Skip to Content

هەرێمی شەو .. ڕانانی : عەبدوڵا سڵیێمان(مەشخەڵ)

هەرێمی شەو .. ڕانانی : عەبدوڵا سڵیێمان(مەشخەڵ)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2020 General, Literature


گەشتی زیاتر لەنیو سەدەی (چاوە)ی شاعیر


هەرێمی شەو، کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە(فاتح) شێخولئیسلامی “ف. پشکۆ” (١)یە کە لە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی شاعیر و وەرگێڕ عەزیز ناسری، چاپی یەکەمی لە ٢٠٢٠ دا و لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە یەکەمین کتێبە سەبارەت بە چاوە و شیعرەکانی کە لە دوو توێی ١٨٨ لاپەڕەدا، سەرجەم دەقە شیعرییە کوردی و فارسییەکانی چاوە لەخۆ دەگرێت.(چاوە)ی شاعیر یەکێکە لە نوێکەرەوەکانی شیعری کوردی لە کوردستانی ئێران کە شانبەشانی سوارەی ئێلخانیزادە(٢) و عەلی حەسەنیانی(هاوار)(٣)کاریگەرییان بەسەر نوێبوونەوەی شیعری کوردی و ئاراستەی ئەو نوێبوونەوەیە هەبووە. کاروانی ئەدەبیی چاوەی شاعیر لە سەرەتای دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێدەکات و هەتا ئەمڕۆش ئەو کانییە سازگارەی شیعر هەر فوارە و قەڵبەزەی هەیە. ف. پشکۆ زۆر لەوە ناسراوتر و بەناوبانگترە کە ئێمە بمانەوێت لەم کورتە نووسینە تیشکی بخەینە سەر. چاوە (ف. پشکۆ) وەکچۆن ساڵانێکی زۆرە لەسەنگەری مارکسیم و کۆمۆنیزمەوە بێهەدا تێدەکۆشێت تا ئاسۆی سۆشیالیزم ببێتە پەرچەمی ژیان، لە شیعریشدا هاوتەریب لەگەڵ ژیانی سیاسیدا ، جگە لە ڕوحە داهێنانەکەی، لە مەتەرێزی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ستەمدیدەوە دێتە دووان.
ئەی خوشکە چاو سووتاوەکەم
خۆزگە ئەمزانی شەوانە
ئەو کاتانە لەگەڵ دایکت
لەبەر نێڵەی گرا هەتا دەمەو بەیان
تەپ تەپ نان ئەکەن بۆ فرۆش،
خۆزگە ئەمزانی چی ئەڵێن!
چۆن باسی ڕزگاربوون ئەکەن
لەم ژیانە بێفەڕەتان! (٤)
چاوەی شاعیر گیانی شۆڕشگێرانەی وەبەر شیعرەکان ناوە و ئەمەش نەک بەتایبەتی شیعرە فارسییەکانی وەک کاک عەزیز ناسری دەڵێت(٥)، بەڵکو تەواوی ئەو ڕێڕەوەی چاوە پیایدا تێپەڕیوە، ڕێڕەوێکی شۆڕشگێرانە بووە. سەنگەری شیعرەکانی چاوە، سەنگەری سۆشیالیزم بووە و باوەڕی بەرزی کۆمۆنیزم بە ڕوونی لەناو دەقەکانی چاوەدا دەبینرێت.
با داڕێژین حوکمی خۆمان، دامەزرێنین خودموختاری
بۆ پێشەوە بۆ سۆشیالیزم، ڕزگاریبەخشی یەکجاری(٦)
پێ بەپێی گەشەی باوەڕی شاعیر، سەرەتا لە کوردایەتییەوە دەست پێدەکات و پاشان بەرەو چەپ و ئینجا مارکسیزمی شۆڕشگێر وەردەچەرخێ و دواتریش کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکاتە پەرچەمی خەبات، ئەم ڕوو لەسەرەی باوەڕی چاوە نیشانەی زیندوویی و وابەستەیی شاعیرە بە سەنگەری خەڵکی ستەمدیدەوە. ئەمە شوناسی شۆڕشگێریی شاعیر و دەقەکانیشە کە تا شیعر و وشە مابن، ئەم دەقانەش زیندوو و جوان دەمێنن. جوانی ئیستاتیکا لەشیعرەکانی چاوە جگە لە وابەستەیی شۆڕشگێرانە کە ڕوحی