ئه‌ندازیاری كۆڕه‌و كێ بوو؟.. عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د
ئه‌گه‌ر باسی كۆڕه‌و بكه‌ین ناتوانین باسه‌كه ده‌رباز بكه‌ین بێ ئه‌وه‌ی بچینه‌وه سه‌ر شه‌ڕی كه‌نداوی دوو و راپه‌ڕینی باشووری عێراق كه ئیسلامی سیاسی شیعه ناوزه‌دیان كردووه به راپه‌ڕینی شه‌عبانییه, چونكه ئه‌گه‌ر پانۆرامایه‌كی هه‌مه لایه‌نه نه‌خه‌ینه به‌رده‌ست, وا ده‌بینرێت كه‌سێك هاتووه دۆن كیشۆتانه یان سپارتاكۆسانه ئاڵای شۆڕشی به‌رز كردۆته‌وه و راپه‌ڕینی له كوردستان ئه‌نجامداوه‌و كۆشكه زستانییه‌كانی قه‌یسه‌ره‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك رزگاركردووه.
پانۆرامای شه‌ڕی دووه‌می كه‌نداو”كوه‌یت”
سوپای عێراق رۆژی پێنج شه‌ممه رێكه‌وتی 2-8-1990 كوه‌یتی داگیر كرد, هه‌واڵه‌كه جیهانی تاساند, سه‌رشێتییه‌ك ئه‌نجامدرا دوور له پێشبینییه‌كان, به‌ره‌ی كوردستانی كه له دوای تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌و قۆناغه‌كانی كۆتایی ئه‌نفالدا پێك هاتبوو, له ترسی كاردانه‌وه‌ی به‌عس كه له هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالدا چاوترسێنیانی كردبوو, بڕیاری ئاگر به‌ستیدا, له كاتێكدا جیهان به‌ره‌و روی داگیركاری كوه‌یت له لایه‌ن عێراقه‌وه ببوه‌وه به یه‌كێتی سۆڤیه‌تیشه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار ڤیتۆی بۆ پشتیوانی له عێراق به‌كار نه‌هێنا, له رێكه‌وتی 7-8 ئه‌مه‌ریكا ئۆپه‌راسیۆنی درعی سه‌حرای راگه‌یاند, به دوایدا عاسفه سحرا” ئۆپه‌راسیۆنی رزگاری كوه‌یت” له رێكه‌وتی 17ی یه‌نایه‌ر راگه‌یاند كه تاكو 28ی فبرایه‌ر به سه‌ركه‌وتنی سوپای هاوپه‌یمانان به‌سه‌ر عێراقدا له 28ی فیبریوه‌ری به‌رده‌وام بوو.
ئۆپه‌راسیۆنه‌كه پێك هاتبوو له هاوپه‌یمانی سوپای 34 وڵات و به به‌شداری 966344 سه‌رباز.
له به‌ره‌به‌یانی پێنجشه‌ممه رێكه‌وتی 17ی جه‌نیوه‌ریه‌وه فرۆكه جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانان سه‌رتاپای عێراقیان بۆردومان كرد,به به‌شداری 2430 فڕۆكه‌ی پێشكه‌وتوی نوێ, هاوپه‌یمانان له ماوه‌ی چل و سێ رۆژدا109867 جار بۆردومانی ناو عێراقیان كرد, به‌ڕێژه‌ی 2555 جار له رۆژێكدا, رۆژانه 60624 ته‌ن بارودیان به‌سه‌ر خه‌ڵك و سه‌ربازگاكانی عێراقدا ده‌باراند, عێراقیان غه‌رقی دوكه‌ڵ و ئاگرو خوێن و مه‌رگ و وێرانه كرد, له جارێكدا له په‌ناگه‌ی عامریه ئێسك و پروسكی 315 ژن و منداڵیان هاڕی و تاوانی جه‌نگیان ئه‌نجامدا, ئه‌مه‌ریكا به رۆكێتی دور هاوێژی كرۆز و بۆمبی هیشۆیی و بۆمبی زیره‌ك و چه‌كی لیزه‌ری پێشكه‌وتوو تا ده‌گاته یۆرانیۆمی چاككراو له عێراقی ده‌دا, 288 تۆماهۆكی له ده‌ریای سوره‌وه به عێراقه‌وه نا, عێراقیش 86 سكودی نا به ئیسرائیل و سعودییه‌وه, به گشتی له دوای جه‌نگی كۆریاوه شه‌ڕی كوه‌یت گه‌وره‌ترین جه‌نگ بوو له جیهاندا,له به‌رامبه‌ردا سه‌دام له‌هه‌مان رۆژی راگه‌یاندنی عاسیفه سه‌حرا, ئوم‌لمه‌عاركی راگه‌یاند.
له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له رێكه‌وتی 22ی شوبات, عێراق رازی بوو هێزه‌كانی له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا له كوه‌یت بكشێنێته‌وه, له رێكه‌وتی 24 ی مانگ هاوپه‌یمانان هاتنه ناو كوه‌یته‌وه, 26 مانگ له هێزه‌كانی عێراقیان دا كه له حاله‌تی پاشه‌كشه‌دا بوو, له ئه‌نجامدا له‌ماوه‌ی چه‌ند كاژێرێكدا 70 بۆ 100 هه‌زار سه‌رباز كوژرا, له‌و قه‌سابخانه‌یه‌كی بێوێنه‌ی لێكه‌وته‌وه, یه‌كێك له گه‌وره‌ترین تاوانه‌كانی مێژوو تۆماركرا, هه‌روه‌ها سوپای عێراق زیاتر له 30 هه‌زار دیلی دا, له گه‌ڵ تێكشكانی4000 تانك, 3100 تۆپ, 1856 ئۆتۆمۆبیلی سه‌رباز گواستنه‌وه, ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێت له 23ی یه‌نایه‌ر له كۆی 750 فرۆكه‌ی جه‌نگی عێراق ته‌نها 122 فرۆكه‌ی به ساغی مابوو, ئه‌ویشی ته‌سلیم ئێران كرد, له كاتێكدا له ماوه‌ی 8 ساڵه‌ی شه‌ڕی ئێران – عێراق هێزی ئاسمانی عێراقی جوڵه‌ی له هێزی ئاسمانی ئێرانی بڕیبوو, هه‌مان ئه‌و فڕۆكانه تاوانیان ئه‌نجام ده‌دا, ئێستا پێشكه‌شیان ده‌كرێت.
دوای ئه‌و تێكشكانه سوپای عێراق له سوپایه‌كی ملهوڕی شه‌ڕه‌نگێزه‌وه بووه سوپایه‌كی ته‌سلیم بووی ملكه‌چ, وێنای ئه‌و رۆژانه له جه‌نگی جیهانیشدا نه‌بووه, ریزی دیله‌كان و ته‌رم و ئامێره تێكشكاوه‌كان له‌ناو چڕه دوكه‌ڵدا له‌ناو ئه‌و بیابانه پان و به‌رینه شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌كانی له جیهان داگیر كرد.
له 26ی شوبات له گه‌ڵ كشانه‌وه‌دا, عێراق ئاگری له بیره نه‌وته‌كان كوه‌یت به‌ردا, ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وتی رژانده كه‌نداوی عه‌ره‌بیه‌وه, له كۆی 1080 بیره نه‌وتی كوه‌یتی 727 بیره نه‌وتی ته‌قانده‌وه, 128 په‌ڵه نه‌وتی گه‌وره كه‌نداوی عه‌ره‌بی داپۆشی, به‌مه‌ش گه‌وره‌ترین تاوانی ژینگه‌یی ئه‌نجامدا.
له 4ی ئازار له‌ناو بیابانه‌كانی سه‌فوان له سنوری سعودییه, به سواری زرێپۆشی ئه‌مه‌ریكی, شاندی عێراقی چوونه ناو خێمه‌ی سه‌فوانه‌وه, عێراق به فه‌رمی له‌ژێر خێمه‌مه‌كه‌دا ته‌سلیم بوو, ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای مێژوویه‌كی نوێی جیهانی بوو پێی وترا سسته‌می نوێی جیهانی ,له ناوه‌ڕۆكدا سه‌ركه‌وتنی نیولیبرالیزم و باڵاده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بوو, له ژێر ئه‌و خێمه‌یه نه‌زمێكی تازه‌ی جیهانی له دایك بوو, له به‌رامبه‌ر ئه‌م خۆبه‌ده‌سته‌وه دانه‌ی عێراق هێزی ئاسمانیه‌كه‌ی ده‌ستكراوه كرا له لێدانی خۆپیشانده‌رانی باشووری عێراق, هاوكات هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ئاماده نه‌بوون پێشوازی له نوێنه‌ری خۆپیشانده‌رانی باشوور بكه‌ن, هۆكاره‌كه‌شی باڵا ده‌ستی ئاراسته‌ی ئیسلامی سیاسی بوو له راپه‌ڕینه‌كه‌یان, له دوایدا له ساڵی 2003 ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ژه‌هره‌ی به ناچاری نۆش كرد‌و عێراقی له‌سه‌ر سینیه‌كی زێڕین پێشكه‌شیان كرده‌وه, به مه‌ش له قه‌تڵگاكان زیاتر تۆڵه‌ی له خه‌ڵكی عێراق كرده‌وه, وڵاتی به‌ره‌و جه‌هه‌نمی ترسناكتر له‌وه‌ی سه‌دام برد.
راپه‌ڕینی باشووری عێراق
له 28ی شوباته‌وه, شاری به‌سره جمه‌ی دێت, چ له ئه‌و سه‌ربازانه‌ی به ساغی و به برینداری له ریزه دورو درێژه‌كاندا به دوای یه‌ك, ده‌ڵێی مێروله‌ن, به سیمای دوكه‌ڵاوی چڵكنه‌وه, به سه‌ری شۆڕه‌وه ملی رێگایان به‌ره‌و ناو عێراق گرتۆته به‌ر, وه چ كه‌سوكاری سه‌ربازان له هه‌موو عێراقه‌وه له سه‌رسنووری كوه‌یته‌وه تا به‌سره كۆبونه‌ته‌وه بۆ هه‌واڵپرسی رۆڵه‌كانیان, له‌و كاته‌دا سه‌ربازێك به تفه‌نگه‌كه‌ی چه‌خماخه‌ی راپه‌ڕین لێده‌دات,بێده‌نگی ده‌شله‌قینێ, جۆشی رقی خه‌ڵكه‌كه ده‌دا.
وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه له 1ی ئازار ئه‌فسه‌رێك له شارۆچكه‌ی زوبێری سونی نشینی سه‌ر سنوری كوه‌یت به پێوه نانی گوله به وێنه‌كه‌ی سه‌دامه‌وه گڕی راپه‌ڕینی له عێراق هه‌ڵگیرساند, له لایه‌كی دییه‌وه ده‌ڵێن به‌یانی زووی رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی 1ی ئازاری 1991 له گۆڕه‌پانی سه‌عد له شاری به‌سره, سه‌ربازێك كه له شه‌ڕی كوه‌یت به دۆڕاوی گه‌ڕابوه‌وه, له داخی ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌ی له شه‌ڕ بینیبوی, گوله‌یه‌كی نا به وێنه‌كه‌ی سه‌دامه‌وه و گڕی راپه‌ڕینی له عێراق هه‌ڵگیرساند, هه‌ردوو روداوه‌كه له به‌سه‌را و هه‌مان رۆژ رویاندا, پێی ده‌چێت شیعه‌كان بۆیه باسی ئه‌وه‌ی زوبێر ناكه‌ن چونكه شارێكی سونی نشینه, هه‌مان رۆژ شاره‌كانی به‌سره‌و میسان و كه‌ربه‌لا كه‌وته ده‌ست خۆپیشانده‌ران, دواتر نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و دیوانیه‌و سه‌ماوه‌و حیله‌و كوتیشی گرته‌وه, له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ته‌واوی باشووری عێراق هه‌مووی كه‌وته ده‌ست خۆپیشانده‌ران, تا راپه‌ڕین گه‌یشته شاره‌كانی عه‌زیزیه‌و مه‌حمودیه‌ی رۆخی پایته‌خت, به گشتی راپه‌ڕین 14 پارێزگای گرته‌وه به كوردستانیشه‌وه.
له رێگای سنووری ئێرانه‌وه هێزه شیعه‌كانی وه‌ك ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و حیزبی ده‌عوه زوو هاتنه ناو عێراقه‌وه . بۆ رێكخستنی خۆپیشانده‌ران
راپه‌ڕینی كوردستان
له 4ی مانگ كه عێراق له ژێر خێمه‌كه‌ی بیابانی سه‌فوان ته‌سلیم بوو, له به‌رامه‌ردا گڵۆپی سه‌وزی بۆ هه‌ڵكرا بۆ ئه‌وه‌ی راپه‌ڕین سه‌ركوت بكات, قۆناغی سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕین له باشوور ده‌ستی پێكرد, رۆژی دوای سه‌فوان راپه‌ڕین گه‌یشته كوردستان به ده‌روازه‌ی رانیه‌یا, لێره‌دا ده‌بینین هیچ ده‌ست پێشخه‌ریه‌ك نه‌ك نییه بۆ راپه‌ڕین له كوردستان بگره كات له دوای باشووری عێراق و هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وزی هاوپه‌یمانانه‌وه‌یه بۆ سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕینی باشووری عێراق, رێی تێده‌چێت له‌وكاته‌دا ئێران فشاره‌كان له‌سه‌ر هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كان كورد توند ده‌كات تا به‌ره‌یه‌كی دیكه بكه‌نه‌وه فشار له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی كه‌مبێته‌وه, نامه‌و هه‌وڵه‌كانی ئه‌وكات ئاماژه‌ی وایان تێدایه. ئه‌گه‌ر راست بن و له پشكنینی كاربۆنی ده‌رچن, له كاتێكدا زه‌مینه‌ی راپه‌ڕین دوای رێكه‌وتنی سه‌فوان و ده‌ستكراوه كردنی هێزی ئاسمانی عێراقی بۆ سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕین لاواز بوو, وه‌لێ كه خه‌ڵك ئه‌نجامی دا, ئیتر هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی دوای كه‌وتن, ئه‌گه‌ر وه‌ك باشووری عێراق سه‌ركوتبكرابایا بێ ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆڕه‌و, كه كراش به‌ڵام كۆڕه‌و مایه‌كه‌ی هێنایه‌وه, نه‌ك ئه‌ندازیاری نابوو, بگره وه‌ك هه‌ڵه‌بجه هه‌تیو و بێكه‌س سه‌ری ده‌نایه‌وه, كه‌س نه‌ك باسی ئه‌ندازیاری ناكرد, بگره به‌ڵگه‌نامه‌ی قولابیشیان بۆ پاكانه كردن دروسته كرد.
تا ئێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی بڵاو كراوه نییه هیچ هێزێكی كوردی پێش ئه‌و مێژووه ” راپه‌ڕینی به‌سره1-3-1991 “بانگه‌وازی بۆ راپه‌ڕین كردبێت, ئه‌وه‌ی هه‌بووه جوڵه‌و په‌یوه‌ندیكردن و خۆ رێكخستنه‌وه بووه, له‌و بێ ئومێدییه‌ی تێی كه‌وتبون وه‌ك خۆیان وتویانه جورئه‌تمان نییه وه‌ك م م بڵێین ئاش به‌تاڵه.
به بڕوای ئێوه راپه‌ڕینێك دوای ئه‌م هه‌موو روداوه گه‌رم و شكسته مه‌زنه‌ی سه‌دام هاتبێت, ده‌شێت ئه‌ندازیاری هه‌بێت؟؟, وه ئه‌ندازیاره‌كه‌شی بۆ خۆیان فیشه‌كێكیان نه‌ته‌قاندبێت؟؟ ئازیزێكیان خوێن له لوتی نه‌هاتبێت؟؟؟؟؟.
هه‌موو كه‌س له شه‌به‌قی پێنج شه‌ممه‌ی رێكه‌وتی 17-1-1991ه‌وه ده‌یزانی سه‌دام له شكسته, چاوه‌كان دوكه‌ڵ و ئاگری فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانی ده‌بینی, گوێیه‌كانیش گوێ بیستی ته‌قینه‌وه‌كان بوون, ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه عه‌قڵێكی خاریقی ناویست, ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌شی سیاسه‌تی نه‌كردبوو له ژیانیدا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتببوو, جاشه‌كانیش له‌وه تێگه‌یشتبوون ده‌بوایا خۆیان به لایه‌كدا بده‌ن, ئاخر ئه‌وان راسته ئاخوڕیان لای رژێم بوو, به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان كلكیان به لایه‌نێكه‌وه به‌سترا بوو.
