Skip to Content

تەمەن تەنیا مەسەلەیەکی ماتماتیکییە..-3- خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

تەمەن تەنیا مەسەلەیەکی ماتماتیکییە..-3- خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 29, 2020 General


پیربوونم لەو ساتەوە دەستپێدەکات تواناکانم لە خۆشەویستیدا لە دەست دەدەم..
بەشی سێهەم..

لیزا: لە روانگەی منەوە، عەشق هونەری موعجیزە خوڵقاندنە، عەشق فڕینە و هیچ کاتێک ماندوو نابێت لە تەیکردنی ئاسمانە نەبینراو و قەدەغەکراوەکان. عەشق مامانە بۆ لە دایکبوونی هەموو مەحاڵەکان، دواجار عەشق، عەشقە.
ستیڤان: بەم پێیە بێت عەشق گەمەیەکی ناعەقڵانی ئەبستراکتە!! تۆ دەتەوێت ئەم ناوەڕۆکەم پێ بڵێیت؟.
لیزا: بێگومان عەقڵ بە هەموو شێوەیەک دژی عەشقە. مەولانای رۆمی باسی شەکوای ئەو مێروولانە دەگێڕێتەوە دەچنە لای سولەیمان پێغەمبەر و گلەیی لە “با” و “رەشەبا” دەکەن چوونکە هەمیشە لانەیان لێ تێکدەدات. سولەیمان فەرمان دەکات بانگی “با” بکەن بۆچی وا دەکات؟ یەکێک لە مێروولە عاقڵەکان هاوار دەکات و دەڵێت نا نا، تکایە بانگی مەکەن، چوونکە کە ئەو هات ئێمە تەواو، حاڵمان لێ تێکدەچێت. ئەم چیرۆکە نموونەی عەشق دەخاتەوە بیرم، وەختێک عەشق دێت ئیدی عەقڵ بار دەکات. عەقڵ هەمیشە شەکوای هەیە لەسەر عەشق، لەبەرئەوەی هەر کات عەشق هات لانەی لێ تێکدەچێت.
ستیڤان: بەڵام دواجار عەشق داگیرکردنە!! لە کۆتاییدا عەشق خووی ئەو دیکتاتۆرانەیە دەیانەوێ نیشتمانی دڵت داگیر بکەن.! عەشق داگیرکردنێکی چاوچنۆکانەیە و بۆ هەمیشەش بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.
لیزا: وا بیر دەکەمەوە نهێنییە گەورەکەی عەشق ترس بێت. یەک شت دەزانم عاشق ترسنۆکترین مرۆڤە، هەمیشە لە راڕایی و ترسی لە دەستدانی مەعشووقدا دەژی، هیچ کات دەروونێکی جێگیر و دڵنیای نییە، لەگەڵ ئەمەشدا عاشق بەهێزترین مرۆڤە بەرگەی زریانی عەشق دەگرێت.
ستیڤان: ئەوە دێڕێکی خۆمم بیر دێنێتەوە کە نوسیبووم: من ئیمپراتۆری عەشقم، چوونکە بۆ نیگایەکت دەچەمێمەوە! هەروەک چۆن مارکس بۆ جێنی هاوسەری نووسی (لە بەردەمتدا دەنووشتێمەوە و دەگریم، چوونکە خۆشم دەوێی) ئاوهاش، من وەک جەنەراڵێکی بەزیو لە بەردەم پەیکەری عەشقتدا دەنووشتێمەوە.
لیزا: عاشق ئەفسانە دروست دەکات، هەموو ئەفسانەیەک بەرهەمی عەشقە، عەشق و ئەفسانە یەک شتن و لێکدی جیا ناکرێتەوە، هەر بۆیە عاشقان وەک کەسایەتی خەیاڵی و میتۆلۆجی دەبینرێن.
ستیڤان: من دەمەوێ عاشق نەبم، دەمەوێ لێی هەڵبێم، بەڵام چارەنووسم وایە لە هەر شتێک ترسابم تووشم بووە، لە منداڵییەوە لە هەژاریی و نەخۆشی و عەشق ترساوم، ئێستا هەر سێکیان دەستیان لە بینە قاقام ناوە.
لیزا: لە راستیدا ئەو کەسە بووم دروشمی رووخانی قەڵای عەشقم بەرز کردەوە. لەسەر دەفتەری رۆژانەکەم بە خەتێکی درشت نوسیبووم: با بڕوخێ باستیلی عەشق باڵی فڕینی زنجیر کردووم، با بڕوخێ پەیکەری عەشق کە ئێسکەکانی وردوخاش کردووم.
ستیڤان: تۆ دەبێت خۆشخاڵترین ئافرەتی دنیا بیت چوونکە بەهرەمەندیت لە پرشنگی هەستی من. تۆ خۆشبەخترین ئافرەتی دنیایت چوونکە هیچ ئافرەتێک نییە لە مێژوودا هێندەی تۆ لە خۆشەویستی پیاوێک بەهرەمەند بووبێت.
لیزا: ئەوەی دەمترسێنێت، دوو شتە: سەرکێشییەکانت و جیاوازیی تەمەنمان!!. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک بیرت لێ دەکەمەوە ئیرەیی بە خۆم دەبەم خاوەنی دڵی تۆم و تۆش خاوەنی هەموو وجودی من!.
ستیڤان: بۆ من تەمەن تەنیا مەسەلەیەکی ماتماتیکییە، پیربوونم لەو ساتەوە دەستپێدەکات تواناکانم لە خۆشەویستیدا لە دەست دەدەم. مردن بۆ من تەنیا گۆڕانێکی فیزیاییە!! ژیانیشم لەو ساتەوە دەست پێدەکات هەستمکرد عاشق بووم، کە هەستم کرد دڵم لە بەر پێی تۆدا کەوتۆتە لەرزین.
لیزا: تۆ نابینیت من چۆن لە ئاوی عەشقدا تەعمید کراوم.؟ جگە لە ئاینی عەشق هیچ ئاینێکی تر ناناسم، عەشق ئاینی منە. ئەو بەهایای ژیان فێری کردم یەک بەها بوو کە خۆشەویستییە، لە ژیاندا فێری گۆرانییەکی سەیر بووم، گۆرانی خۆشەویستی.
ستیڤان: هەوڵبدە قووڵتر شتێکی گرنگ لە مندا بەدی بکە. ئاخر تەنها عەشق منی بە ژیانەوە بەستۆتەوە، ئەگەر عەشق نەبێت هیچ هۆکارێک بۆ مانەوە نابینم. بیرتە لە کۆڵانەکانی شارە رەشپۆشەکە بەدەم ئازاری دابڕانەوە چرپاندم بە گوێتدا: خاوەنی هیچ نیم، چوون لە کۆتاییدا عەشقم دۆڕاند و هەموو شتەکانی دیکەم بردووە. من خاوەنی هیچ نیم هیچ هیچ!!.
لیزا: هەروەک ئەو ماچانەی نێوانمان ئەو قسەیەم بیرە. بیرمە وتیشت: گەردەلوولێک لە ناخمدایە. منیش پێم وتی تۆ لە ناخی گەردەلوولێکدایت. ئەو گەردەلوولەش لە ئۆقیانووسی سۆزی منەوە مەوج دەدات.
ستیڤان: نیشانەکانی عاشقبوون لای من زۆر روون بەرجەستە دەبن. لە یەکەم دیداری یەکترناسینەوە گووتم: ئەگەر رۆژێک هەورێکی گریا و رەشەبا ناڵاندی و دەریا شێت بوو، ئەوە ئەو رۆژەیە منی تێدا عاشق دەبم!!.
لیزا: دەستت بهێنە و ماچێکم بکە. یەک ماچت من لە گۆڕی غەریبیدا زیندوو دەکاتەوە، وەک چۆن نیگایەکی ساردت دەرگای ژیانم لێ دادەخات، ئاخر تۆ ناتوانیت لە جوگرافیای دڵم دەربچیت، ئەگەریش بڕۆی قەڵای عەشقت رووخاندووە کە دڵی منە. منی مەجنونترین لەیلای تۆ.
ستیڤان: تۆ وەک موعجیزەیەک هاتیت، لاپەڕەکانی دڵمت یەک یەک خوێندەوە و لە کۆتا لاپەڕەشدا بەخەتێکی گەورە نووسیت خۆشم دەوێی.
لیزا: هەست بە جۆرێک لە غرور دەکەم، عەشقت لە خۆبایبوونێکی زۆری تێدا دروستکردووم!!.
ستیڤان: تۆ دەبێت لە خۆبایبوونێکی زۆرت تێدا دروست بێت، غرورێک تەنها من نەگرێتەوە،! چوونکە هیچ ژنێک وەک تۆ پەرستراو نەبووە لەلایەن پیاوێکەوە، هیچ ژنێک هێندە شانسی نەبووە ئەو خەرمانە لە شیعری لەپێناودا بنووسرێت و شاعیرێکی عاشق خۆی تەرخان بکات بۆ نووسینەوەی لە بۆتەی سەدان شیعردا. ئەمێستا دەمەوێ لەمە تێبگەیت و هیچی تر.

خۆدواندنی: ستیڤان شەمزینی

تێبینی: ئەم تێکستە بریتییە لە مۆنۆلۆگ نەک دیالۆگی دوو کەس، کۆی بەشەکانی ئەم مۆنۆلۆگانە لەنێوان 2010-2017 نووسراون. لە بەرگی دووەمی کتێبی “قوتووی عەتار” لەلاپەڕە 488-522 بەشێوەی کتێبی کاغەز لە ساڵی 2018 چاپ بوون

Previous
Next
Kurdish