Skip to Content

گەر پۆلیسەکە نەیکوشتابام.. دەقی پەخشان: ڤینۆس فایەق.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح

گەر پۆلیسەکە نەیکوشتابام.. دەقی پەخشان: ڤینۆس فایەق.. وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح

Closed
by تشرینی یه‌كه‌م 14, 2022 General, Literature



نەفرەت لەو پۆلیسە، گەر لە سەرمی نەدابایە‌، ئەمڕۆ دەمتوانی هەموو شتێکی وڵاتەم بەبیربهاتایەتەوە، کە بیست وپێنج ساڵە دڵی ڕەشی پۆشیوە‌ وبە‌ ئیرادە‌یە‌كی بە‌رزە‌وە‌ خۆی نیشان دەدات، چونکە پێی وایە ئاسۆیەکی نوێ لەچاویەوە دوور نییە، بەڵام هێندەم بیردێتەوە بە ئامۆژگاریی ناو کتێبەکەم کرد، چارشێوەکەم بە‌ سە‌رمدا دا و درزی مەمکم شاردە‌وە، لەگەڵ دایکمدا بۆ بازاركردن لە ناو تارانی پایتەخت رامکرد، کە بە تاسەی پیاسەیەک بووم تیادا لەگەڵ براکەمدا. تاوە‌كو ئەو پۆلیسە کورتەبنەیە لە‌ ناکاو دای بە‌سە‌رمدا.
ئاە‌ براکەمم بیرکەوتەوە، ئەو پۆلیسە لەعنەتیە لە‌ ئە‌ویشی داو لێمی دورخستە‌وە‌، کاتێک دەستمی گرتبوو تاوە‌كو نەمخە‌نە‌ ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئەخلاق و لە‌ گە‌ڵ كارتێكی بە‌لاش بە‌ ڕە‌نگی خۆێن بمنێرن بۆ ئە‌و دونیا.
ئەگەر ئەو پۆلیسە نەفامە‌ ‌ زۆر بە دڕندانە پەلكێشی ناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ئە‌خلاقی نەکردابام، ئێستا لە‌ ماڵە‌كە‌ی خۆمدا بە كراسە‌ مۆرە‌کەمەوە ‌ دانیشتبووم و قژە ڕەشە درێژەکەم دادە‌ھێنا و دەمکرد بە‌ كە‌زی و لێواری كراسە‌ مارۆنێكە‌مم بە‌ بۆنی گوڵە بە‌یبون و سە‌وسە‌ن وجریوەی چۆلەکە وهاژەیی ڕووبار دەچنی و گوێم لە‌ گۆرانییە‌كانی “خالقی” كە‌ عاشقی دە‌نگیم و” حە‌سە‌ن زیرە‌ك” كە‌ ڕۆژڕێك پێش كوشتنم سە‌ردانی گۆڕە‌كە‌یم كرد دەگرت. ھە‌نوكە‌ لە سپێتیی بەیانیان و قرچە قرچی ئاگری ناو ئاگردانە‌كە‌ی بەر پێم سەرپۆشێکم دە‌دوری، بەڵام نە‌فرە‌ت لە‌و پۆلیسە.
ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆلیسه‌ گەمژە‌یه‌‌ به‌و دڕندەییە ڕاینه‌کێشامایه‌، وا بە توندی لێی نەدامایە، منی مرۆڤ وئەوی گیاندارێکی درندەی کوێر بە کەڵبەی گورگەوە پەلاماری نەدابام، ئێستا له‌ ژوره‌که‌مدا دانیشتبووم و سەرم خستبووە سەر کتێبێکی مێژوو، شکۆمه‌نده‌کانی ڕابردووی گەلەکەمم ده‌خوێندەوە‌، دەنگە خنکاوەکانی ئەمڕۆمان، ناڵەکانمان کە سنگمانی گوشیوە و چیرۆکی ئەو چڵە قژەی کە کۆتای بە ژیانم هێنا.
پۆلیسی گەمژە، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە قوماشی خۆشەویستی بۆشاکم بۆ شەش منداڵەکەم کە دمهێنانە ژیانەوە، لە کەتانی بەختەوەری شەڕواڵ بۆ کوڕەکانم و لە پەموی خۆشبەختی کراس بۆ کچەکانم دەدوری، فێرم دەکردن چۆن ژیانیان خۆش بوێت و ڕێز لە مرۆڤایەتیی خۆیان بگرن کە کوشتنی ئاسانترە لە وەستانییان لەبەردەم ئاوێنەیەکدا و ناشرینی ناخیان پێشان بدات.
بەنەفرەت بیت، ئەگەر نەتکوشتمایە، ئێستاکە لە یەکێک لە سوچەکانی ماڵەوەمان دور لە چاوی دایک و باوک و براکەم خۆم حەشاردەدا و لە وشە ئاوریشمیەکان پەیامێکم بە هەموو ڕەنگەکانی پەلکە زێرینە دەنووسی، بە گاڵتە بە خۆشەویستەکەم دەوت خۆشم ناوێت، بە پەلە دەمسڕییەوە و بۆم دەنووسی کە چەندە خۆشم دەوێت و چەندە ئاواتە خوازم لە نێو کۆڵانەکانی شارەکەمان سەقز پێکەوە ون ببین.
ئەگەر ئەو گەمژەیە نەیدەکوشتم، هەنووکە خەونەکانم بە دارتێلی گەڕەکەکەماندا هەڵدەواسی وئاواتەکانم لە ناو گوڵدانی بەختەوەریدا دەچاند و هەموو ڕۆژێک بە روونی وشێنایی ئاوی قەزوین ئاوم دەدان .
ئەگەر چارەنووس لەو ڕۆژە شومە ڕەشەدا ئەو پۆلیسەی نەدەهێنایە سەر رێگەم، ئێستاکە پزیشکێک دەبووم و تێماری نەخۆشەکانم دەکرد، یان پارێزەرێک دەبووم و بەرگریم لە ستەملێکراوەکان دەکرد، یاخود هونەرمەندێکی شێوەکار دەبووم وبە ڕەنگە بێزراوەکان تابلۆی نەفامیتانم دەکێشا، یان گۆرانیبێژێک دەبووم و تراژیدیاکانی ژیانمان دەکردە گۆرانی، یان تەنانەت سەمام دەکرد وەک ئەوەی پێتان بڵێم چەندە مرۆڤم و شایەستەی ژیان و مردنێکم کە شایستەی میهرەبانییەکەم بێت.
ئاە ئەی نەفرەت لێکراو، ئەی پێغەمبەرەکەتان وسێتی بۆ نەکردوون کە لەگەڵ شووشە عەترکان میهرەبان بن، کە ئێمەی ژنین، کە دەڵێت: ” رفقاً بالقواریر”؟
ئەگەر بە پرچم پەلکێشت نەکردابام، ئێستا نەدەبوومە هەزاران پارچە شوشەوە، کە ئەستەمە بۆتان کۆیانبکەنەوە، دەنگم بڵاو نەدەبووەوە ونەدەگەیشتە هەموو مەملەکەتەکەتان کە بە ئێسک و پروسکی شەهیدان هەڵتانچنیوە.
دەبینیت پۆلیسی گەمژە، كە‌ چۆن دەنگم چووە ناو قوڕگی ملیۆنان کەس، توڕەییم چووە‌ ناو دڵیان و ئازارەکانم بوونە شۆڕشێک کە پە‌ردە‌ی لە سە‌ر بۆگەنییە‌كانتان ھە‌ڵماڵی و بۆنی ڕزیوتانی بە هەموو نیشتماندا بڵاوکردەوە و زە‌نگی لە‌ناوچوونتانی بەم نزیکانە پێیە؟

  • لە‌ زاری ژێنا ئە‌مینی، یان “مەهسا ئەمین”ی کوردوە‌.


    وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: ڕۆزا حەمە ساڵح

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish