Skip to Content

گرینگی مانگرتنی ئێستای پەرستاران لە بەریتانیا، ڕۆڵی لەسەر ژنانی کرێکار و مافەکانیان.. شیرین عەبدوڵڵا

گرینگی مانگرتنی ئێستای پەرستاران لە بەریتانیا، ڕۆڵی لەسەر ژنانی کرێکار و مافەکانیان.. شیرین عەبدوڵڵا

Closed
by كانونی دووه‌م 8, 2023 General, Opinion

کۆلیژی شاهانەی پەرستاری لە بەریتانیا* لە ڕۆژی ١٥.١٢.٢٠٢٢، بۆ یەکەمجار لە مێژووی (١٠٦) ساڵەی خۆیدا، دەستیکرد بە ڕێکخستنی گەورەترین مانگرتنی ستافی پەرستاری لە سەرانسەری وڵاتدا، کە نزیکەی سەد هەزار (١٠٠.٠٠٠) لە ئەندامەکانی لە (ئینگلتەرا) و (ئێرلەندای باکوور) و (وێڵز) بەشداری دەکەن. پێشبینی دەکرێت ئەمە قۆناغی یەکەمی مانگرتن بێت لەسەر مووچە و بارودۆخی کارکردن و سەلامەتی نەخۆش بۆ دوو ڕۆژی ١٥ و ٢٠ی (دیسەمبەر)ی ئەمساڵ، و پێشبینی دەکرێت ئەمە تەنها سەرەتای مانگرتنێکی درێژتر بێت، ئەگەر دانوسانە فەرمیەکان ئەنجام نەدرێ، یان ئەنجامێکی جێگەی ڕەزامەندیی بەدەست نەهێنن، هەروەها تیمەکانی فریاگوزاری و ئەمبوڵانس و ئاگرکوژێنەوە و بەشێک لە پزیشکانیش دواتر پەیوەندییان پێوە دەکەن.

(کۆلێژی شاهانە) بە سوودی ئەندامەکانی، لە زمانی پات کۆڵین، سکرتێری گشتی سەندیکاکەوە، داوای زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) دەکات واتە لەسەدا پێنج (%٥) سەروو ڕێژەی هەڵاوسان، هەروەها داوای باشترکردنی بارودۆخی کارکردن دەکات بۆ دڵنیابوون لە دەست لەکار نەکێشانەوەی کادرەکان، و ڕاکێشانی کارمەندی نوێ بۆ ئەو پیشەیە، و دڵنیابوون لە سەلامەتی نەخۆشەکان.

ئەم مانگرتنانە بەشێکن لە زنجیرە مانگرتنێک کە ئەمڕۆ زۆرێک لە دامەزراوە گەورەکانی بەریتانیایان گرتۆتەوە، بە کۆی گشتی زیاتر لە یەک ملیۆن و (٤٠٠) هەزار ڕۆژی کارکردن کە بریتین لە کرێکارانی تۆڕی شەمەندەفەر، کرێکارانی خوێندنی باڵا، وانەبێژ و غەیرە ئەکادیمی، کرێکارانی ڕۆیاڵ مەیل، فەرمانبەرانی حکومی لە وەزارەتی ناوخۆ، شۆفێران، هەندێک هێڵی هاتووچۆی پاس، کرێکارانی دادگا و هەندێکی تر. ئەم شەپۆلە مانگرتنە لەسەر پاشخانێک سەریهەڵداوە کە زیاتر لە دە ساڵە مووچەی کەرتی گشتی خەوێنراوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاودێری کۆمەڵایەتی و بەنەفیتەکان کەم کراونەتەوە و سیاسەتی نیولیبراڵ و ملکەچکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ یاساکانی بازاڕ و کێبڕکێ و کەڵەکەکردنی قازانج لەسەر حیسابی ملیۆنانی خەڵکی هەژار پیادە دەکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی (%٢٢)ی خەڵک لە بەریتانیا لە هەژاریدا دەژین. چەند ملیۆنێک لەمانە، لەنێوانیاندا نیو ملیۆن منداڵ، دۆخی (هەژاری لەڕادەبەدەر) یان بەسەر بردووە لە ماوەی (١٢) مانگی پێش پەتای کۆڕۆنا. “هەژاری لەڕادەبەدەر” خراپترین حاڵەتی هەژاریە کە مرۆڤ هیچ توانایەکی دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و خواردن و پۆشاک و خۆ گەرم کردنەوەی نییە. دۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات و مەترسی ئەوە هەیە کە ئەم زستانە بە هەموو مانایەک تاریک و سەخت بێت بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای بەریتانیا.

هۆکار و کاردانەوەکانی مانگرتنی پەرستاران،

کرێ و بارودۆخی کارکردن:

ژمارەیەکی زۆر لە پەرستاران لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمی مووچەوە پیشەکەیان بەجێهێشت، بەڵام کرێ تاکە هۆکار نەبووە. ئەندامانی (کۆلێژی شاهانە)، وەک هەموو کارمەندانی چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتی لە بەریتانیا، بەهۆی فشاری کارە بێوچانەکانەوە بەدەست ماندوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن و ئەم فشارە تاڕادەیەکی زۆر لە ماوەی پەتای کۆڕۆنادا توندتر بووە. بەهۆی ئەم مەرجانەوە پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانی کار قورسە، ئەمەش بارگرانی لەسەر ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە زیاد دەکات کە لە پیشەکەدا دەمێننەوە.

بەیاننامەیەک کە لە لایەن کۆلێژەکەوە لە مانگی یەکی ساڵی (٢٠٢٢) پێشکەش بە پەرلەمانی بەریتانیا کراوە، ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئێستادا زیاد لە (٣٩.٨١٣)، تێکڕا لەسەدا دە و نیو (%١٠.٥) پۆستی بەتاڵ لە هێزی کاری پەرستاری لە ئینگلتەرا هەیە.

هەروەها بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ستافی پەرستاری تەندروستی گشتی (ناشناڵ هێڵث سێرڤس- ان اچ اس) بە شێوەیەکی عادلانە پاداشت نادرێنەوە بەرامبەر بە پلەی بەرزی لێهاتوویی پیشەیی و مەترسی پیشەیی بە بەراوورد بە کەرتەکانی تر و کەرتی تایبەت.

داواکاری زیادکردنی مووچە بە ڕێژەی (%١٩) بۆ قەرەبووکردنەوەی لێبڕینەکانە کە بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە ئەنجامی سیاسەتەکانی (پاشکەوتکردن بۆ زیادکردنی کارایی) و خەواندنی مووچەی کەرتی گشتی لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە تا ئێستا، کە مووچەی ڕاستەقینەی پەرستارانی خاوەن ئەزموونی خراپتر هێشتۆتەوە بە ڕێژەی (%٢٩)، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنانەت ئەگەر پەرستاران (%١٩) زیادبوون وەربگرن، هێشتا بەهای ڕاستەقینەی مووچەکانیان کەمتر دەبێت لە ساڵی (٢٠١٠).

پەرستاری و مافی ژنانی کرێکار:

پیشەی پەرستاری لە مێژوودا پیشەیەکی ژنان بووە، کە تێیدا بەرزترین سیفەتە مرۆییەکان تێکەڵ بە لێهاتوویی پیشەیی و بەکارهێنانی زانستی دەبن. سەرەڕای گۆڕانی ئەم شێوازە لە سەردەمی ئێمەدا کە زۆرێک لە پیاوان لەم پیشەیەدا کار دەکەن، و سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنە زانستییە زەبەلاحانەی کە لە سەردەمی فلۆرانس نایتنگەیل (پێشەنگی پەرستاری مۆدێرن) ەوە بەدەست هاتوون، ئەو بۆچوونە نەریتییە هەر ماوتەوە کە پیشەکە وەک خزمەتگوزاری یان “بانگەوازێکی مرۆیی” یان “ئەرکێکی خێرخوایی” دەبینێت کە ژنان بە خۆبەخش و بۆ یارمەتیدانی ئەوانی دیکە کاردەکەن، لەبری ئەوەی وەک پیشەیەک سەیر بکرێت کە هەردوو جەندەر کاری تیا دەکات و ئاستی بەرزی لێهاتوویی و توانایی جەستەیی و دەروونی، و زیهنی دەوێت. ئەمەش بووەتە هۆی بەکەم نرخاندنی پیشەکە و بێزارکردنی مۆڕاڵی کادرەکانی.

