ئەحمەد خەڵەف و چیڕۆك و ڕۆمان.. عەبدولڕەحمان فەرهادی
ئەحمەد خەڵەف، یەكێكە لە ناوە دیار و گرنكەكانی دونیای چیڕۆك و ڕۆمان لە عیراق، دەستپێكی سەرهەڵدان و دەركەوتنی بۆ نەوەی شەستەكانی سەدەی ڕابردووی چیڕۆك دەگەڕێتەوە، ماوەی زیاتر لە شەست ساڵیش بە بەرهەمی جوان و داهێنەرانەی، خەرمانی چیڕۆك و ڕۆمان و تەنانەت گێڕانەوە و ڕەخنەی ئەدەبی و ڕۆژنامەنووسیی زێتر پەرەپێداوە.. خەڵەف لە ساڵی 1943 لە شارۆكەی شنافیەی سەر بە شامیەی دیوانیە لە باشووری عیراق لە دایك بووە، هەر بە منداڵی بە هۆی ئەوەی شاعیری ناودار “مزەفەر نەواب” مامۆستای زمانی عارەبیی بووە، كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەو زمان و ئەدەبە بەهێزەی عەرەبی. خۆی دەڵێ جارێكیان مامۆستا نەواب، داوای نووسینی داڕشتنی لێ كردین، پاشان تەماشای تێنووسی داڕشتنەكەی كردم، ئیتر زانیی من كتێبان دەخوێنمەوە، بۆیە هات دوو ڕۆمانی بە دیاری دامێ و هانی دام لە خوێندنەوە بەردەوام بم، دواتر پێی گوتم تۆ شتێك لە بەهرەت تێدایە، بۆیە دەست خۆشیی لێ كردم. ئەم هاندان و پاڵپشتییەی مامۆستا نەواب، خاڵە بنەڕەتەكەی وەرچەرخان بوو لە ژیانی ئەدەبیم.
خەڵەف، یەكەم چیڕۆكی خۆی لە ساڵی 1966 لە ڕۆژنامەی “جمهوری” بە ناوی “بەڵگەنامەی بێدەنگی” بڵاوكردەوە، دوای ئەوە لە ساڵی 1969، لە گۆڤاری ئادابی بەیرووتی چیڕۆكە ناسراوەكەی خۆی بە ناوی “كڵاواسنەی* پیاوێكی نیوە مردوو” بڵاوكردەوە، ئەم دەقەی بووە هۆی ئەوەی ڕەخنەگران زۆری لەبارەوە بنووسن و ڕەخنەی ئەدەبی بایەخێكی زۆری پێ بدات، بە شێوەیەكی گشتی بە بەرهەمێكی باش هەڵسەنگێنرا. ئەم سەرەتایە وایكرد خەڵەف لەنێو دونیای چیڕۆكی عەرەبی بە باشی بناسرێت.
گرنگیی ئەحمەد خەڵەف تەنێ لەوەدا نییە كە بەرهەمی بڵاوكراوەی زۆرە، بەڵكە دەتوانین سەرنج لە پێگەی وی لەناو ڕەوتی چیڕۆكی عەرەبی لە عیراق بدەین، كە لە چ ئاستێك دایە. نەوەی شەستەكان لە عیراق، لەنێو وەرچەرخانێكی ڕامیاری و فیكری و كۆمەڵایەتیی قووڵدا دەژیان، هەر ئەمەش وای كردووە ئەم بارودۆخە لە دەقەكانی خەڵەف ڕەنگ بداتەوە، بۆیەش بایەخی بە نیگەرانیی مرۆڤ، نامۆبوون، مەینەتیی كۆمەڵایەتی و سیاسی، نۆستالجیا، بیردانی تاك، جەنگ، دەسەڵات، گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان، ململانێی ناوخۆی تاك و پێوەندیی نێوان تاك و خێزان داوە. ئەمەش وای كردووە زۆر لە سەرچاوەكان لە عیراق، خەڵەف بە یەكێك لە دیارترین نوێخوازەكان لە هونەری چیڕۆك لە وڵاتەكەیان دابنێن.
لە ساڵی 2024 تەواوی شاكارەكانی خۆی لە دوو بەرگی 1200 لاپەڕەیی وەشاند.
بەرهەمی خەڵەف لە بواری چیڕۆك، بریتین لە دە كتێب، كە دواترینیان بە ناوی “ڕۆژێكی ئاسایی لە بوەینوس ئایرس” بوو. ئەم كتێبەی لە بڵاوكراوەكانی یەكێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق بوو لە ساڵی 2022. لە بواری ڕۆمانیش لە ساڵی 1981، یەكەم ڕۆمانی بە ناوی “وێرانەی جوان” بڵاوكردەوە. هەتا ساڵی 2023 بووە خاوەن سیانزە ڕۆمانی دیكە..
