ئاوێنەكانی تووتیا.. ئەدیب نادر
كاتی خۆی فریشتە لێوانلێو بوو لە زیندەخەو، قوڕقوشمی دەتواندەوە و ڕۆی دەكردە نێوجامە قوپاوە ئەفسانەییەكەی سەر سەرمان، ترسێكی كۆن بەرۆكی زەردی دەگرتین، بەچاوە وردیلەكانمان ئەو پێكهاتووە ڕمووزنەی نێوجامە لینجاوییەكانمان بەدی دەكرد، لە هاتوو دەپرینگاینەوە و مەودا نەهاتەكانیش بانگی دەکردین..لە جامە فافۆنەكەدا کەڵکەڵەیەك شەقڵی دەگرت: چۆن چۆنی لە ئاوێنەكانی تووتیا بەلەسە بین؟ خەونەكانمان، جەنگەڵی ناو ئاگر نەبوون!! لەو پێكهاتە ناشرینە هەڵاتین و بۆ سێبەرێكی میهرەبان دنیا تازەكانمان تەی كرد
ئەو ڕێگایەی گرتمانەبەر،..
لە منداڵدانەوە سەری هەڵدەدا و تاهەتا خۆی كێشمان دەدا
ئەو ڕێگایە
حەكایەتی ناو ئاوێنەكانی تووتیایە
لەبەر ئاستانەی پەنجەرە تۆزاوییەكەمەوە دەست پێدەكات، كە فەریكە نیهالێك لەودیوییەوە ڕوو لە ئاسمانی بە دووكەڵ دەمامكدراو لە شەققەی چەكەرە دەدا و ئەستێرە گەردینەكان بەسەر چڵەكانیا شۆڕ دەبنەوە
لەم چوارچێوەیەوە، گەردەلوولێكی تاریك كۆلكەزێڕینە لەباردەبا و ئیتر ڕەنگەكان بەسەر خەونە ئەفسووناوییەكانما شۆڕنابنەوە و دەرگایەكی ئەبەنۆسیی بەڕووی كۆچدا دەكرێتەوە
دەمەوێ: شیعر
باسی چاوەكانم بكات
ئەو دوو كانییەی كەس نازانێ بۆ لەوێ تەقیوونەتەوە
دەمەوێ ببێتە وڕێنەی زوبانە هێشتا نەگلاوەكەم و
وەك ئەفسانەیەكی بەردەوام لە ئەفسوونی ئەم دنیایەی بگەوزێنێ و
پێم بڵێت: گەر كاتێك بۆ ڕۆیشتن هەبێت، بۆ گەڕانەوە بۆ نییە؟
وەك داوەڵی ناو مەزرای یاد، دەمەوێ سێبەری باڵندە هەڵفڕیووەكانی ئومێد بەسەرمدا هەڵوەرێت، بەڵام لەودیو ئەندێشە زەردەپەڕییەكان هەژان منداڵێكی هاروهاجە دەمداتە دەست تووتڕكی بێئارامییەكی سپیی و
بە درەختی ژاكاوی ڕۆژگارەكاندا هەڵدەزنێم
دێتەوە یادم زاهیدەكەی ماڵمان سەردەمانێك دەیگوت: ئێمە شەمەندەفەری هەڵمیین، ژیانمان هێڵی تەریبی ڕەقووشك هەڵگەڕاوە، دواهاتن ڕەتدەكاتەوە، سەرمان بە وێڵگە دەسپێرین و بە وەرزە مەحاڵەكاندا هەڵدەگژێین
دێتەوە یادم
دەستەمۆی دەستی نادیارییم، چاوەكانم ئاوێنەیەكی سەیر دەسازێنن، ڕووچاڵە وەك جامە فافۆنەكەی دایكم، شەهوەتی مانگی ڕمووزنی ئێوارەكان لەناویدا مەلە دەكات، لە هەموو لایەكی قەڵەمڕەوی تاریكییەكاندا ترس خۆی مەڵاس داوە، ئەفسانەكانی ئێستا خەونەكانم لە جووڵە دەخەن، خەونەكانم ژاوەن لە ئایەتەكانی جێگیربوون لە ژێر سێبەری درەختەكانی ئومێد