ڕێکخستنی مانگرتن بۆ کارمەندانی تەندرووستی هەمیشە زەحمەتە، بەو پێیەی ڕاگرتنی دەوام تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دەبێت. بەو پێیەی کە پاڵنەری زۆربەی ئەوانەی لەم بوارەدا کار دەکەن حەز بە یارمەتی و هەستی ئینسانییە، زۆر قورسە بۆیان نەخۆشەکانیان بەجێ بهێڵن لەکاتێکدا کە ئەو نەخۆشانە پێویستیان بەمانە. مانگرتن لە نەخۆشخانە یان کلینیکێکی پزیشکی وەک مانگرتن بۆ نموونە لە کارگەیەکی ئۆتۆمۆبیل نیـیە.

سیستەمە تەندرووستییەکان، نەک هەر لە بەریتانیا، بەڵکو لە هەمو جیهاندا، بەهرەبەردارییەکی خراپ لە دڵسۆزی و گیانی ئینساندۆستانەی کادیرەکانیان دەکەن، و مافە پیشەییەکانیان پێشیل دەکەن و هەروەها پلە نزمی ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا ڕێگە بۆ ئەم پێشێلکاریە خۆش دەکات و ئاسانتری دەکات.

نایەکسانی حەقدەست و مافەکانی ژنان لە هەموو سێکتەرەکاندا زۆر بە زەقی لە کەرتی پەرستاری و تەندروستیدا دەبینرێت، بەڵام ژنی پەرستار وەک هەر کرێکارێکی تر ژنێکی کرێکارە، و مافی خۆیەتی مانبگرێت و داوای مافی یەکسان بکات و کارەکەی بەو پێیە هەڵسەنگێنرێت کە شایەنیەتی.

سیاسەتەکانی جیاکاری لەنێوان مانگرتوان و جەماوەردا:

حکومەتەکان بەتایبەتی سوود لەم خاڵە وەردەگرن بۆ ئەوەی بیروڕای گشتی بەدژی مانگرتوان بورووژێنن و هاوسۆزی خەڵک کەم بکەنەوە بۆ هەر مانگرتنێکی ستافی پزیشکی و بڵاوەپێکردنی ڕیزەکانیان، وەک ئەوەی لە مانگرتنی گشتی پەرستاراندا لە ساڵی (١٩٨٨)دا ڕوویدا، کاتێک (تاتشەر) کرێکارانی مانگرتووی تۆمەتبار کرد بە وەی کە “بە ئەنقەست دژە نەخۆشن” و ” بارگرانی لەسەر شانی ئەو پەرستارانە زیاد دەکەن کە هەرگیز خەونیش بە مانگرتنەوە نابینن چونکە واز لە نەخۆشەکانیان ناهێنن”!

(ڕیشی سوناک)، سەرۆک وەزیرانی ئێستای بەریتانیا، مانگرتنەکانی ئێستای ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، مانگرتنەکان “مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر خێزانە زەحمەتکێشەکان”، وەک ئەوەی کارمەندانی تەندروستی، پەرستاری، ئەمبولانس، هێڵی ئاسن، گواستنەوە و پۆست خێزان و کەسانی زەحمەتکێش نەبن لە دەرەوەی ئەم پۆلێنکردنە بن. بەم شێوەیە حکومەتەکان هەوڵ دەدەن ناتەبایی لەنێوان سێکتەرەکانی جەماوەری ناڕازیدا بچێنن و ڕیزەکانیان بڵاوە پێبکەن، بەڵام جەماوەر ئاگاداری ئەوە بووەتەوە و هاوسۆزی بۆ پرسی مانگرتووان بە گشتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.

پەرستاران تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە سەلامەتی نەخۆشەکانیان پشتگوێ دەخەن و بایەخیان بپێنادەن، بەڵام مانگرتووان دەڵێن، هەر ئێستا ژیانی نەخۆشەکانیان لەمەتریسدایە و دەمرن، بەهۆی خراپی بارودۆخ و قورسی کارەکە و فشاری کار و کەمی ژمارەی کرێکاران بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی نەخۆشەکان و بیرۆکراسی زیاد لە پێویست. وە ئەوان خۆیان بەرپرسیار دەزانن کە ئێستا دەبێت دەنگیان بەرز بکەنەوە لە پێناو پاراستنی نەخۆشەکانیان و داهاتووی پیشەکەیان و پاراستنی خزمەتگوزاری تەندروستی گشتی.

مانگرتن و ڕێکخستن وەک ئامرازێکی گرینگ بۆ گەیشتن بە داواکارییەکان

 و گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانیخواز:

مانگرتووان باش دەزانن کە مانگرتن ڕێگەیەکی سەلمێنراوە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری. مانگرتنی ئەندامانی (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە (ئێرلەندای باکوور) لە ساڵی (٢٠١٩) یارمەتیدەر بوو بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی مووچە لەگەڵ (ئینگلتەرا) و (وێڵز). هەرچەندە مانگرتنی ساڵی (١٩٨٨) نەیتوانی یەکسانی مووچە لەگەڵ پیشەکانی دیکەدا بەدەستبهێنێت، یان بارودۆخی کارکردن باشتر بکات، بەڵام (تاتشەر) لەو کاتەدا ناچار بوو کرێ بە ڕێژەی لەسەدا پانزە و لەدەدا سێ (%١٥.٣) بەرز بکاتەوە.

ئەمە و سنووردانانیش بۆ کاتی دەوامی ڕۆژانە و مافی پشووی کۆتایی هەفتە دەستکەوتی خەباتە ڕێکخراوەکانی دوو سەدەی ڕابردوون.

گەیشتن بە داواکارییەکانی پەرستاران لە بەریتانیا دەبێتە دەستکەوتێکی گرنگ و هۆکاری بەهێزکردنی مۆڕاڵی سێکتەرەکانی دیکە، بە ئەگەری گەیشتن بە داواکارییەکانیان. جگە لەوەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی پیشەی پەرستاری وەک پیشەیەک کە پلەیەکی بەرزی لێهاتوویی هەبێت کە تێیدا زانست لە پێناو سەلامەتی و خۆشگوزەرانی مرۆڤدا بەکاردەهێنرێت و بەو پێیەی ژنان زۆرترین ڕێژەی کرێکارەکانین، دەبێتە هەنگاوێک بەرەو سەپاندنی یەکسانی لە مووچە وماف و بارودۆخی کرێکارانی ئەم کەرتە یەکجار گرنگە، و هەروەها دەبێتە ئیستانداردێک کە کرێکاران و ژنانی کرێکار لە ووڵاتانی جیهان و سیستەمە تەندروستیەکانیان سوودی لێ وەربگرن بۆ پەرەپێدان بە مافەکانیان.

دەبێت هەمومان پشتگیری تەواوی مانگرتنی پەرستارانی بەریتانیا بکەین.

١٨-١٢-٢٠٢٢

شیرین عەبدوڵڵا

****************************

 * (کۆلێژی شاهانەی پەرستاری) لە بەریتانیا گەورەترین سەندیکای پەرستارییە لە جیهاندا. هەم دەزگایەکی پیشەیی و هەم سەندیکایەکی کرێکارییە. زیاتر لە ٤٥٠ هەزار ئەندامی ستافی پەرستاری و مامان و خوێندکار و یاریدەدەری پەرستاری هەیە.

شایانی باسە کە ئەم کۆلیژە تا ساڵی ١٩٩٥ سیاسەتی مان نەگرتنی پەیڕەو کردوە وتەنانەت مانگرتنی ساڵی ١٩٨٨ی ئیدانە کرد، کە لەلایەن پەرستارانی تەندروستی دەروونییەوە دەستیپێکرا و لە سەرانسەری وڵاتدا تەشەنەی سەند.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish