Skip to Content

سۆشیال دیموکراتی چۆن بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری گۆڕی ؟ … ئاسۆکمال

سۆشیال دیموکراتی چۆن بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری گۆڕی ؟ … ئاسۆکمال

Closed
by ئازار 20, 2019 General, Opinion, Slider



چینی کرێکار بۆ ئەوەی لە دەوری خۆی و پیویستیەکانی خەبات بۆ ڕزگاری لە دەست سیستەمی سەرمایەداری تێبگا پیویستی بە ناسینی مێژووی قۆناغەکانی سەرهەڵدان و شکست و سەرکەوتنەکان و یاساکانی گەشەی چینەکان وچینەکەی خۆی هەیە. هەرچۆن داروین لە ناسینی ئینساندا پشتی بە مێژوو و یاساکانی گەشەی هەموو بونەوەراندا بەست تا توانی زانستی پەرەسەندن بچەسپێنێ. لەم لێکۆڵینەوەدا ئێمە بەدوای ئەو ئاڵوگۆڕانەوەیەن کە بەسەر حزبی کرێکاریدا هاتوە و هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکاریانە باس دەکەین تاکو بتوانین لەم ڕێگەیەوە ئەزمەی ئێستای کۆمۆنیزم و کێشەکانی بەردەم ئێستا و چۆنیەتی زاڵ بون بەسەریاندا بدۆزینەوە. ئێمە لەبەشەکانی پێشودا باسی “میتۆدی دیالەکتیکی و تێگەیشتنی ماتریالیستی”*1 مان کرد لەم لێکۆڵینەوەیەدا و لەم بەشەدا ئەم میتۆد و تێگەیشتنە بەسەر لێکدانەوەی مێژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا پیادە دەکەین.


لە لێکدانەوە و ناسینی گەشەی حزب لای چینی کرێکاردا پێویستمان بە ناسینی مێژووی ئەنتەرناسیونالی یەکەم و دواتر سۆشیال دیموکراتیە وەک یەکەم هەنگاوی دروستبونی حزب لای چینی کرێکار. دواتر باس لەو جیابونەوە سەرەکیە دەکەین کە لەم ڕەوتە حزبیەی کۆمۆنیزمدا دروست دەبێ و باڵەکانی سۆشیال دیموکراتی و بەلشەفی و کۆمۆنیستی لێک جیادەبنەوە. لێرەشەوە لەسەرچاوەی هەموو دابەشبونانە دەگەین کە بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هاتوە لە دوو سەدەی ڕابردوودا.


کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران


شۆڕشەکانی دەیەی چوارەمی سەدەی ١٩لەئەوروپا کرێکاران و کۆمۆنیستەکانی لەو ڕاستیە تێدەگەیاند کە کرێکاران نابێ وەک پاشكۆی شۆڕشگێڕێتی وردە بورژوازی لەمەیدانی سیاسیدا خەبات بکەن و پێویستیان بەڕیزی سەربەخۆی خۆیانە. ئەم ڕاستیەی مانیفیستی کۆمۆنیست بە شێوەیەکی تیۆری دەریبڕی، لەمەیدانی پراتیکدا چەندین دەستەو گروپی جۆراوجۆری کۆمۆنیستی و ئەنارکیستی و سۆشیالیستی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپادا لێکەوتەوە. ئینگلتەرە کە پێشەنگی سەرمایەداری بوو ،جگە لە سۆشیالیستە خەیاڵیە ئۆوینیەکان ، بزوتنەوەیەکی ڕیکخراوی چارتیستی کرێکاری هەبوو کە بێ وێنەبوو لە دنیای ئەو کاتەدا.
ئەنتەرناسیونالی یەکەم وەک یەکەم ڕێکخراوی سیاسی کرێکارانی ئەوروپا لە ئۆکتۆبەری ١٨٦٤دامەزرا.

بنەما سەرەکیەکانی ئەم ڕیکخراوەیە بریتی بوون لە ؛
١.ڕزگاری چینی کرێکار دەبێ بەدەستی چینی کرێکار خۆی بێت.
٢.ئامانجی کرێکاران بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی چینایەتی نیە بەڵکو هەڵوەشانەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیە.
٣. ئامانجی کۆتایی خەباتی سیاسی چینی کرێکار ڕزگاری ئابوری کرێکارانە و هەموو بزوتنەوەیەکی سیاسی تەنیا دەبێ وەک وەسیلە چاوی لێ بکرێ.
٤.ئەبێ هەڵەکانی دابەشبونی پێشووی نێوبزوتنەوەی کرێکاری دوبارەنەکرێنەوە و داوای یەکگرتنی خێرای هەموو بەشە دابڕاوەکانی بزوتنەوەی کرێکاری بکرێ.
٥. ئەنتەرناسیونال ڕێکخراوی هەموو کرێکارانە بەبێ گوێدانە نەتەوە و ڕەنگی پێست و بیروباوەڕ. *2
هەرکەسێک بەرگری لەم بنەمایانە بکات دەتوانێ ببێتە ئەندامی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران.


ئەم ڕێکخراوە پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و سەندیکا کرێکاریەکان و کۆمەڵە هەرەوەزیەکانی کرێکاران هەبوو وە کاری لەسەر دەکردن و هەروەک لە بڕیارنامەکانی ئەنتەرناسیونالدا دەردەکەوێ. 3 لە دوای شۆڕشی کۆمۆنەی پاریس لە سێپتەمبەری ١٨٧١ مارکس لە ئەنتەرناسیونالدا پێشنیاری بڕیارێک دەکا سەبارەت بە دروستکردنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار کە بەزۆرینەی دەنگ و چەند دەنگێکی ناڕازی (٢٩بەرامبەر بە ٥)دەبێتە بڕیار. لەم بڕیارەدا ئەم بنەمایانە تەئکید لیکراوە: ١.لەخەبات دژی دەسەڵاتی هاوبەشی چینە موڵکدارەکان(سەرمایەداران و خاوەن زەویەکان) کرێکار ناتوانن وەک چینێک چالاکی بنوێنن تا خۆیان وەک حزبێکی جیاواز و دژ بە هەموو چینە موڵکدارەکان ڕیک نەخەن. ٢.گرنگی ئەم حزبە بۆ زەمانەتکردنی سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ئامانجی کۆتاییەتی کە نەهێشتنی چینەکانە. ٣.حزب بۆ یەکگرتوکردنی ئەو خەباتە ئابوریەیە کە کرێکاران خۆیان دەستیان پیکردوە و لەهەمان کاتدا بۆ بەهێزکردنی ئەم خەباتەیە دژی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداران و خاوەن موڵکەکان. ٤. لەکاتێکدا سەرمایەداران دەسەڵاتی سیاسی بۆ کۆیلەکردنی کرێکاران بەکاردێنن ئەوا دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەسەڵاتە سیاسیە دەبێتە ئەرکێکی گرنگی چینی کرێکار.4
ئەم هەنگاوە بۆ دامەزراندنی حزبە سیاسیەکانی چینی کرێکار وەک ئاستێک لە گەشەی سیاسی بزوتنەوەی کرێکاری دێتە ئارا، وەک بەرئەنجامی کاریگەری ئەنتەرناسیونالی یەکەم لەسەر ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە ئەوروپا بەڵکو لە ڕوسیا و ئەمریکاشدا بنەماکانی حزبی سیاسی کرێکاران ئامادە دەبێ .

حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا کە پێش ئەم بڕیارەی ئەنتەرناسیونالیش لە مەیداندا دەبێ، وەک پێشەنگی حزبە کرێکاریەکان دەوردەگێڕی و مارکس و ئەنگلس بەردەوام و ڕۆژانە کار لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی سیاسی و ڕیکخراوەیی دەکەن.
تێگەیشتن لەم دەورەیە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ناسینی ئەو هەوڵە مێژوویانەی کە بنەماکانی کۆمۆنیزمی نەخشاندوە و کاریگەری بەسەر مێژووی تا ئێستای بزوتنەوەکەوە هەیە، هەروەها بە بەکارهێنانی میتۆدی بەراورد و لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکان دەتوانین جیاوازی و گۆڕانەکان لە دەورەکانی دواتردا بدۆزینەوە.


ئەنتەرناسیونالیزم و ناسیونالیزم


ئەم دەورەیەی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە شۆڕشێکی کیشوەری لە ئاستی ئەوروپادا هاوکات لەچەندین وڵات ڕودەدا ئەمەش دەبێتە مایەی ئەوەی کە خەسڵەتی سەروو میللی و سەروو دەوڵەتی بداتە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی. ئەنتەرناسیونالی کرێکاران خۆی بەرهەمی ئەم دەورەیە لە خەباتی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانە و کۆبونەوەی ئەو هەموو گروپە جیاوازە فکری و سیاسیە، کۆمۆنیست ، بلانکیەکان، ئەنارکیستەکان، پرۆدۆنیستەکان و هتد..نیشانەی بونی زەمینەی بزوتنەوەیەکی چینایەتی نوێیە کە پێشتر ئەوروپا و جیهان شتی لەم بابەتەی بەخۆیەوە نەبینیوە. ئەوەی چینە چەوسێنەرەکانی تر لە مێژوودا کردویانە داگیرکردن و دروستکردنی ئیمپراتۆریەکان بوە بۆ کۆکردنەوە و تێکەڵاوکردنە میللەت و ناوچە جیاوازەکان لە قاڵبێکی سیاسی و ئابوریدا، بەڵام چینی کرێکار لەسەر زەمینەی خەباتێکی هاوبەش دژی بورژوازی ئەوروپی وجیهانی جۆرێکی نوێی لە ڕیکخرابونی سیاسی هێنایە ئاراوە کە هاوپشتی خەباتی کرێکارانی نەتەوە جیاوازەکان بوو لەگەڵ یەکتردا.

کرێکارانی ئەڵمانیا لە بەرامبەر هەڕەشەکانی دەوڵەتی بروسیادا پشتیوانیان لە کرێکاران و خەڵکی فەرەنسا دەکرد دژی دەوڵەتی بیسمارکی بورژوازی و خاوەن موڵکەکانی بروسیا .ئەو بانگەوازەی ئەنتەرناسیونالی کرێکارانی ئەڵمانیا بۆ قبوڵکردنی پێشنیاری کرێکارانی فەرەنسا بۆ ئاشتی لەدژی داخوازی درێژەدانی شەڕ لەلایەن دەوڵەتی بیسمارکی ئەڵمانیەوە، نیشانەی پیشڕەوی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا بوو کە دەوری پێشەنگی دەگێڕا لەم ڕوحیەت و تێگەیشتن و هەڵوێستە ئەنتەرناسیونالیەدا. “بەناوی هەموو دیموکراسی ئەڵمانیا و بەتایبەتی بەناوی کرێکارانێک کە سەربە حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیاین ڕایدەگەیەنین کە ئەم شەڕەی ئێستا هیچ نیە جگە لە شەڕی خانەوادە خاوەن موڵکدارەکان..وە ئێمە بەخۆشحاڵیەوە ئەو دەستە دۆستانەی کرێکارانی فەرەنسا درێژیان کردوە بە گەرمی دەگوشین..وەئیمە،تێدەگەین لە مانای دروشمی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران”کرێکارانی جیهان یەکگرن!” وە هیچ کات ئەوە لەبیرناکەین کە کرێکارانی هەموو وڵاتەکان هاوڕێمانن وە ستەمکارانی هەموو وڵاتەکان دوژمنمانن” .5*
ئەم ڕاستیە لە سەرکوتی کۆمۆنەی پاریسدا دەرکەوت. “کە سوپای سەرکەوتو(ئەڵمانیا) و سوپای شکستخواردوو(فەرەنسا) پێکەوە کۆبونەوە بۆ تێکشکاندنی خوێناوی پرۆلیتاریا(پاریس)..دەسەڵاتی چینایەتی چیتر ناتوانێ بەرگی نەتەوایەتی بپۆشێ؛حکومەتە ناسیونالیستەکان دژی پرۆلیتاریا یەکدەستن!”6 بەڵام ئەنتەرناسیونالیزم بۆ چینی کرێکار تەنیا بانگەوازێک و هاوپشتی کردن لە مەسەلەیەکی ڕۆژ و تاکتیکێکدا نیە، بەڵکو ئەم بنەمایە پەیوەستە بە مۆدێلەکەوە بۆ کۆمەڵگەی ئایندەی مرۆڤایەتی. کۆمەڵگەیەک کە چیتر ئینسانەکان بەهۆی زمان و ڕەگەز و ناوچەوە دابەش ناکرێن و جیاواز و هەڵاواردن لەنێوانیاندا پێک نایەت. هەروەها ناکرێنە قوربانی کێشەی دەولەت و هێزە بورژوازیەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر لە پێناو پاوانکردنی بازاڕو یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتدا. هەرکاتێک کرێکاران بونە پاشکۆی ئەم پێشبڕکێیەی سەرمایەداران و دەوڵەتەکانیان ئیتر ئەو هێزە کۆمەڵایەتیە لەدەست دەدەن کە بەهۆی ژمارەی زۆریانەوە دەتوانن ببنە خاوەنی.”تەنیا هێزێکی کۆمەڵایەتی کرێکار هەیبێ ژمارەکەیەتی. بەڵام هێزی ژمارە بەهۆی نایەکگرتوبونەوە تێکدەشکێ. یەکگرتونەبونی کرێکاران بەهۆی پێشبڕکێی ناچاری نێوانیانەوە دروست دەبێ و درێژەی پێدەدرێ.”7
خەبات و شۆڕشی کرێکاران ئەو وشیاریە دروستدەکا کە ڕێکخراوبون و سەربەخۆبون لە بورژوازی دەبێتە هۆی ڕزگاری چینی کرێکار لەدەست ئەم سیستەمەی سەرمایەداری کە کرێکار نەک هەر لەمەیدانی کاردا بەڵکو لە مەیدانی شەڕەنەبڕاوەکانی ئەم خانەوادە سەڵاتدارانەدا دەکاتە قوربانی بەردەوام. ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران لە کاتێکدا بوو کە هێشتا بورژوازی ولاتانی جۆراوجۆر نەگەیشتبونە ئەو قۆناغەی کە پێشبڕکێ لە ئاستی جیهانیدا بە شێوەی شەڕی جیهانی ببنەپێشەوە و هێشتا لەسەرەتای شەڕە ناوچەیی و کیشوەریەکاندا بون. بەڵام کاتێک دەوڵەتە بورژوازیە نەتەوەییەکان شکڵدەگرن یان لە پرۆسەی کامڵبوندان، وەک یەکگرتنی ئەڵمانیا و ئیتالیا، لەم قۆناغەدا ناسیونالیزم دەگاتە قۆناغی پێگەیشتوو و دەوڵەتی نەتەوەیی و بازاڕی نەتەوەیی دەبنە ئایدیۆلۆژیا و قاڵبی سیاسی و ئیداری کۆمەڵگە جیاجیاکان. بەتایبەت لەدوای کۆمۆنەی پاریسەوە بورژوازی جیهانی دژی ئەنتەرناسیونالی کرێکاری دەبێتەوە و وەک دوژمنی ژمارە یەکی خۆی سەیری دەکا. هەربۆیە ڕەنگدانەوەی ئەم فشارە لەنێو ڕیزەکانی بزوتنەوەی کرێکاری ئەڵمانیادا دەست پێدەکا و ئینگلس لەنامەیەکدا بۆ بیبڵ لە مارسی ١٨٧٥دا سەبارەت بە یەکگرتن لەگەڵ لاسالیەکان دەنوسێ؛” بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکاری، بە کردەوە ، بنەمایەکی ڕەتکراوەیە لە ئیستادا، بنەمایەک کەسانێک ئینکاری لێدەکەن کە، بەدرێژایی ساڵانێک و لە قورسترین دۆخەکاندا، بە جوانترین شیوە پەیڕەویان دەکرد. ئەوەی ئێستا کرێکارانی ئەڵمانیا لە پێشەنگی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوروپادا وەستاون پشتی بەستوە پێش هەموو شتێکی تر بە هەڵوێستی ئەنتەرناسیونالیان لەکاتی شەڕدا.(شەڕی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا). ئەگەر ئێستا پیویست ناکا بەناوی ئەنتەرناسیونالەوە وەک ڕێکخراوێک قسەبکەین. بەڵام نابێ لانی کەم لەو بەرنامەیە (ئيزيناخ Eisenach ساڵی1869) پاشەکشەبکرێ و پیویستە لەم بارەوە شتێکی وا بوترێ؛ سەرەڕای ئەوەی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا پێش هەرشتێک لە سنوری دەولەتێکدا کاردەکا،لەگەڵ ئەوەشدا،دەرکی تەواو بە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی هەموو وڵاتان دەکا و ئامادەیە ئەرکەکانی پەیوەست بەم هاوپشتیە جێبەجێ بکا ، هەروەک تا ئێستا کردویەتی.ئەم ئەرکانە هەیە تەنانەت ئەگەر حزب ڕاشینەگەیەنێ کە ئەندامی ئەنتەرناسیونالێکە یان بڵێ من سەربەو ڕێکخراوەم. ئەم ئەرکانە وەک پێشکەشکردنی پشتیوانی و قەدەگەکردنی تێکشکانی مانگرتنەکان ،ڕیکخستنی کاروباری پێویست بۆ ئاگاداربونی لیژنەکانی حزبی کرێکارانی ئەڵمانیا لە دۆخی بزوتنەوەکە لەدەرەوەی وڵات، وە هاندان دژی ئەو شەڕانەی کە پاشاکان دەیکەن یان دندەی دەدەن، وە پابەندبون بە هەمان هەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک هەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون،هتد..”8 بێگومان ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئینگلس نەیتوانی بەر بەو ڕەوەندە بگرێ کە نەک تەنیا کاریگەری بەسەر بنەمای ئەنتەرناسیونالی بزوتنەوەی کرێکاریەوە هەبوو بەڵکو سەرجەم بنەما و بوارەکانی تری خەباتی گرتەوە و گۆڕانکاری گەورەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هێنا. بورژوازی لەدوای کۆمۆنەی پاریس دەرسی لەو شکست و مەترسیە وەرگرت کە شۆڕشی کرێکاری بۆسەر سەرجەم سیستەمی سەرمایەداری هەیە و هەربۆیە بەگرتنە بەری سیاسەتی لیبراڵی و هەندێ سازش توانی بزوتنەوەی کرێکاری لەقاڵبی دەزگا ڕەسمیەکانی بورژوازی وەک پەرلەمان و سیستەمی سیاسی خۆیدا جێگابکاتەوە و ئەمەش لەپاڵ تازەبونی بزوتنەوە و حزبە سیاسیەکانی کرێکاراندا کاریگەری سلبی خۆی دانا و جێگای بۆ سەرهەڵدان و گەشەی”ئۆپۆرتۆنیزم” و “ریفۆرمیزم” لە بزوتنەوەی کرێکاریدا کردەوە. ئێمە دواتر دەچینە سەر کاریگەری ئەم ڕەوەندانە لەسەر بنەماکانی تری بزوتنەوەی کرێکاری و چۆنیەتی گۆڕانی ئەم بزوتنەوەیە بە شیوەیەکی دیالەکتیکی،واتە لەکاتێکدا کە گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی کرێکاران زیادی کرد لەهەمان کاتدا ئاسۆی گۆڕانی شۆڕشگێڕانە وڕادیکالی سیستەمی سەرمایەداری جێگای خۆیدا بە دەستکەوتە کاتی و مانەوە لە بازنەی ریفۆرمدا. ئەم ڕەوەندە ئۆپۆرتۆنیستی و ریفۆرمیستیە لە کاتی توندبونەوەی پێشبڕکێی جیهانی و ئەزمەی شەڕی جیهانی یەکەمدا بوە مایەی سەرهەڵدانی پاتریۆتیزم و نیشتمانگەرایی لەنێو ڕیزەکانی سۆشیال دیموکراتی جیهانیدا کە ئەوکات لە ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیستدا ڕێکخراوبوو. هەرچەند پێش دەستپێکردنی شەڕ ئەنتەرناسیونالی دووەم ” ئەنتەرناسیونالی سۆشیالیست” بەپێی هەمان ڕاسپاردەکانی سەرەوەی ئینگلس هەلوێستی لەسەر شەڕ نیشاندا و لە کۆنگرەی باسل لە ١٩١٢ڕایگەیاند”هەموو هەوڵێک دەدا تا بەر بە هەڵگیرسانی شەڕبگرێ” و “ئەگەر شەڕ دەستیپێکرد ئەرکێتی کاربکا بۆ ڕاوەستانی دەستبەجێی و هەموو تواناکانیان دەخەنەکار کە ئەزمەی سیاسی و ئابوری کە جەنگ دروستیکردوە بەکاربینن بۆ هاندانی خەڵک و خیراترکردنی ڕوخانی دەسەلاتی چینایەتی سەرمایەداران.”9


بەڵام لە ٣ئابی ١٩١٤دا زۆربەی ئەندام پەرلەمانەکانی حزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا (٩٦بەرامبەر بە ١٤) دەنگیان بە پشتیوانی شەڕی جیهانی یەکەم دا. ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم حزبە لە پەرلەماندا٪٣٥ کورسیەکانی بەدەست هێنابوو لە ١٩١٢دا. ئەم سیاسەتە وەک ڕۆزا لۆکسبۆرگ دەڵێ”سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی کردە قەڵغانی پاراستنی ئیمپریالیزم لەم شەڕەدا”10 ئەمە ئەو گۆڕانکاریە گەورەیەیە کە سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی لە بنەمای ئەنتەرناسیونالیستی کۆمەڵەی ئەنتەرناسیونالی کرێکاران دا کردی و وەدژ بەو ئاگادارکردنەوەی ئەنگلس بوون کە باسی لە پیویستی “پابەندبونی سۆشیال دیموکراتی دەکرد بە هەمان هەڵوێستگرتن لەکاتی ئەم شەڕانەدا وەک هەڵوێستی کرێکارانی ئەڵمان لە ١٨٧٠و ١٨٧١دا، کە نمونەی پێشەنگ بوون”. دوای ئەوانیش سۆشیال دیموکراتی فەرەنسی و حزبی کرێکارانی بەریتانیا هەمان ئاوازی ناسیونالیستیان خوێند و کرێکارانیان لە بەرەی شەڕدا دژ بەیەکتر ڕاگرت و بەم شیوەیە بەرهەمی نیوسەدە خەباتی چینایەتی بەلاڕێدا برا و “ئەو ڕاهێنانەی مارکس و ئەنگلس و لاسال و لیکنخت و بێبڵ بە پرۆلیتاریایان کرد تا ژەنراڵەکانی سوپا وەک هایندینبێرگ پێشڕەویان بکا”11.

بەم شێوەیە ئەنتەرناسیونالی دوەم هەرەسی پێ هێنرا وئەم ڕیزە ئەنتەرناسیونالیستیەی کرێکاران کە نیوسەدە بوو لەگەشەکردندا بوو شەق کرا.
لەبەرامبەر بەم شەپۆلەی ناسیونالیزم لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانی و ئەنتەرناسیونالی دوەمدا، حزبی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیە*12 و گروپی سپارتاکیستەکانی ئەڵمانیا و چەندین گروپی تری سۆشیال دیموکراتی لەوڵاتە جیاجیاکانەوە درێژەیان دا بەهەمان هەلویشتی ئەنتەرناسیونالی و دژ بە شەڕی ئیمپریالیستی وەستان و بانگەوازی کرێکارانیان بۆ شۆڕش و وەرگێڕانی لولەی چەکەکانیان کرد بەرەو ڕوی بورژوازی وڵاتی خۆیان. لەدوای شۆڕشەکانی ئۆکتۆبەری ڕوسیا لە ساڵی ١٩١٧ و شۆڕشی ئەڵمانیا لە نۆڤەمبەری ١٩١٨ ئەنترناسیونالی کۆمۆنیستی *13لە مارسی ١٩١٩دروستکرا.


ئەم تەەجروبەیە چیمان فێردەکا؟


ئەم ڕوداوەی شەڕی جیهانی یەکەم لە شکستی کۆمۆنەی پاریس کاریگەری زیاتربوە لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و ئایندەکەی. بۆ لێکدانەوەی ئەم دەورەیە هەر ئەوەندە بەس نیە کە ئەمە وەک مێژوو و ڕابردویەک سەیربکەین کە پەیوەندی بەم ڕۆژگارەوە نیە و تەنیا بەوتنەوەی ئەوەی “ڕابەرانی کرێکاری ئەنتەرناسیونالی دوەم خیانەتیان کردو هەڵگەڕانەوە لە سۆشیالیزم” ئەمە شتێکمان فێرناکا. ئێمە دەبێ لە کاریگەری ناسیونالیزم لەسەر بزوتنەوەی کرێکاری تێبگەین کە چ فاکتەرێک وایکردوە کە بتوانێ خەباتی نیوسەدەی کرێکاران بەهەدەر بدا و بورژوازی بتوانێ ڕۆحیەت و توانای شۆڕشگێڕانەی کرێکاران تێکبشکێنێ؟


چینی کرێکار لە ئەوروپادا وێڕای گەشەی سیاسی و ڕیکخراوەیی بەرچاوی لەو دەورەیەدا بەڵام هێشتا لە ئاستی تەجروبە و توانایی سیاسی و ڕیکخراوەیی بورژوازیدا نەبوە. لیبرالیزمی بورژوازی توانیویەتی کە کاریگەری خۆی لەسەر ئاستی چاوەڕوانی و بەرنامەی سۆشیال دیموکراتی و بزوتنەوەی کرێکاری دابنێ و لە چوارچێوەی ریفۆرمی سیاسی و ئابوری سەرمایەداریدا قەتیسی بکا و ئەم بزوتنەوەیە بکا بە بەشێک لەو دامودەزگا ڕەسمیانەی ڕێگاپێدراون. ئەم پرۆسەیە لەگەڵ پرۆسەی مەرکەزی بونەوەی دەسەڵات و بازاڕی ناوخۆیی و هاوکات پێشبڕکێی سەرمایەی مۆنۆپۆلی و ئیمپریالیستی چوەتە پێش و زەمینەی دروستکردنی توێژی” ئەرستۆکراتی” کرێکاری و گۆڕانی فۆرمی کاری سەندیکا کرێکاریەکان بە دەزگایەکی بیرۆکراتی ، ئەمانە هەمویان فاکتەربوون لەوەی ناسیونالیزم بتوانێ بزوتنەوەی کرێکاری کۆمۆنیستی بگۆڕێ بۆ بزوتنەوەیەکی “پارێزگاری لە نیشتمانی باوک” و دروشمی “بەرگری لە نیشتمان” بخاتە جێگای خەباتی چینایەتی دژی بورژوازی. لەم دەورەیەی شەڕدا بزوتنەوەی کرێکاری لەسایەی سۆشیال – ناسیونالیزمیدا مانگرتنەکانی هەڵپەسارد و بزوتنەوەی ژنانی کرێکاری کردە یارمەتیدەری خێزانی بۆ بەرەکانی جەنگ و بێ دەنگی لە ئاست سانسۆری دەوڵەتی و دیکتاتۆریەتی دەوڵەت و کاری ڕۆژنامەگەری بوە هاندان بۆ بەشداری شەڕ و هتد..بەم شیوەیە بورژوازی لەڕیگەی شەڕەوە توانی بزوتنەوەی کرێکاری و ئەو ڕەوەندە شۆڕشگێڕانەی لە نیوسەدەی پێش شەڕی جیهانی یەکەمدا ترسی بۆ دروستکردبوو پاشەکشە پێ بکا.لەمانەش کاریگەرتر ئەو بنەما ئەنتەرناسیونالیستیەی لە نێوکرێکاراندا ڕیشەی داکوتابوو لە ئەنجامی شۆڕشەکانی سەدەی نۆزدە توانی بگۆڕێ بە ناسیونالیزم و نیشتمان پەرستی و دوبەرەکی نەتەوایەتی. تێکشکانی ئەم بنەما ئەنتەرنسایونالیەی خەباتی چینایەتی و ئایدیای دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی جیهانی و سەروونەتەوەیی کاڵ کردەوە و حزبە کرێکاری و کۆمۆنیستیەکانی کردە حزبی لۆکال و نیشتمانی و بیرۆکراتی.

ئەم دابەشکردنەی هەرەسی ئەنتەرناسیونالی دوەم دروستیکرد بە ئەنتەرناسیونالی سێهەم نەسڕایەوە لەبەرئەوەی ڕەوتی ناسیونالیستی و ڕیفۆرمیستی لە بزوتنەوەی کرێکاری جیهانیدا لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانیشدا کاریگەری خۆی هەبو و وەشەڕ تەنیا وەک تاکتیکێک و خاڵێکی جیابونەوە و دوکەرت بونی ئەنتەرناسیونال بوو نەک هەموو سیاسەت و خاڵەکانی ناکۆکی نێو بزوتنەوەی کرێکاری. ئەنتەرناسیونالی کۆمۆنیستیش بنەمای دژایەتی ئەم ڕەوتە ریفۆرمیستیەی نێو بزوتنەوەی کرێکاری بوە بەشێک لە ناسنامەکەی و ئەمەش لەسەر ئایندەی بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لە جیهاندا کاریگەری زیانباری دانا لە کاتێکدا کە خودی کۆمێنترن(ئەنتەرناسیونالی سێهەم)یش بوە قوتبێکی تری ناسیونالیستی و ریفۆرمیستی لەسایەی بەرنامە و مۆدیلی سەرمایەداری دەوڵەتیدا.ئایا چ خاڵێکی هاوبەش لە نێوان هەردوو مۆدێلەکەدا، سۆشیال دیموکراتی و کۆمۆنیزمی ڕوسی،هەیە؟ ئایا دابەشکردنە جۆراوجۆرەکانی مارکسیزم، لینینزم، ترۆتسکیزم ،و هتد میراتی چ جۆرێک لە حزب و بزوتنەوەکانە و چ ڕیگریەکی لەبەردەم بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانیداهەیە؟ ئایا زەمینەکانی دنیای گلۆباڵی سەرمایەداری ئەمڕۆ چ ئاسۆیەکی لەبەردەم هاتنەوە مەیدانی ئەنتەرناسیونالی کرێکاریدا هەیە؟ ئایا زەمینەکانی شۆڕشی جیهانی و شۆڕشی بەردەوام لە دنیای ئەمڕۆدا لە هەموو کات لەبارترنیە؟ ئایا بۆسەرکەوتنی شۆڕشی کۆمۆنیستی لەهەر وڵاتێک و بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسانی جیهانی ئەنتەرناسیونالیزم چ جێگاوڕیگایەکی هەیە؟ ئەو بۆشاییەی ئەم ئەنتەرناسیونالە کرێکاریە چۆن لە وەڵامدانەوە بە سیستەمی جیهانی و “نەزمی نوێی ئەمریکا” و کێشەکانی یەکێتی ئەوروپا و برێکزت و پێشبڕكێی نیوان ئەمریکا و چین و ڕوسیاوە دەردەکەوێ؟ یاخود زەمینەی ڕادیکاڵ بونەوە و فراوانبونی ناڕەزایەتی چینایەتی ئایا جارێكی تر لەژێر سایەی سۆشیال دیموکراتی نوێ لە ئەمریکا و بەریتانیا وە پۆپۆلیزم لە ئیسپانیا و ئیتالیا و یۆناندا یاخود بزوتنەوە خۆبەخۆییەکانی فەرەنسا و تونس و جەزائیر و ئیران ، پیویستیان بە چ ڕیزبەندیەکی ئەنتەرناسیونالی هەیە؟ چۆن ئەم بنەمایە لە بەرنامە و سیاسەت و ڕیکخستنی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا بەشێکی جیانەکراوەیە لەو ئایدیا و مۆدێلەی دەوڵەتی کرێکاری و شۆڕشی کۆمۆنیستی؟

هەربۆیە بۆ لێکدانەوەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەسەر بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا هات پێویست دەکا بچینە سەر مەیدانەکانی تری حزب ودەوڵەت و کێشەکانی تری خەباتی چینایەتی و بەراوردکاری و لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر گۆڕانی بنەماکانی تری ئەنتەرناسیونالی یەکەمی کرێکاران درێژەپێبدەین تا هەموو چوارچێوەی تابلۆکە ببینین.دواتر دێینەوە سەر ئەوەی بنەمای ئەنتەرناسیونالیزم لەمڕۆدا چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستداهەیە؟ لێرەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەگەڕێین کە؛ ئایا سازدانەوەی حزب و دەوڵەت لەسەر بنەماکانی ئەنتەرناسیونالی یەکەم ئایا دەتوانێ وەڵامدەرەوەی ئەو کێشانە بێت کە بەهۆی گۆڕانی ئەم بنەمایانەوە هاتونەتە ئارا؟

ئاسۆکمال

*1چ تێگەیشتنێکمان لە مێژووی کۆمۆنیزم هەیە؟
http://www.asokamal.com/index/?p=1681
http://www.asokamal.com/index/?p=1687حزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم
*2The International Workingmen’s Association 1864General Rules, October 1864
https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1864/rules.htm
3*The International Workingmen’s Association, 1866,Instructions for the Delegates of the Provisional General Council, The Different Questions

https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1866/instructions.htm
4https://www.marxists.org/archive/marx/iwma/documents/1872/hague-conference/resolutions.htm2 5 https://www.marxists.org/archive/marx/works/1871/civil-war-france/ch01.htm
*6 مارکس، الحرب الاهلية في فرنسا ل٢٠١،مارکس،انجلس،المختارات،دارالتقدم،موسکو،الجزء الثاني
*7https://www.marxists.org/history/international/iwma/documents/1866/instructions.htm
*8 رسالة فريدريك انجلز إلى بيبل
https://www.marxists.org/arabic/archive/marx/1875-cg/engels_to_bebel.htm
*9 Social Democracy 1912, Manifesto of the International Socialist Congress at Basel
https://www.marxists.org/history/international/social-democracy/1912/basel-manifesto.htm
*10 Rosa Luxemburg , Rebuilding the International(1915)،
https://www.marxists.org/archive/luxemburg/1915/xx/rebuild-int.htm
*11 هەمان سەرچاوە
12* Lenin The War and Russian Social-Democracy
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1914/sep/28.htm
*13 Lenin,The Third, Communist International
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1919/mar/x04.htm

ده‌سه‌ڵات له‌ وێنه‌یه‌كی فۆكۆییه‌وه‌ بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی

Previous
Next
Kurdish