەورەو بەری کاراهان تەپە چەند شوێنێکی تری شوینەواری گرنگ هه ن کە لە ڕووی گرنگی و هاوزەمەنیەوە زۆر لە کاراهان تەپەو گرێ ناڤوکێ نزیکن و ئەوانێش – تاشلی تەپە،سەفەر تەپە، هامزان تەپە، ئەمەش ئەو ڕایە پشت ئەستوور تر دەکات بۆ ئەو شوێنە کە پێشتر نووسیمان : تەقینەوەی شارستانیەت ! ئەو تەقینەوەیس ئەوەتا لە کوردستانە، مێژووناسێکی بیانی لە بارەی کوردستان گوتوویەتی: کوردستان خەزنەیەکە هێشتا بە چاکی نەناسراوە! گرفتەکە ئەوەیە کە ئێمەی کورد خۆمان ئەو خەزنەیە ناناسین ! ئەگەر سەرنجی لێکۆڵینەوەکان بدەین دەبینین زۆربەی – یەکەمین – و – کۆنترین – ەکان دەگەڕینەوە کوردستان .

شاری حەسەن کێف…
شاری (حەسەن کێف) یەکێ لە شارەکۆن و دەگمەنەکانی جیهانەو زیاتر لە هه زار ماڵە ئەشکەوتی تێدایە کە دەستکردن و کۆنترین شاری بەرەوام ئاوەدانی جیهانە و کە تا ئێستا هه ندێک لە دانیشتوانەکەی هه ر لە نێو ئەشکەوتەکان دا دەژین.(*٥) تەمەنی (١٢ هه زار ساڵ) ەو ئەو شارە دەکەوێتە ڕۆخ ڕووباری دیجلە و سەربە شاری باتمانی کوردستانی باکوور و خوارووی – ترکیا- یە. بۆ ناوی – حەسەن کێف- زۆر لێکدانەوە کراوە، بەڵام ، ئێمە ئەوە بەڕاست دەزانین کە دەنووسن 🙁 حصن بەمانای قەڵادێت و کیفا واتە بەرد – شاخ- ) ،(١٧) کە دەشێ ئەو ناوە لە دوای هاتنی ئیسلام بڵاو بووبێتەوەو – حصن- کە مانای قەڵا دەدا بووە بە – حسن- و کیفا.. بە ئارامی بەمانای بەرد دێ و بووە بە – کێف- تێکڕا بووە بە حەسەن کێف، ئەم شارە زۆربەی هه رە زۆری دانیشتوانەکەی کوردن و کە مە نەتەوی تریشی تێدا دەژین ، شارێکە لە حەفتاکانی سەتەی ڕابردووەو بوە بە شارێکی سەربە – یۆنیسکۆ – و ساڵانە ژمارەیەکی یەکجار زۆر گەشتیار لە هه موو وڵاتانەوە ڕووی تێدەکەن ، بە داخەوە دەمێکە دەسەڵاتدارانی ترکیا پڕۆژەی بەنداوی- ئێلیسو – یان خستووەتە سەرو خەریکن دەیخەنە ژێر ئاوو بە مەش مێژووێکی ١٢ هه زار ساڵەی وڵاتەکەمان و هه موو مرۆڤایەتی ژێر ئاو دەخەن و یادەوەریەکانمان بنگۆم دەکەن!! وەک دەبینن شاری حەسەن کێفیش تەمەنی ١٢ هه زار ساڵە و دەبێتە دەستە خوشکی شارو شوێنەکانی تر لەم دەورو بەرەی کە هه مان تەمەنیان هه یەو لەسەروە باسمان کردن .

قەڵای شاری هه ولێر…
قەڵای هه وڵیر ، قەڵایەکی کۆن و گرنگی ناوچەکەو جیهانە،هه ر چەند لەساڵانی ١٩٣٧ ەو وەک شوێنەوار ناسێنرا، بەڵام، تاساڵی ٢٠٠٦ هیچ پشکنینێکی تێدا نەکراوە( لەو ساڵەدا دەستەیەکی شوێنەوارناسیی چیکی لە زانکۆی ویست بۆ هیما بەسەرۆکایەتی کارل نوڤیچک هاتن بۆ کنەو پشکنین لە قەڵا لەگەڵ بەشی شوینەواری زانکۆی سەلاحەدین، دەستە نێردراوەکە دەستیان بە ڕووماڵێکی جیۆفیزیاییکرد، گەێشتنەئەوەی کە لە هه ندێ جێگای بەدەنی قەڵا نەگونجانێک هه یە، بە قووڵایی ٢١م ٩ ،ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە هه ندی تاشە بەردی گەورەو خانوو شکێنراون، دەستە هه ندی وردە تاسولکەی جەڕەی کۆکردەوە،لە بەدەنی ڕؤژئاوای قەڵای هه ولێر، کە بۆ چاخی بەردینی ناوە ڕاست دەگەڕێتەوە١٣٠٠٠-٨٥٠٠ پ.ز، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە قەڵای هه ولێر هه رلە کۆنەوە ئاوەدان بووەو زۆر شارستانیەت و ئیمپراتۆریەت تێداژیاون)،(٢٣) ئەوە دەرکەوت کە ئەوەی کەدەڵێن ..هه وڵێر شارێکە باپیرانی سۆمەریەکان دروستیان کردووە ، ڕاستە. ئەوە شاری هه وڵیرو قەڵادێرینەکەشی دەچێتە ڕێزی پێشەوەی ئەم شوێنەگرنگ و کۆنانەی کوردستان کە تەمەنیان لەسەرەوەی دوازدە هه زار ساڵە .

ئەوەی تا ئێستا ئێمە لەم توێژینەوەیە دا کردوومانە ، ڕێگا خۆشکردنە بۆ دۆزینەوەی جێ دەست و کاری ژیانی پڕ لە گۆڕانکاری سەرەتای کشت و کال و گوندنشینی، واتە ئەو سەردەم و چاخەی کە زانا ( سیزارە ئیمیلیانی) دەیهەوێ ساڵنامەی هولۆسینی تێدا دەست پێبکات ، وەک لە بەسەرکردنەوەی شوینەکان دەرکەوت ..هه موویان لە کوردستانن و زۆریش لێک دوورنین و هه ر یەکەشیان بۆ خۆی خاوەنی تایبەتمەندی یەکجار گرنگن ، کە بە ڕوونی جێ دەست و بیرو کاری ئەندازیاری و هونەریان پێوە دیارە، ئەوە دەردەخەن کە ئەو مرۆڤانەی لەم شارو شوینانەدا ژیاون کاریان کردووە ، لە ئاستێکی بەرزی بیرکردنەوە زانست و هونەری ئەو سەردەم و چاخەدا بوونە!
بەوردبوونەوەی زانستیانە لەم جێ دەست و کارانە پرسیاری زۆرو لێکدانەوەی گرنگمان بۆ پەیدا دەبێت ، کە ناکرێ مرۆڤەکان لەم کارانەیان دا یەک ڕەهه ند بووبن ! ئایا ئەو کارانە پێشینەیەکیان هه یە؟ ئایا کەرەستەو ئامیرە بە کار هاتووەکان چی بوون و چۆن بوون؟ ئەو مرۆڤانەی ئەم کارە گرنگ و گرانانەیان کردووە باری ئابووری و خواردن و خواردنەوەیان چۆن دەست دەکەوت ؟ لە هه مووی گرنگ تر بۆ ئێمە ، چۆن سەیری شەوو ڕۆژو مانگ و وەرزو ساڵیان کردووە ؟ بە زمانی ئێستا – ساڵنامە- یان هه بووە ؟ ئێمە بۆ خۆمان لە نێو ئەم کارکردنە وردو باریک و گرنگ و گەورەو ئەندازەییەدا کاریگەری ساڵنامەو ئاوو هه وا ناسیی ئەبێنین! چۆن ئەم کارانە بە شەوو ڕۆژێک دروست نەکراون و ساڵ مانگی زۆری خایاندووە، هه ر بۆیە ئەگەر سەیری ستوونەکانی – گرێ ناڤوکێ- کوبیکلی تەپە – بکەین دەبینین لە بەردی قایم و خۆڕاگر دروستکراون ، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دروستکەرانی ئەم پەرستگاو ستوونانە حیسابی تەمەنی زۆرو مانەوەی زۆرتریان بۆ کارەکانی خۆیان کردووە، بەردی ڕەق و شیاویان هه ڵبژاردووە بۆ کارو هونەرەکەیان و ئەزیەتی زۆریان بینیوە، هه ر ئەمەشە پاش دوازە هه زار ساڵ کارەکانیان بە روونی و جوانی ماو نە تەوە . ئەگەر وەک دەبینین دەسکارە پڕ لە زانست و هونەرەکانیان گەیشتوونەتە ئەمڕۆ، ئەوە بێشک زانیارە کانیان لە بارەی ئاوو هه وا ناسیی و ساڵنامەشەوە بەردەوام بووە و گەیشتووەتە سۆمەریەکان و تا ئێستاش بەردەوامە .

بەرەو دۆزینەوەی ساڵنامە هه رە کۆنەکە..
ئەوە ساغ بووەتەوە ک ئەو ڕۆشنبیرییە کلتوری و ئەفسانەیی و فۆلکڵۆریەی کە بە دەیان هه زار ساڵ مرۆڤ پێێ دەژیاو بە کاری دێناو لێی زیاد دەکرد، لە گەڵ مرۆڤ لە هه موو قۆناغە کان بەردەوام بووەو دواجار هاتووەتە نێو نووسین و کتێبەکان ، بەشێکی ئەو زانیاریانە لە نێو دەقە زارەکیان دابوون و بەشیکیشی لە نێو دەستکردوو کەرەستەکان و پاشماوەکان دەرکەوتوون و گەیشتوونەتە دەست مرۆڤی ئەم سەردەمە! لە نێو ئەم کلتورو ڕۆشنبیریە دا بەشێکی زانیاری و تاقیکردنەوەی – ساڵنامەناسیی – بووە. هه ر بۆ یە دەبینین سۆمەریەکان لەوەشدا پێشدەست بوون و هه ر زوو ساڵنامەیان داهێنا .

           ساڵنامەی سۆمەریەکان..کۆنترین ساڵنامە..

ئەگەر سەرنج بدەین لە (ئەشکەوتی شانەدەر) کە بە ڕای ( ڕالف سوالکی) و هاوڕێکانی کە بۆ یەکەمین جار سەرپەرشتی پشکنینیان تێدا کردووە ، دەڵێن:( ئەشکەوتی شانەدەر کۆنترین و دەوڵەمەندترین و گرنگترین ئەرشیفی مرۆڤایەتیە.) ئەم ڕستەیە لە ناو خۆی زۆر مانا هه ڵدەگرێ ! ئەرێ ئێمە چەندمان سود لەم گرنترین و دەوڵەمەندترین و کۆنترین ئەرشیفە وەرگرتووە؟ لێر من تەنیا باس لەو بەردەوامیەی ژیان دەکەم کە لەم ئەشکەوتەو دەورو بەری دا هه بووە ، تادەگاتە (کشت و کالی ئەشکەوت لە شانەدەر)و ( یەکەمین گوندی زەڤیاچەمێ- زاوی جمی –ی کشت وکالی) و پەرت بوون و پەڕینەوەی مرۆڤەکان سەرهه ڵدانی شارستانیەتکان، ئەو شارستانیەتانەی کە رالف سوالکی روو لە دەرگای ئەشکەوتی شانەدەر دەکات و دەڵێ : هه رچی شارستانیەت هه یە لە دەرگای ئەو ئەشکەوتە هاتووەتە دەوەوە! هه ر ئەوەش دەبینی دەورو بەری شانەدەر پڕە لە شارستانیەتی کۆن و گرنگ ، ئەو شارستانیەتە بەرهه می ژیانی ئەو مرۆڤانەیە کە لە سەرەتاوە بە (برادۆستی) و زاگرۆسی) دەناسرێن و دواجار بە (سۆمەری و دووڕووباران) ئەو سۆمەریانە کلتورو ئایین وئەفسانەو زارگوتن و فۆلکلۆری خۆیان لەو باپیرانەوە بۆ ماوەتەوەو پەرەیان پیداوە ، ئەگەر هه رتەنیا ( زانستی ساڵنامە) وەربگرین ! ئەوە هیچیەک لە مرۆڤ و خەڵکەکەی (شانەدەرو بێستان سوورو دێرینکۆیۆ وگرێ ناڤوکێ و حسەن کیف وکاراهان تەپە، قەڵای هه ولێر) کان بێ پێشینەیەکی ساڵناسیی نەبوونەو ئەو سەرەتا ساڵناسییەش دواجار گەیشتووەتە سۆمەریەکان و برەویان پێداوە.
وەک پۆل کۆلینز دەڵێ:(ئەوەی کە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی دووڕووبارانی بە یەکتر بەستەوە،ئەوە دەستەیەک لە داب و نەریت و ئەفسانەو باوەڕو ئایین بوو، بە جۆرێکی تر ڕۆشنبیرییەکی تایبەت و پێشکەوتوو، لە پاش داهێنانی دەوروبەری ساڵی ٣٢٠٠پ.ز،لە لایەن سۆمەریەکانەوە.)،(١٨) هه ر ئەو کلتورو ئەفسانەیەش بوو، بووە هۆی ئەوەی کە سۆمەریەکان ناوی مانگ و ڕۆژەکانی هه فتە ..ناوڵێنانێکی ئەفسانەیی بیت و کە تا ئیستاش هه روا ماوەتەوە ، هه ر بۆیە دەبینین کە :(زاناکان یەک ڕا بوون لەبارەی عەبقریەت و هه ڵکەوتەیی سۆمەریەکان لە ئاستی قووڵی زانستی فەلەکناسیی و وێناکردنە دروست و وردەکانیان دەربارەی گەڵە ئەستیرەی هه تاویمان.)،(١٩) هه ر ئەو زانیاریە قووڵ و دروستەبوو، بووە هۆی ئەوەی کە : سۆمەریەکان بۆ یەکەم جار توانیان ئەو شەوو ڕۆژە دەسنیشان بکەن کە شەوو ڕۆژ تییدا یەکسان دەبێت و بیکەن بە ڕۆژی یەکەمی مانگی یەکەمی ساڵی نوێی خۆیان . هه ر ئەو ڕۆژەشیان کرد بە جەژن بە ناوی زەگمەک- نەورۆزی ئێستامان و کە تا ئێستاش ئەو سەری ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە! هه ر ئەو سۆمەریانە بوون کە :(بازنەیان بەسەر ٣٦٠ پلە دابەشکرد، کە دەسکەوتیکی زانستی گەورەیە بۆ ئەو سەردەمەو زاناکانی ئەوڕۆی سەرسامکردووە، کە چۆن سۆمەریەکان توانیان ئەمە بکەن بەبێ ئەوەئ ئامیرێکی زانستی وردیان لەبەردەست بێت! هه رئەوان بوون کاتیان بە سەر کاتژمیر دابەشکردو کاتژمێر بەسەر دەقیقەو دەقیقە بەسەر چرکە، بە دابەشکردنێکی- شەستی- بۆکاتەکان ، کە هێشتا ڕێکخستنەکانیان بۆ ساڵنامەی هه تاوی و مانگی لە هه موو جیهان بەکاردێت ، بە کەمێک دەسکاریەوە.)،(١٩) لە بارەی کۆنی و سەردەمی کارە زانستیەکانی سۆمەریەکان دەڵێن:
( کۆنترین نموونەی داهێنانی نێوان دووڕووباران بۆ هه زارەی حەوتەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە ،کاتێ کە دانیشتوانی ئەو شووێنەی ئێستا بە باکووری عێراق- کوردستان- دەناسڕێ ، نشینگەیان بەدەست لە تۆپە قوڕدروستکردولەبەرهه تاو وشکیان دەکردوە.)،(٢٠) حەفت هه زار ساڵ پێش زاین دەکاتە ئەو سەردەمەی سۆمەریەکان هێشتا لە کوردستان بوون، دواتر کە بەشێکیان لێ چوونە خوارەوەو قۆناخێکی نوێی شارستانیەتیان دەست پێکرد ! بەڵێ:( ئەو دانیشتوانە کۆنەی نێوان دووڕووباران بوون، کە یەکەمین شارساتانیەتی پێشکەوتوویان دەست پێکردوو بۆ یەکەمینجار نووسینیان داهێنا، زانستی هونەرو بیناسازی و فەلەکناسیی و بیرکاری و داهێنانی جووت و هه وجاڕو بەلەمی چارۆگەدارو بەرنامەی ژمارەییان داهێنا ، بەڵێ ئەوە سۆمەریەکان بوون کە لە هه زارەی حەوتەم و دوو ڕووبارانیان کرد بە – لانکەی شارستانیەت- )،(٢١) لە دواجار لە نێو ئەم هه موو داهێنان و پێشکەوتنەدا:( ئەوەسۆمەرئەکان بوون یەکەمین جار ساڵنامەیان داهێنا.) ،(١) سۆمەریەکان میللەتێکی زۆر جەژن بوون ئەو جەژنانە بە پێی ساڵنامە وڕۆژانی مانگ و هه فتە، گەورەترین جەژنیان ڕۆژی جەژن زەگمەک – نەورۆز- بوو، 🙁 کە هه مووساڵی سۆمەریەکان لە ٢١ ئازار دەیکەن بەجەژن و کە سەری ساڵی نوێێ – ساڵنامە- یەتیان.) ،(٢٢)
ئێستا ئەوە دەرکەوت کە سەرەتای ساڵنامەی سۆمەری ئەو کاتە بووە کە هێشتا بە شێک لە سۆمەریەکان نە چووبوونە خوارەوی – عێراق – ی ئەمڕؤ و هه ر لە کوردستان دەژیان ، ئەگەر سەرنج بدەین لە ( داستانی دەممووزی و عەشتار) ی سۆمەری دا ، زیندووبووەنەوەو هاتنەوە سەر دنیای دەممووزی لە سەری ساڵی سۆمەریە و چوونە خوارەوەو – جیهانی ژێرەوە – ش لە ١/٧ی ساڵ دایە و تەمەنی داستانی دەممووزیش بە ڕای لێکۆڵەران و شارەزای مێژووی سۆمەر لەگەڵ تەمەنی کشت و کالی ئەشکەوتەو ئەمەش دەکاتە دوازدە هه زار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ئەمەش بەو مانایەیە کە جەژنی نەورۆز کە هه مان جەژنی زەگمەک و ڕؤژی سەری ساڵی سۆمەریە ، تەمەنی دوازدە هه زار ساڵە ، وەک پێشتر بە لێکۆڵێنەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی : شاری ژێرزەمینی دێرینکۆیۆی هه شت چێن لە ژیر چین ، هه مان جیهانی ژێرەوە- عالم السفلی – ی داستانی دەممووزیە . ڕۆژی یەکەمی سەری ساڵی سۆمەری ، ئەو ڕؤژەیە کە شەوو ڕؤژ تێدا بەرامبەر دەبن ، ناسین و دەستنیشان کردنی ئەو ڕۆژەش سەرەتای ساڵنامەی سۆمەریە کە باپیرانیان زۆر زوو ئەو سەرەتایەیان کردووە بە جەژن و سەری ساڵی خۆیان.

دوا وتە..
لەم لێکۆڵینەوەیە دا بۆمان دەرکەوت لە دوازدە هه زارساڵ لەوەپێش تەقینەوەیەکی گەورەی شارستانیەت لە کوردستان سەری هه ڵداوەو تەمەنی هه ر هه موو شوێنەکان(شانەدەرودێرینکۆیۆو گرێناڤوکێ و حەسەن کێف و بێستان سوور) تەواو دوازدە هه زار ساڵە، ئەوە ئەو پێشنیارەی کە زانای زەمینناس (دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی) و هاوڕێکانی کردبوویان لە چەند دەیەیەک لەوەپێش بە ناوی (ساڵنامەی هۆلۆسین) ، ئەوا بەڵگەی زانستی زۆری لە کوردستان بۆ پەیدابوو، لەمەش دا ئەو زەمەنە هه موو ڕووداوەگرنگەکانی مێژوو دەگرێتە خۆو جیهان لەوە ڕزگاردەکات ؛ کە هه موو تەمەنی بە دوو هه زار ساڵ هێمای بۆ بکرێ !

ئەنجامەکان..
ئێستا لە کۆتایی دا دەگەینە چەند ئەنجامێک و ئەو ئەنجامانە دەخەینە بەردەستی (پەرلەمانی کوردستان) و (حکومەتی هه ریم ) و( وەزارەتی خوێندنی بالاو توێژینەوەی زانستی) و ( وەزارەتی ڕۆشنبیریی) و تەواوی پسپۆران و ڕۆشنبیران و هه موو خەڵکی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی ڕاو سەرنجی خۆیان لەبارەوە دەربڕن و بە هه ند وەری بگرن .

١ – ساڵنامەی زاینی ڕۆژی دەستپێکردنی کەدەکاتە ڕؤژی لەدایکبوونی( مەسیح) نە چەسپاوەو ساڵانە جیهانی مەسیحیەت لە دوو ڕؤژدا جەژن دکەن، پێویست دەکات ڕؤژێکی دیارو گونجاو لە گەڵ ساڵنامە..بەتایبەت ساڵنامەی هه تاوی بگونجێ و جێگیر بیت و جیهان لەسەری کۆک بێت.
٢ – ساڵنامەی زاینی ئێستاش لە هه موو وڵاتان کاری پێناکرێ و نەیتوانیوە ببێتە ساڵنامەی یەکگرتووی هه موو مرۆڤایەتی . بە تەمەنی دوو هه زار ساڵەشی ناتوانی هه موو مێژووی مرۆڤایەتی بگرێتە خۆ!
٣ – هه ر ئێستا لە جیهان دا چەند ساڵنامەیەکی تریش هه ر یە کە ساڵنامەی ئاینێکی تایبەتن ، بە هۆی ئەوەو ئەوانیش سالنامەی سنووردارن و سنوورەکەیان لە گەڵ سنووری ئاینەکەیانە.
٤ – بەکارهێنانی ئەم هه موو ساڵنامەیە وای کردووە لە ڕووی ڕووداوە مێژووییەکان ، وڵاتان هه تا ڕادەیەک لێکدابڕێن و مێژوویان تێکنەکاتەوە.
٥ – ئێستا ساڵنامەی نەورۆز بە هۆی ئەو مێژووە کۆنەی کە هه یەتی و ئەو ڕؤژی دەستپێکردنە جێگیرەی کە لە گەڵ سوڕانی ساڵێ هه تاوی تەواو گونجاوەو چەسپاوە ، زۆر لە بارە بەتەمەنی دوازدە هه زارساڵەییەوە بکرێت بە (ساڵنامەی مرۆڤایەتی) وەک ئەوەی دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی و هاوڕاکانی پێشنیاریان کردوو کاریان بۆکرد.
٦ – نەورۆز وەک جەژنێکی کۆنی مرۆڤایەتی هه ر لە سەرەتاوە ، واتە زۆر پێش زایین رەهه ندێکی جیهانی هه بووەو ئەوە (کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان) یش لە ساڵی ٢٠١٠ دا بە فەرمی وەک جەژنێکی کلتوری ئاشتی-نەورۆز- ی کردی بە جەژنی هه موو جیهان .
٧ – زۆر گونجاوە ئێستاش ئەم جەژنە جیهانیەی نەورۆز بکرێ بە( ساڵنامەی نەورۆز) وسەرەتاکەشی لە دوازدە هه زار ساڵ لەوەپێش دەسپێبکات و هه موو جیان بەکاری بێنێ و جیهان بخاتە نێو یەک ساڵنامەی کۆن و گرنگ و بڕواپێکراوو یەکگرتوو.
٨ – بەکارهێنانی ساڵنامەی نەورۆز بەمانای ڕەتکردنەوەی یەکجاری ساڵنامەکانی تر نیە! بەڵکو هه موو وڵات و نەتەوەو ئاینەک دەتوانن لە پاڵ ساڵنامەی نەورۆز- ساڵنامەی مرۆڤایەتی- ساڵنامە تایبەتەکەی خۆیان بە کاربێنن.
٩ – بەکارهێنانی ساڵنامەی نەورۆز وەک ساڵنامەیەکی یەکگرتوو لە هه موو جیهان ، مێژووی کۆن و نوێی و ڕووداوەکان یەک دەخات و مرۆڤایەتی دەخاتە سەر یەک ڕێتمی ژیان و مێژوو.
١٠ – بۆ گەیشتن بە – ساڵنامەی نەورۆز – هێندە بەسە ١٠٠٠٠ ساڵ بخەیتە سەر ٢٠٢١ ساڵی زایینی نوێی ..بۆنموونە ئەمساڵ ، کە دەکاتە ١٢٠٢١ و بۆ- ساڵنامەی هۆلۆسین – پێشنیارکراوی سیزارە ئیمیلیانی و هاوڕاکانیشی بە هه مان شێوەیە و ڕۆژی دەستپێکردنی ساڵی نەورۆزیش لە ١/١ ساڵی نوێوە دەست پێدەکات .
١١- ئێمە بە چاک و گونجاوی دەزانین بۆ ئەم ساڵنامەیە کۆنە ،کە سیزارە ئیمیلیانی بە ناوی ( ساڵنامەی هۆلۆسین) پێشنیاری کردووە ، ناوی ساڵنامەی نەورۆز بێت، بەو هۆیەی کە داستانی دەممووزیش تەمەنی دوازدە هه زار ساڵەو ئەوەش ڕوونبووە وە کە شاری دێرینکۆیۆی ژێر زەمینی جیهانی ژێرەوە- عالم السفلی – ی داستانی دەممووزی و شوێنی زیندوو بوونەوەی دەممووزیشە ، کە ڕۆژی زیندوو بوونەوەکەشی جەژنی – زەگمەک – نەورۆز – ی ئێستایە. هه روەها جەژنی نەورۆز لە پێش زایینەوە بەوناوە ناسراوەو ڕەهه ندێکی جیهانیشی هه بووە .
(١٢) – وەک زانست و واقیع دەری خست هه موو ئەم شوێنە کۆن و گرنگ و دەگمەنانە لە کوردستان و لە یەک سەردەم سەریان هه ڵداوەو – تەقینەوی شارستانیەت – یان پێکهێناوە – ئەوەش ئەو مافە بە( کوردستان) دەدات کە ساڵنامە کە بە ناوی نەورۆز بێت ، کە نەورۆزیش هه ر لەسەرەتاوە لە کوردستان سەری هه ڵداوەو هه ر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووەتەوەو لەگەڵیان هاوتەمەنە.

**
سەرنج و تێبینی:
(١) – زۆر جار لێکۆڵەرو شارەزایانی مێژووی کوردوجوگرافی و پێکهاتەکەی ،پاش گەڕان و لێکۆڵینەوە هه ندی باس و پێناسەی زۆر جوان و گرنگ بۆ کوردستان دەنووسن ، کەچی ئێمە خۆمان گومان لە و باس و پێناسانە دەکەی ، بەمەش نە نرخی وڵاتی خۆمان دەزانین و نە ڕیز لەو کەسانەش دەگرین کە بە زانستیەوە باسی کوردستان دەکەن!! (٢) – سۆمەریەکان بە هۆی ئەوەی کە زۆر کۆنن و خاوەن یەکەمین شارستانیەتی پێشکەوتوون ، هه ر لەسەرەتاوە کاریگەریان بەسەر زۆر وڵات و میللەتەوە هه بووەو ئێستاش هه یە ،
(٣) – زڤیاچەمێ – زاوی جمی – یە، کە پێشتر لێکۆڵەران کە زمانی کوردیان نەدەزانی ، زەڤیا چەمێیان- بە زاوی جمی- نووسی و هه ر ئاواش کەوتە نێو ئەدەبیاتی مێژووی کۆن و شوێنەوارناسییەوە ، هه تا مامۆستای گەورە بەڕێز ( عەبدولڕەقیب یوسف) گەڕاندیەوە سەر ناوە ڕاستیەکەی خۆی . (٤) – شاری ژێرزەمینی دێرینکۆیۆی باکووری کوردستان بە هۆی گەورەیی و پر لە نهێنیەوە لە رووی دروستکردنەوە ، تائێستا بە زۆر ژمارە باسی چێنە ژێر چینەکانی دەکەن ، هه ندێک بە حەوت و هه شت و هه تا یازدە چینیش دەڕۆن لە باسکردنی چینەکانی دا.
(*٥) – تا ئێستا وادەزانرا کە هه ولێر تاکە شاری کۆن و ژیان تێیدا بەردەوامە! ئەوا شاری حەسەن کێفیشی هاتە پاڵ ، کە هه وڵیر ١٣٠٠٠ ساڵە ئاودانەو حەسەن کێفیش ١٢٠٠٠ ساڵە، ئەم جووتە خوشکەش هه ردووکیان لە کوردستانن.

سەرچاوەکان:-
(1)-https://www.aspdkw.com/الاسس الذی اعتمدهاالسومریون قدیمافی وضعالتقاویم
(2)-https://www.facebook.com/dlshad zamua/مێژووی بە کارهێنانی ساڵنامەکان لە میسۆپۆتامیاو زاگرۆس!
(3)-https://www.bbc.com/Arabic/scienceandtech/2013/07130715_world_oldest_calendar
(4)-https://www.beytoote.com/art/nnegah-gozashte/introduction-calandars02-world.html
(5)-https://www.aljazeera.net/news/cultureandart/2018/12/27لماذا یحتفل المسیحیونبمیلاد المسیحفی یومینمختلفین؟
(6)-https://abadgar-q.com/wikli/casare_Emiliani سیزارە امیلیانی
(7)-readersadvice.com/mmeade/house/Holocene.html تقویم الهولوسین
(8)-https://en.wilkipedia.org./wilki/Holocene_calandar تقویم الهولوسین – ویکیپیدیا
(9)-وحدت قومی کرد و مادمنشاء،نژاد تاریخ تمدن کردستان،حبیب اله تابانی،ایران- تهران،چاپ اول١٣٨٠،ا
(10)-joumal.asi.org.ir/article_20665.htmlنمادگری ایینی در دورە نوسنگی اولیە:نگاه بە گەبکلیدر جنوب شرق ترکیە
(11)-https://www.alaraby.co.uk/ترکیاتفتح واحدا من اقدم المعابدفی العالم
(12)- https://dengekan.info/archives/17375 دێرینکۆیۆ لە نیوان جیهانی ژێرەوەی داستانی دەمموزی و بە هه شتی ژیرزەمینی جەمشید دا. دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
(13)-https://www.kojaro.com/2018/9/27/155265 گوبکلی تپە -تاریخ
(14)- academia.edu/6930281/نمادگرایی آیینی در دورەء نوسنگیاولیە: نگاهی بەگوبکلی تپە در جنوب شرقی ترکیە بابک شیخ بیکلو اسلام.pdf
(15)-https://www.turkprees.co/node/76074مدینة(شانلی اورفا)الترکیة تستعدللکشف عن (کاراهان تپة) اقدم الموقع الاثریة فی العالم
(16)-https://www.dailysabah.com/arts/new-karahantepe-settlement-may-be-old-than-gobeklitepe/news
(17)-https://www.kojaro.com/2017/10/27/128573/حصن کیفا شهر شناور با قدمت١٠ هزارسال در ترکیە- کجارو
(18)-https://www.bbc.com/culture//article/20161202-place-where-history-began المکان القدیم حیث بدا التاریخ- ثقافة بی بی سی
(19)-https://www.facebook.com/Babylon.gods.gate.015/posts/1011483595536446/الحضارة السومریة مهد الحضارات
(20)-https://arabicpost.netاختراعات من بلاد ما بین النهرین
(21)-https//arabicpost.net/ السومریون
(22)-https://www.almothaqaf.com/d/e3/951542 اورکسترا: نوروز و الاعیاد السومریة خلیل ابراهیم خلیل
(23)-https://ar.wikipedia.org/تلال الاثریة فی اربیل

*
بۆ بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وجێگرو سکرتیری پەرلەمان
بەڕێزان ئەندامانی لێژنەکانی ڕۆشنبیریی و کلتورو خوێندنی باڵاوتوێژینەوەی زانستی
تەواوی ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێز وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی
بەڕێز وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەرو لاوان
سڵاوی زانست و مێژوو و شارستانیەت .. نەورزی ساڵێ( ١٢٠٢١) تان پیرۆز
بابەت : ساڵنامەی نەورۆز
بەڕێزان..لە بەردەوامی زیاتر لە بیست ساڵی لێکؤڵینەوەو بەدوا داچوونی مێژووی و زانستیانە بەدوای نەورۆز دا ، دوو خاڵمان بۆ ڕوون بووەتەوە .
یەکەم: نەورۆز هه ر لەسەرەتاوە لە کوردستان سەری هه ڵداوەو هه ر لە کوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووەتەوە.
دووەم: تەمەنی نەورۆز دوازدە هه زار ساڵەو شوێنی سەر هه ڵدانە کەشی (شاری ژێر زەمینی هه شت چین لە ژێر چین دێرینکۆیۆ) ی کوردسانی باکوورە.
هه ر بۆیە پێشنیار دەکەین کە ( ساڵنامەی نەورۆز) ی بە بڕیارێکی یاسایی بە تەمەنی (١٢٠٢١) ەی ئەمساڵیەوە بکرێت بە فەرمی و ساڵانە پەرلەمان ئەو ساڵنامەیە وەک ساڵنامەی فەرمی پەرلەمان و حکومەت کوردستان چاپ بکاو بڵاوی بکاتەوە ، بەرنامەی ساڵانەی خۆی لەسەر دابمەزرێنێ وحکومەت و پەرلەمان سوێندی یاسایی خۆیان لە ڕۆژی نەورۆزدا بخۆن.
چۆن نەورۆزو دێرینکۆیۆی و شانەدەرو حەسەن کێف و گرێ ناڤوکێ و بێستان سووروکاراهان تەپە و قەڵای شاری هه ولێری دەستە خوشکی ، هه موویان پێکەوە سەرتای تەقینەوەی شارستانیەتن لە کوردستان و هه موو جیهان تەمەنیان دوازدە هه زار ساڵە ، کە لە هیچ شوێنێکی تری جیهان ئەوەندە شوێنی گرنگ و کۆن پێکەوە دەسناکەوێ. هه ر ئەو کۆنی و گرنگیەی شارستانیەتش بوو وای لە دکتۆر سیزارەو ئیمیلیانی و هاوڕاکانی کرد ، داوای ( ساڵنامەی مرۆڤایەتی) بکەن بە تەمەنی دوازدە هه زار ساڵیەوە، ئێستاش پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە(ساڵنامەی نەورۆزی دوازدە هه زار ساڵەیی) دیاریەکی گرنگ و مێژووی پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکات و هه وڵیش بدا بیکات بە ساڵنامەیەکی جیهانی و هه موو مرۆڤایەتی.
لەگەڵ سڵاوی دووبارە .
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
پسپۆری ئەفسانەو مێژووی ئەفسانەی کوردستان.
زانکۆی سەلاحەدین/ هه ولێر – نەورۆزی ١٢٠٢١.

*

بۆ بەڕێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هێژا(ئەنتۆنیۆ گویتیریش)
سڵاوی زانست و مێژوو وشوێنەوارو شارستانیەت
نەورۆزی ساڵی ١٢٠٢١ تان پیرۆز
بابەت: ساڵنامەی نەورۆز ،ساڵنامەی مرۆڤایەتی
(Holocene calender)
بەڕێز جەنابی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە کاتیک دا لە دڵەوە (جەژنی نەورۆزی ساڵی ١٢٠٢١تان) لێ پیرۆز دەکەم ، دەخوازم لەم بۆنە یە داچەند پێشنیارو داواکاریەک لە بارەی نەورۆزەوە بخەمە بەرچاوی بەڕێزتان و کۆمەڵە گشتی و ڕؤشنبیریی وکلتور و تەواوی بەڕێزانی پەیوەند دار.
بەڕێزان ..کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠ دا جەژنی نەورۆزتان وەک جەژنی نیو نەتەوەیی جهیان ناساندو نەورۆزتان وەک – کلتوری ئاشتی – پێناسەکردو بەمەش بەڕاستی کاریکی جوان و پیرۆزکراوە،
بەڵام؛ بەداخەو لە ڕووی زانستی و مێژوویی لە زیاتر ناساندنی جەژنی نەورۆز دا چەند هه ڵەیەکی زانستی کەوتە نێو بە فەرمی کردنی نەورۆز لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە..
هه ڵەکانیش ئەمانەن :-
یەکەم : جەژنی نەورۆز وەک جەژنێکی ئێرانی ناسێنرا ، لە کاتێک بە لێکۆڵێنەوەی زانستی دەرکەوتووە، کە نەورۆز لەسەرەتاوە لە کوردستان سەری هه ڵداوەو هه رلەکوردستانیش بە دنیادا بڵاو بووەتەوە ، چۆن جەژنی نەورۆز هه مان جەژنی – زەگمەک – ی( داستانی دەممووزو عەشتار) ی سۆمەریەکانەو تەمەنی ١٢٠٠٠ هه زار ساڵەو شووێنی هاتنەوەر سەر دنیای دەممووزیش کەدەکاتە ڕؤژی نەورۆز (شاری ژێر زەمینی هه شت چین لە ژیرچینی دێرێنکۆیۆ) ی باکووری کوردستانە، هه ر بۆیە نەورۆز جەژنێکی کوردستانیە ، نەک ئێرانی .
دووەم: وەک دەرکەوت تەمەنی نەورۆز (١٢٠٢١ ساڵ) ە و (٣٠٠ ساڵ) نیە ، وەک لە بەیاننامەکەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دا هاتبوو، بۆیە پێویست دەکات ئەمە ڕاست بکریتەوە و بۆ سازییەکی گەورەی وەک نەتەوە یکگرتووەکان ناکرێ بکەوێتە هه ڵەیەکی مێژوویی ئاوا.
سێێەم: ڕؤژی نەورۆز ٢١/٣ نێە! بەڵکو ١/١ ساڵی نوێی سۆمەری کوردیە ! ٢١/٣ کەوتنە بەرامبەر یەکی یەک جەژنە لە دوو ساڵنامەدا ، بۆیە نەورۆز سەری ساڵی سۆمەری کوردیە، نەک ٢١/٣ ی زایینی ! ئەمەش دەخوازێ ڕاست بکرێتەوە.
پێشنیارەکەش ئەوەیە ، لە کاتێک دا ئەوە ١١ ساڵە نەورۆز بە فرمانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە بە جەژنی نێودەوڵەتی ، هه ر بۆ یە دەخوازێ بە پێی ساڵنامەی نەورۆزێی خۆی یادبکریتەوە و بۆ ئەمەش کارێکی زۆر جوان و پێرۆز دەبێت ، ئەگەر ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان – ساڵنامەی نەورۆزی ١٢٠٢١ساڵە – بڵاو بکاتەوە لە ڕۆژی سەری ساڵی نەورۆزی هه موو ساڵێکی داهاتوودا ، وەک ئەو داوایەی کە ( دکتۆر سیزارە ئیمیلیانی) و هاوڕاکانی لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوو داوایان کرد بوو ، دەهه زار ساڵ بخرێتە سەر ساڵەکانی زایینی و بەمەش – ساڵنامەی مرۆڤایەتی – دەکەوێتە کار، کە هه موو شارستانیەتەکانی مرۆڤایەتی دەگرێتە خۆو دەبێت بە١٢٠٢١ساڵ . دیارە ئەمە بە مانای ڕەتکردنەوەی ساڵنامەکانی تر نیە ! بەڵکو بەم ساڵنامەیەی نەورۆز هه موو مرۆڤایەتی دەبێت بە خاوەنی یەک مێژووی کۆن وشارستانیەتی دوازدە هه زارساڵەیی.
لەگەڵ ڕێزو خۆشەویستی دووبارە .

بۆ بینینی وێنەی شوێنەوارە دێرینەکان کلیکی ئێرەبکەن …


پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر مەولود ئیبراهیم حەسەن
پسپۆری ئەفسانەو میژووی ئەفسانەی کوردستان
زانکۆی سەلاحەدین / هه ولێر
نەورۆزی ١٢٠٢١- هه ولیر ،کوردستان

Previous
Next
Kurdish