ئەمشەو كات بۆ ڕۆیشتن هەیە و لە ئاووڕدانەوەدا نیگاكان دووكەڵ دەبێتە ئاسۆیان
..لە ئاوێنەكانی تووتیادا
وەرزەكان كاژی هاوڕەنگیی تووڕ هەڵنادەن، بەڵام یادوەرییە پڕ هەناسەكانی منداڵیی ڕیشەی خۆیان لە گەنجینەی ساڵگارە بەژەكاندا قایم دەكەن، لەودیو خولگەی ئەم ئەڵها چەمووش و كەللـە پڕپڕ لە كوڕژنە، دنیایەكی دیكە لە زاڤدانی چاوەڕوانییدا دێتەدی، دیدە ئەبەنۆسییەكانم هەڵدەگڵۆفم
بێشەڵانی چڕی سەرماوسۆڵەكانی ڕێ ڕاودەنێم
تا چۆلەكەكانی جۆقە جۆق لەسەر دانە زەردەكانم هەڵنەكورمێن
ئەم ڕێچكەیە بە كام ناگات، دڵ لەبەر پەنجەرەی خەونە جەنجاڵەكاندا دەمەیێت و گۆرانییەكانی دوێنێم متووربەی ئێواران دەبن، زەبوورە قەنەووڵییەكانی هەرزەكارییش لێوەكانم بەجێدێڵن
لەم ئاوێنەیەدا
ئەم كڕێوە بەرزەفڕە لە كۆلارەی خەونێكی ئارام دەئاڵێ
شەوارەیەكی دەستەمۆ دەدا لە ئێخەی مەحاڵیی گەڕانەوە
كێڵگەكان لەسەر تەنافی گەواڵەكاندا چاوەڕوانیی هەڵدەخەن
ڕۆژە ڕمۆكەكانیش دەستەویەخەی حەكایەتەكانم دەبن
لەوەرزێكدا، كە بە وەرزەكانی تر ناچێت، ئەشك، كوڕژن بە بەرۆكی مەودا نادیارەكاندا هەڵدەواسێت، لە بیرچوونەوە تۆوی خۆی لە كێڵگەکانی ئەندێشە ناوەشێنێ، دڵ كاتژمێرێكی بەدمەستە، سترانی ئەو كۆڵانانە تێهەڵکێشی ترپە دەکات كە وەك پاساری لەسەر ڕۆحە سەوزەكەمدا هەڵكورماون
بەر لە ڕەوینەوەی سپێدە قومری شینكەڵەی ئایدیام لەودیو خەیاڵە پڕ سنوورەكانی سەرم بەرەڵا دەكرد، كۆسپەی یاد بۆنی بارووت و كانزاكانی فەرامۆش نەدەكرد، بیر قەیاغی نێو مشتی كۆمەڵە شەپۆلێکی تێكقژاو بوو، كە هەنیسك سەوڵەكانی بوو، دەنگە كزەكەمی دەتاساند و نەیدەهێشت
مەزموورەكانی بێواریی
بۆ هەتەری چاوە لە تۆزو گەردا نوقمبووەكان بخوێنمەوە و
خەونەكانم
مەحاڵ خڵووپانی سەرابی دەكردن
تخووبەكانیش تێكەڵ بە تاریكیی دەبوون
..تاراوگە بۆنی گڵكۆی تازەی لێدێ
كۆسپە دوورەكەمان بێتانوپۆ منداڵیی پەلكێش دەكاتەوە ناو یاد و
وێنەی هەسارەیەكی گەڕیدە بەرەو پێواریی دەكشێم
ئەم شیعرە سێبەری پایز هەڵدەگرێ، شەقامێكە، ڕێبوارە هەمیشەییەكانی وەك گەڵا هەڵدەوەرن..ئاسۆ نابێتە شانۆ بۆ ئەو كۆترە بێشومارانەی لە قەفەزەكانیدا بوونەتە لێبووك و ئەو زەمەنە سیمبوڵییەی ناویشی كە جاران فەنەرئاسا پێی دەكردین
ئێستا ئیدی فووی یەكجارییمان پیا دەكات!
