Skip to Content

کام نووسین و کام وردەکاریی؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

کام نووسین و کام وردەکاریی؟!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 14, 2022 General, Opinion

بە هۆی دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و هەبوونی دەیەها مینبەری گوتن و نووسین، جۆرە فەزایەکی کراوە لە بەردەم هەموواندا هاتۆتە ئاراوە، کە بنووسن و سەرنج و ئایدیاکانیان تێدا بخەنە ڕوو. ئەم فەزا کراوەیە، جۆرە گوتارێکی بەرهەم هێناوە، کە بنەماکانی لە چی گوتن دایە، نەک چۆن گوتن، بەو مانایەی هەموومان دەنووسین و شتێک دەڵێین، بە بێ ئەوەی پێویست و گرنگ بێت، لە ڕووی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، یاخود ئیزافەیەک بخاتە سەر گوتاری ڕۆشنبیری کوردییەوە. ئەم بێ بایەخکردنەی نووسین، وەک کایەیەکی گرنگی مەعریفی، هیچ جۆرە شکۆیەک و بەهایەکی بۆ دنیای نووسین نەهێشتۆتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە ڕۆژانە ئێمە، بەر سەدەها بە ناو نووسین و وتار دەکەوین، کە بێ قوڵایی و بێ ناوەڕۆک و هەڵگری هیچ ڕەهەندێکی ڕۆشنبیری نین. بە جۆرێک مرۆڤ زۆرجار قێز لە دنیای نووسین دەکاتەوە. لە کاتێکدا نووسین، یەکێکە لە کردە هەرە قوڕس و ئالۆز و هزریەکان. بۆیە هیچ کاتێک نابێ ئەو فەزا کراوەیە، لە پەراوێزی بە ناو هەبوونی ئازادی دەربڕینەوە دڵخۆشمان بکات بەوەی کە هەموو شتێک دەنووسرێت، بەڵکو لەوە گرنگتر هەڵوەستەکردنە لە ئاست ئەوەی دەنووسرێت، چونکە هەموو نووسینێک کە بڵاو دەبێتەوە، دەرەنجام خوێنەر لە خوێنەوە و هەڵسەنگاندنیدا دەبێتە پێوەر و ئەوە دواجار بەهایەک بەو نووسینە دەدات، بەوەی کە چەند پێویستە و ماهیەتی لە چۆن گوتن دایە یان چی گوتن. ئەگەر گوزەرێکی خێرا، بە ناو ئەو دنیا ئاڵۆز و شێواوەی نووسینی کوردی بکەین، ڕۆژانە بەر دەیەها نووسینی کرچ و کاڵ و بێ ناوەڕۆک و لەشکرێک قەڵەم بەدەست دەکەوین، کە هەر تەنها مەبەستیانە شتێک بنووسن، نەک ئەوەی چی دەنووسن. بۆ نموونە: هەیانە، چەند دەردەڵێک بە ناو شیعر بڵاو دەکاتەوە، کەچی لە شکرێک قەڵەم بەدەست، دەکەونە شانامە و ستایشی شیعرەکانی دەکەن، لە کاتێکدا نە زمان، نە وێنەی شیعری، نە شیعریەت و جوانی لە شیعرەکانی ئەو بە ناو شاعیرە نییە، جگە لە قسە ڕێزکردنێک. بڕوام وایە، ئەو خۆشی ڕەنگە پێ شاعیر نەبێت، وەلێ کاتێ دەبینێت، پەسن و ستایش دەکرێت و بەوە ناوی دەبەن، کە شیعرەکانی داهێنەرانەن و جێگای هەموو شتێکیان تێدا دەبێتەوە، ئیدی خۆی لێ دەگۆڕێت و بەردەوام دەبێت لە سەر ئەو دەردە دڵانە، هەیانە ڕابردووی خۆی کە سەردەمانێک بۆ نموونە فەقێ بووە، دەکاتە کەرستەی گاڵتەجاریانەی نووسین، بە بێ ئەوەی بۆ ئەوانیتر هیچ مانایەکی هەبێ، ئەمانە و دەیان و سەدان نموونەی تر، کە ئێمە ڕۆژانە بەریان دەکەوین. ئەم دۆخە لە غیابی ڕەخنەی جدی و شرۆڤەییەوە بەردەوام بوونی هەیە، بە تایبەتیش کە نووسەر و خوێنەری بیرکەرەوەو بە سەلیقە زۆر کەم بۆتەوە، کە حەوسەڵەی ئەوەی هەبێت ئیستێک لە ئاست ئەو هەموو بە ناو نووسینانە بکات. بێگومان هەر وشەیەک کە دەینووسین بەرپرسیاریەتیەکی گەورەی فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییە، نووسین دەبێ پەیام و مەبەستێکی هەبێت و شوێنێک لە هزر و دیدی خوێنەران بگرێت، نەک تەنها ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان بێت. نووسەر کاتێ باس و بابەتێک لە نووسینەکەی دەخاتە ڕوو، دەیوروژێنێت، دەبێ لە چاوەڕوانی ئەوەش دابێت، خوێنەرانێک هەبن، لە پەراوێزی خوێنەوەی ئەو نووسینەی ئەو پرسیاریان لادروست بێت و گومان بکەن لەوەی نووسەر دەیەوێت چی بڵێت؟ لەو سۆنگەیەوە، وەک خوێنەرێک دەمانەوێت هەڵوەستە لە ئاست وتارێکی ( زانا ڕەزاق) بە ناوی ( نووسین و وردەکاری) بکەین، بە مەبەستی گفتوگۆ و پرسیار لە چیەتی نووسین. ئەم بەڕێزە، ماوەیەکە لە ڕێی هەندێک کورتە وتاری دووسێ دێڕی، هەر جارە و دەیەوێت وەک مەلای دوانزە عیلم لە بارەی شتێکەوە بنووسێت و وەعز بە هەموومان بدات و گوایە، مەعریفە و زانینمان فێردەکات. کێشەکە لەوە دانییە چی دەنووسێت، بەڵکو گرفتی گەورە لەوە دایە، ئەو بابەتانەی هەڵیان دەبژێرێت، نەک بە نووسینێکی سادە و بێ ناوەڕۆکی چەند ڕستەیی ئەو مافی تەواویان بۆ قسە لەسەر کردن پێ نادرێت، بەڵکو هەیانە پێویستیان بەوەیە، دەیان کتێبیان لە بارەوە بنووسرێت. ئیدی نازانم، ئەم چۆن بوێری ئەوەی هەیە، بەو کورتە بە ناو نووسینانە، قسە لە سەر ئەرز و ئاسمان بکات؟ ئەم بەڕێزە، لە نووسینێکی کورتی دیکەیدا، بە ناوی (نووسین و وردەکاری) کە لە ماڵپەڕی پڕ خوێنەری دەنگەکان بڵاو بۆتەوە، چەندین بۆچوونی سادە و هاودژ دەردەبڕێت وگوایا ڕێنوینی هەمووان دەکات چۆن بنووسن. سەیر و شۆخی لەوە دایە، باس لەوە دەکات، کە ئەوەی ئەم دەیڵێت، تاکو ئێستا کەس نەینوسیوە و بگرە فەیلەسوفە کۆنەکانیش باسیان نەکردووە، لێرەوە کارەساتەکانی دنیای بێ ڕەخنەیی دەردەکەوێت، کاتێ نووسەرێکی گەنج لە کورتە وتارێکدا باس لەوە دەکات کە قسەی جیاوازتر لە فەیلەسوفانی دنیا دەکات و ئەوان مەعریفەی هەموو شتێکیان نەبووە. نووسەر لە دەسپێکی ئەو کورتە وتارەیدا دەنووسێت:(سەرەتا نووسەر دەبێ بە شێوەیەک بیرۆکەکانی بنووسێت پر بێت لە ووردەکاری یانی بە پرۆسەیەکی زانستی ورد بڕوات نەک بە نووسینێک یان نووسینانێک کە خەیاڵێکی کامل بنووسێت یانی خەیاڵە کامڵەکان وورد وورد بێ هەروەها ئەو ووردە ووردەش ڕوون بێت) هەڵبەتە سەرەتای نووسینە کورتەکەی ئەوم وەکو خۆی نووسیوەتەوە، کە ڕەچاوی هێچ ڕێسایەکی خاڵبەندی نەکردووە، کە بۆ هەر نووسەرێک کە بیەوێت بنووسێت، ئەلف و بێی سەرەتای نووسینە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، گەر بە وردی لە سەر ئەو پەڕەگرافە بووەستین، جگە لە قسە ڕێزکردنێک هیچ مانای تر ناگەیەنێت، چونکە بنووسی ئەو دێڕانە، باس لە شتێک دەکات، گومان دەکەم خۆشی درکی پێ بکات. سەرەتا با ئەو پرسیارە بکەین، بیرۆکەی پڕ وردەکاری چییە؟ مەگەر لە دنیای نووسیندا، شتێک هەیە بە ناوی بیرۆکەی پڕ وردەکاری و هەمە لایەنە؟ بێگومان بیرۆکە نانووسرێت وەک ئەوەی ئەو تێی گەیشتووە، بەڵکو گەڵاڵە دەکرێت. بیرۆکەی هەر کارێک، سەرەتا لە داڕشتنی ئایدیایێکی سنووردار و بێ وردەکاری دەست پێ دەکات، پاشان لە میانەی کارکردن لەسەر بیرۆکەکە، ئەو وردەکاریە دەست پێ دەکات. ئەمەی ئەو نووسیویەتی، ڕەنگە ناشارەزایی بێت، لە دنیای نووسین، چونە بیرۆکەی کارێکی زانستی، لە کارێکی ئەدەبی و هونەری جیا ناکاتەوە، دەشێ لە کارێکی ئەندازەیی، زانستی، پزیشکی، بیرۆکەی پڕ وردەکاری هەبێت، بەو مانایەی ڕەچاوی هەموو لایەنەکان بکرێت، بەڵام لە دنیای نووسیندا، هیچ کارێکی ئەدەبی و بگرە هونەریش نییە، بیرۆکەی هەمە لایەنەی هەبێت. نووسینی پەیوەندی بە هێزێکی شاراوەی نێو ناخ و هزری مرۆڤە هەیە و زۆرجار پلانی نووسینی هیچ شتێکمان نەبووە، کەچی بە هۆی ڕووداوێک، کارەسات و دیمەنێک، لە پڕ بیرۆکەی نووسینێکمان لا گەڵاڵە بووە. نووسین، بە تایبەتیش لە دنیای ئەدەبیاتدا، کارێک نییە لە سەرەتاوە بە هەموو شتێکەوە دەست پێ بکات و کۆتایی بێت، بەڵکو سات وایە، لە بیرۆکەیەکەوە، یان ڕووداو و دیمەنێکەوە، یان خەیاڵکردنێک دروست دەبێت. هیچ شیعر و چیڕۆک و ڕۆمانێک نییە، هەر لە سەرەتاوە ناوەڕۆکەکەی بە هەموو لایەنەکانەوە داڕێژرابێت، بە دەیان و سەدان نووسەر هەن، لە میانەی ئەزموونی خۆیان لەگەڵ دنیای نووسیندا، باسیان لەوە کردووە، کە کارەکەیان سەرەتا لە بیرۆکەیەکەوە دەستی پێ کردووە، پاشان درێژ بۆتەوە، یاخود لە دەرەوەی ویستی ئەوان، ڕووداوەکان بەو شێوەیە هاتوون. لە ڕۆمان و چیڕۆکدا، گرێچن هەیە، کە لە خاڵێکەوە دەست پێ دەکات و دواتر وردەکاریەکانی کات و شوێن و ڕووداو، کارەکتەر بینا دەکرێن. نووسین پیشەی زانستی نییە، تا نووسەر بە ئارەزووی خۆی دابنیشێت و نەخشەو کڵێشەی پڕ وردەکاری نووسینەکەی دابنێت، وەک ئەوەی ئەندازیارێک نەخشەی خانووێک بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دادەڕێژێت. گۆران ئەگەر سەردانی هەورامانی نەکردبووایە، شیعرێک نەدەبوو بە ناوی گەشتێک بۆ هەورامان، بەو مانایەی ئەو ئەستەم بوو بتوانێت بیرۆکەی پڕ وردەکاری ئەو شیعرە دابڕێژێت. ڕەنگە کەس ئەوەندەی شاعیران، سەروکاریان لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین نەبێت. شاعیران، زۆرجار بە بێ ئەوەی توانا و دەسەڵاتییان بە سەر نووسین هەبێت، ئەوا هێزێکی شاراوە و بزر ئاراستەیان دەکات. هەیانە، بە ساڵ شیعرێک نانووسێت، هەیانە شیعرێک دەنووسێت و تەواوی ناکات و دوای چڵ ساڵ تەواوی دەکات، هەیانە، بیرۆکەی شیعرێکی کورتی هەبووە، کەچی بۆتە قەسیدەیەکی درێژ. هەموو ئەو ئەزموونانە، ئەزموونێک نین لە پێشدا ئامادەسازیی وردیان بۆ کرابێت وەک ئەوەی زانا ڕەزاق تێی گەیشتووە، بەڵکو مامەڵەکردنە لەگەڵ دنیای شاراوەی نووسین. ئەگەر بڕیار بێت، بیرۆکەی ورد و پڕ پلان بۆ دنیای نووسین هەبێت، ئەوا نووسەران و ئەدیبان بە تایبەتی، چیان مەبەست بێت، لە پەراوێزی داڕشتنی بیرۆکەکانیانەوە ئەوە دەنووسن، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەیە. من ساتی وا هەبووە، کاتژمێر دووی شەو، بێدار بوومەتەوە، چونکە لە پڕ بیرۆکەی وتارێکم بە خەیاڵ داهاتووە، یەکێکیش لە سرووشتەکانی ژیانم ئەوەیە، کە مەحاڵە بنووم، قەڵەم و تێنووسم لە ژێر سەرین نەبێت. هیچ بیرۆکەی ئەوەشم نەبووە، بنووسم، چ جای ئەوەی ڕەچاوی وردەکاری بکەم، وەک ئەوەی ئەم بەڕێزە دەیڵێت.ئەم کڵێشازییە بۆ نووسینی وشک و بریشکی ئەکادیمی ڕەنگە، دروست بێت،بەڵام نووسین مامەڵە کردنە لەگەڵ دۆخێکی زۆر تایبەت، کە زۆرجار لە دەرەوەی ویست و دەسەڵاتی نووسەرە. هەر لە درێژەی ئەو نووسینە کورتەیدا، نموونەی سەیرو سەمەرە دەهێنێتەوە و دەنووسێت :( کاتێ ئێمە خەڵکی فێری بەڵێ و نەخێر دەکەین، دەبێ فێری ئەوەشیان بکەین بۆ چ شتێک بەڵێ بڵێن و بۆ چ شتێکیش نەخێر بڵێن و ئەمەش بە ووردەکارییەوە یەک شتیش ئەوەیە واقیع گۆڕینیش پرۆسەیەکە، ووردە ووردەیە) هەروەها دەنووسێت:( ئەوەی من دەیڵێم کەس نەیگوتووە نە لە پێشوو، نە لە ئێستاشدا تەنانەت فەیلە سوفەکانیش ئەمەیان نەگووتووە) بێگومان ڕاست دەکات، چونکە تا ئێستا کەس بوێری ئەوەی نەبووە، قسەی لەو شێوەیە بکات. ئاخۆ کەس تا ئێستا، قسەی سەیرو سەمەرەی لەو جۆرەی کردووە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، مەگەر ئەرکی ئێمە ئەوەیە خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەین، یان خۆیان هوشیاری هزری ئەوەیان هەبێت، فێری بەڵێ و نەخێر بن؟ ئایا مرۆڤ توتییە، تا ئەوەی کەسێک چی وت هەمووان دووبارەی بکەنەوە؟ بەڵێ و نەخێر لە هیچ شتێکی ژیاندا، ڕەها نییە بەڵکو ڕێژەییە، ئەوە مرۆڤە دەبێ خۆی فێری ئەوە بێت، چۆن بڕیار دەدات و لە چ کاتێک بەڵێ و لە چ کاتێکی دیکە نەخێر دەڵێت. مەرج نییە ئەوەی لای تۆ بەڵێ بێت، لای بەرانبەرەکەشت هەمان شت بێت. دەبێ مرۆڤەکان خۆیان هوشیاری ئەوەیان هەبێت و درک بکەن، کە گوتیان نەخێر بۆچی دەبێ بڵًێن نەخێر و کە وتیشیان بەڵێ، بۆچی دەیانەوێت بڵێن بەڵێ. ئەوانەی دەیانەوێت خەڵک فێری بەڵێ و نەخێر بکەن نەک خۆیان فێری بن، ئەوانەن کە دەیانەوێت میللەتێکی مێگەل و دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ستەمکار هەبێت. ئەم جۆرە لە کردەی بەڵێ و نەخێر بێگومان، ئەو دۆخە دێنێتە ئاراوە. کاتی خۆی سەددام وتەیەکی هەبوو دەیگوت:(گەر سەددام گوتی واتا گەلی عێراق گووتی ) بۆیەشە بینیمان لە هەمووهەڵبژاردنەکاندا، لە سەدا سەدی دەنگەکانی دەهێنا. نابێ مرۆڤ لە سەر ئەو بنەمایە فێر بکەین، کە من چیم ویست، ئەویش ئەوەی بووێت. بەڵکو دەبێ خۆی ئازاد بێت لە بیرکردنەوە و هەڵبژاردن. ئەم جۆرە کولتوورە کە لە ڕۆژهەڵات باوە، هەمیشە مایەی نەهامەتی بووە بۆ ئێمە، چونکە بەردەوام نەمانتوانیوە گوتارێکی جیاواز بەرهەمبێنین. مرۆڤ دەبێ خۆی فێری هەموو شتێک بێت لە ژیان، بە تایبەتیش کاتێ قۆناغی منداڵی دەبڕێت. هەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە مرۆڤ پێویستی بە ئامۆژگاری نەبێت، بەڵکو بەو مانایەی دەبێ خۆی سەربەست و ئازاد بێت لە هەڵبژاردن و ڕەت کردنەوە. هەر لە نووسینێکی دیکەی کورتیدا، زانا رەزاق باسی داهێنان دەکات و دەنووسێت:_( داهێنان جاری یەکەم زەحمەتە دووەم جارو سێیەم جار ئاسان دەبێت) ئەم برادەرە، وا لە داهێنان گەیشتووە، کە کارێکی زۆر ئاسایی و ڕۆژانەیی بێت و هەموو کەسێکیش دەتوانێت داهێنەر بێت، بێ ئاگا لەوەی داهێنانەکان یەکجار لە ژیان دێنە ئاراوە و ئەوانی دواتر هیچ بەهایەکیان نییە. مەگەر لە دوای گۆران دەیان شاعیری دیکە، شیعری ئازادیان نەنووسی؟ بۆچی تەنها گۆران بە نوێکەرەوەی شیعری کوردی و داهێنەری شیعری ئازاد دەناسرێت؟ چونکە لە بنەڕەتدا داهێنانەکە هی ئەو بوو، بۆیە ئەوە نییە داهێنان هەموو کات و سەردەمێک، هەموو ڕۆژگار و قۆناغێک، لە هەموو ڕووێکە بێتە ئاراوە، یان کەینێ ویست و مەبەستمان بوو، داهێنان بکەین. ئەم شێوە تێڕوانینە بۆ داهێنان تەنها لە خەیاڵی ئەودا هەیە. دواجار دەڵێم هیوادارم وردترو بە دیقەتتر بێت، لەو وتارانەی لەمەو دوا دەیاننووسێت، بۆ ئەوەی بزانێت خوێنەرانێک هەن، دەخوێننەوە و هەڵوەستە دەکەن و پرسیاریان لادروست دەبێت، هەروەها ڕەچاوی خاڵبەندیش بکات و بەهەڵە بە کاری نەهێنێت، چونکە ڕستە هەیە، پرسیاری تێدا نییە کەچی نیشانەی پرسیاری بۆ دا ئەنێت، هەیانە سەرسوڕمان نییە، کەچی نیشانەی سەر سوڕمانی بۆ دا ئەنێت .

سەرنج: نووسین و وردەکاری، کورتە وتارێکی (زانا ڕەزاق) ە لە 16/9 لە ماڵپەڕی دەنگەکان بڵاوبۆتەوە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish