Skip to Content

دەروونڕۆشنیی شیعری.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

دەروونڕۆشنیی شیعری.. سه‌باح ڕه‌نجده‌ر

Be First!
by تشرینی دووەم 10, 2026 General, Literature
image_print

لە شیعردا بیرێك هەیە، تایبەتە بە شیعر خۆی. نە فەلسەفەیە، نە زانستە، نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێكهاتەكانی شیعری هەموو تێدا ڕسكاوە، زەینی شاعیر دەپارێزێت.
نووسین ژینگەیەكی جوان و ئارامە بۆ ژیان و ئەشق، ئەشقیش باشترین بارودۆخی مرۆڤە بۆ نووسین. ئەشق سەرچاوەی بوونی دەروونی و پەروەردەكردنی پێویستییەكانە. بەملا و ئەولا نایەتە دی، بەڵكو دەبێت شاعیر لەم دۆخی بوونی دەروونییەدا بژێت و بتوێتەوە و خۆی دابڕێژێتەوە، ببێتەوە دڵۆپە و بێتەوە ناو سەرچاوەی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنییەوە. ئەوجا ئەشقیبوونی شیعریی خۆی دابڕێژێت. هەر ئەشقیبوونی شاعیرانی ڕۆشندڵیشە شیعریان بە ڕووناكی هێشتووەتەوە، شیعریش لە دەركەوتنی خۆی بەردەوامە، بە هەموو شانازییەكەوە ڕێزێكی تایبەتی لێ دەگیرێت. من ئەگەر بیرێك و ئامادەییی زەینیم نەبووبێ، ڕووداوێك لە هەستم ڕووی نەدابێت، بە هیچ شێوە و شێواز و بەهانە و هۆ و هۆكارێك شیعرم نەنووسیوە، كە خولیای نووسینیش دامدەگیرسێنێت و دۆخم بۆ دەڕەخسێنێت، لەگەڵ دەروونی خۆمدا زۆر تەبا دەبم و بە ئارامی هەڵدەكەم. هێزی خود هەموو هاوسۆزییەكانم بانگهێشتی ڕەخسانی دۆخەكە دەكات. من سەرەتای شیعر بە كۆمەك و تیشكۆی سرووشێكی نیمچە ڕوون، بە سادەیی دەكەمەوە، گرانایی و بەهای شێواز و ڕەگەزی كتوپڕی دەخەمە ناوەند. وەك ناوەندێك دای دەمەزرێنم، دووبارە سادەییی سەرەتاكە دەخەمەوە دوا وێنەشەوە. بڕواشم وایە شیعر دێت و خۆم پیشان دەدات. ئەوجا بە دوایدا دەچم و دەگەڕێم و كۆششی بەرجەستەبوونی بۆ دەكەم، وشە زاخاو دەدەم و خوازیاری گەشەسەندن و نوێبەخشیی دەبم، هێڵێكی یەكگرتووی شێواز و زمانی تێدا دەخەمڵێنم. قەتیش ئەو خۆفریودەرە نەبوومە، ویستبێتم بە هۆی كۆمه‌ك و تیشكۆی شیعرەوە دنیا بگۆڕم، بەڵام ویستوومە دنیا كۆ بكەمەوە و چالاكیی خۆمی تێدا پەرە پێ بدەم. شیعری پاراو و بێگەرد تەنیا لە سەر بنەمای جیهانبینیی ڕووناكیی خۆتدا، خواناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، كە لە ئەزموونی ژیانەوە پێی دەگەین دێتە بەرهەم، دوای هاتنە بەرهەم بەڕەنگ و ڕوخساری خۆتەوە تێكەڵ بە ڕەنگ و ڕوخساری ئەوانی دیكە دەبێت، واتە: كولتووری كۆمەڵگای خۆت. ئەم جۆرە دۆخگۆڕین و گواستنەوەیە خەسڵەتی ئەدەبیی ئێستێتیكییە، هێزی دەروونی بە مرۆڤ دەدات. هەنگاوبەهەنگاو خەسڵەتەكانی خۆی لە دەروونی مرۆڤدا دەپارێزێت، بۆ قووڵترین گۆشەی دڵدا دەگەڕێت و باری هەستیاری دەخەمڵێنێت، گۆڕانیش لە باری كامڵبوونەوە ڕوو دەدات.
شیعر جەنگێكی سیحرییە. بە كۆمه‌ك تیشكۆیه‌وه‌ گەیشتم بە ماڵی گەورەی ژیان، زیاتر لە بۆچوون و شێواز و حاڵ و بارەكانی دیكه‌، ئارەزووم بۆ خوێندنەوەی ئەو شیعرانە گەرم دەبێت و پێیان دەدرەوشێمەوە، بە جۆر و جوانییان دەزانم، كە شاعیرانیان لە حاڵ و باری ناڕێكیی سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات، لە ناو كۆمەڵگای خۆیاندا دووچاری نامۆیی بوونە، پەنایان بردووەتە بەر تاراوگەی ناخ و پەناگا و مەئوای ناخ، ئەم پەنابردنە ئازادییە، ئازادیی تەواوی نووسین. لەم حاڵ و بارەدا دەچنە قووڵاییی بەسەرهاتەوە، گۆڕانێكی قووڵی نیمچە ڕیشەییی فیكری و ڕۆحی لە شاعیردا خۆ دەردەخات. بەشێك لە خوێنەرانیش پێش هەموو شتێك بابەتی ئەدەبی بۆ ناوەرۆك دەخوێننەوە، بەڵام من پێش هەموو شتێك ئەدەب بۆ ئێستێتیكای زمان و ئێستێتیكای ئەدەب دەخوێنمەوە و دەنووسم. هێزی ئەدەب هەر لە ناڵە و هاوار و دەنگی بەرزبوونەوەی كارەسات و نزمبوونەوەی كارەساتدا هێزی زرینگانەوەی خۆی پەیدا ناكات و دۆخ وەرناگرێت، هەروەها مانا بە باری یەكئاستی ناخەمە ڕوو، بەڵكو خوێنەر دەتوانێت لە ترپە و ئاوازی شیعرەكەدا، بە دەروونڕۆشنیی شكۆی شیعرییەوە بۆی بگەڕێت، تەشقەكە دەناسێت، مەودای چێژ و بیركردنەوەی خۆی، بەو مەودای چێژ و بیركردنەوەی ناسیویەتی بە پیت دەكات.
لە شێوەی دەربڕیندا، ڕووداو و حاڵەت هێزی زمان وەردەگرن و دەیگوازنەوە بۆ هێزی ئێستێتیكای ئەدەبی. هەوڵ دەدەم داوا و داخوازیی شیعر لە زمان بزانم، لە گەنجینەی زمانی دێرینی كوردییەوە، وشە و دانەپەیڤ بدۆزمەوە و ئەزموونی خۆمی پێ بەڕێوە ببەم، لەگەڵ پێكهاتەی ڕێزمانی نوێشدا بیگونجێنم. ڕایەڵ و تانوپۆ و پێوەندییان لە نێواندا دروست بكەم. بە تایبەتی زمانی زاربێژان و بەیت و شیعری كلاسیكی، مەرجیش نییە وەك ئەو هەبووەی بە كار هاتووە بە كاری بهێنمەوە، بەڵكو دەیكەمە سرووشی هێزی زمان و بنچینەی پێكهاتە، دەتوانێت قووڵترین خاڵی ژیان بدۆزێتەوە و بەهرەی لێ وەرگرێت. شیعری پاراو و بێگەرد لە پێكهاتەی زماندا خۆی دەخاتە ڕوو، زۆر بە كەمی لە ناوەندی شیعری كوردیدا ڕێكەوتی شیعرێك دەكەیت، شيعريبوونی تێدا بێت و بە ئاستێكی كەمی زمان خۆی خستبێتە ڕوو، هەروەها بەشێكی هەرە زۆری شیعری ئەمڕۆی كوردی ناشێت بە ئەدەبی خاوەن پنج و ڕەگ و ڕیشەیان دابنێین. دەشێت بە مەشقی ئەدەبییان دابنێین.
هەموو وشەیەك، توانا و هێزی ئێستێتیكیی شیعری تێدایە بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانكردن. وشە لە خراپ بەكارهێنانیدا هێزی ئێستێتیكی دەكەوێت، لە باش بەكارهێنانیشیدا هێزی ئێستێتیكی دەردەكەوێت. زمانی كوردی زمانێكی شیعریی دەوڵەمەندە، شاعیری لێزان و باڵا بەرانبەری لارەمل و دەستەوەستان نابێت، هەروەها وشەش ناڕەنجێنێت، وشە هێزی شیعر دەپارێزێت و شیعریبوون دەبەخشێت. هەستی زمان فریای شاعیر دەكەوێت، هێزی خەیاڵی دەدرەوشێنێتەوە. زۆر پابەندم بە هێزی هەست و زمان و ڕێكخستنی پێوەندیی نێوان وشە و دەستەواژە و ڕستەوە، هەروەها بنچینەی شیعر هەست و زمان و مۆسیقایە، هەست و زمان و مۆسیقاش واتای نوێ لە واقیع و خەیاڵ دروست دەكات. لە هەندێك ڕستەمدا دەنگی مۆسیقا بە ئاسۆیی دێتە گوێ، لە ڕستەی دیكه‌مدا بە ستوونی دەبیسترێت. ئەو مۆسیقایە بەدڵێكی تەواو كوردییەوە لە ناخی خەڵك و قووڵایی زەوییەوە ترپە و ئاوازی وەرگرتووە، هاوخەمی و هاوشادیی جیهانی پێكدەهێنێت و فۆرم دەگرێتە خۆی.
هەست، وزە و تینی كارا و كارامەیی نووسینی ئەدەبییە، بنەڕەتی هەموو چالاكییەكانی شیعرە. شیعری هەستیش ڕەنگی ژیان دەداتەوە. هەموو مرۆڤێك خاوەنی هەموو هەستە سروشتییەكانی، یان لانی كەم بەشێك لە هەستە سروشتییەكانی خۆیەتی، بەڵام هەموویان توانای باش بەكارهێنانیان نییە. جیاوازیی داهێنەر لێرەدا دەردەكەوێت. ئایا بە باشی و سادەیی ئەو هەستانەی دەهێنێتە ناو نووسین، دۆخێكی گونجاوی بۆ دروست دەكات. شیعری كوردی بە چەندین ناو، كە هەستە سروشتییەكانی خۆیان باش و بەسادەیی بە كار هێناوە درەوشاوەیە. شیعری سادە وەك شەپۆلێكی هەستی دەبێت زۆر داهێنەرانە لە دۆخی هەستیاردا بنووسرێت و خۆی دابمەزرێنێت، زمان و هەستیش بگەیەنێتە ئەوپەڕی، دەنا ئاسۆ و دوورییەكی نابێت بۆ لێكدانەوەی جیاواز و ئاستدار. نموونە: دوو نامەكەی (نالی) و (سالم)، یان (گوتم بە بەختی خەواڵوو)ی حاجی قادری كۆیی، یان دوو گەشتەكەی (گۆران)، یان (پایزی جاران)ی دیلان، یان (كۆلاره) ئه‌حمه‌د تاقانه‌، یان (وەرە خوارێ ئەی خواكەی غەریبان لە كلكەی هەوری ئاڵەوە وەرە خوارێ)ی ئەنوەر قادر محەمەد، یان (كەوشەنی مەرگ)ی فەرهاد شاكەلی، یان (بتانەوێ و نەتانەوێ ڕۆژێ لە ڕۆژان نالی هەر بۆ شارەزوور دەگەڕێتەوە)ی لەتیف هەڵمەت، یان (گورگ)ی محەمەد حەمە باقی، یان (به‌هاری دۆڕاو)ی ئازاد دڵزار، یان (هەولێر لە یەكی شوباتا)ی عەبدوڵڵا پەشێو، یان (لاوكی هەڵەبجە)ی ڕەفیق سابیر، یان (شەڕ)ی جەلال بەرزنجی، یان (باوێشكەكانی مێژوو)ی نەژاد عەزیز سورمێ. لە دەربڕیندا پڕاوپڕن لە تووڕەیییەكی ئاشكرا و ڕووكار و سادەن، بەڵام لە دۆخی هەستیاری و داهێنەرانە بە سەرچاوەی ژیان و دڵپڕیی كۆمەڵگاوە نووسراون، لێكدانەوەی جیاواز و ئاستدار وەردەگرن، ڕوخساریان شكۆی شيعريبوونی تێدا خەمڵیوە. بەوەی هەم لەسەر زەینیبوون، هەم لە سەر واقیع وەستاون، خوێنەریش ڕووداو و وێنە زەینییەكان قبووڵ دەكات. ئەمە مەترسییەكی گەورەیە، پێویستی بە ئاگایییەكی قووڵ هەیە، لە سەر دوو ئاراستەدا كار بكەیت، خوێنەریش بخەیتە ئەو دۆخە هەردوو ئاراستەكە لە پلەی جیا جیا و وریاییدا وەربگرێت، بینینی خۆی لە ناویدا ڕوون بكاتەوە، ئەم نموونانە ئەزموونێكی بينرا و بەرجەستەن. لەگەڵ ئەم بينرا و بەرجەستەیەیدا كارامەیی ئەدەبیشیان تێدا بە دەست هاتووە. بە شێوەیەكی بينرا و بەرجەستەش دەربڕین لە ناوەندی نەتەوایەتی دەكەن، ڕۆحی نەتەوە تێیاندا گەڵاڵە بووە و ڕەنگی ڕشتووە، واتە: شیعری بۆنە و ڕووداون. بۆیە ئاماژەم بەو دەقانە دا، چونكە لەم كۆشیعرەمدا: (دواكەوتن لە كەشتیی نووح)، دوو شیعریان بۆ بۆنە و ڕووداو نووسراون:
1 – مەسیحی دووەم ئاگری بۆ شاعیران لە خوداوەند دزی، بۆ كارەساتی شنگال.
2 – لە ناو چەند هەواڵێك هەواڵێك، بۆ كارەساتی كۆبانێ.
خوێنەریش زۆرتر بە هەستی مانا و نەتەوایەتی، نەك زمان و ئێستێتیكی لەگەڵیاندا دەخرۆشێت. من بە بەشێك، بەشێكی دیاریكراوی هەست پێكردنەكانم ئاوێتەی ئەو دەقانە بووە، بەمەش خۆم بە شێوەیەك لە شێوەكان بە نووسەریان دەزانم. بەها و جوانییەكی پێویست و نایاب هەیە، خۆت بە نووسەری دەقی شاعیری جگە لە خۆت بزانیت. ئەو دەقانەی شاعیرانی دیكه‌ خۆزگەیانە خۆیان بە نووسەری بزانن، بەها و جوانییەكی بێهاوتایان بەخشیوە، بوونەتە ئەفسوون و زایەڵەیەكی سەیر لە بوونی ڕۆشنبیریدا. ئەوە گەوهەری داهێنانە دەبریسكێتەوە. شاعیران بۆی غار دەدەن بیگرن، بە هی خۆیانی بزانن. ئەو شاعیرەی گەرماییی ئەو خۆزگەیەی لە دڵدا خاو بووبێتەوە، شاعیرێكی كلۆر و مردۆخ و پووخە و دەمچەفت و هەستنەناس و خوێنمیكرۆب و وشە قەڵپ و قۆپیەچییە، پوختەكار نییە.
لای ئێمە ژمارەیەكی كەم و دیاركراو شاعیرە هەرە نوێیەكانمان، چەند سەد كەسێكیش بەرهەمی شاعیرە كۆن و ناسراوەكانمان دەخوێننەوە. من باوەڕم بەوە نییە هونەر بۆ هونەر، یان هونەر بۆ دەستەبژێر، یان هونەر بۆ كۆ و كۆمەڵگا، یان هەر شتێكی لەم بابەتە و لەمە نزیك. هونەر، یان دەبێت نەبێ، یان ئەگەر هەبوو، دەبێت هونەرێكی پاك و بیركردنەوەیەكی بنەڕەتیی ئێستێتیكیی پەتی بێت. هونەری پاك و پەتییش لە خۆیدا لەخزمەت كولتوور و كۆمەڵگای تەندروستە. ئەوی دی جۆرێك ڕووپۆشكردن و لەخشتەبردنە. بە هیچ شێوە و شێواز و بەهانە و هۆ و هۆكارێك بە ئاسانی خوێنەر گیرۆدەی شێواز و گیرۆدەی مانا ناكەم، دەمەوێت خۆی، خوێنەری نموونەیی، هەڵكۆڵین لە دەق و شێوازی نووسیندا بۆ هەستناسین و گیرۆدەیییەكانی خۆی بكات. شاعیری ڕاستەقینە سەربەلایەنێكی سیاسی، یان ڕەوتێكی سیاسی كار ناكات، بەڵام دژی ناپاكیی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ئێستێتیكی كاری ئەدەبی خۆی بەڕێوە دەبات. لە ناو جەنگەی ئاڵۆزیی سیاسەتدا، لایەنگیریی ئاشتی و لێبووردەیی دەكات. شیعری من بە تین و تاوی هەمەچەشن دەربڕینی لە شەڕی ناوەكی كردووە، لە زۆربەی زۆری ئەزموونیشمدا تیشكدانەوەی هەیە، بەڵام لە هەموویان دەركەوتووتر دەقی: (مەرگی ئاوێنە)یە، وێنەیەكی لەبیرنەكراو لە تاوان پیشان دەدات، چەندین پرسیاریش لە بارەی جەنگی تاوان و بوونەوە دەهێنێتە كایەوە. هۆ و هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە شەڕی ناوەخۆیی وێرانكاریی لە ڕۆح و فیكری كۆمەڵگای كوردیدا دروست كرد، ناخی كەواند و خستیە دۆخی هەڵوەشانەوە. هەمیشە بەو بارەشدا كارم كردووە وێرانكارییە ڕۆحی و فیكرییەكان لە ئێستێتیكای ئەدەبدا گەش بكەمەوە و دۆخی ئاشتی، لێبووردەیی وەك خاڵی پێوەندی و بینین بهێنمە ناوەند.
لە شیعردا بیرێك هەیە، تایبەتە بە شیعر خۆی. نە فەلسەفەیە، نە زانستە، نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێكهاتەكانی شیعری هەموو تێدا ڕسكاوە، زەینی شاعیر دەپارێزێت.
دەسەڵات، دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەری یەك شتی لە شیعر و شاعیرە سیاسەتخواز و ڕەسمییەكان داوایە، كە لە بەرژەوەندیی ئەودا بن، ئەدەبێكی مەبەست سیاسی بەرهەم بهێنن. ئەدەبی مەبەست سیاسیش كاردانەوەیە بەرانبەر هۆ و هۆكار. شیعری پاراو و بێگەردیش یەك ئەرك كرۆكی پاراو و بێگەردی دەستنیشان دەكات، كە لە پێناو ئێستێتیكای زمان و ئێستێتیكای پەتیدا كاری خۆی بەڕێوە ببات. هێزی هەستی مرۆڤانەی بە كۆمه‌ك و تیشكۆی زمان لە هێزی وێنەدا پیشان بدات. زمان و مۆسیقا و وێنە سێ گۆشەی ڕووناك و گرنگن بۆ شیعری پاراو و بێگەرد و خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنیی شاعیر. دەسەڵات زۆر بە ڕێكوپێكی و لێزانانە و بە مەرام كار لە سەر هەڵكۆڵینی كرۆكی شاعیری ملنەرم دەكات بۆ مەرام و ئەو تێگەیشتنەی خۆی. هەر شاعیرێك خراپ بنووسێت و زمان خراپ بە كار بهێنێت، خیانەتكارە لەگەڵ خاك و كولتوور و كۆمەڵگادا، چونكە زمان تاكە بەروبووم و سەرچاوەی خاك و كولتوور و كۆمەڵگایە. شاعیری داهێنەر ڕووداوە ورد و دیاردەكانی ڕۆژانە دەگوازێتەوە ناو هەستیاریی زمان، لە شیعریبووندا دای دەمەزرێنێت. لە ئەدەبی ئێمەدا زۆر شاعیر هەن زۆر ملنەرم و سیاسەتخواز و دەسەڵاتین، بەوەی لە پۆستی بەرز دانراون. ئەگەر ئەو پۆستە بەراورد بكرێت بەوەی ئایا بە هۆ و هۆكاری ئاست و توانای ئەدەبی وەری گرتبێت، ئەوەت بۆ دەردەكەوێت سەدا سەد لە جێگای شیاوی خۆیدا نییە. زۆر نابەجێ و لاسەنگیشە، چونكە شاعیری لەو زۆر بەتواناتر، لە ڕووی ئێستێتیكای زمان و ئێستێتیكای پەتیدا هەن لە پێچانەوەی دەسكە سڵقێكیشدا جێگایان نابێتەوە. ئەم كردە و كار بۆكردنە، بوونەكەی لە سەر شێوازی تاكتیكی سیاسەت و دەسەڵاتسالاری، یان دەسەڵاتسەروەری وەستاوە و بەڕێوە دەچێت. نەك ڕۆشناییی بەرهەم و بوونی ئەدەبی و ڕوونیی ئەزموون. بڕوایشم بەو شاعیرانەی شیعری مەبەست سیاسی دەنووسن نییە، كە دەڵێن: ئەگەر گۆڕانێك لە ناو كۆمەڵگادا ڕوو نەدات، ژیان بەرزی و نزمی تێ نەكەوێت، شیعر شتێكی نابێت بیدۆزێتەوە. ئەدی لەم حاڵ و بارەدا كاردانەوەی هێزی نامۆكردنی زمان و هێزی خود و هێزی خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی چییە.
لە دنیادا تەنیا یەك شت نایەتە دی. ئەویش ئەو شتەیە، كە لە دڵەوە كۆششی بۆ ناكەیت. مرۆڤ گەردوونێكی بچووكە لە نووسیندا، كۆمەڵگا گەردوونەكەی دەناسێت و دەیكاتەوە. لەو كاتەوەی ڕاست و چەپی خۆمم ناسیوە، هەستم كردووە چی دەمخاتە سەر دۆخی خۆدەستنیشانكردن، دەسەڵاتی ڕووناكیی شیعر بانگی ناوخۆی كردووم، هەستم كردووە مانەوە لە ناو ئەو ڕووناكییەدا، مانەوەی بوونی منە وەك مرۆڤێكی هەستی و خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن. بۆیە تەواوی وزەی خۆم بۆی تەرخان كرد، هەموو شتێك و خولیا لاوەكییەكانم پەراوێز خست. چوومە ناو دەسەڵاتی نووسینی پاراو و بێگەردەوە.
ئەم بڕیارە و چركەساتی ئەم بڕیارە، ئاكام و ڕووداوێكی زۆر گرنگە بۆ نووسین و خۆدەستنیشانكردن و بەردەوامی، خستمیە سەر دۆخی نووسین و مانەوە و جۆرێك بەرپرسیاریەتیی ئێستێتیكیی ئەدەبی. هەموو شیعرێكی ئێستێتیكی جۆرێكە لە بیركردنەوە و ئاكامی بیركردنەوە، بیركردنەوەش وەك ناوەندێك وەردەگرێت، هەست دەخاتە جێگای هێما و خوازە، هەروەها ئەدەبی ئێستێتیكی دەربڕین لە دڵەڕاوكێ دەكات و ڕووبەڕووی بوون دەبێتەوە، دڵەڕاوكێ بەرانبەر بەرزی و نزمییەكانی ژیان، لە هەندێك حاڵ و باردا مانا لە ژیان وەردەگرێتەوە، دەیكات بە شتێكی هیچ و پووچ و بێبایەخ، لە هەندێك حاڵ و باریشدا دەیكات بە سەرچاوەیەك، پلەیەكی درەوشاوەی شیعریبوون و دۆزینەوەی گەوهەری نادیاری. ئەگەرچی دڵەڕاوكێ لە ئەدەبی كارادا پرسێكی دێرینە، بەردەوام لە بوونی شاعیردا بەرانبەر شتێكی نادیاریكراو، یان ئایندەیەكی میتافیزیكی دووبارە دەبێتەوە، هەروەها هانا و پەنایەكی ئەزەلییە بۆ شاعیری هەستی. من زۆر لەگەڵ دەقەكانمدا دەمێنمەوە. لێرە وشەیەكی دەگۆڕم و لەوێ جێگۆڕكێ بە ڕستەیەكی دیكەی دەكەم، پێكەوەیان دەبەستمەوە و بیر لە هێزی زمانەوانییان دەكەمەوە. پاشان بیر لە پێوەندیی وێنەكان دەكەمەوە، بیر لەوەش دەكەمەوە بزانم ئەوەی بیرم لێی كردووەتەوە ئەم دەقە ئەوەیە، یان دەقێكی دیكه‌یه‌ و ئەفسوونی زمان و هەست لە كاتی خورپەی نووسیندا خۆی زاڵ كردووە، بەڵام دامەزراوەكە ئەو بناغەیەیە، كە یەكەم خورپە لە شیعردا بە ڕوونی هەست پێ دەكرێت، وەك ناوەندێك دەمێنێتەوە و ڕەگ بە تەواوی جەستەی دەقەكەدا شۆڕ دەكاتەوە، وەك هێزێكیش ڕای دەكێشێتەوە ناوەوەی خۆی و زاخاوی دەدات. ڕەشنووس لە سەر مێزی نووسینمدا زۆر دەمێنێتەوە، كەڵەكە دەبن، چەند بمێننەوە ڕەنگیان جوانتر دەخەمڵێ و هۆگریم بۆیان زیاتر دەبێت. دەقم هەیە دە جار زیاتر نووسیومەتەوە. لە دوا پاكنووسدا بە هەموو ڕەشنووسەكاندا دەچمەوە، بەیەكیان دەگرم و سوودی زۆر لەم پێداچوونەوە و پێكگرتنەدا وەردەگرم. وێنە هەیە دوای ئەم هەموو ئاڵوگۆڕییە، وێنەی یەكەم ڕەشنووس دەهێنمەوە، لە سەر ئەو سەقامگیر دەبم و ئەوانی دی دەخەمە لاوە، بۆشم دەردەكەوێت یەكەم داڕژان لە شیعردا دەگمەن و گرنگە، پێداچوونەوە و پێكگرتنی دەقیش بۆ مشتوماڵكردن و جوانكاریی هێندەی نووسین، دەگمەن و گرنگە. نووسین خۆی پێداچوونەوەیە بە خوداناسین و خۆناسین و دەروونڕۆشنی، هەروەها پێداچوونەوە پشووی دوای نووسینە، خۆشیبەخشترین چركەساتی شاعیرە و هەموو خۆشحاڵییەكانی تێدا كۆ دەكاتەوە.

زیاتر لە پەنجا ساڵ بەسەر مەرگی (گۆران)دا تێ پەڕیوە، كە (18/11/1962) ە. تا ئێستاش لێتۆژینەوە گرنگەكانی لە بارەی شیعری نوێی كوردییەوە پێشكێش كراون. ئەوانەن، كە لە بارەی گۆرانەوە نووسراون، هەروەها خوێنەرش، یەك لەوانە من بە تەواوی هەستەكانمەوە گوێ لە ترپەی دڵ و ناخی بەهێزی دەگرم، سرووش لە ڕۆحی گەرم و درەوشاوە و ژیان تێگەڕاوی وەردەگرم، كەواتە: تاكو ئێستا ڕێبازی گۆران، ڕێبازێكی دانپێدانراوە. قۆناغی حەفتا و هەشتاكان و ئەوانی دیكە بە شێوەی دامەزراوی گۆران دان پێدانراو نین، یان خەسڵەتە گرنگە زمانی و ئێستێتیكایییان دەستنیشان نەكراون، یانیش شاعیرێكی گۆڕانكار و بە زەبر لە كێشی گۆران پەیدا نەبووە، یان قۆناغەكان قۆناغی بە كۆن، چەند كەسانێك لە بنیادنان و سیما داڕشتنیان هاوبەشن، بۆیە بایەخدانەكە دابەش بووە بە سەر كەسە هاوبەشەكان، تاك وەك دیاردە و ڕووداو دەرنەكەوتوون.
ئەگەرچی من بڕوام وایە شیعری پاراو و بێگەرد سەر بە هیچ قۆناغ و قوتابخانە و ڕێباز و بزووتنەوەیەك نییە، بەرهەمی ئەزموونی تایبەتیی شاعیری ڕاستەقینەیە لە بەهرەی ئەدەبی و چێژی ئەدەبی و دۆزینەوەی ئێستێتیكای ئەدەبی و نامۆكردنی زمان، هەروەها بڕواشم بەوەیە دەبێت شیعرێكی دیكه‌، واتە: شێوازێكی دی لە شیعری كوردیدا سەر هەڵبدات. شیعرێك ببێتە سەركێشییەكی درەوشاوە بۆ ئەو جۆرە شیعرەی هەیە، لە ناخەوە ڕای وەشێنێت و ئاگایییەكی ئێستێتیكی و نامۆكردنی زمانیی بداتێ.
ئەم سەركێشییە پێویستە لە هەموو سەردەمەكاندا سەرهەڵبدات و بەردەوامیی هەبێت. زۆر لەگەڵ ئەوەدام سەركێشییەك سەر هەڵبدات، شیعری نەوەی ئێمەش ڕاوەشێنێت، ببێتە ئاماژەیەك بۆ گۆڕانكاریی شیعری، هەڵبەتە ئەم گۆڕانكارییە بە چێژی زمان و چێژی ئەدەب دێتە ئاراوە، نەك وەك گۆڕانكارییەكی مەبەستدار و نەخشە و پلان بۆ دانراو، واتە: ئەزموونی ئەدەبی زاخاوی بدات. شاعیری گۆڕانكار لە خۆڕا و بەڕێكەوت و ئەڵڵاخودایی نابێتە گۆڕانكار، بەڵكو پێویستی بە ڕێكخستنی سیستەمی ناخ هەیە. من جیاوازیی زۆر جوان لە نەوەی دوای خۆم دەبینم. لە هەندێكیان وەك جیاوازی و لە هەندێكیشیاندا وەك داهێنان. هەمیشە بە بینینی ئەم جۆر و جیاوازییانە دڵخۆش دەبم. بە هیوام نوختەی بینینی خۆدەستنیشانكردنیان بە بەخششتربێت بۆ بەخشینی ڕووناكیی شیعرییان و مستەكۆڵەیەكی ئێستێتیكیش بن بۆ ئێمەمانان. شاعیری جیاواز: (ئاریان ئەبووبەكر) لە ساڵی 2013 لە سلێمانی لە حەڤدەیەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژدا، شیعرێكی بە سەرناوی: (قاچ، ئوتۆمبێل) خوێندەوە (من و ئیسماعیل حەمەئەمین) لە شكۆی ئەم شیعرەدا لە ناو جەماوەر هەستاینەوە و بەپێوە وەستاین تا شاعیر لە سەر شانۆكە هاتە خوارەوە لە ناو هۆڵدا لە سەر كورسی خۆی دانیشت، یان یەكەم كۆشیعری چاپكراوی ئەم دوو شاعیرە لاوە: (بە 14 ڕێگادا: ڕێبین ئەحمەد خدر 2012، حكایەتی قوڕ بە قەڵەمی خەوننووس: دلاوەر ڕەحیمی 2013)، كە ڕوونكردنەوەی شیعرییمان دەدەنێ و خۆدەستنیشانكردن تێیاندا ڕوونە، دەمانبەنە ئەمدیو و ئەودیوی میتافیزیكا و واقیعەوە. ئاماژە و دەنگ و ئاوازی زیندووكردنەوە و زیندوو ڕاگرتنی زمان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە دەخەنە زەینی ڕستەوە، لە وێنەكاندا كۆ دەبنەوە، پاشان دەبن بە خودی ڕووداوە وێنەیییەكان و بنەماكانی تێگەیشتن و خۆ دەستنیشانكردن.
جا نازانرێت دوای ئەم دەقانە، پەرە بە بەهرە و توانایان دەدەن. لە هەر لایەكیانەوە تێیان بڕوانین نەوا و ئاوازی جیاوازی تایبەتی خودی خۆیان، ئێمە وەك لایەنگری داهێنان دەهێڵنەوە، یان لە ڕووبەرێكی دیاریكراودا دەمێننەوە، خاڵی پێوەندیی داهێنان دەپچڕێنن، خوێنەری نموونەییش بە دوایاندا ناچێت و پێوەندییان پێوە ناكات.
بەدرێژاییی ئەو سی و چەند ساڵەی سەرقاڵی شیعرم، خۆم لە دوو شت بەدوور گرتووە و لێیان دەسڵەمێمەوە.
یەكەم: چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانی.
دووەم: وەڵامدانەوەی ئەو نووسینانەی بە ناحاڵی لە ئەزموونی من دواون.
تەلیسمی ئەم نهێنییەشم بۆ ناشكێت. باشیش لەوە گەیشتووم هەڵەی كوشندەی نووسەر ئەوەیە خۆی سەرقاڵی هەڵەی نووسەرێكی دی بكات. ڕەنگە هەر ئەم تێگەیشتنەشم بێت تەونی نهێنیی ئەم ترسەی بۆ چنیبم.
یەك لە چێژە ئەدەبییەكانم بێ ئەوەی خۆم هیچ ویست و دەسەڵاتێكم تێیدا هەبێت، هەڵدەبزڕكێت. بەوەی هەركاتێك شیعرێك بۆ گۆڤار، یان ڕۆژنامەیەك دەنێرم، دوای ماوەیەك بڵاو دەكرێتەوە. هێندە بە بڵاوكردنەوەكە دڵخۆش دەبم و دەكەومە حاڵ و باری ئارامییەوە، هێندەی دیش دڵگران و سەغڵەت دەبم بەوەی دەبینم وەك هاوتایەك هێڵكاریی لەگەڵدا بڵاوكراوەتەوە، چووەتە كۆڵی شیعرەكەوە. هەندێك جاریش هێڵكارییەكە زۆر نایابە، وەك بابەتێكی سەربەخۆ چێژی لێ وەردەگرم. لە هێڵ و هێمای ورد دەبمەوە. دەچمە ناو كەشێكی ئێستێتیكیی زۆر تایبەت و سیستەمی بیركردنەوەی ناسینی زمان و زمانناسیی هێڵكارییەوە.
من بڕوای تەواوم بەوەیە. شیعر خۆی هێڵكارییەكی هەستییە و تێیدا خودێكی خوداناس و خۆناس و دەروونڕۆشن دەردەكەوێت. نەشیاوە هێڵكارییەكی دیكه‌ی بخرێتە پاڵ و قەرەباڵغ بكرێت و لە بەریەكیان ڕابگریت، چونكە هیچ پێوەندییەكی گرنگ و جووڵە و ژیانێكی تازە و ئاشكراكردنی هێڵ و هێمایەكی شاراوە نادەن بە شیعرەكە. شیعر و هێڵكاری هەریەكەیان خاوەن گۆشەی بەهێزكردنی تیشكی چاو و نیشانە و پێكهاتە و ناوەندی ڕوانین. هەست و فامكردنی خۆیانن، بە كۆمه‌ك و تیشكۆیه‌وه‌ زمان و ئاخاوتن و هێڵ، كە بوونەتە بابەت دەستنیشان دەكەن.
لە هێزی دەربڕینی خۆیاندا، هەریەك سەربەخۆییی خۆیان لە پێشكێشكردندا دەپارێزن. هیچیان بە كۆمه‌ك و تیشكۆی ئەوی دیكه‌یانەوە هێزی دەربڕین و ئێستێتیكی وەرناگرن، ڕووناكییان داناگیرسێت. هەرچەندە بۆچوونم بەرانبەر هێڵكاری ڕوون و ڕەوانە و پەنهان و شاراوە نییە، بەڵام ڕۆشندڵ دەبم بزانم شێوەكارەكە تێگەیشتنی بۆ شیعر چییە، چ پەیوەندییەكی پێیەوە هەیە. شیعريش لە چاوی ئەودا چۆن دەردەكەوێت. شیعر هەیە لە چەندین وێنە و دەربڕین و بیروبڕوا و فەنتازیادا پێك هاتووە. ئایا هێڵكارییەك دەتوانێت ببێتە دەربڕینی بیروبڕوا، ئێستێتیكیی هەموو ئەو وێنانەی شیعرەكەیان پێك هێناوە. تكام وایە: لەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی شیعریان تێدا بڵاو دەكەمەوە، تا بكرێت هێڵكاریی لەگەڵ دانەنێن، چونكە نەشیعر و نەهێڵكارییەكە دنیا ناخەنە ناو لەپی دەستمانەوە، بەڵكو نیشانەكانی ئەم دنیایەن.
لە شیعردا بیرێك هەیە، تایبەتە بە شیعر خۆی، نە فەلسەفەیە، نە زانستە، نە ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام پێكهاتەكانی شیعری هەموو تێدا ڕسكاوە، زەینی شاعیر دەپارێزێت.

Previous
Next

Leave a Reply