
كاریگه‌رییه‌كانی (ره‌هه‌ند) له‌سه‌ر ئێسته‌ی ئێمه چییه؟ … نیهاد جامی
ده‌ره‌نجامه فیكرییه‌كانی پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند) له‌ناو ئێسته‌ی بوونی كوردیدا چییه؟ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر بوون خه‌ونی گۆڕینی زمان و دنیابینی و ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌ی فیكریی سه‌یریان ده‌كرد، رۆژانه ده‌بینین كه‌سانێك وه‌ك ستایش یاخۆ سه‌رزه‌نشتكردن ئاماژه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌وان تێبگه‌ین و روانینی خۆمان له‌و باره‌یه‌وه بزانین، پێویستمان به بێده‌نگی نییه، بێده‌نگی جگه له كۆتایی هیچیتر ناخوڵقێنێت، بۆیه لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین له روانگه‌ی چه‌ند كورته نووسینێك هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) بكه‌ین، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ترس له‌ناو خوێندنه‌وه و ده‌یالۆگ نه‌كردن، ناچارمان ده‌كات روانینه‌كان هێنده چڕ بن تا خوێنه‌ر به‌بیانووی درێژی نووسینه‌كان خۆی لێی دوور نه‌كاته‌وه.
ده‌سه‌ڵات له وێنه‌یه‌كی فۆكۆییه‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی
ئیشكردن له‌سه‌ر چه‌مكێكی فه‌لسه‌فی و قووڵبوونه‌وه له‌ناو دنیابینی فه‌یله‌سووفێك كارێكی نامۆ به پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی ئێمه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بته‌وێت به چه‌مكه فه‌لسه‌فییه‌كانی ئه‌و فه‌یله‌سووفه دنیای كوردیی بخوێنیته‌وه. مه‌ریوان وریا له پڕۆژه‌ی (ره‌هه‌ند)دا په‌راوێزێك بۆ نووسینی فیكر ده‌كاته‌وه، له دنیابینی فه‌یله‌سووفی فڕه‌نسایی میشێل فۆكۆ چه‌مكه‌كانی وه‌ك (ده‌سه‌ڵات، مه‌عریفه، هێز، دامه‌زراوه‌كان) دنیای كوردیی پێ ده‌خوێنێته‌وه، به‌تایبه‌ت له خوێندنه‌وه‌ی بۆ شه‌ڕی حزبه كوردییه‌كان و تراجیدیای ئه‌نفال، دواتر ته‌واوی ئه‌و وتارانه له كتێبێكدا به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و جیاوازی) كۆ ده‌كاته‌وه.
گرنگی ئه‌و هه‌وڵه له‌وه‌دایه له دنیابینی فه‌لسه‌فییه‌وه كوردبوون ده‌خوێنێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك توانای رزگاركردنی رووداوه‌كانی هه‌یه له تۆماری مێژوویی‌دا، ئه‌وه‌ش خوێندنه‌وه‌ی حزب وه‌ك ده‌سه‌ڵات و فه‌لسه‌فه وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی مه‌عریفه‌ی ڕۆشنبیر ده‌مانخاته به‌رده‌م دوو چه‌مكی گرنگی كاركردنی فۆكۆییانه، ئه‌گه‌رچی له زۆر شوێندا تارمایی دۆلۆز ده‌بینینه‌وه، واته فۆكۆیه‌كی دۆلۆزی ده‌بینین، وه‌ك چۆن مانا زاراوه‌ییه‌كانی چه‌مك به‌تایبه‌ت (ده‌سه‌ڵاتی سزا، بیۆده‌سه‌ڵات، ده‌سه‌ڵاتی كاریزما) كه فۆكۆ له كتێبی (چاودێری و سزا) هۆلۆكۆستی پێ ده‌خوێنێته‌وه، مه‌ریوان چه‌مكه فۆكۆییه‌كان ده‌گوازێته‌وه ناو ڕووداوی ئه‌نفال، هه‌ڵبه‌ت هۆلۆكۆست و ئه‌نفال وه‌ك دوو ڕووداوی هاوشێوه توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه له خوێندنه‌وه فۆكۆییه‌كه‌وه بڕۆینه ناو خوێندنه‌وه بۆ ئه‌نفال، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌كات كاتێك له مانا زاراوه‌ییه‌كه‌ی چه‌مكه فۆكۆییه‌كه‌وه نه‌یه‌ین ئه‌نفال بخوێنینه‌وه، به‌ڵكو له مانای زاراوه‌ییه‌وه بڕۆینه ناو مانا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌یشی.
لێره‌وه ئه‌نفال و هۆلۆكۆست له رووداوێكه‌وه ده‌بنه هه‌مان ده‌ره‌نجامه فه‌لسه‌فییه‌كانی فۆكۆ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هۆلۆكۆست ده‌سه‌ڵاتی سزا تێپه‌ڕێنێت و به‌ره‌و بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزما بێت، ئه‌وا مه‌ریوان ئه‌نفال له‌وه ده‌رده‌كات پێوه‌ندی به ده‌سه‌ڵاتی سزای خێڵه‌كی و ڕووداوه‌كه‌وه هه‌بێت، به‌ڵكو وه‌ك تاوانێكی مۆدێرنه سه‌یری ده‌كات، تا ئاستی ئه‌وه‌ی نازیزم و به‌عسیزم له‌لایه‌ك و سه‌دام و هیتله‌ر له‌لایه‌كی تر، وه‌ك یه‌ك به له‌دایكبووی مناڵدانی مۆدێرنه ناویان ده‌بات، بۆیه ده‌ره‌نجامه فۆكۆییه‌كه بۆ هۆلۆكۆست ده‌سه‌پێنێته سه‌ر ئه‌نفال، له‌رێی چه‌مكی بیۆده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتی كاریزماوه سه‌دام و به‌عس له ئه‌نفال ده‌خوێنێته‌وه، خوێندنه‌وه‌یه‌ك بارگاوی ده‌كرێت به تێگه‌یشتنی فۆكۆیی نه‌ك به تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فییانه بۆ ئه‌نفال.
كاتێك له ته‌واوی چه‌مكه فۆكۆییه‌كانه‌وه دنیابینی فه‌لسه‌فی به دنیای كوردیی ده‌به‌خشێت، دێته سه‌ر محه‌مه‌د ئه‌ركۆن، به‌بڕوای ئێمه ئه‌وه سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌رداربوونی مه‌ریوانه له نووسین وه‌ك پڕۆژه‌یه‌كی فیكریی و ده‌یه‌وێت له چه‌ندان ده‌لاقه‌ی جیاوازه‌وه ئیتر قسه بكات، ئه‌و قسه‌كردنه كۆتاهاتنه له پڕۆژه فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌و ناچێته قووڵایی دنیای ئه‌ركۆن و به‌قه‌د ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت دیدی ئه‌ومان پێ بناسێنێت. ئه‌و ترازانه رووكردنه چه‌ندان ژانری وه‌ك شیعر و دیدار و ستوونی رۆژنامه‌وانی و وتار ده‌ڕوات، تا له كۆتاییدا پۆرترێتی وێنه‌یه‌ك دروست ده‌كات، وێنه‌ی دژه ده‌سه‌ڵات وێنه‌یه‌كی ئه‌نتی فۆكۆییه و وێنه‌یه‌كی ژۆرناڵیه بۆ ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات كه ناتوانێت له‌سه‌ر چه‌مكه‌كان ئیش بكاته‌وه، هێنده‌ی به‌ره‌و ڕوانینه ڕواڵه‌تییه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌نگاو ده‌نێت، ئه‌وه‌ش ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات له وێنه‌یه‌كی فه‌لسه‌فییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ وێنه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كه فیكر و (ره‌هه‌ند)ـه‌كانی له ده‌ست ده‌دات و له‌سه‌ر وێنه ڕووكه‌شه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌گیرسێته‌وه.
له كۆمه‌ڵناسییه‌وه بۆ ڕه‌خنه‌ی سیاسی
كاتێك تیۆر ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، ئه‌و ساته له به‌رده‌م دیدێكی زانستیداین بۆ ناسینی خۆمان، ئاراس فه‌تاح له روانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه هه‌وڵی دا له‌سه‌ر ئاستی تیۆریی به‌شێك له جومگه و پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی بخوێنێته‌وه. ئه‌و دیده بۆ نووسین كه‌متر خوێنه‌ری ئێمه به‌لایدا ده‌چێت، هۆكاره‌كه‌یشی بۆ دوو ئاست ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئاستی یه‌كه‌م كێشه‌ی نێوان نووسین و تیۆره، كه چۆن له دیدی زانستییه‌وه ئاشنایه‌تی په‌یدا ده‌كه‌ین. ئاستی دووه‌م تیۆر ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ خوێندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات میتۆدی كاركردن بواری هه‌ڵچوون و دیدی ده‌ره‌وه‌ی نووسین وه‌ك په‌راوێزێك نه‌بێته سه‌نته‌رێك بۆ زمان، بۆیه ئاراس كه‌متر باسی ده‌كرێت، به‌ڵام وه‌ك پڕۆژه‌كاری ئه‌و له‌وانیتر ڕوونتره، ئه‌گه‌رچی ده‌بوو به وه‌ستانی گۆڤاری (ره‌هه‌ند) ئه‌و نووسه‌ره ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پڕۆژه تایبه‌ته‌ی خۆی نه‌بێت، به‌تایبه‌ت كه ئه‌و هه‌وڵی دا قسه‌كردن له ساته‌وه‌ختی هه‌نووكه‌ی كۆمه‌ڵگه وه‌ك بابه‌تێك به‌تایبه‌ت له پێوه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی و كۆمپیوته‌ر بخاته ڕوو.