ئیستاتیکای مارکسیستییە،زمان و خەیاڵ و وێنەی شیعرین. زمانی شیعرەکانی چاوە، زمانێکی سفت و تووند و تۆڵ و بەهێزە. لەئاستێکی بەرزدایە کە بە کوردییەکی ڕەوانەوە وێنەشیعرییەکان جارێ سادە و جارێ ئاڵۆز دەخوڵقێنێ. ڕیتمی شیعرەکان و هارمۆنیای شیعریی زۆر وەستایانە ئیشی لەسەر کردووە و سەلیقەیەکی زۆری تیا بەکار بردووە. ستایڵی داڕشتنی شیعرەکان بەپێی مێژووی نووسینی دەقەکان جیاوازن . چاوە گەرچی بەئاگا بووە لە شیعری نوێی کوردی و فارسی، کەچی لەزۆر دەقدا دەستبەرداری شێوازی کۆنی نووسینی دەقی شیعریی نەبووە. ئەمەش خەوش نییە و گرنگ ئەوەیە شاعیر بتوانێت پەیامە کۆمەڵایەتییەکەی دەق بە جوانترین ئاست بگەێنێتە خوێنەر. بەهەرحاڵ لە دوای خوێندنەوەی (هەرێمی شەو)ی چاوەدا، بۆ ئەوەی مەبەست بپێکم حەز دەکەم بەمجۆرە هەڵسەنگاندنەکەم بخەمە بەر دیدەی ئێوەی هێژا :
یەک : ئامادەکاری کتێبەکە کاک عەزیز ناسری سەرباری کۆششەکانی لەپێناو کۆکردنەوەی شیعرەکانی چاوە ئەو فەرهەنگۆکەی کە لە کۆتایی کتێبەکەدا ئامادەی کردووە کە بەڕاستی جێگای دەستخۆشییە، بەڵام هاتووە شاعیری موجەرەدانە وەرگرتووە و تەنها وەکو شاعیرێک باسی دەکات. بە وتەیەکی تر عەزیز ناسری هاتووە چاوەی شاعیری لە چاوەی خەبانگێڕ و کۆمۆنیست جیا کردۆتەوە. ئەم جیاکردنەوەیەش زیانێکی زۆری لە(چاوە) و ئینجا میسداقییەتی زانستی و ئەکادیمی کتێبەکەش داوە.
دوو : باس نەکردن یان فەرامۆشکردنی قۆناغەکانی ژیانی سیاسی شاعیر جا بەهەر بیانووەیەکەوە بێت، لەژێر تەم هێشتنەوەی برێکی زۆری ژیاننامەی چاوەی کۆمۆنیست کە بۆ خوێنەر و ڕەخنەی ئەدەبیش فرە گرنگ و جێی بایەخە، شایانی هەڵوەستە لەسەرکردن و ڕەخنەی جیددیە.
سێ : ڕیزبەندی کتێبەکە بەمجۆرەیە : شیعرە نوێیەکان، شیعرە کلاسیکییەکان، شیعرە فارسییەکان. لە کاتێکدا دەبووایە ئەو ڕیزبەندییە بەپێی مێژووی نووسینی شیعرەکان بووایە تا خوێنەر لەلایەکەوە گەشەی هونەری شیعر و لەلایەکی تریشەوە بەرەوپێشچوونی بیروباوەڕی شاعیر بەجوانی ببینێت.
چوار : چاوە شاعیرێکی داهێنەری کوردە و بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی شیعری شۆڕشگێرانەی نووسیوە. من ڕێک پێچەوانەی کاک عەزیزی ناسری دەڵێـم سیاسەت شەوە نییە تا چاوە لە داوێنی وێژەدا بەرێت(٧)بەڵکو ئەوە پێداویستی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانە لەپێناو ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، (چاوە)ی ناچار بەو چارەنووسە کردووە و گیان لەسەر دەست خەبات دەکات. بۆیە ئەو بڕیارەی کە دەڵێ( بەخ لەوەی لە هۆنەرانی ناسک هەستە و ئەخ بۆوەی لە ڕۆنەرانی کۆمۆنیستە)(٨) دەگۆڕم بە (بەخ لە هۆنەرانی ناسک هەستە و گیان لەوەی کە ڕابەرێکی کۆمۆنیستە.)
دوواجار کتێبی هەرێمی شەو و ماندووبوونەکانی کاک عەزیز ناسری سەرباری هەر تێبینی و سەرنجێک. جێی دەستخۆش و باوەش پیاکردنە و ئومێدەوارم بەرهەمی جوانتری ببینین و بە بەختەوەر بژێت جا لەهەر شوێنێک بێت.

