سیاسه‌ت و ده‌روون له ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا … محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
ئه‌م (كڵان و كارتل*)ه مرۆییانه‌ی وڵاتی ئێمه كه به هه‌ڵه پێیانده‌وترێ حزبی سیاسی له جیاتی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ت به پڕۆسێس و ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی تێبگه‌ن ڕێك به ته‌كتیك و فڕوفێڵ و خه‌ڵه‌تاندن لێی حاڵی بوون، ئه‌م تێگه‌یشتنه له سیاسه‌ت خۆپه‌ڕاندنه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وامه له به‌ری خزمه‌تكردن به (كۆ) وه‌ك (كۆمه‌ڵگه، نه‌ته‌وه، میلله‌ت) بۆ به‌ری خزمه‌تكردنی به (خۆ*) وه‌ك (نێرگزیه‌ت و ئایدیه‌ویه‌ت و شه‌هوانیه‌تی ئه‌وپه‌ڕگیر*).
مانای ڕاست و درووستی سیاسه‌ت ته‌نها و ته‌نها هوشیارییه‌كی عه‌قلانییه سه‌ره‌تا لای (تاك) بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ئارامی و هاوسه‌نگی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆناسینێكی وجودیانه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌یه‌كه‌وه ژیا‌و و ئارام‌دا، دواتر لای (كۆمه‌ڵگه) بۆ ئه‌وه‌ی له نێو كۆمه‌ڵگه‌كانی مرۆڤستاندا بكه‌وێته ڕه‌د و به‌ده‌لێكی هاوسه‌نگ تاوه‌كو به نوێنه‌رایه‌تی كردنی له لایه‌ن ئۆرگانێكی ده‌سه‌ڵاتیی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌وه ئه‌رك و كرداره دیپلۆماتیكه‌كانی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێكی خزمه‌تگوزاردا بباته ڕێوه.
ڕاستیان وتووه كه سیاسه‌ت هونه‌ره، چون هونه‌ر وێناكردن و ڕامانه خه‌یاڵیه‌كانی كه‌سانێكه هزریان له خۆیانه‌وه بپه‌ڕێته‌وه و سنووری (خۆ) یه نێرگزیه‌كانیان تێپه‌ڕێنێ و دنیای دوور و نزیك به هه‌رچی پێكهاته‌كانی (ژیان و ژیاوه) وه هه‌یه له تابلۆیه‌كی هونه‌ری باڵا و جوان بئاخنێ، سیاسه‌ت به‌ده‌ر نیه له هه‌ست و شعور كردن به جوانیی، به‌ده‌ر نیه له جوانناسی، به‌ده‌ر نیه له جوانبینی و جوانهزرین و جوانبیستن و جوان چێژبردن، سیاسه‌ت به مانا ئه‌خلاقیه زانستیه مۆدێرن و ئینسانیه باڵاكه‌ی به‌ده‌ر نیه له ئاكار و ڕه‌وشت و به‌ده‌ریش نیه له هونه‌ری سازكردن و ڕه‌خساندنی ژیان له ژینگه‌یه‌كی ئارام و پڕ جووله و داینه‌میكدا.
ئه‌وانه‌ی سیاسه‌تیان ناشیرین و قێزه‌ون كرد و به‌رده‌وامن له‌م كرداره لادراوانه‌یان ئه‌و تاكه ناهاوسه‌نگ و نائارام و ناهوشیار و نابه‌رپرسانه‌ن كه خۆراك و زه‌خیره‌ی حه‌ز و مه‌یل و ئاره‌زوو و هه‌وه‌سه نێرگزیی و (پارانۆیی و سایكۆپاسیه‌كان*) له هه‌را و ناڕێكی و به‌ڕه‌ڵایی و فێڵكردن له خه‌ڵك و ئازاردانی به‌رده‌وامیان ده‌دۆزنه‌وه.
