یەکتایی.. ستار ئەحمەد
یەکتایی لە بنەڕەتدا نەک هەر دروشمێکی باوەڕیی نییە، بەڵکو گەورەترین و قووڵترین کەرەستەی ناسینی خودە لە ناو گەردوونێکی بێکۆتاییدا. یەکتایی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێدەکات کە مرۆڤ دەگاتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو بوون یەک سەرچاوەی ڕووناکییە و ئەو ڕووناکییەش لە هەموو شوێنێکدا ئامادەیە، بەڵام تەنها لەو ناخەدا دەدرەوشێتەوە کە لە پەڵەی خۆپەرستیی ڕەها پاک بووبێتەوە. گەورەترین کۆسپ لە بەردەم گەیشتن بەم یەکتاییە، ئەو دیوارە ئەستوورەیە کە مرۆڤ لە دەوری خۆی دروستی دەکات؛ دیوارێک کە ناوی ڕەتکردنەوەی ڕاستی و سوور بوونە لەسەر هەڵە. کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئاستێک کە تەنها خۆی دەبینێت و بە هیچ ڕاستییەک لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی خۆی قایل نابێت، لە ڕاستیدا لەو یەکتاییە گەردوونییە دادەبڕێت و دەبێتە تەنێکی دابڕاو و تاریک لە ناو ڕووناکیدا. ئەم حاڵەتە، کە دەکرێت ناوی بنێین تەلبەندی وشیاری، وای لە مرۆڤ کردووە ،کە لە مێژوودا هەمیشە دژی جوانی و ڕاستی بوەستێتەوە، نەک لەبەر ئەوەی تێناگات، بەڵکو لەبەر ئەوەی قبوڵکردنی ڕاستی پێویستی بە جۆرێک لە میهرەبانی و دەستبەرداربوون لە خودی درۆینە هەیە.
لە پێکهاتەی ئەم فەلسەفەیەدا، مرۆڤبوون بەستراوەتەوە بە توانای پاشەکشە لە هەڵە. ژیان تاقیکردنەوەیەکی بەردەوامە بۆ دەرخستنی بونیادی ناخ؛ تەنێک کە یان دەدرەوشێتەوە یان ژەنگ هەڵدەهێنێت. پێویستە بزانین کە هەڵە پێویستییەکی مرۆییە بۆ گەیشتن بە مەزنی خودا؛ چونکە مرۆڤ هەتا چێژی تاڵیی هەڵە نەکات، نرخی شیرینیی ڕاستی نازانێت. ئەو کەسەی کە بانگەشەی بێهەڵەیی دەکات و وا دەزانێت گەیشتووەتە لوتکەی زانین، لە ڕاستیدا لە هەموو کەس زیاتر نوقمی نەزانی بووە، چونکە بێهەڵەیی تەنها خەسڵەتی ئەو سەرچاوە ڕەهایەیە کە گەردوون بەڕێوە دەبات. مرۆڤی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە ناو جەرگەی هەڵەکردنەوە، ڕێگەی ڕاستی دەدۆزێتەوە. لێرەدا پەشیمانی نیشانەی ئەقڵ و زانینە؛ چونکە پاشگەزبوونەوە ئەو دەرووە ورشەدارەیە کە مرۆڤ لە تاریکییەوە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو میهرەبانی. بە پێچەوانەوە، کەللەڕەقی نیشانەی نەزانی و چەقینە لە ناو تاریکیدا؛ کاتێک مرۆڤ دەگاتە ئەو ئاستەی کە نایەوێت دان بە کەمیی خۆیدا بنێت و هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە، لە ڕاستیدا لە ناو گەورەترین بێباوەڕیدا دەژی، کە متمانە نەبوونی ویژدانییە بەرامبەر بە ڕاستی.
ئەم جۆرە لە خۆپەرستی و کەللەڕەقییە، ژەهرێکە کە نەک هەر گیانی تاک، بەڵکو مێژووی میللەتانیشی لەناو بردووە. یەکتایی ڕاستەقینە واتە گەیشتن بەو ئاستەی کە مرۆڤ تێیدا هەست بە میهرەبانییەکی ڕەها دەکات بەرامبەر بە هەموو بوون. ئەم بەسۆزییە وا لە مرۆڤ دەکات کە تەنانەت لە ناو ئازاردا، نوور ببینێت. هەر بۆیە دەبینین ئەو کەسانەی کە خاوەن ناخی پاکن، هەمیشە ئامادەن ئازار بچێژن بەڵام ڕاستی نەشارنەوە. ئازار مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ تاقیکردنەوەی چاوگی ناواخن؛ ئایا ژان دەمانگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی ژەنگن و داخراو، یان دەمانکاتە سەرچاوەیەکی فراوانتر بۆ خۆشەویستی و قبوڵکردنی گەردوون…؟ یەکتایی گەڕانەوەیە بۆ لای ئەو ناوەندە بێدەنگەی ناو ڕۆحمان کە تێیدا هەموو جیاوازییەکان دەتوێنەوە و تەنها ڕاستی دەمێنێتەوە. هەر مرۆڤێک کە بتوانێت خۆویستیی و بەرژەوەندی تووڕ هەڵدا و بە دیدەیەکی پاکیژ سەیری چوارچێوەی بکات، ئەو کەسە گەیشتووەتە واتای ڕاستەقینەی یەکتایی. ڕەگەنیزی و بێبڕوایی ڕاستەقینە لەوەدایە: کە مرۆڤ ڕاستی دەبینێت و بەمەست دەیشارێتەوە، کاتێک ئازاری ئەویتر دەبینێت و پێی خۆشە، کاتێک هەڵە دەکات و لە جیاتی پەشیمانی، سوور دەبێت لەسەر کردارەکانی.
بەکورتی، یەکتایی تەنها یەک واتا دەبەخشێت: ئازادیی گیان لە کۆت و پەیوەستی خۆپەرستی، و کرانەوەی دڵ بە ڕووی ئەو ڕاستییە ڕەهایەی کە لە هەموو گەردیلەیەکی خاک ،هەناسەیەکی مرۆڤدا ئامادەیە. ئەوەی فێری بێگەردی ئەم تاقیگەیە بێت، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە هەموو مێژوو و ئەزموونی مرۆڤایەتی پێکهێناوە.
ستار ئەحمەد