پەراوێزەکان :
(١)چاوە(ف پشکۆ)ی شاعیر، نازناوی فاتیح شێخولئیسلامی چۆڕییە و ساڵی ١٩٤١ لە شاری مەریوان لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٠ دەچێتە زانکۆی تاران و ساڵی ١٩٦٧بووەتە مامۆستا. هاوێنی ساڵی ١٩٧١ بە هۆی چالاکی سیاسی ماوەی حەوت مانگ زیندانی دەکرێت. ساڵی ١٩٨١ دەبێتە پێشمەرگە و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە وڵاتی سوید دەژێت. سەرەتا لەژێر کاریگەری بیروباوەڕی ناسیونالیزم و پاشان بەرەو مارکسیزمی شۆڕشگێرو ئینجا ڕووەو کۆمۆنیزمی کرێکاریی وەردەچەرخێ. چاوە سەرباری ئەوەی شاعیرێکی داهێنەرە، ڕابەرێکی بەرجەستە و لێبراوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکارییە.
(٢)سوارەی ئێلخانیزادە ساڵی ١٩٣٧ لەگوندی (تورجان)ی سەر بەشاری بۆکان لەدایک بووە. کۆلێژی حقوق تەواو دەکات بەهۆی بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرییەوە لەلایەن ڕژێمی پەهلەوییەوە ڕووبەڕووی زیندان و ئەشکەنجە کرایەوە. ساڵی ١٩٦٨ لەبەشی کوردی ڕادیۆی تاران دامەزرا. سوارە جگە لە شیعری کوردی، بە زمانی فارسیش شیعری نووسیوە. بایەخێکی زۆری بەزمان داوە و ناوەڕۆکی هەموو بەرهەمەکانی باس لەئازادی و پاکی و جوانی رۆحی مرۆڤ ئەکات. بەداخەوە لە ١٤-١-١٩٧٦ کۆتایی بە ژیانی دێت.
(٣)عەلی حەسەنیانی (هاوار) ساڵی ١٩٣٩ لە بنەماڵەیەکی مەهابادی لە شاری تاران لە دایک دەبێت. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شارەکانی هەمەدان، مەهاباد و تاران تەواو دەکات و پاشان لە زانکۆی تاران لە بەشی (یاسا و زانستە سیاسییەکان) درێژە بە خوێندن دەدات. لەو نێوەدا ماوەیەک بە هۆی چالاکی سیاسییەوە دەکەوێتە زیندان. دواتر هاوکات لەگەڵ چالاکی ئەدەبی و نووسین، وەک فەرمانبەر لە چەندین شاری ئێران و کوردستان درێژە بە ژیان دەدات. دوای شۆڕشی ئێران بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی سیاسی و ئەدەبی دەگەڕێتەوە مەهاباد. ساڵی ١٩٨٩ ڕێگای هەندەران دەگرێتە بەر و دەچێتە وڵاتی فینلاند و پاشان لە دانمارک دەگیرسێتەوە. سەرەنجام لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ ماڵاوایی لە ژیان دەکات و لە شاری کۆپێنهاگن بە خاک دەسپێردرێت.
(٤)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ٩٠.
(٥)عەزیز ناسری دەنوسێت لەیەکەم ڕوانیندا دەردەکەوێ، لە سەتا حەفتاوپێنجی شیعرە فارسییەکانی چاوە دەچنە خانەی شیعر کرێکارییەوە. بڕوانە هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ٢٨.
(٦)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٤١.
(٧)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٥.
(٨)هەرێمی شەو کۆی بەرهەمە شیعرییەکانی چاوە (فاتح) شێخولئیسلامی (ف. پشکۆ) کۆکردنەوە و ئامادەکردنی عەزیز ناسری ناوەندی غەزەلنووس چاپی یەکەم ٢٠١٩ لاپەڕە ١٥.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish