Skip to Content

چەمکی (دەردەکورد) لە ڕۆمانی (میرنامە)ی جان دۆستدا.. گۆران سەباح

چەمکی (دەردەکورد) لە ڕۆمانی (میرنامە)ی جان دۆستدا.. گۆران سەباح

Closed
by كانونی دووه‌م 14, 2022 General, Literature


خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بە هاوێنەی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر


بە پێناسە و ورد و دڕشتی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر داناچمەوە، پێشتر بە وردی باسم کردووە (سەیری لینکەکە بکە لە خوارەوە).
لای هێروە، سەت ئافەرین بۆ وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەباح ئیسماعیل. ئای لەو وەرگێڕانە چاکە! هەستم نەکرد دەقێکی وەرگێڕدراو دەخوێنمەوە. دەتوانم بڵێم سەباح یەکێکە لە وەستاکانی وەرگێڕان. دەتوانم ئەم شایەتییە بدەم چونکە خۆم (٣٠) کتێبم لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە، ئەوە بێ لە (١٨) کتێبی مەنهەجی پەروەردەیی. ئەم ئەزموونە پێم دەڵێ وەرگێڕان کارێکی سانا و سادە نییە، بەتایبەتی وەرگێڕانی ڕۆمان. سەباح باش دەرەقەتی میرنامە هاتییە، بۆیە بە پێویستم زانی لێرە نەیشێرمەوە.
سەتان جار گوێمان لە “دەردەکورد” بووە، لێرە و لەوێ، خەڵک بەکاری دەبەن بۆ دەربڕینی “خۆخۆری” لە نێو کورداندا. سەربردەی زۆر هەن لەسەر خۆخۆریی نێو کوردان. جان دۆست، نووسەری میرنامە، “دەردەکورد”ی کردووەتە یەکێک لە تێما سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەی. خانی لە لاپەڕە ٢١٨دا بە مەلا سمایل دەڵێت، “دەردی کوردان و ملخوارییان ژەهرێکە بۆ خۆی . . . ئەوە بۆ چل ساڵ دەچێت دەڕژێتە گیانی منەوە.”
ئەحمەدی خانی بەم دەردە چوو. لە خوێندنەوەی میرنامە و گوێدانە دیمانەیلی نووسەرەکەی، وای بۆ دەچم میرنامە کۆشانێک بێت بۆ دیتنەوەی چارەیەک بۆ ئەو دەردە کوشندەیەی چەندان سەتەیە کورد دەپلیشێنتەوە. هەر خانی بەم دەردە نەچووە، هەزارانی تریش.

کە دەڵێم “چەمک”، یەکسەر نەخۆشییەکە “دەردەکورد” لە بازنەی سەربردە و قسە و تێگەیینی ئاسایی دێتە دەرەوە و دەبێتە بابەتی توێژینەوە لە بواری ئەدەب، فەلسەفە، دەروونناسی و زمانەوانییەوە. لەم نووسینەدا لە ڕێگەی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەر، کە تیۆرێکی ئەدەبییە، چەمکی “دەردەکورد” دەخەینە ژێر هاوێنە.
لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە، نووسەر نەخۆشییەکە پۆلێن دەکات:

١- دەردە کورد لە نێوان میرانی کورددا: میر محمد و سلێمان بەگی کاتب دێنە کوشتن.
٢- دەردەکورد لە نێوان بازرگانانی کورددا: سەلیمی ناڵبەند کەیفی بە سەڵاحەدینی سەحاف نایەت. حاجی زوهدی بازرگان، باوکی شەنگێ، کەیفی بە هیچ بازرگانێکی تری کورد نایەت.
٣- لە نێوان ڕەشوڕووتاندا: ماڵباتی یاوزی دەمامکدار. باوکی یاوز سەری هاوسەرەکەی، کە دەکاتە دایکی یاوز، لەبەرچاوی یاوز دەبڕێت. دوای ئەوەی سواری یاوز دەبێت، یەکتری دەدەنە بەر خەنجەران و یاوز باوکی خۆی دەکوژێت.
٤- دەردەکورد لە نێوان نووسەراندا: بوهاری داستانی “شێتەی سەرحەدان” لە خانی دەدزێت بە ناوی “دێوانەی بایەزید” لە ژێر ناوی خۆیدا بڵاو دەکاتەوە.
٥- دەردەکورد لە نێوان پیاوانی ئایینیدا: مەلاکانی نێو ڕۆمانەکە خوێنی ئەحمەدی خانی فڕ دەکەن.
٦- دەردەکورد لە نێوان نووسەران و میراندا: میر عەبدولفەتاحی پسیانی دەستی لە کوشتنی خانیدا هەیە.
بەگشتی، ڕۆمانەکە تاقیگەیەکە بۆ دەستنیشانکردن و شیکردنەوەی نەخۆشییەکە. نووسەر، وەک بەڕێوەبەری تاقیگەکە، بەوپەڕی پڕۆفێشناڵی و لێزانییەوە کاری کردووە. ئەم ڕۆمانە هیی هەر نەتەوەیەکی دیکە با، ئێستە بە ملیۆنانی لێ دەفرۆشرا، کرابووە فیلم و بۆ چەندان زمانیش هاتبووە وەرگێڕان، بەڵام لەبەرئەوەی دەردەکورد ئێستە لە جاران کوشندەترە، ڕۆمانەکە بێ ناز کەوتووە.
نووسەر، بەئاگاییەوە بێ یان نا، لە تاقیگەکەدا دەرمانێک دەدۆزێتەوە بۆ دەردی کوردان. دەرمانەکەش “هەقبێژی”یە. ئەمەیش باجی دەوێ. خانی لەسەر “هەقبێژی” دێتە دەرمانخوارکرن. خانی هێندە هەقگۆ بووە لە لاپەڕە (١٥٩-١٦٠)دا ڕەخنە لە مەلای جزیری دەگرێت و ڕاستییەکە دەڵێت: “. . . من نکوڵی ناکەم و گومانم لە شاعیربوونی نییە، لێ دەڵێم چۆن شاعیرێکی گەورەی وا خۆشمەشرەب . . . چاوپۆشی لە تاوانەکانی میر بکات؟!”
خانی هێندە هەقبێژ بووە لەسەرە مەرگیدا نامەیەک بۆ میر دەنووسێت و هەرچی پێشتر پێی گوتووە دووپاتی دەکاتەوە. “ئەی میر لەو ڕۆژەوەی تۆ میرایەتیت بە چوار هەزار . . . ئەز دەرکم بەوە کردبوو تۆ لایەقی تەختی میرێتیی سەرحەدان نییت.” (لاپەڕە ٢٣٧).
نموونەی هەقبێژی وەک چارەسەر لە تاقیگەکەی جان دۆستدا زۆرن، بۆ خوێنەریان جێ دەهێڵم.
چتێک هەیە هەردەم هاودەمی هەقبێژییە. ئەویش (ترس)ە. بنۆڕە ڕۆمانەکە، هەرچی هەیە لە هەقبێژیی خانی دەترسێت. وەک کابرای دەمامکدار، کە هەموو ژیانی ڕاکردنە لە هەقبێژی، کارەکتەرەکانی تر هەر یەکێ بە جۆرێک دەمامکی (ترس)ی بەستووە. هەمووی، خانی نەبێ، دەترسێت لە هەق. مخابن، هەقبێژ دەمرێت و ترسنۆکانیش دەمێنن. وەک ئەم سەردەمە. هەندێ جار وای دەبینم جان دۆست بە کەرستەیلی بوری باسی ئێستە دەکات.
ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی تر دەتوانن کار لەسەر چەمکەیلی تری نێو ڕۆمانەکە بکەن وەک: لێبوردەیی، پێکەوەژیانی ئایینزاکان، ئیسلام، بکوژ، خۆخۆری، خۆشەویستی، ڕەخنە، هتد.
پرسیار لە جان دۆست دەکەم. بۆچی هەندێ بەشی زیاد کردووە لە ڕۆمانەکەی کە هیچ پێوەندییان بە پڵۆت و تێمایەلی ڕۆمانەکەوە نییە، وەک: زۆربەی ڕووداوەکانی پێوەست بە ڕەجەبی بەرگدروو، سەلیمی ناڵبەند و چیرۆکەکانی و هەندێ وردەکاری لە هەموو بەشەکان کە خزمەتی پڵۆتەکەی ناکەن؟ بۆ نموونە، بێو خوێنەرێک چیرۆکەکانی سەلیمی ناڵبەند نەخوێنێتەوە، هیچ لە ڕۆمانەکە کەم ناکاتەوە. ئەم زیادگۆتنە تۆزێک لە چێژی ڕۆمانەکە کەم دەکاتەوە و خوێنەر دۆش دادەمێنێت و دەپرسێت، “بۆچی باسی ئەمانەم بۆ دەکەی؟ بۆچی لا دەدەی؟”

لەم لینکە بە وردی باسی تیۆری ڕەخنەییی وەڵامی خوێنەرم کردووە
https://hawcharkh.net/23/11/2021/2833/?fbclid=IwAR2u-EveeB_YxkV_JNlAQ5AKKVfY6O4a8UVDg9RexY7r1iGZrXHZO86gd24

Previous
Next
Kurdish