راپه‌ڕین و ده‌ستكه‌وته‌كانی
راپه‌ڕین ته‌نها دوو ساڵ و نیو دوای هه‌ردوو كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ئه‌نجامدرا, هێشتا شوێن‌بزر بوونی ئه‌نفالكراوان و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه له زه‌ینی خه‌ڵكدا مابوو, هێشتا دوكه‌ڵی كیمیاوی و ته‌پ و تۆزی روخانی گونده‌كان و كوشتنی خه‌ڵك له به‌رچاوان بوو, هێشتا ترس و له‌رزی فڕی دانه خواره‌وه‌ی هاووڵاتیان له كۆپته‌ره‌وه له زه‌ین و هۆشدا بوو, هاوكات دژه سه‌ركوتكردنی راپه‌ڕین له باشووری عێراق, حوسێنی زیندوو” حوسێن كامل” گوله‌ی تانكه‌كه‌ی كه نا به حوسێنی مردوه‌وه, نیشانه‌ی ده‌ست نه‌پاراستن بوو, كوژرانی 5000 به‌عسی له راپه‌ڕین به كوشتنی 100 هه‌زار له هاووڵاتیانی باشوور وه‌ڵام درایه‌وه, ئه‌م دوو وێنه تراژیدیایه خه‌ڵكیان هاندا كۆڕه‌و بكه‌ن, له سه‌ره‌تادا هێزه‌كانی به‌ره‌ی كوردستانی رێگری توندیان له خه‌ڵك كرد شار به‌جێ بهێڵن, ئێمه تا به‌ره به‌یان به ئۆتۆمۆبیلی پڕ له ژن و منداڵی جل وبه‌رگ ره‌شه‌وه, هه‌موو له پرسه‌ی شه‌هیدو ئه‌نفالدا بووین, رێگایان نه‌دا له شار ده‌رچینه ده‌ره‌وه, وه‌لێ كه گوله‌ی تۆپه‌كان گه‌یشته ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرو رێگركه‌ران هه‌ڵاتن, ئیتر وه‌ك روبار جه‌ماوه‌ر رێگای خۆی كرده‌وه, لێره‌شدا خوێنی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌و رۆژه‌دا بووونه قوربانی له ئه‌ستۆی ئه‌وانه, خه‌ڵك به به‌جێ هێشتنی ماڵ و شار, ئه‌و داستانه‌یان خولقاند كه له مێژوودا ناوی نرا كۆڕه‌و, دوای ته‌نها چوار رۆژ , داستانی برسی و سه‌رما بردووه‌كان چووه سه‌ر مێزی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان, 5ی ئه‌پرێل بڕیارێكی هه‌شت خاڵی به‌ناوی بڕیاری 688 له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه ده‌رچوو بۆ پاراستنی خه‌ڵكی سڤیل, به‌مه‌ش كۆڕه‌و بووه هۆكاری گۆڕانكاری بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی گه‌لی كورددا, هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال له كاتی خۆیدا نه‌یانتوانی كاریگه‌ری دابنێن, به‌ڵام كۆڕه‌و كه روحی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و كاردانه‌وه‌ی ئه‌و دوو تراژیدیایه بوو, جیهانی هێنایه ده‌نگ, لێره‌دا ده‌بینین تراژیدیا رایگشتی و له‌ناو خۆشدا نه‌رمه هێزی ناوخۆیی دروست كرد.
راپه‌ڕین ئه‌نجامی نه‌بوو, وه‌لێ شكستی راپه‌ڕین بووه سه‌ركه‌وتن, دوو هۆكاری دواتر هاتنه پێشه‌وه شه‌ڕی كۆڕێ و به راده‌ی كه‌متر ئه‌زمڕ و راپه‌ڕینه‌كانی مانگی ته‌موزی هه‌مان ساڵی ناو شاره‌كان, وه سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه له سه‌رقه‌ڵاو گه‌رمیان, هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كانی كۆڕه‌ویان جێگیرترو به‌رفراوانتر كرد.
كه‌واته ئه‌گه‌ر له راستیدا هه‌ر ئێمه‌ی جه‌ماوه‌ر ئه‌ندازیاری راپه‌ڕین بوبێتین, ئه‌وا بێشك ئه‌ندازیاری كۆڕه‌وی ملیۆنی و راپه‌ڕینی ته‌موزی ناو شاره‌كان بووین, ئه‌م واقعه‌ی دروست بووه به‌ری ره‌نج و تێكۆشای هه‌موومانه.
ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی هه‌یه, به به‌ڵگه‌نامه وه‌ڵام بداته‌وه, به‌ڵگه‌نامه به وته‌ی شه‌فه‌وی نابێت, پێویستی به به‌ڵگه‌ی نووسراو لێكۆڵینه‌وه‌و ساغكردنه‌وه‌و پشكنینی كاربۆنی هه‌یه.