دیاره ئه‌و بیرۆكه‌یه بۆ ئێسته ده‌یتوانێ كاری له‌سه‌ر بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و ئاسته‌ی كه ئیتر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له بوونه‌وه‌رێكی بازنه‌ی خێزان و كۆمه‌ڵگه‌وه بوو به بازنه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌چی كاتێك (ره‌هه‌ند) وه‌ك پڕۆژه ته‌واو ده‌بێت، ئیتر كاری ئه‌ویش ته‌واو ده‌بێت. وه‌ك ئه‌وانیتر له‌سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه ده‌كه‌وێته نووسینی ره‌خنه‌ی سیاسی، ره‌خنه‌یه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی تیۆر و له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی خۆی وه‌ك نووسه‌رێك ئیش ده‌كاته‌وه. ره‌نگه بۆ نووسه‌رێك كه له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك كاری نه‌كردبێت، دۆخێكی سرووشتی بێت ئه‌وه‌ی ئه‌و پێیدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام بۆ ئاراس ده‌رده‌كه‌وێت، نووسین پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی نه‌بوو، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی چه‌مكی پڕۆژه وابه‌سته‌بوو به گۆڤارێكه‌وه، باشترین به‌ڵگه‌ش ستوونه رۆژنامه‌وانییه‌كانی ئه‌و نووسه‌ره له به‌رده‌م نائومێدییه‌ك رامان ده‌گرێت كه دیدی وتاره‌كان له سه‌ره‌تادا ده‌یه‌وێت دیدی دنیابینی ئه‌و بێت، به‌ڵام دواتر ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت و له‌ناو ره‌خنه‌ی سیاسی‌دا ده‌وه‌ستێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و چونكه ستووننووسی رۆژنامه نه‌بووه، پێم وایه خراپترین ستووننووسی رۆژنامه‌ی كوردی بووه، به‌و كاره‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ پڕۆژه‌یه‌ك كرد كه ژێرخان و سه‌ره‌تایه‌كی گرنگی تێدا بنیات نابوو، به‌ڵام رۆژنامه و ڕه‌خنه‌ی سیاسی بوونه تابووتێك بۆ پڕۆژه‌كه‌ی ئاراس فه‌تاح.
به‌ختیار عه‌لی پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه
هابرماس له وتاره گرنگه‌كه‌یدا له‌باره‌ی تازه‌گه‌ری خۆرئاوایی، باس له‌وه ده‌كات كه تازه‌گه‌ری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه، ناته‌واوبوون به‌و مانایه‌ی ته‌واو نه‌بووه تا كۆتایی بێت و دۆخی پاش تازه‌گه‌ری بێنینه پێشه‌وه.
به‌ختیار عه‌لی تاكه ده‌نگێكی ناو پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند كه سیماكانی پڕۆژه‌كه‌ی ڕوون بن، له پێوه‌ندی نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا، سه‌ره‌تاكان له رۆژگاری به‌ر له راپه‌ڕین وتاری رۆژنامه‌وانی ئه‌و نووسه‌ره ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بیركردنه‌وه، به تایبه‌ت له هه‌ردوو وتاری (قسه‌كردن له په‌راوێزی بێده‌نگیدا، سه‌ره‌تایه‌ك ده‌رباره‌ی سۆسیۆلۆجیای ئه‌زموونگه‌ری) ئه‌وه ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌كی گرنگ بۆ تێگه‌یشتن له بوونی ئێمه وه‌ك بوونه‌وه‌رێك كه چۆن سه‌یری ئه‌ویتری خۆرئاوایی ده‌كه‌ین و له چی ده‌ترسین؟ ده‌بێت له چی بترسین؟ جیاكردنه‌وه‌ی نێوان بونیاده‌كان سه‌ره‌تای قسه‌كردنی به‌ختیار بوو كه پێویست ناكات له كافكا‌و جویس بترسین هێنده‌ی پێویسته له ئیرۆسیه‌تی خۆرئاوایی بترسین، دیدی لاكانی بۆ بێده‌نگی و زمان دنیابینییه‌كی تری ئه‌و تێگه‌یشتنه بوو، هاتنی راپه‌ڕین پانتایی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسه‌ره به‌تایبه‌ت له وتارێكی فیكری به‌ناوی (ده‌سه‌ڵات و مه‌عریفه) سیما و خه‌سڵه‌تی نووسین و پڕۆژه فیكرییه‌كه‌ی به روونی ده‌رده‌كه‌وێت، ئیشكردنی له‌سه‌ر فه‌یله‌سووفانی بونیادگه‌ری و ئه‌وانه‌ی به‌دوای بونیادگه‌ری ناسراون، پۆرترێتی نووسینی ئه‌و ده‌خوڵقێنن.
ئه‌و راسته‌وخۆ وابه‌سته‌ی تیۆر و میتۆدێك نه‌بووه، هێنده‌ی تیۆر وه‌ك ئاگایییه‌كی پشت نووسین به‌كار هاتووه، هه‌وڵی داوه ئیشیان له‌سه‌ر بكاته‌وه، ئه‌و لۆجیكه بۆ بیركردنه‌وه له نێوان فیكر و ئه‌ده‌بدا له پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیدایه، بۆیه به‌رده‌وام گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناو تێكسته ئه‌ده‌بییه‌كان، وه‌ك ده‌بینین له قسه‌كردنی بۆ كۆچ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ده‌بی گریكی و به‌تایبه‌ت بۆ سه‌فه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئۆدیب بۆ ماڵه‌وه، یا له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شانۆنامه‌كانی شكسپیر و رۆمانه‌كانی كافكا.
ئه‌گه‌ر ژیل دلۆز چه‌مكی گرێی ئۆدیبی فرۆیدی ده‌گۆڕێت به دژه ئۆدیب، ئه‌و تێگه‌یشتنه بۆ به‌ختیار ده‌بێته له‌دایكبوونی بیرۆكه‌ی قسه‌كردنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌نفال، چه‌مكی ئاره‌زووی فرۆیدی له مه‌یلی سێكسییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مك له خوێندنه‌وه‌ی بۆ كوشتن و فه‌رامۆشكردن، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌ی پرسیاره‌كه‌ی دۆلۆز له‌باره‌ی چییه‌تی فه‌لسه‌فه، گوتی (فه‌لسه‌فه خوڵقاندنه‌وه‌ی چه‌مكه). ئه‌و دنیا فیكرییه‌ی به‌ختیار له‌ناو ئه‌ده‌به‌كه‌یشیدا ته‌واو ره‌نگ ده‌داته‌وه چ له تێكسته شیعرییه‌كانی یاخۆ له‌ناو رۆمانه‌كانیدا، بۆیه ئه‌و هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی ناته‌واوه و به (ره‌هه‌ند)یش هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه.
(ره‌هه‌ند) و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی
ئیشكردن له‌سه‌ر تێكستی ئه‌ده‌بی به‌شێكی سه‌ره‌كی كاركردنی پڕۆژه‌ی ڕه‌هه‌ند بوو، به‌تایبه‌ت له‌باره‌ی شیعری كلاسیكی و دنیای شیعری شێركۆ بێكه‌س و گۆران و ڕۆمانی حه‌ساری شێرزاد حه‌سه‌ن، ئه‌وانه‌ی زیاتر له‌و بواره‌دا كاریان كرد، رێبین هه‌ردی و به‌رزان فه‌ره‌ج و مه‌ریوان وریا بوون، لێره‌دا ئیشكردنه‌كان زیاتر خوێندنه‌وه‌ی بونیادگه‌رانه بوون، ئه‌وه‌ش وه‌ك ره‌خنه‌یه‌كی نوێ بۆ ڕۆشنبیری كوردیی، ئه‌گه‌رچی درێژ نه‌بووه‌وه بۆ ئه‌زموونی تر و نه‌یتوانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوتاره ڕه‌خنه‌یییه‌كه دروست بكات. به‌رزان فه‌ره‌ج هه‌وڵی دا ده‌رگه‌یه‌ك به‌سه‌ر یاده‌وه‌ری چیرۆكی شێرزاد حه‌سه‌ن بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بچێته ناو خه‌ونی كوڕی گه‌وره‌ی حه‌سار. رێبین هه‌ردی له‌سه‌ر ئه‌زموونی شیعری شێركۆ و وێنه‌ی باوك، له‌سه‌ر پرسیاری شوناسی تازه‌گه‌ری ده‌وه‌ستێت، له‌و ناوه‌نده‌دا به‌راوردێك له نێوان بێكه‌س و گۆران ده‌خاته ڕوو، بۆ ئه‌و كاره‌ش گه‌ڕابووه‌وه بۆ لای ئه‌ریك فرۆم كه دیدگه فرۆمییه‌كه ته‌واو زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌كه‌یدا.
لێره‌دا پێویسته ئاماژه بۆ نووسینێكی گرنگی مه‌ریوان وریا بكه‌ین له‌باره‌ی ئه‌زموونی مه‌نفاوه كه به‌بڕوای مه‌ریوان سێكوچكه‌یه‌كن بریتین له نالی و حاجی قادر و شێركۆ بێكه‌س، خوڵقاندنی ئه‌و سێكوچكه‌یه چه‌نده به‌ره‌و ڕووی دنیابینییه‌كمان ده‌بات كه ئاخۆ ده‌توانین ئه‌وه بكه‌ین به سه‌ره‌تا به ئه‌زموونی مه‌نفا؟ چونكه ئه‌و نووسینه‌ی مه‌ریوان ده‌بێت له نێوان مه‌نفا و زماندا ئێمه بوه‌ستێنێت، به‌ڵام وه‌ستانێك پرسیارێكمان ڕووبه‌ڕوو ده‌كاته‌وه، ئه‌و سێكوچكه‌یه مه‌ریوان ده‌یدۆزێته‌وه؟ یاخۆ شێركۆ بێكه‌س به مه‌ریوانی ده‌به‌خشێت؟ ئه‌وه پرسیار نییه گومانه، چونكه شێركۆ له هه‌ردوو ئه‌زموونی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) و (خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێك) خۆی به‌و سێكوچكه‌یه ده‌بینێت كه له ته‌ك نالی و حاجی مه‌نفا ده‌نووسنه‌وه، ڕه‌نگه ئه‌وه‌ش هۆكارێك بێت ئه‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییه ببێت به جێی سه‌رنج، به‌ڵام نه‌توانێت كاریگه‌ری به‌جێ بێڵێت، بۆیه له‌گه‌ڵ وه‌ستانی ڕه‌هه‌ند ئێمه ئاسۆیه‌كی نوێی ئه‌و ڕه‌خنه‌یه نه له‌لای ئه‌و نووسه‌رانه و نه لای نووسه‌رانی تر نابینین.
(ره‌هه‌ند)ه‌كانی نووسین و نووسینه‌كانی ڕه‌هه‌ند
كاتێك گۆڤارێك هه‌ڵگری پڕۆژه‌یه‌كی تیۆریی و ڕاڤه‌كاری ده‌بێت، له‌و ساته‌دا ده‌بێت له به‌رده‌م ئاسۆیه‌كی نوێی نووسین بین، نه‌ك ئه‌و دروشمه به‌ته‌نیا له‌ناو نووسینی مه‌یوان و به‌ختیار و ئاراس به‌دوایدا بگه‌ڕێین، نه‌شتوانین پڕه‌نسیبی نووسین له هه‌ندێك كاردا بدۆزینه‌وه، لێره‌دا ئه‌و ڕوانینه‌مان ده‌سه‌پێته سه‌ر وه‌رگێڕانه‌كانی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا، ئاخۆ وتاری وه‌رگێڕدراو ئاسۆیه‌كی گرنگمان بۆ ده‌كاته‌وه؟ یان وتارێكه له (ره‌هه‌ند)یش بڵاو نه‌بێته‌وه، ده‌كرێت له هه‌ر رۆژنامه و گۆڤارێكی تر بڵاو ببێته‌وه؟ ئاخۆ دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌دا ده‌چینه‌وه، ستافی ئه‌و گۆڤاره كه هه‌ڵگری خه‌ونی نه‌وه‌ی ئێمه بوون، ئه‌و پرسیاره‌یان له خۆیان نه‌كردووه؟ ئه‌گه‌ر نه‌یانكردووه له پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌دا پێویسته ئێمه لێیانی بكه‌ین. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، گۆڤارێكی له‌و شێوه‌یه كولتوور و تیۆر و ڕاڤه‌كردن دنیابینییه‌كه‌ی بێت، چۆن ده‌كرێت له وه‌رگێڕانی وتاردا بنووسرێت وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردن؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره بۆ هه‌ر ڕۆژنامه و گۆڤارێك بواری هه‌بێت بۆیان بچێته سه‌ر، ئاخۆ (ره‌هه‌ند) چۆن ئه‌وه‌ی قبووڵ كردووه؟
ئه‌و پرسیارانه هێنده‌ی قسه‌كردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ساته‌وه‌ختی ئێمه وه‌ك خوێنه‌ر، هێنده ڕه‌خنه نییه ئێسته ئاراسته‌ی (ره‌هه‌ند)ی بكه‌ین، به‌ڵام گۆڤارێك به‌و هه‌موو نووسینه و ئه‌و هه‌موو لاپه‌ڕه‌یه كه ساڵه‌كانی ژیانمان له خوێندنه‌وه پێی دا، ئێسته به مافی خۆمان بزانین چی‌یان پێبه‌خشین و ستراتیجی ئه‌و پڕۆژه‌یه چی بوو، ناكرێت به‌سه‌ر ساڵه‌كاندا نه‌چینه‌وه. ئه‌گه‌ر له ئاستی وه‌رگێڕاندا ئه‌و ڕه‌خنه‌یه ئاراسته‌ی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵا بكرێت، له ئاستی نووسیندا به‌هه‌مانشێوه ڕووبه‌ڕٍووی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ری تر ده‌بێته‌وه كه جگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانیان له (ره‌هه‌ند) له ژماره‌یه‌كیان دووان هێنده‌ی به‌شدارییه هێنده ناچنه ناو پڕۆژه‌كه.
كێشه‌ی به‌شێكی زۆری نووسه‌رانی كورد ئه‌وه‌یه كه گۆڤارێك ده‌رچوو گرنگ ئه‌وان بابه‌تیان تیێدا هه‌بێت، جا رانانی كتێب بێت دیمانه بێت، گرنگ پَیوه‌ندییه‌كی هاوڕێیه‌تی هه‌بێت و ئه‌وان بتوانن لێیه‌وه بچنه ژووره‌وه، (ره‌هه‌ند) خاڵی نه‌بووه له‌و كێشه‌یه. وه‌ك چۆن گۆڤاره‌كه بۆ نووسه‌رێكی وه‌ك فاڕووق ره‌فیق بووه‌ته ده‌رگه‌یه‌ك تا له پشت ناوی فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه بانگه‌شه‌كانی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت، به‌هۆی پێشتر له كتێبی (نووسه‌ر و نووسینه‌وه‌ی زمان) به‌درێژیی له‌سه‌ر نووسینی فاڕووق قسه‌م كردووه، بۆیه لێره‌دا ته‌نیا تیشك ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌و دیده پانۆراماییه‌ی فاڕووق له‌ناو فه‌لسه‌فه‌دا تووشی بوو له نێوان نیتچه و هایدگه‌ر و ئه‌فڵاتوون كه كۆتایییه‌كه‌شی به‌و مه‌یله ئاینییه ته‌واو بوو كه به بڕوای ئه‌و، كوردایه‌تی و ماركسیزم پێكه‌وه بۆگه‌نیان كردووه.
ئه‌و روانینه ئینفعالییه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌نووسێت گوایه ئیتر بۆ ئه‌و شوێنی گومان نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی شوێنی گومانه ئه‌وه‌یه فاڕووق چۆن كوردایه‌تی وه‌ك گوتارێكی ناسیۆنالیستی و ماركسیزم وه‌ك فه‌لسه‌فه ده‌كاته یه‌ك گوتار و به‌یه‌كه‌وه ده‌یانكوژێت؟ ئه‌وه ره‌نگه كه‌سێكی تر بیڵێت فاڕووق به بیانووی نه‌بوونی ئه‌رگۆمێنت تۆمه‌تباری بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی جگه له بانگه‌سه‌كردن بۆ ئه‌رگۆمێنت شتێكی ترمان له‌و باسه ئینفعالییه بۆ بخاته ڕوو تا خۆی ده‌گه‌یه‌نێت به میراتی ئیسلامی.
په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌بی
قسه‌كردن له دیارده په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان دیدێكی گرنگ بوو كه به‌شێكی نووسه‌رانی (ره‌هه‌ند) فه‌رامۆشیان كرد، له پشت فه‌یله‌سووفه‌كانه‌وه ئه‌وه‌ی ده‌خوێنرایه‌وه ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵات و تێگه‌یشتن بوو لێی، ئه‌وه‌ی فه‌رامۆشیش ده‌كرا یاده‌وه‌ری ناو ماڵه‌كانی ئێمه بوون، ترس بوون له‌و فانتازیای تۆقینه‌ی دوای بردنی كه‌سێكی ماڵه‌كانمان بۆ گرتووخانه‌كانی به‌عس، چی له‌ودیو روو ده‌دا كه ئێمه نایبینین؟ چونكه كه‌سه رۆیشتووه‌كه‌مان جارێكی تر نایه‌ته‌وه ناو ژیان، ئه‌وه ڕێك ئه‌و دنیایه بوو رێبوار سیوه‌یلی كاری تێدا ده‌كرد، ئه‌و جۆره كاركردنه هێنده‌ی قسه‌كردن بوو له په‌راوێزه‌كانی ناو ژیان، به باڵاكردنی گوتاری فه‌لسه‌فی نه‌بوو، كه له‌و رۆژگاره‌دا په‌راوێزه‌كان راستییه‌كه‌ی په‌راوێزی گوتاری رۆشنبیریمان بوون، پڕۆژه‌كه‌ی سیوه‌یلی كه تا ئێسته‌یش له كتێب و وتار و نووسینی كورتدا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، كه‌وتووه‌ته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی زۆرترین ڕه‌خنه‌وه، ڕه‌نگه ئێمه به‌شێكی زۆری ئه‌و ڕه‌خنانه‌مان له سیوه‌یلی گرتبێت، به‌تایبه‌ت له ئه‌زموونه ئه‌ده‌بییه‌كه‌یدا، به‌ڵام ئه‌وه له بێبه‌هاكردنی پڕۆژه‌كه‌ی نه‌بووه، به‌ڵكو له گرنگی نووسینی ئه‌و نووسه‌ره بووه كه زۆرترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌ی بۆ خوڵقاندووین، به‌ڵام هێمنی پڕۆژه‌كه‌ی وایكردووه ئارامگری ئه‌و ببێت به جێی سه‌رنجمان، ئه‌گه‌ر تووڕه‌یی خوێنه‌رانێك له نووسه‌رێك به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسییه‌وه بێت، بۆچی كاتێك نووسه‌رێك هاوهه‌ڵوێست بێت له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كه‌ی تۆ ئه‌ویان به شۆڕشگێڕ ده‌زانیت و ئه‌ویتر ناپاك؟ ئه‌وه ته‌نیا فاشیزمێكی ره‌مزییه كه له‌ناو دنیای ئێمه ده‌رده‌كه‌وێت و به‌بیانووی ره‌خنه‌گرتن له نووسه‌رانێك به‌ناوی هه‌ڵوێسته‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت.
هه‌ڵبه‌ت له كاتێكدا ئه‌و فاشیزمه ره‌مزییه بوونی هه‌بووه، به‌ڵام ره‌خنه‌ی ئێمه له شوێنێكی تر بووه، له‌وه‌ی له‌رووی چه‌مكی ده‌قئاوێزانه‌وه هاتووین ئیش له چیرۆكه‌كانی سیوه‌یلی و شێرزاد حه‌سه‌ن بكه‌ین، یا ئه‌و نزیكی مانایه‌ی كه‌وتووه‌ته نێوان شیعره‌كانی سیوه‌یلی له‌گه‌ڵ ماغووت، ده‌نا ئه‌و له قسه‌كردن له ئه‌زموونی تاراوگه و به‌رپرسیارێتی نووسین، دیدێكی ئه‌خلاقی گرنگ به نووسینی كوردی ده‌به‌خشێت، خوێندنه‌وه‌ی ته‌ئویلكاری بۆ دنیای شیعری نالی رزگاركردنی ره‌خنه‌ی شیعری كلاسیكییه له لێكدانه‌وه‌ی ماناكانی شاعیر بۆ ته‌ئویلكردنی زمان و پێوه‌ندی به پرۆسه‌ی نووسینه‌وه، ئه‌گه‌رچی ویستی ئه‌و ئه‌زموونه له‌گه‌ڵ شیعری حاجی قادری كۆیی ئه‌زموون بكاته‌وه، به‌ڵام به بڕوای ئێمه له‌وێدا ئیشكردنه‌كان سنووری راڤه‌كردنیان جێنه‌هێشتووه و نه‌په‌ڕیونه‌ته‌وه ناو ته‌ئویل، به‌ڵام كۆی پرۆسه‌ی نووسینی سیوه‌یلی هه‌وڵێكی گرنگی نێوان په‌راوێزه‌كانی ژیان و كۆمه‌ڵناسی ئه‌ده‌بییه، ئه‌وه‌ش پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بووه كه له‌ناو ڕه‌هه‌ند نه‌شونمای كرد و خێرا جیا بووه‌وه، ئاراسته ستراتیجییه‌كه‌یشی بۆ خۆی پڕۆژه‌ی كارێكی سه‌ربه‌خۆی نووسه‌رێك بوو كه پێویستی به توندترین گفتوگۆی ڕه‌خنه‌یی بووه، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌میشه ئه‌و ده‌رگه‌یه‌مان به‌ڕووی نووسینه‌كانیدا كردووه‌ته‌وه.
شكانی پیرۆزی باوك و به پیرۆزكردنی ڕۆشنبیر
(ره‌هه‌ند) دیارترین پڕۆژه‌ی رۆشنبیریی دنیای ئێمه بوو، نووسه‌ره‌كانی زیاتر له خۆرئاوا بوون، زمانی تریان ده‌زانی و سه‌رچاوه‌ی تیۆریی و فه‌لسه‌فییان به زمانی تر به‌ده‌ست ده‌گه‌یشت، ئه‌وه وایكرد ئاشنامان بكه‌ن به مه‌عریفه و فیكری نوێ و فه‌یله‌سووفی نوێ بناسین، ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی نووسینی نوێ و فیكری جیاواز و خوڵقاندنی گومان و پرسیاریان كردینه‌وه. ئێمه به تامه‌زرۆیییه‌وه ده‌مانخوێنده‌وه، خۆمان دابه‌ش كرده سه‌ر دوو به‌ره‌دا، نه‌وه‌ی ئێمه زیاتر له‌ناو ستایش و سه‌رسامیدا بووین، چونكه هێنده تامه‌زرۆ بووین ده‌مانویست شتێكی نوێ فێر بین، ئه‌وانی تر كه زیاتر ئه‌دیبانی نه‌وه‌ی پێشوو بوون، ده‌یانویست سه‌رزه‌نشت بكه‌ن و كاره‌كان به لاساییكردنه‌وه و دزیكردن ناو به‌رن.
ئێسته كه پڕۆژه‌كه وه‌ك بڵاوبوونه‌وه و چاپكردن كۆتایی هاتووه، ستایش و سه‌رزه‌نشتكردنه‌كانیش چوونه‌ته دۆخی بێده‌نگییه‌وه، بۆ ئێمه گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌گرنگ ده‌زانین، بۆیه هه‌وڵمان دا له‌سه‌ر پێداچوونه‌وه به یاده‌وه‌ری خوێندنه‌وه وه‌ك خوێنه‌رێك به‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا بچینه‌وه، ئێسته‌یش كه ئه‌و وتاره ته‌واو ده‌بێت، پرسیارێكی تر ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، پرسیارێك ده‌رگه بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوێ ده‌كاته‌وه: (ره‌هه‌ند) چیی كرد؟
ئه‌و پرسیاره پێوه‌سته به تێگه‌یشتنی هه‌ر یه‌كێكمانه‌وه بۆ ئه‌و پڕۆژه‌یه، ده‌شێت له كورترین وه‌ڵامدا ئه‌وه بخه‌ینه ڕوو، ڕه‌هه‌ند چه‌مكی پیرۆزگه‌رایی باوكی سیاسی تێكده‌شكاند، كاتێك په‌یكه‌ری باوكی سیاسی له زهنی ئێمه‌دا تێك‌شكاند، هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو ماناكانی پیرۆزیی له ژیانی ئێمه‌دا كۆتایی بێت، به‌ڵكو به‌و شكاندنه پیرۆزییه‌كی تری لا خوڵقاندین، ئه‌مجاره په‌یكه‌ری ڕۆشنبیری به پیرۆز كرد، ڕۆشنبیرێك نه‌یتوانی بوونه‌وه‌ری ئازاد بێت، به‌ڵكو وه‌ك هه‌ر تاكێكی كۆمه‌ڵگه ده‌یویست ڕوانینه‌كانی بچنه‌وه ناو ئایدیۆلۆجیای گرووپێكی سیاسی، به‌ڵام له شكاندنی په‌یكه‌ری پیرۆزی سیاسییه‌وه، بۆ پیرۆزكردنی په‌یكه‌ری ئه‌وی ڕۆشنبیر.