ئه‌وه‌ی له‌م سه‌رزه‌مینه‌ی ئێمه ده‌گوزه‌رێ به هیچ پێوه‌رێك سیاسه‌ت نیه، كه‌شێكی پیسبوو و به‌رده‌وام پیسكراوی نا ئاسایی و نا هاڕمۆنیكه ئه‌وانه تیایدا كاراكته‌ری دیارن كه زۆرترین و فراوانترین ڕووبه‌ری ژینگه‌كه پیس ده‌كه‌ن و ده‌ستیان به‌سه‌ریدا ده‌كشێ و توانای به‌رهه‌مهێنانی زۆرترین بڕ و قه‌واره‌ی پیسی و ترسیان هه‌یه، هه‌رگیز سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه بیر له پیسكردنی كه‌ش و ژینگه‌كان ناكاته‌وه و بگره لێیشی نازانێ، ئه‌رك و ئیشی سیاسه‌ت ڕێكخستن و به‌ڕێوه‌بردن و هه‌وڵدانه بۆ هێنانه ئارای زیاترین ئارامیی و زۆرترین هاوسه‌نگیی ده‌روونیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كولتووری و دینیی، ئه‌وه‌ی لای ئێمه ڕووده‌دا به جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ی (ڕووده‌دا) جه‌نگێكه له‌جۆرێكی تر، به‌یه‌كداهه‌ڵشاخینی غه‌ریزه و حه‌زه‌كانی شه‌هوانیه تێرنه‌بووه‌كانه كه هیچ سنوورێكی عه‌قڵیان لێ دیار نیه و ته‌نانه‌ت له بایه‌خی هێنانه ئارای تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی هوشیار و عاقڵیش نین و بگره له شیكردنه و لێكدانه‌وه‌ی مێژووی كار و هه‌ڵسووڕانیان وه‌ك نمایشكارێكی سیحربازانه و سه‌ره‌تایی سیاسه‌ت ده‌رده‌كه‌ون، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه كه هه‌ر هه‌وڵێكیش له ئارادا بێ بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئه‌م باره شێواو و شڵه‌ژاوه ئه‌وان به مه‌ترسیی بۆ سه‌ر حه‌زه ئه‌هریمه‌نیه‌كانیانی ده‌زانن و هه‌ر بۆیه‌ش دژمنایه‌تی ئه‌م هه‌وڵانه‌یان به ئاشكرا پێوه دیاره.
من پێشتریش زۆر له‌سه‌ر ڕۆڵی په‌روه‌رده و فێركردن و و فێربوون نووسیومه و ئیشی ئه‌كادیمییم له باره‌یانه‌وه كردووه، هه‌ر ئه‌وه نیه هه‌نگاو یا هه‌ڵوێستێكی ناشیاوی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كانی ئێره ورووژاندبمی، خۆ ئه‌گه‌ر له ڕه‌فتارێكی ناسیاسیانه و نا عه‌قلانیانه‌شیان بیرم بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر بایه‌خی ئه‌م پڕۆسێسانه ئه‌وه باشتر، چون به‌رده‌وام ئه‌وان(ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ستان) هه‌ڵه‌ی گه‌وره گه‌وره به‌رانبه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگه و ئۆرگانه له‌به‌ر یه‌كترازاوه‌كانیان ده‌كه‌ن، تادێ زیاتر و زۆرتر كه‌لێنه له‌یه‌كتر پچڕاوه‌كان ده‌كه‌ن به قه‌ڵش و دابڕانی گه‌وره‌تر.
ئه‌م كارتله به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی (ناڕێكیی و نه‌زانیی) به‌رده‌وامن له سیاسه‌تكردن به مانا خه‌ڵه‌تێنه‌ر و فێڵاوییه‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ی كه خه‌ڵك یا كۆمه‌ڵگه لایه‌نێكی (دژ) یا (به‌رانبه‌ر) بێ و چه‌نده له خشته‌ی به‌رن و فێڵی لێبكه‌ن ئه‌وه‌نده كارامه‌ییان له كاری سیاسیی‌دا وه‌دیار ده‌كه‌وێ، خه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵك له‌وانه‌وه ده‌رده‌چێ كه (دژی گه‌ل) ن و نه‌ته‌وه و كۆمه‌ڵگه به‌وه تێگه‌یشتوون چه‌نده لاڕێی كه‌ی و بیگه‌وجێنی ئه‌وه‌نده باری سه‌ر شانیی دژگه‌له‌كان سووك ده‌بێ و له به‌رانبه‌ر ئه‌م بوونه‌وه‌ره لاواز و له‌رزۆكه گه‌وره ده‌رده‌كه‌ون.
خه‌ڵه‌تاندن مێژوویه‌كی درێژی له هزری سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدا هه‌یه، دیماگۆگیه‌ت* چه‌مك و ناوه دیاره‌كه‌ی ئه‌م كه‌چڕه‌فتارییه سیاسیه‌یه كه تاوه‌كو ئێستا له زۆربه‌ی دنیا ده‌سه‌ڵاتبازان پیاده‌ی ده‌كه‌ن و لای خۆشمان ڕۆژانه داهێنانی گه‌وره له‌م هزرینه سیاسیه پاسیڤه به‌دیده‌كه‌ین، هه‌لپه‌رستیی له به‌ڕێوه‌بردنی نێرگزیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ت له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا ڕۆژێك (پێشمه‌رگه) پیرۆز ده‌كا و به‌و بوونه‌ی ده‌چوێنێ كه ئایكۆنێكی هه‌ره پیرۆزه و ئینجا ده‌یبه‌نه پێشه‌وه بۆ پیاهه‌ڵدان و پێدا خوێندن و لیستی مووچه و …..تاد، و ڕۆژێك (مامۆستا) وه‌ك پشوودرێژێكی مێژوویی!! و هه‌روه‌ها له ستایشكردن و پێداهه‌ڵدانێك كه هه‌ر ئه‌وانن فێری هه‌موو شتێكمان ده‌كه‌ن و وڵاته‌كه‌مان ده‌به‌نه ئاستێكی پێشكه‌وتوو و ئینجا له پاش و پێش و شوێنگۆڕكێی لیستی مووچه‌دا به ئاره‌زووی خۆیان هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زیان پێده‌كه‌ن، ڕۆژێكیش (پۆلیس و كه‌سانی ئاسایش) دیسانه‌وه له پیرۆزیی و پاراستنی نیشتمان و فه‌راهه‌مكردنی ئارامییدا، و ڕۆژێكی تریش (كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی) له دابینكردنی كه‌ش و دۆخێكی ساغ و بێخه‌وش له نه‌خۆشی هه‌م بۆ تاك و هه‌میش بۆ كۆمه‌ڵگه.
ئه‌م كه‌س و ئۆرگانانه‌ی سه‌ره‌وه و هیتریش كه ناومان نه‌هێنان گشتیان پێكهێنه‌ری گرنگن له پێكهێنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پته و ساغدا و هه‌ر هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌ك و بۆ یه‌كتر و له نێو یه‌ك له كاردان و هیچیان توانای لێكه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تری نیه و هیچیشیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تریه‌وه نیه، چون له كۆتاییدا هه‌موویان ئۆرگانی پێویستن بۆ پێكه‌وه‌نانی كۆمه‌ڵگه به جه‌سته و ده‌روون و ڕۆحێكی ساغ و زیندوو.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه له به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ئۆرگانانه، ئۆرگانه به نێو سیاسیه ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌كه‌یه كه له حزبی سیاسی و له حكومه‌تی هه‌رێمدا خۆیمان به‌رده‌وام پێده‌ناسێنێته‌وه، ئه‌م كارتله سیاسیه(كارتل به مانا سه‌رمایه‌دارییه‌كه‌ی نا به‌ڵكو به وه‌زیفه مشه‌خۆریه‌كه‌ی) ئه‌ركه‌كانی حكومه‌تكردن تا ئێستا نازانێ و ئه‌وه‌ی كه ده‌شیخاته ڕوو ئه‌نجامێكی له‌سه‌ر ڕێككه‌وتووی ئه‌ندامانی كارتله و خۆیان ڕازی ده‌كا نه‌ك خه‌ڵك به گشتی، یا ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ نازی گرووپێك یا ده‌سته‌یه‌ك ڕا ده‌گرێ و زۆری تر تووڕه ده‌كا و به پێی هه‌لومه‌رجه بازاڕیه ڕه‌شه‌كه فریوده‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توێژ و ده‌سته‌كان ده‌كات.
ئه‌م یاریه شه‌ڕانگێزییه جۆرێكه له دژكاریی ده‌روونی و ته‌نانه‌ت جه‌سته‌یی و هه‌ر جاره‌ی بۆ خۆشكردنی به‌زمی ده‌روونپه‌رێشانه سیاسیه‌كانه و به هۆیه‌وه یاری به توێژگه‌ل و ده‌سته‌ی جیاجیا ده‌كه‌ن، یا ئه‌وه‌ی كه له مه‌یدانی سیاسه‌تی نێو ده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی ده‌یدۆڕێنن له نمایشێكی دیماگۆگیدا (ده‌یخه‌نه) سه‌ر خه‌ڵك و (ده‌یگوازنه‌وه) دۆخێك وه‌ك سه‌ركه‌وتن و پاڵه‌وانبازی نیشانیانی ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌م جۆره (ستراتیژ)انه نه‌ستین چون نه‌زانانه ڕه‌فتاری سیاسیمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن و پێیانوایه به‌م فێڵبازی و له خشته‌بردنه خه‌ڵك لاڕێ ده‌كه‌ن و مه‌ترسیه‌كانیان له خۆیان دوور ده‌خه‌نه‌وه، ئه‌مه له كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی كه‌سیی ده‌چنه چوارچێوه‌ی ستراتیژی نه‌ستیی ده‌روونی و هه‌م خۆیانی پێ ڕازیده‌كه‌ن و هه‌میش ئاستی گه‌شه‌ی مه‌عریفی و كولتووری خۆیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیان له ڕه‌فتاره‌كانیانه‌وه نیشان ده‌ده‌ن.
– (بیانووهێنانه‌وه-justification) دیارترینی ئه‌و میكانیزمه ده‌روونیانه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م هه‌رێمه به‌رده‌وام له به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی خۆیان ده‌یخه‌نه ڕوو، هه‌ڵبه‌ته له سایكۆلۆژیای قووڵایی ده‌روونشیكاری و میتۆده‌كانی دیكه‌شدا بیانووهێنانه‌وه جۆرێكه له به‌رگریكردن له (خۆ) له‌به‌رانبه‌ر كه‌سێك یا كه‌سانێك لایه‌نه‌كه‌ی تر ڕه‌فتارێك یا جوڵه یا هه‌ڵوێستێكی هه‌ڵه‌ی گرتبێته به‌ر و بیه‌وێ (خۆ) ی له لێپرسینه‌وه ڕزگار بكا، ئه‌م فێڵه ده‌روونیه ڕاستیه‌كمان بۆ ده‌رده‌خا كه بابه‌تێك له ئارادایه وه‌ك خۆی به ڕێك و درووستی ڕوونادا و ناچێته ڕێ.
له عه‌قلیه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازی ئه‌م كارتله ئۆلیگارشیانه‌ی لای خۆمان سیاسه‌تی بیانووهێنانه‌وه و پینه‌كردنی هه‌ڵه و فێڵه‌كانیان بووه‌ته به‌شێك له كولتووری سیاسیان و قه‌ناعه‌تی ئه‌وه‌ی لا درووستكردوون كه درۆكردن و بیانوو چه‌نده لێیان زیره‌ك بی ئه‌وه‌نده ته‌مه‌نی سیاسیت له‌م كاولاشه‌ی ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه درێژتر ده‌بێته‌وه.
– (میكانیزمی دژكار- aggression) یش له‌و شێوازه به‌رگریه ده‌روونیانه‌یه ئه‌وان ده‌یگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆیانی بسه‌لمێنن كه مه‌ترسی جۆراو جۆر له ئارادان هه‌ر بۆیه كاتێك توندووتیژی ئۆرگانیزه‌كراو زۆر ده‌بێ و فڵان و فیسار سزا ده‌درێن له پێناوی ڕاگرتنی ئارامیه و دۆزێكی گرنگتر هه‌یه له دیموكراسی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی ئه‌ویش نێوی كوردایه‌تی یا كوردستانه هه‌ر بۆیه بواره‌كان به توندوتیژی له ژێر ناوی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕی و قۆناغی ڕزگاری و …..تاد نێو زه‌د ده‌كه‌ن.
– (گه‌ڕانه‌وه و خۆدزینه‌وه) ش یه‌كێكی تره له‌و میكانیزمه ده‌روونیه به‌رگریانه‌ی دیسانه‌وه حكومه‌تی هه‌رێم و حزبه‌كان ده‌یگرنه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هۆشی كه‌سه‌كان له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ زه‌مه‌نه‌كانی ئێستا و داهاتوو ببه‌ن به‌ره‌و ڕابردوویه‌ك كه تیایدا ته‌نها سۆز و نوزانه‌وه و سه‌ردوولكه چالاكن و به‌مه‌ش دنیایه‌ك خزمه‌ت به خۆیان ده‌كه‌ن چونكه مێگه‌ل و نێرگه‌لی زۆر له ئێستا داده‌بڕن و به ڕابردوویه‌كی به‌سه‌رچووی دوور بێهۆشیان ده‌كه‌ن یا هه‌میشه هه‌وڵی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ئه‌م ڕابردووه‌یان ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌م میكانیزمه ڕه‌گی له كولتووره‌كه‌ماندا هه‌یه و ئه‌وان ته‌نها گیانی ده‌خه‌نه‌وه به‌ر.
– (له‌بیرچوون) یش چالاكترین میكانیزمی ده‌روونیه هه‌م لای ده‌سه‌ڵاتوانی كورد به تایبه‌تی و هه‌میش لای تاكی كورد به گشتی، چون بیرچوونه‌وه پڕۆسێسێكی عه‌قلیه جاری وا هه‌یه عه‌قڵ بۆ ڕزگار بوون له زانیاریه ناخۆش و زیانبه‌خشه‌كان پێیهه‌ڵده‌ستێ و شێوازی په‌روه‌رده‌ی تاكه‌كان ڕۆڵ ده‌بینێ له توانای تاكه‌كان بۆ مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره زانیاریانه، جاری واش هه‌یه ئۆرگانه‌كانی به كۆمه‌ڵایه‌تیبوون یا كولتووری كۆمه‌ڵگه له بواری به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه‌دا چالاك نیه و خه‌سڵه‌تێكی گشتی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانیدا ده‌سه‌پێنێ به هۆیه‌وه یادگه‌یان لاواز ده‌بێ و یاده‌وه‌رییه‌كانی پڕن له زانیاری له بیر ده‌چنه‌وه، ئه‌م جۆره‌یان لای خۆمان چالاكه و خزمه‌تێكی بێپایان به ده‌سه‌ڵاتخوازان ده‌كات.
هه‌موو ئه‌م میكانیزمانه له ده‌سه‌ڵاتی كوردی خۆماڵیدا ڕۆژانه به‌كارده‌برێن و دووباره ده‌بنه‌وه هه‌ر بۆیه هه‌میشه توێژه‌كانی مامۆستا و پێشمه‌رگه و كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی و پۆلیس و فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی بواره‌كانی تر ده‌مێ دڵخۆشن و ده‌مێكیش تووڕه، ده‌مێ ڕازین و ده‌مێكی تر ناڕازی، ده‌مێ ده‌وام ده‌كه‌ن و ده‌مێ بایكۆت، ده‌مێ به‌رچاون و ده‌مێ بزر، ئه‌م جۆره مامه‌ڵه فێڵاویانه یاریه‌كی دیماگۆگیانه‌یه له (دژ) كۆمه‌ڵگه و تاكه‌كانیه‌تی نه‌ك له(خزمه‌ت) یان.
سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه و ده‌روونی هاوسه‌نگی سیاسه‌توان (خه‌ڵك) به‌و ئامانجه ده‌زانێ هه‌رچی هۆكار هه‌یه ده‌بێ بیخاته (خزمه‌ت)ی نه (دژ) ی، دیبلۆماسیه‌ت و سیاسه‌تی شه‌ڕانگێز له دۆخه زینده‌گیه كۆمه‌ڵایه‌تیه نا ئارامه‌كان ده‌رده‌كه‌ون نه‌ك بۆ هێنانه ئارای كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك مافی هه‌رچی تاكه‌كانی هه‌یه بێته دی، سیاسه‌تكردنی كوردی هه‌مان سیاسه‌تكردنی كه‌سێكه به كه‌سێكی تر، هی گرووپێكه به گرووپێكی تر، سیاسه‌تكردن لێره مانای (ڕه‌زیل و سوككردن) ده‌دا نه‌ك ئیداره و كارگێڕی. (فڵانه كه‌س و فیساره توێژم سیاسه‌تكرد) واته له ڕێز و شه‌وكه‌تم هێنایه خوار، ئه‌مه تێگه‌یشتنێكی شاراوه‌ی سیمبوولیكیه دنیایه‌ك مانا ده‌داته ده‌ست.
ده‌سه‌ڵاتوانانی ئه‌م هه‌رێمه به‌م ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته ناسیاسیانه‌یان پێمانده‌ڵێن:-
• ئێمه ڕاسپێردراوین تا لایه‌ك به لایه‌كدا ده‌كه‌وێ له شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی له‌م نێوه‌دا ته‌نها خۆمان به‌ڕێوه‌به‌رین و هاوسه‌نگیه‌كانی شه‌ڕه‌كانی به وه‌كاله‌ت ڕاگرین.
• په‌روه‌رده و گه‌شه‌ی مرۆییی هیچ گرنگییه‌كی لای ئێمه نیه بۆیه ڕابواردن به زانكۆ و خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده و مامۆستایان یاریه‌كه‌مان بۆ خۆشتر ده‌كا.
• هه‌ر ڕۆژه‌ی توێژێك دێنینه پێش یا ده‌به‌ینه پاش جگه له هه‌لومه‌رجی سیاسه‌تبازی خۆمان و گونجانی په‌یوه‌ندییه به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌كانمان چیتر نیه.
• خه‌ڵكینه خۆتان مشه‌وه‌ش مه‌كه‌ن ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی ڕاگرتووه باڵانسه هه‌رێمی و نێو ده‌وڵه‌تیه‌كانن نه‌ك شان و شكۆی نه‌ته‌وه‌ییمان.
• ئێمه هیچ ستراتیژێكمان نیه نێوی بنیاتنانی تاك و كه‌سی كوردی بێ له ڕووی دیموكراسی و مه‌عریفه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه، چون ده‌ركه‌وتنه‌وه‌مان ئه‌مجاره هه‌ڵكه‌وت و داكه‌وتێكی نێوده‌وڵه‌تی بوو نه‌ك خه‌باتێكی سیاسیی هاوسه‌نگ.
• ئێمه له كه‌مپێكی گه‌وره‌ی ئینسانییدا ده‌یبه‌ینه سه‌ر و ئامانج نه‌شێوانی سیاسه‌تی ده‌ولییه، چیتر گوشاری به سیاسییكردنیمان مه‌خه‌نه سه‌ر و ناتوانین و ناشمانه‌وێ بیكه‌ینه بارێكی سیاسی.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*كڵان: كۆمه‌ڵه مرۆییه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانن كه له دژی ئاژه‌ڵه دڕنده‌كان یه‌كیان ده‌گرت.
*كارتل: یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌مهێنن له یه‌كێتیه‌كی هاوبه‌رژه‌وه‌نددا.
*خۆ: خود.
*ئایده‌ویه‌ت: له ID ی فڕۆیده‌وه هاتووه، واته ئه‌مباری غه‌ریزه‌كان.
*دیماگۆگی: ساویلكه خه‌ڵه‌تاندن.
*پاڕانۆیی: ئه‌و كه‌سه نه‌خۆشانه‌ن هه‌میشه واده‌زانن سته‌میان لێكراوه، هه‌میشه به گومانن له ده‌وروبه‌ر.
*سایكۆپاس: كه‌سه دژه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانن.