
ڕۆشنبیری مشەخۆر، ڕۆشنبیری ئازاد.. جواد خەلیل
( لەبارەی وەزیفەی ڕاستەقینەی ڕۆشنبیرەوە)
لە سەردەمی حامورابیەوە تا ئێستا دادوەرەکان لە ڕووی داراییەوە ژیانیان زامنکراوە، ئەمە لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی ڕای خۆیان و بڕیارەکانیان ئازادانە دەربکەن و بێ منەت بن لە پارەدا. کەواتە هەمیشە پەیوەندییەکی توندۆڵ هەبووە و هەیە لە نێوان ئازادی و پارەدا. کەسی بێ پارە زۆر بە ئاسانی ئەگەری ئەوەی هەیە ئازادی خۆی لە دەست بدات، بە پێچەوانەشەوە کەسی پارەدار خاوەنی ئازادی تەواوەتی خۆیەتی.
بەسەرهاتی دادوەر و پارە بەسەرهاتێکی لەمێژینەیە، لێ تەژییە لە پەند و عیبرەتی گرنگ، بە تایبەتی بۆ چینی ڕۆشنبیر و ئەوانەی خوازیارن هەمیشە ئازاد بن. کەواتە ڕۆشنبیری سەربەخۆ و ئازاد و ملکەچ نەبوو چۆن دەخوڵقێنرێت؟ بۆ وەڵامی ئەمە دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ناپلیۆن هێل، باوکی زانستی دارایی ئەمریکی و داڕێژەری تیۆریای تایبەت بە ئازادی مرۆیی. ناپلیۆن هێل پێی وایە ئینسان بۆ ئەوەی ئازاد و سەربەخۆ بژێت دەبێ لە ڕووی داراییەوە ئازاد و سەربەخۆ بێت. واتا ناکرێ کەسێکی ڕۆشنبیر بانگەشەی ئازادی فیکر و ئازادی لە بڕیاراندا بکات بە بێ هەبوونی پارەیەکی زۆر و ژیانێکی بێ منەتانە بۆ خۆی. بۆیە دەشێت بڵێین وەزیفەیەکی دیکەی ڕۆشنبیر، بەدەستهێنانی سەربەخۆیی داراییە بۆ خۆی و هاندانی تاکەکانی تری کۆمەڵە بۆ گەیشتن بەو سەربەخۆییە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە لە سەربەخۆیی دارایی گرنگتر، چۆنێتی گەیشتن و ڕێگاکانی گەیشتنە پێی، مەرجە ڕۆشنبیر لە هیچ کام لەو ڕێگایانەدا ساختەکاری و ملکەچبوون بەکار نەهێنێ و لە ڕێگای ناشەرعییەوە نەگاتە ئەو سەربەخۆییە!
کێشەی گەورەی ڕۆشنبیرانی دونیای ئێمە، مشەخۆری و بێ تواناییانە لە کاردا و هاوکات بێ ئاگاییەکی قووڵیش لە زانستی دارایی . زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی کورد لەبەر بژێوی ژیانیان و نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهاتی سەربەخۆی دیکە، ناچاربوون دەستبەرداری ئازادی خۆیان بن و ملکەچ و گوێڕایەڵی خۆیان بەهۆی مووچەیەکی شەرمهێنەرەوە بۆ ئەم حیزب و ئەو حیزب دووپاتبکەنەوە. ئەوان زۆرتر وەک مشەخۆرێک دەردەکەون چونکە لە بنەڕەتەوە کەسانی تەمبەڵن و کارخوڵقێن و خۆژێن نین. ئەوان نازانن کە جگە لەو ڕێگای ملکەچییە، سەدان ڕێگای شکۆدارانە هەن بۆ بەدەستهێنانی پارە و زامنکردنی بژێوی ژیان. دەسەڵاتیش کە دەبینێ سروشتی ئەم ڕۆشنبیرانە مشەخۆرییە، لەبەرژەوەندی خۆی بەکاریان دەهێنێ و ژیانێکی شایستە بەڵام پڕ لە ملکەچییان بۆ فەراهەم دەکات. بە پێچەوانەشەوە ڕۆشنبیری خۆژێن و کارخوڵقێن لەبەری ڕەنجی خۆی دەخوا و کەس ناتوانێت ملکەچی بکات.
هەر لەبەر ئەمەشە دەبێ ڕۆشنبیر پێش ئازادی فیکر، بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی دارایی خۆی بکاتەوە، چونکە تەنها بەم ڕێگایە لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی حیزب و ئەوانی دی ڕزگاری دەبێت و دەتوانێت بە ئازادانە بنووسێت و ئازادانەیش بیربکاتەوە.
ڕەنگە بوترێت ڕۆشنبیر نابێ بچێتە نێو بازاڕی کار و ئەو دەبێ لە جیهانی ڕاستەقینەی خۆیدا کە جیهانی کتێبە بژی و بنووسێت، ئەم بۆچوونە ڕەنگە بۆ ئەو ڕۆشنبیرانەی دونیا ڕاستبێ کە داهاتی خۆیان لە ڕێی فرۆشتنی کتێب و نووسراوەکانیانەوە وەردەگرن ( کە ئەمە باشترین شێوازی خۆژێنی ڕۆشنبیری ئازادە) بەڵام بۆ کوردستان و وڵاتانی جیهانی سێ، ئەمە جگە لە وڕێنە و خەونێک هیچی دی نیە!
ڕۆشنبیری کورد دەبێ خۆی فێری کارکردن بکا و بچێتە نێو بازاڕی کارەوە، ئەو دەبێ ئاگایی دارایی خۆی بباتە سەر و بایی ئەوە کۆبکاتەوە کە پێویستی بە پارەی هیچ هێز و دەسەڵاتێک نەبێت. نەبوونی ئەم توانا داراییە بەهێزەیە وای لە سەدان و بگرە هەزاران (مامۆستا و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و هونەرمەند وشاعیر و چیرۆکنووس و مێژوونووس) کردووە کە لە پێناوی بژێوی ژیانیاندا خۆیان بدەنە پاڵ حیزب و دەسەڵات و لە ئاستی کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا و نیشتمانەکەیان بێدەنگ بن و هیچ هەڵوێستێکی ئاشکرا و بوێرانەیان نەبێت.
جواد خەلیل
