
جارێكی دیكه‌ش گه‌ڕانه‌وه بۆ نالی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له گۆران.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و دروستبوونی زمان، ده‌كه‌وێته دوای دروستبوونی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. مرۆڤ سه‌ره‌تا به ئاماژه و له ڕێگه‌ی وێنه و هه‌ڵكۆڵینه‌وه، گوزارشتی له بیر و داخوازییه‌كانی كردووه. دواتر زمان، وه‌ك پێداویستییه‌كی ژیان و ئه‌ڵقه‌ی په‌یوه‌ندی له یه‌كتر گه‌یشتن، دێته ئاراوه. بۆیه زمان به گشتی، ئامرازێكه بۆ گوزارشت وده‌ربڕین و گه‌یاندنی ئه‌و هزر و بیرانه‌ی له هزرماندایه. نكۆڵی له‌وه ناكرێت كه زمان، ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له ژیانی مرۆڤدا هه‌یه و تاكه خاسییه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی مرۆڤیشه له بوونه‌وه‌ره‌كانی تر، به‌ڵام ده‌بێ بزانین، زمان هه‌موو بوونێكی مرۆڤ نییه. چونكه ئه‌گه‌ر بوونی مرۆڤ ببه‌ستینه‌وه به بوونی زمان، ئه‌وكات ده‌بێ بپرسین ئه‌ی ئه‌وانه‌ی زمانییان نییه، چۆن گوزارشت له بوون وهزر و ڕوانینه‌كانییان ده‌كه‌ن؟ چۆن ده‌توانن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر و ئه‌وانیتر و ژیان به‌گشتی ببه‌ستن؟ من كه بۆ ماوه‌ی سی ساڵه، ڕۆژانه و به به‌رده‌وامی، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی بێ زمان( كه كه‌ڕوڵاڵه و خوشكمه) ده‌كه‌م، ئیدی زۆرباش له‌وه گه‌یشتووم كه مرۆڤ به بێ زمانیش ژیان ده‌كات و هه‌رگیز بوونی مرۆڤ، به بوونی زمانی نابه‌سترێته‌وه. بۆیه دواجار زمان، هه‌ر ته‌نها ئه‌و گه‌یه‌نه‌ره‌یه كه ده‌ربڕینه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. له‌وه زیاتر، له ئاستی كه‌سی و كۆمه‌ڵایتییدا، هیچ بایه‌خێكی دیكه‌ی نییه. هاوشێوه‌ی ئه‌و هێڵه‌ی ته‌زووی كاره‌با ده‌گوازێته‌وه. كه هێڵه‌كه بوونی نه‌بوو، مانای وانییه ته‌زووی كاره‌باكه بوونی نییه. بۆیه هزر، له پێشه‌وه‌ی زمانه. زمان نابێته پێناسه و شوناس بۆ مرۆڤ، به‌ڵكو چی له پشت ئه‌و زمانه‌وه‌یه، ئه‌وه دواجار ئاگایی و هوشیاریی و ژیری مرۆڤ ده‌رده‌خات. زمان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هزرانه‌یه كه مرۆڤ هه‌یه‌تی. وه‌ك چۆن سوقرات ده‌ڵێت:( قسه بكه تا بزانم كێی) قسه‌كردن لێره، به مانای ئه‌وه‌یه چی ده‌ڵێیت. چونكه ئه‌وه هزره له پشت قسه‌كردنه‌وه ده‌وه‌ستێت و ئاماژه به زمان ده‌دات چی بڵێت و چی ده‌رببڕێت. بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی هه‌موو لێكدانه‌وه‌یه‌كی ژیان و هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك به زمان، تێزێكی هه‌ڵه‌یه. ئه‌وه زمان نییه، مانا دروست ده‌كات و شوناس به شته‌كان ده‌دات، ئه‌وه هزر و بیری مرۆڤه، دیارده و توخمه‌كانی ژیان ده‌خاته چوارچێوه‌ی زمانێكی ئاماژه پێدراوه‌وه. ئێمه كه به‌ردێك، دارێك، ئاو، ئاگر و ده‌یان و هه‌زاران شتی تریش ده‌ناسینه‌وه و گوزارشتییان لێ ده‌كه‌ین، چونكه له بیرماندا ئه‌و توخمانه ناوێكییان هه‌یه و پێیانی ده‌ناسینه‌وه. مه‌گه‌ر مرۆڤێكی (كه‌م ژیر) ئه‌گه‌ر زمانیشی هه‌بێت، ده‌زانێت خێزان، ته‌كنه‌لۆژیا، فڕۆكه و سه‌دان شتی تر چین؟ بۆیه ده‌بێ بزانین زمان به‌رهه‌مێنه‌ری هیچ شتێك نییه ئه‌گه‌ر له پێشدا هزر به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌بێت. له‌و سۆنگه‌یه‌وه كاتێ وتاری (گه‌ڕانه‌وه بۆ نالی و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له گۆران) م خوێنده‌وه، كه(حوسێن له‌تیف) نووسیویه‌تی و له ژماره( 277_278) ی گۆڤاری سه‌نگینی (ڕامان) بڵاوبۆته‌وه، وه‌ك خوێنه‌رێك چه‌ند سه‌رنجێكی زمانه‌وانی و بابه‌تیم لادروست بوون، كه به بڕوای من، پێویستییان به هه‌ڵوه‌سته‌كردن و ڕاستكردنه‌وه هه‌یه. چ له چوارچێوه‌ی وتاره‌كه به گشتی، چ له چوارچێوه‌ی دیاریكردنی وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعری كوردیدا. چونكه حوسێن له‌تیف خۆشی، یه‌كێكه له‌وكه‌سانه‌ی ده‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعره‌كانیدا هه‌یه. كه واتا بۆچی بۆ ئه‌وه ڕه‌وا بێت، بۆ شاعیرانی تر نا؟ ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نووسه‌رێك ئه‌و كاته ده‌توانێت ڕه‌خنه له به‌عه‌ره‌بیكردنی زمانی كوردی له شیعردا بگرێت، كه خۆی زمانێكی كوردییانه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌ن له شیعره‌كانیدا به‌رجه‌سته بكات. ده‌نا ڕه‌خنه‌گرتنه‌كه هیچ بایه‌خێكی نییه. نووسه‌ر له سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا، له باره‌ی زمانه‌وه به گشتی ده‌دوێت و ده‌نووسێت:(كاتێك زمان وه‌ك سیسته‌مێك له نیشانه سه‌یر ده‌كه‌ین، ده‌شێت له نێو ئاخێوه‌رانی زماندا، جۆرێك له ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر نیشانه‌كردن بۆ شته‌كان له ئارا دابێت. هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین گوڵی سوور نیشانه‌یه بۆ خۆشه‌ویستی و گوڵی سپیش نیشانه‌یه بۆ سه‌ردانیكردنی نه‌خۆش، كاتێ پرسیاری هه‌ر جۆر گوڵێك بكه‌ین فرۆشیاره‌كه ده‌زانێت ئه‌م گوڵانه نیشانه‌ن بۆچی) وه‌ك له سه‌ره‌تادا ئاماژه‌مان پێدا، زمان پێدراوێك نییه و نیشانه‌یه‌ك نییه بۆ داله‌كان، ئه‌وا هۆش و بیری مرۆڤه نیشانه ده‌داته توخمه‌كان. گوڵی سوور كه نیشانه‌ی خۆشه‌ویستییه به نموونه، ئه‌وا له ڕێی زمانه‌وه ئه‌و مه‌دولوله ناناسینه‌وه، به‌ڵكو هزر و تێگه‌یشتنی ئێمه‌یه بۆ گوڵه‌كه، كه وه‌ك هێمایه‌ك بۆ عه‌شق و خۆشه‌ویستی ده‌یبینێت. كاتێ گوڵێكی سوور ده‌ده‌ینه ده‌ست منداڵێكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵی، ئاخۆ ئه‌و ده‌زانێت ئه‌م گوڵه نیشانه‌یه بۆ خۆشه‌ویستی؟ كه واتا نووسه‌ر چۆن ئه‌و گشتاندنه‌ی زمان ده‌كات كه كاتێ مرۆڤ گوڵی سوور ده‌بینێت، بیری بۆ خۆشه‌ویستی ده‌چێت؟ نه گوڵی سوور و نه گوڵی سپی، هیچ ده‌لاله‌تێكییان نییه ئه‌گه‌ر مرۆڤ خۆی له ڕێی هزرییه‌وه مانایه‌كییان نه‌خاته پاڵ، چونكه ئه‌گه‌ر گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه هه‌ر كه‌سێك ئه‌و گوڵه‌ی بینی بیری بۆ خۆشه‌ویستی ده‌چێت، كه واتا زمان ته‌نها نیشانه‌یه‌كه بۆ نیشانه كراوێك به ته‌نها. گریمان ئه‌گه‌ر كه‌سێكی كه‌م ژیر گوڵێكی سوور ببینێت، بیری یه‌كڕاست بۆ ئه‌وه ده‌چێت كه هێمای خۆشه‌ویستییه وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی؟ نووسه‌ر له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌نووسێت( كه‌سێك به بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌نگێكی لێ به‌رز بێته‌وه، ده‌توانێت ئێمه تێ بگه‌یه‌نێت كه ئازارێكی هه‌یه، ئه‌ویش كاتێ ده‌ستی له سه‌ر شوێنێكی له‌شی دا ئه‌نێت) با وای دابنێین، كه‌سێك به هه‌ڵه و بۆ مه‌به‌ستی چه‌واشه‌كردن و فریودانی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی، ده‌ست له سه‌ر شوێنێكی له‌شی دائه‌نێت و وا خۆی ده‌نوێنێت كه ئازارێكی توندی هه‌یه، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا وانییه، ئایا تێگه‌یشتنی ئێمه بۆ زمانی ئاماژه‌ی ئه‌و كه‌سه، لێره‌دا هه‌ڵه‌یه یان ڕاست؟ ئه‌وه‌ی ئه‌و گوزارشتی لێ ده‌كات له ڕێی ئاماژه‌كانی خۆیه‌وه دروست و ماناداره، یان شێواندن و فریودان؟ كێشه‌ی نووسه‌ر ئه‌وه‌یه كه به هه‌مان ئه‌و دیدگا گشتییه‌وه ده‌ڕوانێته زمان، كه نووسه‌رانی كورد وه‌ك پیرۆزییه‌ك ده‌یبینن كه ئه‌ویش كاتێ هایدگه‌ر ده‌ڵێت ( زمان ماڵی بوونه) واتا بوون ده‌به‌ستنه‌وه به زمان. له كاتێكدا زمان هیچ بایه‌خێكی نییه، ئه‌گه‌ر هزری مرۆڤ مانایه‌ك به نیشانه‌كانی ئه‌و زمانه نه‌دات. مرۆڤ ده‌توانێت نماییشی جۆرا و جۆر له ڕێگه‌ی زمانی ئاماژه و ته‌نانه‌ت زمانی ده‌ربڕین و گوتنیشه‌وه بكات، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به ڕه‌هه‌نده‌كانی زمان خۆیه‌وه هه‌بێت. ئه‌مه لێكدانه‌وه‌كانی مرۆڤه ڕه‌هه‌نده شاراوه‌كانی پشت ئه‌و زمانه لێكده‌داته‌وه و دواتر مانا به ناوه‌ڕۆك و گوتاری زمانه‌كه ده‌دات. هه‌ر له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، حوسێن له‌تیف ده‌نووسێت:( هێماكانی هاتووچۆ زمانێكی تایبه‌ت نییه به كولتوورێكی دیاریكراو به‌ڵكو ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكانی جیهان ڕێككه‌وتوون كه ئه‌مه زمانی نێوان شوفێر و پیاده‌ڕۆشه) هه‌ڵبه‌ته هێماكانی هاتووچۆ، ته‌نها ئاماژه‌ن بۆ شوفێر و زۆرینه‌ی هه‌ره زۆریان، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به پیاده ڕۆوه نییه. ئه‌مه له‌لایه‌ك له‌لایه‌كی دیكه‌وه، هێماكانی هاتووچۆ ئاماژه‌ی زمانه‌وانی نین، به‌ڵكو ئاماژه‌ی وێنه‌یین. واتا ئه‌و هێمایانه له ڕێی بینینه‌وه ده‌ناسینه‌وه نه‌ك زمان. لێره‌وه‌ش بایه‌خی ئه‌و هێمایانه بۆ كه‌سانێك كه نابینان هیچ نییه، ئه‌گه‌ر زمانی ئاماژه و ده‌ربڕینیشیان هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نووسیویه‌تی. كه واتا زمان به گشتی، پێدراوێكی سرووشتی و فیزییكانه‌ی مرۆڤه و له ده‌ره‌وه‌ی هۆش و بیركردنه‌وه، هیچ بایه‌خێكی نییه. هه‌موو مانا و ئاماژه‌كانی زمان، ئه‌و كاته ده‌لاله‌تێكییان ده‌بێت، كه هزری مرۆڤ ئاراسته‌یان بكات. ده‌نا بوونی زمان به ته‌نها ناتوانێت ئاماژه و شوناس به هیچ شتێك بدات. به‌شی دووه‌می وتاره‌كه‌ی نووسه‌ر، له باری دیاریكردنی وشه‌ی عه‌ره‌بییه له شیعری دوو شاعیری كورد دا. دیاره ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌ی عه‌ره‌بی و زمانه‌كانی تریش له بینای هونه‌ری ده‌قی شیعریدا، هه‌ر له سه‌رده‌می شیعری كلاسیكه‌وه تاكو ئێستا، له ئه‌زموونی شیعری شاعیرانی كورد به گشتی ده‌بینرێت. ئه‌م گرفته، به‌شێكه له گرفتێكی گه‌وره‌تر كه ئه‌ویش نه‌بوونی زمانی ستاندار و نه‌ته‌وه‌یی و هاوكات كوردییانه‌ی په‌تی و ڕه‌سه‌ن له شیعردا. هه‌ڵبه‌ته زمانی كوردی یه‌كێكه له‌و زمانه ورد و هه‌مه زاراوه و هه‌مه ماناكانی جیهان، كه ورده‌كاری زمانه‌وانی ئه‌و تۆی تێدایه، كه له زمانه‌كانی دیكه‌ی جیهان بوونییان نییه. بۆ نموونه:
(جه‌سته، ته‌رم، لاشه، ڕوفات) هه‌ر یه‌كه‌یان ئاماژه‌ن بۆ دۆخێكی جه‌سته‌یی دیاریكراو. ئه‌مه له زمانه‌كانی دیكه‌دا (عه‌ره‌بی و ئینگلیزی)بوونی نییه مه‌به‌ستمان لێره‌دا ئه‌وه‌یه، كه كورد گرفتی هاو واتا‌و زاراوه‌سازیی نییه. بۆیه ئه‌گه‌ر شاعیرانێك وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعره‌كانیاندا هه‌بێت، ئه‌وا په‌یوه‌ندی به دنیابینی و تێگه‌یشتنی خۆیانه‌وه هه‌یه، نه‌ك خودی زمان. كاتێ شاعیرێكیش ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرێت كه وشه‌ی عه‌ره‌بی له ئه‌زموونی شاعیرانی تردا هه‌یه، ده‌بێ خۆی زمانێكی ته‌واو كوردییانه و خاڵی له وشه‌ی عه‌ره‌بی هه‌بێت، ئه‌و كاته ڕه‌خنه‌كه‌ی شوێنی خۆی ده‌گرێت. حوسێن له‌تیف، خۆشی له شیعره‌كانیدا، نه‌ك ته‌نها وشه‌ی عه‌ره‌بی، به‌ڵكو ئایه‌تی قوڕئانی پیرۆزی داناوه، كه سه‌رتاپای عه‌ره‌بییه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه و هیچ په‌یوه‌ندی به زمانی كوردییه‌وه نییه. به‌و پێیه‌ی قوڕئان به زمانی عه‌ره‌بی دابه‌زیوه. بۆیه ئه‌ویش هاوشێوه‌ی (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی و جه‌مال غه‌مبار)، ده‌یان وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعره‌كانیدا هه‌یه. له كۆمه‌ڵه شیعری (جه‌نگ نیازی ئاوابوونی نییه)، پێنج ئایه‌تی قوڕئانی تێكهه‌ڵكێشی شیعره‌كانی كردووه. شاعیره كلاسیكه‌كانیش هه‌ر ئه‌مه‌یان كردووه. ئه‌گه‌ر پاساوی نووسه‌ر ئه‌وه بێت، كه زمانی قوڕئان عه‌ره‌بییه و بۆیه به عه‌ره‌بی ئایه‌ته‌كانی داناون، ئه‌وا پاساوێكی لاوازه، چونكه ئێستا ئایه‌ته‌كانی قوڕئان به كوردی كراون و ده‌یتوانی به كوردی دایانبنێت، ئه‌گه‌ر له خه‌می زمانی كوردی دایه و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه ڕه‌خنه له شاعیرانی تر ده‌گرێت. هه‌رله‌و كۆمه‌ڵه شیعره‌ی حوسێن له‌تیف، ئه‌م وشانه هه‌ن كه هیچیان كوردی نین و هه‌ندێكیشیان عه‌ره‌بین. ئه‌وانیش:
(موعجیزه، قیبله، مسته‌ر، گۆلف، قارداش، ستیان، مۆدێرنه، زه‌مهه‌ریر، ڕه‌مز، حیجاب، ئیمان، ئاغا، یابه، ته‌وق، میتامۆرۆفۆس) ئه‌م وشانه، هیچیان كوردی نینه و ته‌نانه‌ت هاو واتاشیان هه‌یه له زمانی كوردی. كه‌واتا بۆچی شاعیر ڕه‌خنه له (غه‌مبار و قه‌ره‌داغی) ده‌گرێت، كه وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعره‌كانیاندا هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌مان زمانی كوردی‌یان له شیعره‌كانیاندا به عه‌ره‌بی كردبێت، ئه‌وا حوسێن له‌تیف له یه‌ك كاتدا له شیعره‌كانی خۆی، زمانی كوردی به(عه‌ره‌بی، توركی، ئینگلیزی) كردووه. سه‌د هه‌نگاو زیاتر له‌و دوو شاعیره بۆ دواوه، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆنالی و گۆرانی جێهێشتووه. هاوكات له شیعره‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی شیعری (ده‌رگاكان به زه‌رده‌خه‌نه ده‌كرێنه‌وه) كه ئه‌ویش هه‌ر هی خۆیه‌تی، ئه‌م وشانه ده‌بینرێن (ئه‌جه‌ل ، فۆتۆ، شه‌حاته ، جه‌نه‌ڕاڵ ، سندووق ، موبته‌دا ، خه‌به‌ر ، تیلاوه ، ده‌فته‌ر) ئایا ئه‌مانه، له كوێدا وشه‌ی كوردین، تا شاعیر ڕه‌خنه له شاعیرانی تر بگرێت، كه وشه‌ی عه‌ره‌بی له شیعره‌كانییان هه‌یه؟ بۆیه پرسی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وشه‌ی بیانی له زمانی كوردیدا، پرسێكی ئاڵۆزه و ناكرێت ئه‌و بابه‌ته ببه‌ستینه‌وه به دوو شاعیری دیاریكراو. وه‌ك خوێنه‌رێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌روكارێكی زۆرم له‌گه‌ڵ دنیای كتێب و خوێندنه‌وه‌دا هه‌یه، ئیدی ده‌زانم كه‌م نووسه‌ری كورد هه‌یه، له ده‌قه‌كانیدا په‌نا نه‌باته به‌ر وشه‌ی بیانی بۆ نووسین. بۆیه ئه‌م دیارده‌یه ئه‌و كاته نامێنێت، كه زمانێكی ستانده‌ری یه‌كگرتوومان هه‌بێت، یان ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت به كوردیكردنی نووسین به گشتی بكه‌نه فه‌رمی.
*ئه‌م بابه‌ته له ژماره(288) گۆڤاری ڕامان، ڕێكه‌وتی 5/10/ 2021 بڵاوكراوه‌ته‌وه.