Skip to Content

ژنێک لە بنەچەی درەوشانەوە.. ستیڤان شەمزینی

ژنێک لە بنەچەی درەوشانەوە.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by نیسان 29, 2021 General, Poems

ژنێک رەگێکی ئەچێتەوە
سەر باڵندە کۆچەرییەکانی رۆژهەڵات و
رەگێکی تری ئەچێتەوە
سەر شنەبای وەرزی هاوینان
لە بنەچەی درەوشانەوە و
لەژێر ساباتی تریفەوە هاتووە
لەو ساتەی رووباری حەزەکانم
وشکیان کرد و
پەڵە هەورەکانی ئاسمانی دڵم
خەمیان ئەباراند
بە پۆشاکێکی سەرتاپا پیرۆزەییەوە
ئاسکە کێوی رۆحمی ماڵی کرد
پەیکەرێکی لە ئازارەکانی نیشتمان
لەم غەربیستانەدا بۆ رۆنام و
لە شەوقی مۆمێکی باریکەلەدا
کتێبی توانەوەی نووسیم
بە سەدایەکی سیحرئامێزانە
گوێیەکانی پڕ کردم لە زرینگانەوە
لە شکاندنەوەی پەلی خەیاڵم
مەملەکەتێکی واقیعی بنیاتنا
قەڵغانێکی لە هەڵاتن پێبەخشیم
بۆ ئەوەی شمشێری ئاوابوون نەمبڕێ
جامێک ئاوی ئومێدی پێدام
لە زەمەنی کۆمەڵکوژیی گوڵەکاندا
دەستی میهرەبانیی ئەهێنا
بەسەر هەنسکەکانما کاتی ناشتنی مانگ
غەزەلێکی تری بۆ وتم
لە کەرنەڤاڵی مەستبوونی عاشقە و ماشقەکانا
رەنگی ئەکردم
بە سوراوەکەی وەک باخچە هەڵواسراوەکانی بابل
لەوساتەی دەمویست ماڵئاوایی یەکجاریی
لە عەشق بکەم
پێی وتم بەخێربێی کۆتری باکوور
بۆ نێو حەرەمی سۆزی من
گەورەبوونمی بردەوە بەردەم ماڵی مناڵیم و
بەدەنگێکی بەسۆزەوە وتی
ناهێڵم بۆ هیچ کوێ بڕۆی جگە لە دڵم
رۆیشتنمی گەڕاندەوە
بۆ نێو جوگرافیای هەستەکانی خۆی و
بە هێمای چاو پێیوتم بۆ کوێ ئەڕۆی
من چەند قەڕنە چاوەڕێتم؟
لەنێو کێڵگەی رۆژانی داهاتووما
تۆوی گوڵە ئەوینی رواند و
بژاری رابردووی کردم
لە دڕک و داڵی چەندان جاری دڵشکان
بە کامێرای رۆندکەکانی وێنەی تریقانەوە و
خۆشحاڵییەکانی ئەگرتم
بە ساتۆری پاکیزەیی
قژی لوولی پەرێشانییەکانی هەڵئەپاچیم
بەدەستە نیانەکانی
گۆڕی بۆ ساڵەکانی چاوەڕوانیم هەڵکەند و
بە چاوتروکاندنێک خزاندمییە
وەرزی هەمیشە بەهاری باوەشییەوە
بە فڵچەی نیگا خومارییەکانی
پۆترێتی حەپەساوییەکانمی ئەکێشا و
لە پێشانگای ئاسماندا
لەبەردەم مەلە گەڕۆکەکاندا نمایشی ئەکرد
لە خەرابستانی تەمەنما
پارچە شکاوەکانمی کۆلاج ئەکرد و
سەرلەنوێ لەسەر شێوەی دێوانەیەکی دڵ مرواریدا
دروستی ئەکردمەوە
بانگی ئەکردم
بۆ سەر تەختەی ئەو شانۆ نەشئەئامێزەی
سەمای گوڵەئەستێرە عاشقەکانی تێدا نمایش ئەکرا
ئەیبردم بۆ ئەو نیشتمانەی
بەیانیان گۆرانی تیا دابەش ئەکرا و
ئێواران شیعر و شەراب
شەوانیش ماچی تیا ئەگۆڕدرایەوە
هاوسەفەری ئەو هەنگاوانەم بوو
ملی رێگەم بۆ کوچەکانی عیشق گرتبوو
لە تەنیشتمەوە بوو
ئەو دەمانەی پەپولەیەکی بێکەس
لە گوڵێکی لە خۆبایی ئەپاڕایەوە
لەنێو مشتەکانیدا
توند کۆتری دڵمی ئەگووشی نەکا هەڵفڕم و
لە بناری چیایەکی سەوز و بڵندتردا بگیرسێمەوە
گوێی ئەنا بە سینگمەوە
تاکو کۆراڵی هەستەکانم ببیستێ و
سەری لەسەر سینگم بێ و بەدڵنیایی بنووێ
تنۆکاوی رووخۆشی
تک تک ئەڕژاندە سەحرای رووگرژییەکانم و
لە لم و غوباری ئەو سەحرایەشدا
یاسەمینەکانی ئەخستە شکۆفە
بەگێلاسی لێوەکانی
مژی لە هەموو ژان و ئێشە شیرینەکانم ئەدا و
نەیهێشت دوا نەفەس
لە سیگاری خۆکوشتن و لەناوچوون بدەم
بە لیمۆبارانی زەردەخەنەکەی
چی جوانییە چۆڕاندییە ناو بینایم و
بە تین و گەرمی خۆرەتاوی باڵای
چی بەفری فیرقەتمە تواندییەوە
بە سەوڵی ناز و عیشوە
دەریای مردووی هەستەکانمی هەژاند و
لە شەپۆلەکانیشما ئاگری دۆزەخی دووریی
لە شانی ئەتەکاند
بە هەنگاوە خێراکانی
بەجێمانمی کردە گیرفانەکانی بیرەوەرییەوە و
پێکە ساردەکەی پڕ کردم
لە بۆنی رەیحانە و مێخەکی هەناسەی
سوێندی دام بە مەرگی چڵێ نێرگز و
خاتری ترپە ترپی چرایەک
شیعرم لە ماچەکانی هەڵکێشم و
خەون بە ماچێکی تریشەوە ببینم
فێری کردم کفنی مەرگ
بە هۆنینەوەی شیعرێک بۆ ژیان بدڕم و
لە تابلۆی گەڵا هەڵوەریوەکاندا
سیمای چرۆ سەوزەکان ببینم
رێی رۆشتنی لێگرتم
لەو ئێوارەی شەقاوم بەرەو عەدەم دەنا و
بەڵێنی ژوانێکی تەڕتر لە باران و
گەرمتر لە ئاگری پێدام
لە قرچەی سووتانما
منی دایە دەست حەزرەتی شنەبا و
وتی ئەم پیاوە سەرچڵە ئەمانەتی منە
دڵیم بۆ فێنک بکەوە
بە باوەشە گەرمەکانی
پیاڵەی بەتاڵی وجودمی پڕکرد لە شەراب و
بە هەنسکە حەسرەتبارەکانی
سەرتاپای ژیانمی لە خەندە هەڵکێشا
بە چاوە فرمێسک تێزاوەکانی
دەیڕوانییە کاروانی کەیف و سەفام و
لە نوێژەکانی عەشقیشا
یەکەمین دوعای بۆ مانەوەی من بوو
لە کۆتایی هەموو رێگەکانیدا
هەر ئەگەیشتەوە بە ئەوینی من و
منیش لە کۆتایی هەموو خەونێکما
لە باوەشی ئەودا ئەنووستم.

سوێد – ستۆکهۆڵم

Previous
Next
Kurdish