Skip to Content

سزا .. ن: ئەحمەد شاملو .. و: هێمن ئەمانی

سزا .. ن: ئەحمەد شاملو .. و: هێمن ئەمانی

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 7, 2020 General, Poems

لێرە دا چوار زیندانە
بۆ هەر زیندان دووهێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێ بەست کراو…

ئەلەم پێ بەست کراوانە، کەسێک،
ژنەکەی خۆی لە گەرمەی ڕەشی بوختانێک
بە زەوری خەنجەرێک کوشتووە.

کەسێک لەم پیاوە بەندیانە
بە گەرمای نیوەڕۆی هاوین، لەسەر کۆڵان،
ژەمە نانی کۆرپەکانی لە خوێنی نان فرۆشی چیڕی زێدە خواز
خەڵتاندووە.

لەمانە چەند کەسانێکیان
لە ڕۆژێکی تەریکی باراناویدا،
لەسەر ڕێگەی بەهرە خۆرێک دانیشتبوون.

کەسانێکیان، لە بێدەنگی کۆڵانێکا
بەسەر دیوارێکی کورتدا
بۆسەر سەربان بازیان دابوو.

کەس گەلێکیان، نیوە شەوان،
ددانی زێڕی تازە مردوویان، لە گۆڕستانەکان دەشکاند.

بەڵام من هیچ کەسم بە تاریکی و شەوی زریان نەکشتووە
من سەر ڕێگام لە هیچ پیاوێکی بەهرە خۆر نەگرتووە
بەڵام من نیوەکانی شەو
لە سەربانێک بۆ سەربانێک، هەنگاوێکم نەبزاوتووە.


لێرە دا چوار زیندانە
بۆ هەر زیندان دووهێند داڵان
لە هەر داڵان چەند هێندە ژوور
لە هەر ژوورێک کۆمەڵێك پیاو پێ بەست کراو…

ئەلەم پێ بەست کراوانە
کەسانێک هەن
جەستەی بێ گیانی ژنانیان خۆشتر دەوێ.
ئەلەم پێ بەست کراوانە
کەسانێک هەن
لە بیریاندا ژنێک هەر شەو
لە ترسی مەرگ، بە ناخی دڵ دەکا هاوار.

من ئەمما لە ژناندا هیچ نابینم
ئەگەر ئەم نیوەیەی کۆمەڵ نەبینم من لە پڕ، بێدەنگ.
بەڵام من
لەناو دڵی کوێستانانی خەیاڵی خۆم،
جگە لە زایەڵەی بەستووی ئەهوەندی بانگی ئەم سەوزە گیا کێویانە
کە شین دەبن و دەژاکێن و وشک هەڵدێن و دەوەرێن،
هیچ نابیستم.

من ئەگەر
ئەم کۆت و بەندە نەبووایە
لە کازیوەی بەیانێکدا، لەوانەیە
وەک تارمایی یادەوەریەکی دوور،
تێدەپەڕیم
بە پانتایی بێ بەرهەمی ئەم خاکە سارد و سڕە دا…
تاوان ئەمەیە!
ئەمەیە تاوان!

ن:ئەحمەد شاملو
وەرگێڕان: هێمن ئەمانی

Previous
Next
Kurdish