دڵۆپەكانی بارانێكی ناوەخت بە بیرمدا بازرەقە دەکەنە خوارێ
پەنجەرەكەم وەكو چاویلكەی هەڵماویی مژاوییە و
دەرگاکەشم بیمی ناو جامە فافۆنەكە كڵۆمی دەدات، منداڵییم، بەرسیلەی چاوە قەتیسەكانی خۆی دەگوشێ و بازرەقە سەرشێتەكان كەزیی دەكات، یارییەكی كۆن، ئەم ڕۆحە مەینەت داتاشیووەم دەڕووشێنێ، بۆنی ژەنگی خەزانەكان سییەكانم شەتەكدەدا و وەكو تاپۆیەك ڕادەكەم چنگێ كازیوە بەسەر خۆم هەڵوەرێنم! كێ دەڵێ: چركەكان لە دەستمان هەڵنایەن؟ بازرەقەی هەنگاوەكان ناكەونە نێو سەعاتە لمینەكەی دەستی عەدەم؟ كێ دەڵێ: ئەم ڕووبارە جاڕسەی ژیان بەرهەڵدای ئاسمانی وشکی ئێستا دەكەین تا لەگەڵ باڵندەكانی دنیادا ئەستێرەكانی خوا بێنن بیخەنە تابلۆی شەوەوە
بەیانییەكان لە ڕۆژنەی برینەكانی ئەم بلوێرە زراڤەی حەكایەتەوە هەناسە دەدەن
شەوانیش لەش وەك ئەستێرە خەوزڕ دەبێ و وەك ڕوخساری مانگی تەماویی دەژاكێت
بێهوودەیی ژەنگ بە دڵی چرا نیگەرانەكان دەبەخشێت
باڵەكانی سیمرغی دووكەڵیش بۆ دنیایەكی تر دەمبەن
لەچركە هەڵاتووەكانەوە بازرەقە دەبەستمە خوارێ
هەنگاو بەسەر تولەماری ڕێگاکاندا دادەچۆڕێت
سەرەنجام ئەوەی لەم دوڕیانە گومڕاو وەڕسكەرانە دەمێنێتەوە، سكڵە كوژاوەكانی چاو و هەندێ لاوكی وردوخاشە، لەم وەرزە تووتیاییەش، ئەم گلانە بە میرات بەجێماوەیە، كە ڕوواڵەتی بوونمان بەرجەستەی دەكات
چاوەڕێی هاتنێكم، پێكهاتووی ڕمووزنی نێو جامە فافۆنەكە ناهێڵێت بێتەدی
ئیتر چۆن لە ئاوێنەكانی تووتیا دەرباز دەبم؟ چۆن دەگەڕێمەوە ماڵ و پەنجەرەكانم ئاوەڵا دەكەمەوە؟
چاوەڕێی هاتنێكم
چۆن یادی پێیەكان لە بیرەوەریی جوگرافیا بەتاڵ بكەمەوە؟
چۆن دەمارەكانم ژەهری ڕاكردنەكان لە بیری خۆیان بەرنەوە؟
چۆن چركە چركی ئەو كاتژمێرە گەورانە لە گوێچكەكانم وەدەرنێم كە لە بۆشاییەكاندا زایەڵە دەدەنەوە؟ كۆمەڵێك چۆنی بێئەنجامی دیکە و ..ئیتر لە پێچ و سیلەی مەوداكان دەقیژێنم:
ئەی غەوارە
ئەی لە خەونی گەڕانەوەدا هەڵكردوو، گەر سەرلەنوێ سمەكانت ئەو وارە قوڕولیتاوییە تەی كەنەوە، دڵی پڕپڕ خۆشەویستییت دەبێتەوە دەمامكی ئەرخەوانە پەژمووردەكان؟ دەستە ڕیوەڵەكانت دیسان بۆن و بەرامەی شیعری تازەیان لێ هەڵدەچێت؟ قافڵەی فرمێسك پۆرترێتەكەت جێدێڵێ؟ لەسەر كێلە شكاوەكان خەونەكان دەنووسیتەوە؟ لەژێر سێبەری دیوارە ڕووخاوەكان بە با دەڵێیت ئایەتی كۆنی سەر لاپەڕەكان ڕاماڵێ تاكو وێنەی دنیایەكی تری تێدا بڕسكێنیت؟
دەقیژێنم..قیژەكانم وەكو باڵندەی كۆچەریی ئاسۆكان بەجێدەهێڵن، ئیتر منیش
وەكو هەسارەیەكی شێت بەرەو مەجهوولەكان دەكشێم
كۆتایی – 1992:لەندەن