Skip to Content

فلاشباک-٣٢- ستیڤان شەمزینی

فلاشباک-٣٢- ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 20, 2022 General


لە دەفتەری بیرەوەریی رۆژانەوە


بەشی سی و دوو

پێرێ گەیشتمە ئەنکەرا، لە داپڵۆسینی کوردستان رزگارم بوو، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشوو، مانگ نەبووە بۆ زیندان رامنەکێشن، ئێستا چاوەڕوانی رەحمی یوئێن ئێچ سی ئاڕ دەکەین، بزانین چارەنووس بەرەو کوێ هەڵماندەگرێت؟. ئەگەرچی ئەوروپا ئەو بەهەشتە نییە لە خەیاڵدانی تاکی کورددا وێنای کراوە، بەڵام بۆ ئێمە پەناگەیەکی ئارامە، هیچ نەبێت کە ئێستا کار گەیشتۆتە سەر کوشتنمان رێگەچارەیەکی ناچارییە و باشترین بژاردەیە. ئێستا لە تورکیای “نازم حیکمەت”م، بیر لەوە دەکەمەوە ئەو پیاوە لەم وڵاتە گەورەیەدا جێگەی نەبووەوە، لە تورکیای “عەزیز نەسین”م کە هەوڵیاندا تیرۆری بکەن.
لە تورکیای خاوەن بزووتنەوەیەکی چەپی بەهێزم کە هەمیشە سەرکوتکراون. لێرە دیمەنەکانی سروشت دڵڕفێنن، وڵاتەکە جوانە، بەڵام ژیان تێیدا سەختە و بۆ ئێمەی پەنابەر رەنگە سەختتر بێت. بیر لە هەموو شتێک دەکەمەوە، مرۆڤی بێکار هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە بیرکردنەوە، ئەوەندە کاتم هەیە بۆ بیرکردنەوە کە تامی تێدا نەماوە، هەرچەندە وڵات بە مانا نەتەوەپەرستییەکەی بۆ من مانایەکی نییە. کەچی هەست بە رۆحی “نالی” دەکەم، ئاخر کامەیە “سالم”ی من تا چامەیەکی بۆ بنێرم و هەواڵی ئەو وڵاتەی تێدا بپرسم کە تێیدا زۆر چارە گران بووم.؟.
بیر لە تێزەکانی کارڵ مارکس ئەکەمەوە، کاتێ گریمانەی خۆی بەستەوە بە پەیوەندییەکانی کار و بەرهەمهێنان. کتێبە ناوازەکەی “کاپیتاڵ” گەڕانێکە بەدووی ئەو هێزە دیالیکێتیکییەی مێژوو هەڵدەسوڕێنێ. ئەو بە سەرنجدان لە شارێکی پیشەسازیی وەک لەندەن، ئەو ململانێ چینایەتییە قووڵەی لەو قۆناغەدا هەستی پێ ئەکرا، کە زێدەبایی زیاتر لە هەر شتێک ئازاری هەستی “مارکس”ی ئەدا شێمانەی شۆڕشی کرد لە ئەوروپای دڵی سەرمایەدارییەوە. ئێستا لەو تێزەش باشتر تێدەگەم کە هەندێ بیرمەند ژیانی مارکس دابەشی دوو قۆناغ ئەکەن “مارکسی لاو” و “مارکسی پیر” کە ئەدگار و سیمای ئەو دوو قۆناغەشە پڕە لە دابڕان لە یەکتر.
واز لەو جەدەلە فەلسەفییە دێنم، قەڵەم و کاغەز بەشی ئەم درێژدادڕییەی من ناکا، بەڵام ئەوەندە کاتم هەیە کە بە خۆڕایی بە فیڕۆ ئەڕوات هیچ شتێکی ترم هێندە نییە، بەهەرحاڵ لە رێی ئەو شیعرانەی رۆژانە ئەیاننووسم و دواتریش لاپەڕەکان ئەدڕێنم، خۆم لە ئێش و ژانەکانی ناو سەرم رزگار ئەکەم. بیر لەوەش ئەکەمەوە، کێ دەیووت کوڕی ماڵێکی وردە بۆرجوا و ناسیۆنالیست لەسەر کۆمۆنیرم دەربەدەر ئەبێ؟. کە چاوەڕێی بەزەیی یوئێن ئێچ سی ئاڕین، بمانگەیەننە دۆزەخی راستەقینە کە وڵاتانی رۆژئاوایی کاپیتاڵییە!!!. سەیرە هیچم لە پێشووی خۆم ناچێ، تەنانەت رووخساریشم، لەوەتی لێرەم ناسکتر بوومەتەوە و رەنگە چەند مانگێکی تر نەبا ببمە شاعیر “چوونکە پێشتر شیعرنووس بووم نەک شاعیر”، ئیدی تێدەگەم شیعر کاتێک دێت کە مرۆڤ بگاتە لوتکەی دڵناسکی و خۆ خواردنەوە.
دڵم جوگرافیایەکی بێ ناونیشانە
تەنیا تۆی تاکە هاووڵاتی ئەو نیشتمانە


زمانی شیعرم لە گۆ کەوتووە
کەچی دڵم لە جاران عاشقترە

24-8-2000
ئەنکەرا

تێبینی: ئەم بەشە لە لاپەڕە 108-111 کتێبی “فلاشباک”چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کتێبەکەش لە سەرەتای ساڵی 2017 چاپ بووە

Previous
Next
Kurdish