
دیوانی (شیوعیون)ی تۆفیق زیاد و کورتە خوێندنەوەیەک بۆ شیعرەکانی.. نووسینی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
دەروازەیەکی کورت
لە مێژووی خەبات و بەرەنگاربوونەوە دژ بە ڕژێمی ئیسرائیل و دەست درێژییەکانی ئەو ڕژێمە بۆ سەر خەڵکی سیڤیڵ و بێدیفاع، ناوی گەلێ شاعیرمان بەرچاو دەکەوێت کە بە تێڕوانینی سیاسی و چینایەتی جیاجیا، بەڵام بە وشە دژ بە ستەم و بێمافی و چەوسانەوە جەنگاون. لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژووی ئەدەبی بەرەنگاری فەلەستینیی، زۆربەمان بە ناوەکانی سەمیح قاسم و غەسان کەنەفانی و فەدوە تۆقان و مەحموود دەرویش و تۆفیق زیاد(١) و عەزەدین مناسرە و خالد ئەبو خالد و فەواز عید و محەمەد قەیسی و ڕاشد حوسێن و موعین بەسیسۆ و حەنا ئەبو حەنا و مورید بەرغوثی و ئەحمەد دەحبور و ئەمیل حەبیبی ئاشناین و کەم تا زۆر بەرهەمەکانیانمان خوێندۆتەوە و دەزانین چۆن بەگژ ستەمدا چوونەتەوە. بەپێی بۆچوونی ڕەخنەگرانی ئەدەبی بەرەنگاری فەلەستین، شاعیرانی بەرگری فەلەستینی بەسەر دوو ئاراستەدا دابەش دەبن. ئاراستەی یەکەم؛ شاعیرانی بەرگرییە کە ئەوانیش ( مەحمود دەروێش و سەمیح قاسم و تۆفیق زیادن. ئاراستەی دووەم؛ شاعیرانی شۆڕشن کە بریتین لە عەزەدین مناسرە و مورید بەرغوثی و ئەحمەد دەحبور.(٢) بەڵام لەنێو ئەو شاعیرانەدا هیچیان بەئەندازەی تۆفیق زیاد تێڕوانینی سۆشیالیستییان لە شیعردا بەرجەستە نەکردووەتەوە. تۆفیق زیاد چەندین دیوانی شیعری بڵاوکردووەتەوە، بەڵام دیوانی کۆمۆنیستەکان(شیوعیون) شوناسێکی تری بەخشیوەتە شاعیر.(٣) ئەم کۆمەڵە شیعرەی تۆفیق زیاد کە بە شاعیری خاکی داگیرکراو ناوزەد کراوە و بەپێی تێڕوانینی ئەحمەد سەعید محەمەدیەی ڕەخنەگر، شیعرەکانی ئەم دیوانە شیعرگەلی مارکسیستین کە ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی سیاسی و خەباتکارانەن.(٤) ئەم دیوانە شیعرییە لە پانزە شیعر پێکهاتووە کە سەرجەمیان بەو ئاراستە فیکرییە نووسراون کە بەڕیالیزمی سۆشیالیستی ناسراوە. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرەتای دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە ئەدەب و شیعرە بەربڵاو و زۆر بووە، کەچی سەیر لەوەدایە زۆربەی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەکانی جیهانی عەرەبی کاریان لەسەر وەلانان و بڵاونەکردنەوەی ئەم دەقانەی تۆفیق زیاد کردووە. دوواجار (دار العودة) لە بەیروت ئەم چوارچێوەیە دەشکێنێت و سەرباری ئەوەی دەزگاکە سەر بەو فەسیڵە سۆشیالیزمە نییە وەک خۆیان دەڵێن، بەڵام وەک بڕوابوون بە بنەماکانی ئازادی رادەربڕین؛ دیوانی شیوعیون چاپ و بڵاو دەکاتەوە. توفیق زیاد لەڕووی بیروباوەڕی سیاسییەوە هەڵگری هەمان بیروباوەڕی حیزبە شیوعییە تەقلیدییەکان بووە و لەلایەکی تریشەوە بەرگریکارێک یان جەنگاوەرێک بووە لەپێناو مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لە ئیسرائیل. تۆفیق زیاد لەسەر ئەم هەڵوێستانەی دووچاری کێشە و تەنانەت زیندانیکردنیش بووەتەوە. شیعرەکانی نێو دیوانی (شیوعیون) گەواهی ئەم ئینتیما سیاسییە سۆشیالیستییەی بۆ دەدەن. هەروەها خوێندنەوەی کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی شاعیر، وێنەیەکی تری شاعیرمان نیشان دەدات کە بەزمانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی پێی دەوترێت شاعیری خاکی داگیرکراو.

دیوانی (شیوعیون) چی تێدایە؟
ئەم دیوانە شیعرییە پانزە شیعر لەخۆ دەگرێت. وەختێک ( دار العودة) دەیەوێت چاپی بکات، تۆفیق زیاد لە شاری حەیفا خۆی ئەم ناو و نیشانە (شیوعیون)ی بۆ هەڵدەبژێرێت، لەو باوەڕەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە دیوارەکانی چوار دەوری زهنی داهێنەری عەرەبی بشکێنرێت. دیوانەکە پێشەکییەکی تێدایە لەنووسینی ئەحمەد سەعید محەمەدیە کە لەبری ( دار العودة) نووسراوە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کەتۆفیق زیاد لەهەڵبژاردنی شیعرەکان و تایتڵی کتێبەکە بەناوی (شیوعیون) ئاراستەیەکی تری شیعرەکانی وەک کۆمۆنیستیکی خەباتگێڕ لەپاڵ بەشداریکردن لە خەبات و تێکۆشانی ڕەوای خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین بەدیدێکی شیوعییانە خستۆتە بەردەم خوێنەر. شیعرکانی دیوانەکە لەنێوان ساڵی ١٩٥١ تا ساڵی ١٩٦٤ نووسراون. دیوانی (شیوعیون) شیعری تێدایە بۆ کۆمۆنیستەکان، بۆ لینین، بۆ مۆسکۆ و کرێکارانی مۆسکۆ، بۆ مانگرتنی کرێکارانی ئاتا، بۆ کراسنایا بریستایا کە گەڕەکێکی پیشەسازی کۆنی مۆسکۆیە، بۆ بڵاوکراوە سووتاوەکان بۆ هاوڕێ و هاوخەباتی جوولەکەکان، بۆ ١٤ ی تەممووزی عێراق ، بۆ مانیلاس غلیسوز ڕابەری کۆمۆنیست و پاڵەوانی گەلی یۆنانی، بۆ خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران، بۆ لۆمۆبا، بۆ ڕابەری حیزبی شیوعی عێراق فەهد، بۆ میسری ساڵی ١٩٥١، بۆ جەنگاوەران و سەنگەرەکانیان و بۆ هەواڵەکان و لەکۆتایی دیوانەکەش پێڕستی کتێبەکەی تێدایە. خوێنەر و ڕەخنەگری بەئاگاش تەنها بەم ناو و نیشانانە دەزانێت کە هێڵی بیرکردنەوەی شاعیر چۆنە و لە چ دیدگایەکەوە شیعرەکانی نووسیوە و هەروەها تایتڵی دیوانەکەش (شیوعیون) لەلایەن شاعیرەوە دەرخەری ئینتمای سیاسی چینایەتی شاعیرە بۆ خەبات لەپێناو پاراستنی بەهای ئینسان و داهاتوویەکی باشتر و گەشتر.
تۆفیق زیاد و شوناسی مارکسیستبوون

خوێنەر لەئەنجامی خوێندنەوەی شیعرەکانی دیوانی (شیوعیون)دا، ئەوەی لا دروست دەبێت کە تۆفیق زیادی شاعیر هەر هەمان ئەو ڕێچکەیەی گرتووە کە شاعیرانی هاوچەرخی سەر بە حیزبە شیوعییە تەقلیدییەکان و نووسەرانی ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی گرتوویانەتە بەر. بەمانایەکی تر ئەو مارکسیزمەی تۆفیق زیاد و هاوڕێگاکانی بڕوایان پێی هەبووە و هەیە، چەند فرسەخ لە مارکسیزمی مارکس و بنەماکانی مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیستەوە دوور بووە. ئەو سۆشیالیزمە زانستییەی کە بووەتە بنەمای تێڕوانینی مارکسیستەکان بۆ جیهان و دەوروبەر و کۆمەڵگە و ئینسان و سروشت، هەمان ئەو تێگەیشتنە بۆرژوازییە بەناو کۆمۆنیستییە نییە کە حیزبە شیوعییە تەقلیدییەکان کردبووییانە بنێشتە خۆشەی بن دانیان. تۆفیق زیاد لە قۆناغەکانی ژیانیدا کەوتووەتە ژێر کاریگەری ئەم تێڕوانینە بۆرژوازییانەی حیزبە شیوعییە تەقلیدییەکان و بەتایبەتیش حیزبی شیوعی ئیسرائیلی کەخۆی ئەندامێکی چالاک و هەڵسوڕاوی بوو.
وتیان: کۆمۆنیستن. وتم بەڵێ ئەوان
سوورن بە ئیرادەی خۆیان، گەلان ئازاد دەکەن
وتیان: کۆمۆنیستن. وتم کاتی مەرگ
بۆ ستەمکاران دیاری دەکەن
وتیان : کۆمۆنیستن. وتم چەپکێ گوڵن
ئەم دونیایە بە بۆنی خۆیان بۆنخۆش دەکەن
وتیان: ئاژاوەگێڕن. بە سەرپێچییەکەوە وتم
شەرەفێکن کە باوەڕی عەرەبیم ڕۆشن دەکەن.
وتیان : ئەوان بەکرێگیراون. وتم ڕەنگە
بەڵام دیارە دۆلار کێ بەکرێ دەگرێ.(٥)
ئەم وێناکردنە بۆ کۆمۆنیستەکان، وێناکردنێکی سادە و واقیعی ئەو جەنگاوەرانەیە کە بە کۆمۆنیستەکان ناسراون ، بەڵام تێگەیشتنێکی مارکسیستانە نییە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی کۆمۆنیستەکان ئازادکردن گەلان و ڕۆشنکردنەوەی باوەڕی عەرەبیزم نییە، بەڵکوو وەک دامەزرێنەرانی سۆشیالیزمی زانستی کارڵ مارکس و فریدریک ئەنگڵس پێناسەی دەکەن (کۆمۆنیستەکان بەرژەوەندی هاوبەشی هەموو چینی کرێکار دەبینن و دەیخەنە پێشچاو.)(٦) وەکچۆن لای تۆفیق زیاد و هاورێگاکانی بینینەکان و تێگەیشتنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران نین، ئاواش ڕوانین بۆ چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان، ڕوانینێکی سەروو چینایەتین.
برایانی کرێکاری شاری مۆسکۆ، لەگەڵتانم
بۆ نەمانی ستەمکاران لەگەڵتانم
لەگەڵ ئەو حیزبەی جەماوەری گەیاندە قوبەکانی کۆشکی کرملین
لەگەڵ ئاڵای سووری بەرز، ئاڵای لینین.(٧)
شاعیر ئەوکاتەی لەمۆسکۆ دەخوێنیت، وەک هەر نووسەر و ئەدیب و سیاسەتمەدارێکی تر دەچێتە سەر ئارامگا یان (گڵکۆ)ی لینین. ئەو ڕابەرە بەلشەفیکەی کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری گەیاندە مەنزڵگای خۆی و چینی کرێکار گەیاندە دەسەڵات.
یەک خولەک…دوو خولەک
بێدەنگ وەکو بەرد وەستام
ئای بەرزترین هەست کە دەتوانێت لە مرۆڤدا سەرهەڵبدەی
بگەشێوە..بگەشێوە..
لە ساتێکدا وەک ئەوەی کات بێت..!
وەک ئەوەی لەدایک ببمەوە
هەموو خۆرەتاوەکان لە دەستمدایە
ئەی جوانترین گوڵ…!(٨)
بەم پێیە دەبینین تێڕوانینی سیاسی تۆفیق زیاد بەڕاستە هێڵێکدا ناڕوات، بەڵکوو لە گشتەوە بەرەو تایبەت یان لە هەمووەوە بۆ بەشێک دادەبەزێت. شاعیر لە باسکردنی کۆمۆنیستەکان و ئینجا چینی کرێکار و لینینەوە دێت بەرەو شارەکەی و ستەمکارانی شارە عەرەبییەکەی کە چۆن نانی خەڵکی هەژار دەدزن.
لێرەوە، لە شارە عەرەبیەکەمەوە
لەو شوێنەی کە دەنوێت هەتا لە خەو هەڵسێت
بەڵا بەسەر خەڵکەکەی دێت
ئەوەی نانی ئێوەی دزی، نانی منیش دزیوە
ئێمە هەردووک قوربانی دەست ستەمکارانین
ڕیگامان هەر یەک ڕێگایە و دەستەکانت بێنە
ئەی هەڤاڵانی شەڕی چینایەتی
بەرەو جیهانێکی نوێ و ئاشتی
زاڵبوون بەسەر هێزە کۆنەپەرستەکان.(٩)
تۆفیق زیاد لەهەلومەرجێکی ناجێگیر و پڕ لە کێشمەکێش و تاڕادەیەک خوێناویدا وەک ئەرکێکی ئینتەرناسیونالیستی بەشیعر هاوسۆزی خۆی بۆ هاورێبازەکانی دەردەبڕیت.
ئەی فەهد، ئەی دڵ و خوێنی عێراق
نێوچەوانت بە ڕووناکی نوێ سوا
ئەی فەهد، ئەی بۆنخۆش، لەبەردەم خودا
لەسەر جادە و ڕێگاوبان و کانەکان
وەک کە خەوتووی پێڵوەکانت مەڕێژە
خەونێک کە بە فیشەک و سروود سزادرا.(١٠)
بەمجۆرە تۆفیق زیادی شاعیر بە شیعرەکانی وەک چەکێکی کاریگەر لە سەنگەرەکانی پێشەوەی باوەڕەکەی دەوەستێت و بەشداری کارەسات و ڕووداوەکانی ژیانی خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراوی فەلەستین دەکات. ئامادەیی شاعیر لە جەرگەی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی، نیشانەی هەڵوێست و بوێرییە بۆ ئینتما سیاسییەکەی. شاعیر بەهیچ شێوەیەک نە شەرمی کردووە و نە درێغی کردووە لە تەبلیغی باوەڕەکەی، بەڵام بەداخەوە نەیتوانیوە لەژێر کاریگەرییەکانی سیاسەتی سۆشیالیزمی بۆرژوازیی بێتە دەرێ و وەک شاعیرێکی چینایەتی دەقەکانی خۆی بۆ چینی کرێکار، لەڕوانگەی سۆشیالیزمی زانستییەوە بنووسێت.

تۆفیق زیاد وەک قوربانییەک
تۆفیق زیادی شاعیر و خەباتگێڕ لە دۆخێکی یەکجار نا تەندروست و نالەباردا دەست دەکات بە تێکۆشان لەپێناو بەرگریکردن لە یەکێک لە دۆزە هەرە هەستیارەکانی خۆرهەڵاتی ناوین. ئەویش دۆزی مەسەلەی خاک و چەوسانەوەی خەڵکی فەلەستینە. ئەم شاعیرە هەرچەند لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ زۆرێک لە شاعیرەکانی تری عەرەب و فەڵەستین جیاوازە، بەڵام نەیتوانیوە بەپێچەوانەی تەوژمی باو ڕێ بکات. شاعیر بەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێت کە زۆربەی شاعیرانی سەردەمەکەی هەنگاویان ناوە. ئەم خۆجیانەکردنەوەیە دەبێتە سەرەتایەک بۆ بوون بەقوربانی. بەبۆچوونی (حوسین مەروە)ی ڕەخنەگر ( شیعر مەعریفە و کاری مەعریفییە و شاعیرانی فەلەستینیش بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی خۆیان بە خەڵک و دۆزی فەلەستین، تێگەیشتنیان لە بنەماکانی مارکسیزم بەدەستهێنا. یان وەک مەحمود دەروێش وتەنی بە جۆش و خرۆش و ئومێدەوە گڕیان دەگرت.) (١١) تۆفیق زیاد لەیەک کاتدا شاعیرێکی هەم سۆشیالیست و هەم ناسیونالیست بووە. شاعیر لە وردکاری و بنەماکانی ڕێبازی مارکسیزم قووڵ نەبووەتەوە و هەر ئەمەش شاعیری تووشی جۆرێک لە ناڕۆشنی کردووە. ئەم ناڕۆشنییەی شاعیر لە بنەماکانی مارکسیزم، ئەم شاعیرەی وەکو زۆرێک لە شاعیر و ئەدیبەکانی ئەو قۆناغە کردووەتە قوربانی سیاسەتێکی نادروست و غەیرە کۆمۆنیستی حیزبە شیوعییەکان و یەکێتیی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات. ئەگەر وزەی خەباتکارانە و دەستپێشخەرییە شۆڕشگێرەکانی ئەم شاعیرە بە ئاقارێکی دروست ڕێچکەی بگرتایە، ئەوا بەدڵنییاییەوە دەبووە یەکێک لە شاعیرە چینایەتییە بێوێنەکانی نێو بزووتنەوەی شۆرشگێڕانەی چینی کرێکار.

ئەنجام
تۆفیق زیاد وەک یەکێک لە شاعیرە مارکسیستەکانی پرسی فەلەستین ناوی دەهێنرێت. ئەم شاعیرە لەڕێگەی دیوانی (شیوعیون)ەوە ئینتمای خۆی بۆ ڕێبازی ڕیالیزمی سۆشیالیستی ڕاگەیاندووە و لەپاڵ هەستە نەتەوەیی و نیشتمان پەروەرییەکەیەوە، هاتووە شوناسی مارکسیستبوونی بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لەدیدگای نێونەتەوەییەوە تەماشای پرسەکانی کرێکار و خەبات و هاوپشتی کرێکاریی دەکات. تۆفیق زیاد هەم لەژیانی عەمەلی و هەمیش لە سەنگەری ئەدەب و شیعرەوە بەدوای ئەو شوناسە مارکسیستییەوە بوو، بەڵام نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت. ئەم تێکۆشەرە لەبری ئەوەی وەک شاعیر و شۆڕشگێرێکی خەباتی چینایەتی بچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە، بووەتە قوربانییەکی سیاسەتی بۆرژوازی. ئەوە ڕاستە کە کۆمۆنیستەکان و ئەدیبە مارکسیستەکان نەک هەر بەرگری لە پرسی ستەم و چەوسانەوە دەکەن، بەڵکو بە کردەوەش لەو مەیدانەدا جەنگاون و دەجەنگن و تۆفیق زیادیش وەک شاعیرێکی شیوعی ویستویەتی بەم ئەرکەی هەڵبستێت. بەڵام کاڵبوونەوەی هەڵوێستە شیوعییەکان و کەمڕەنگکردنەوەی ئەو هەڵوێستانە لە شیعر لەبەرژەوەندی باوەڕی عەرەبیزم، پێ خزینێکی سیاسییانەی تۆفیق زیادە کە هۆکارە زاتی و بابەتییەکانی هەرچییەک بن، دواجار بەزیانی ئەدەبی کرێکاریی و مارکسیستی لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوین تەواو بوو.
پەراوێز و سەرچاوەکان :
(١)تۆفیق ئەمین زیاد لە ٧ی ئایاری ١٩٢٩ی زایینی لە شاری ناسرە لە دایکبووە. لە قوتابخانەی ناوەندی شارەوانی لە ناسرە خوێندوویەتی، هەر لەم قۆناغەش کەسایەتییە سیاسییەکەی بەرجەستە دەبێتەوە و بەهرەی شیعر تیا دەردەکەوێت. پاشان بۆ خوێندنی ئەدەبی سۆڤیەتی چووەتە مۆسکۆ. بە درێژایی ئەو ساڵانەی ژیاوە، بەشداری لە ژیانی سیاسی لە ئیسرائیل و خەبات بۆ مافەکانی فەلەستینییەکان کردووە. بۆ ماوەی سێ خولی هەڵبژاردن (١٩٧٥ – ١٩٩٤) وەک سەرۆکی شارەوانی ناسرە کاری کردووە، هەروەها ئەندام بووە لە حیزبی شیوعی ئیسرائیل و لەساڵی ١٩٦٤ دەبێتە سکرتێری ئەو حیزبە. لەساڵی ١٩٧٧ تۆفیق زیاد ڕێکخراوی (بەرەی دیموکراتی بۆ ئاشتی و یەکسانی (حداش))ی دامەزراندووە. ئەم ڕێکخراوە بەرەی هاوپەیمانی هێزە کۆمۆنیست و لایەنگرانی ئاشتی و ئاسایش بووە کەلەناو ئیسرائیلدا هەڵسوڕاو بووە. بەداخەوە ئەم شاعیرە لە ئەنجامی ڕووداوی هاتووچۆ کە لە ٥ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤، لە ڕێگای پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی سەرۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی فەلەستین (یاسر عەرەفات) بۆ شاری ئەریحا، دوای ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، بۆ هەمیشە ژیانئاوایی لە شیعر و خەبات کرد.
(٢)موقع الخیام شعراء المقاومة الفلسطینیة العاملان الجغرافي و الادیولوجی بقلم سمیر سلیمان التمیمي ١٧-٩-٢٠١٤.
(٣) تۆفیق زیاد جگە لەم دیوانەی (شیوعیون)، چەند کتێبی تری چاپ کردووە لەوانە؛ (اشد علی ایدیکم) ، (صور من الادب الشعبي الفلسطیني)، (الصقر الفلسطیني اول اوبرا عربیة)، (کلمات مقاتلة) و (دیوان توفیق زیاد). تۆفیق زیاد لەهەموو کارەکانیدا وەکو ڕەخنەگر و توێژەر حەسەن عەبادی دەڵێت (شوناسی عەرەب بوون و فەڵەستینی بوون دەپارێزێت.) بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە وتاری ( توفیق زیاد بوصلة تتجدد بقلم حسن عبادي موقع منبر حر للثقافة الفکر و الادب ٧-١٠-٢٠١٩.
(٤)شیوعیون توفیق زیاد مقدمة بقلم اعمد سعید محمدیة دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ٥.
(٥) شیوعیون توفیق زیاد دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ٧.
(٦)مانیفیستی حیزبی کۆمۆنیست کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس وەرگێرانی بۆ کوردی موسڵیح شێخولئیسلامی (ڕێبوار) چاپی دووەم ٢٠١٤ لاپەڕە ٢٥.
(٧)شیوعیون توفیق زیاد دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ١٣.
(٨)شیوعیون توفیق زیاد دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ٣٥ و ٣٦.
(٩)شیوعیون توفیق زیاد دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ٨٠.
(١٠)شیوعیون توفیق زیاد دارالعودة بیروت لبنان، ١٩٧٠ لاپەڕە ٨٤ و ٨٥.
(١١)استقبال شعر المقاومة في النقد الآدبي في العالم العربي بقلم عادل الآسطة ص ١٠ و ١١. بۆ زانیاری زیاتر خوێنەر دەتوانیت ئەم بەستەرەی خوارەوە بەسەر بکاتەوە.
https://staff.najah.edu/media/sites/default/files/Reception_poetry_of_resistance_in_the_literary_criticismin_the_Arab_world.pdf