ڕۆمانی “مەرگی باوك”یشی لە ساڵی 2002 بڵاوكردەوە، كە لە ناوەڕاستی نەوەتەكان نووسیبووی، ئەم ڕۆمانەی یەكێكە لە ڕۆمانە پڕ خوێنەر و گرنگەكانی، زۆریشی لەبارەوە نووسرا، تیایدا باوك وەك سیمبوڵێك وەسپ كراوە چۆن كەسایەتییەكەی، خێزان و كۆمەڵگە دەبڕێت و دێتە نێو دەسەڵات و هێزی باوكایەتی و ڕژێمی ستەمكاری. زۆر لە ڕەخنەگران باسی ئەو باوكەی نێو ڕۆمانەكەیان وەك سیمبوڵێك هەمبەر دەسەڵاتی ڕامیاریی عیراق كردووە، وەلێ ئەحمەد خەڵەف خۆی دەڵێ من نەمویستووە چەوسانەوە و جەبەرووت و ستەم و خوێنڕێژی، بە شێوەیەكی گشتی لە تاكە ڕژێمێكدا دەرببڕم، بەڵكوو ویستوومە ئەمانە بە شێوەیەكی بەرفرەوان هەمبەر هەموو ڕژێمێكی ستەمكار بخەمە ڕوو.
لێرەدا دەتوانین بە شێوەیەكی گشتی باس لە دەقەكانی خەڵەف بكەین كە چەندین ڕەهەندی هیومانی دەگرنە خۆ، لەوانە باسكردن لە بارودۆخی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگە و تاك، ڕەهەندی دەروونی، ڕەمز و ڕەمزكاری، فرە دەنگی، بازدان لە زنجیرە زەمەنییەكان و تێكەڵكردنی ڕابردوو و ئێستە بە شێوەیەكی هونەری و داهێنەرانە، تێكەڵكردن و تێهەڵكێشی گێڕانەوە و خەیاڵ، ئەزموونی بێ دابڕان لەنێو نەوەكان. دەتوانین بڵێین خەڵەف یەكێكە لە كۆڵەگەكانی بونیادی چیڕۆكی عیراقیی نەوەی شەستەكان، لە كورتە چیڕۆكیشەوە بازی داوەتە نووسینی ڕۆمان، بێ ئەوەی هەستمەندیی چیڕۆكنووسیی بزر بكات، ئەو هاتووە مرۆڤی عیراقیی بە بیردان و مەینەتی و پێوەندیی بە دەسەڵات و كۆمەڵگەی، كردووە بە ئامیانی نووسینەكانی. هونەری نووسینی خەڵەف لە زۆر ڕەگەزی گرنگ چڕبووەتەوە، گرنگترینیان بریتییە لە گرێچن، لای وی گرێچن هەر ئەوە نییە لەنێو ڕووداوە گەورەكان بچنرێت، ئەوە نییە ڕووداو بخوڵقێنێت و تەنگژە پەیدا ببێت و بگاتە لووتكە، پاشان بەرەو كۆتایی یان ڕێچارە بچێت. خەڵەف لە زۆرینەی كارەكانی گرێچن لە تەنگژەی ناوەوەی كەسایەتییەكانی بونیاد دەنێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زۆر لە دەقەكانی ڕەهەندێكی دەروونی بگرنە خۆ، یان لە هەندێك لە چیڕۆكەكانی گرێچن بە شێوەیەكی كراوە دەمێنێتەوە یان دەتوانین بڵێین گرێیەكە هەر ناكرێتەوە و كێشەكان كۆتایییان پێ نایەت.
ئەگەر بمانەوێ لەبارەی بەناوبانگترین و پڕ خوێنەرترین ڕۆمانی خەڵەف بدوێین، كە ڕەخنەگران زۆریشیان لەبارەوە نووسیوە، دەتوانین ئاماژە بە ڕۆمانی “كەنارەكانی شەو” بكەین، كە سێیەمین ڕۆمانیەتی و لە ساڵی 1999 بڵاویكردووەتەوە. كەسایەتییە سەرەكییەكەی ئەم ڕۆمانەی نووسەر، ناوی “موحسین”ە، كە كارێكتەرێكی تەواو نائومێد و ڕەشبینە، لەنێو نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوكێی زۆر دایە، بارودۆخی دەروونیی شڵەژاوە، بۆیە هەوڵ دەدات لەو واقیعەی تێیدایە ڕابكات. ڕووداوەكانی لەناو بەغدای سەردەمی قاتوقڕی و ئابڵووقەی ئابووری دەخولێنەوە، كە تیایدا تاكی عیراقی لە وێرانی و نالەباریی ژیان دایە. شێوەی ڕۆمانەكە بە ڕەوتی هۆشمەندی نووسراوە، كە ڕێبازێكی ئەدەبیی گێڕانەوەیە و هەوڵ دەدرێت لە دەق، ئەو بیركردنەوە و خەیاڵانەی بە بیری كەسایەتیی ڕۆمانەكاندا دێت، بێ گۆڕانكاری و لە سەروەختی خۆیان بێنە بەرهەم، ئەم شێوازە لە ڕۆمانی هاوچاخدا باوە، زۆر ڕۆماننووسی گەورەی دونیاش لەژێر كاریگەریی ئەم ڕێبازە نووسیویانە، لەوانە: جیمس جۆیس، ڤێرجینیا ووڵف. ئەحمەد خەڵەفیش كەوتووەتە ژێر كاریگەریی ئەم جۆرە تەكنیكە.
زمانی نووسینی خەڵەف، زمانێكی پڵپڵەدارو ئاڵۆز و كلاسیكی نەبووە، ئەگەر بیخوێنینەوە هەست دەكەین هیچ ڕەهەندێكی ڕەوانبێژییشی تێدا نییە، بەڵكوو بریتییە لە عەرەبییەكی جوانی وا كە زۆر جار وشەی فرە مانای لەنێو ڕستەدا ئاخنیوە، چەشنی خشتی دیوار، هەر خشتێك لە جێی خۆی، خەڵەف وشەی لە ڕستە لە شوێنی تەواوی خۆی داناوە، جگە لە هونەری ئابووریكاری لە نووسین، واتە هەوڵ و هیوای ئەوە نەبوو مەبەست و ناوەڕۆك بە پڕكاری و وشە و ڕستەی زیاد و مانای بەدەر لە مەبەست سیخناخ بكات، بە داخەوە ئەم كێماسییە لە دەقی زۆر لە نووسەری ئێمەی كورد هەستی پێ دەكرێت! من درێژدادڕی لە دەق بە دەستەپاچەیی نووسەر دەبینم. زمانی نووسینی خەڵەف زمانی نزیك لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك بووە، بەڵام زمانێكی ڕاستەوخۆی ڕۆژنامەنووسی نەبووە، بەڵكوو پتەو و چێژمەند، هەروەها سوودی لە شێوەی وتووێژ و قسەكردنی خەڵك وەرگرتووە و بە ئاستێكی بەرزی ئەدەبی و هونەركارانە دایڕشتووەتەوە، زۆر لە وشەی هەن واتای ڕاستەوخۆ نادەنە دەست، بەڵكە لە پشت وشەكانەوە واتای تر دەبەخشن، بۆیە لە خوێندنەوەی دەقەكانی، خوێنەر پێویستی بە بیركردنەوە دەبێت تا بتوانێ شیكاری واتای وشەكان بكات و تێیانبگات، ئەمەش چێژ دەبەخشێتە دەق، ئەم تایبەتمەندییەش تەنێ لە نووسەری توانا و بەهرەمەند دەوەشێتەوە.
خەڵەف هەر تەنێ لە بواری چیڕۆك و ڕۆمان بەهرەمەند نەبووە، بەڵكە وەك ڕۆژنامەنووسییش ماوەیەك كاری كردووە، گرنگترین وێستگەكانی ژیانی لەم پیشەمەندییە بریتی بووە لە كاركردن لە گۆڤاری ئەقلام لە ناوەڕاستی هەشتاكان، لەم گۆڤارەی یەكێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق، بووەتە سكرتێری نووسین، پاشان بووەتە سەرنووسەری گۆڤاری “ئەدیبی عیراقی” كە ئەویش هەر یەكێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عیراق دەری دەكرد. دوای ئەوە هەر لەو یەكێتییە بووەتە سەرۆكی “یانەی چیڕۆك”. لە ساڵی 2006یش خانەنشین بوو، لەو ساڵەوە ژیانی خۆی بە تەواوی بۆ نووسین تەرخان كردبوو. ڕۆژی 6ی كانوونی دووەمی ساڵی 2025 لە تەمەنی 82 ساڵی لە بەغدا كۆچی دواییی كردووە و دوای خۆی 28 كتێبی جۆراوجۆری لە چیڕۆك و ڕۆمان و ڕەخنەی ئەدەبی و وتار و گێڕانەوە و بیرەوەری بەجێهێشت.
ئەم چیڕۆكەی كە كردوومانەتە كوردی، یەكێكە لەو چیڕۆكانەی دووتوێی كتێبی دوا كۆمەڵە چیڕۆكی، كە لە خوارەوە ئاماژەمان بە سەرچاوەكەی داوە، ناوی كۆمەڵە چیڕۆكەكەیشی هەر بە ناوی ئەم چیڕۆكە كردووە.
ئەحمەد خەڵەف لەبارەی ئەم چیڕۆكە و چیڕۆكەكانی نێو ئەم كۆمەڵەیەی دەڵێت: “من زۆر جار پەنا دەبەمە بەر كورتە چیڕۆك، بە تایبەتی ئەو كاتانەی هەست بە دۆخێك لە گۆشەگیری یان هەست بە تەنگژەیەك لە ژیانی خۆم و ئەوانی دی دەكەم، هەروەها زیاتر ئەو كاتانەش كە دەبینم ئازادیی ڕادەربڕین لە بواری داهێنانی ئەدەبی، ڕۆشنبیری، سیاسی و كۆمەڵایەتی، ئاشكرا تووشی پاشەكشێ بووە، ئەو كاتانە هەر بە مەبەست پەنا دەبەمە بەر چیڕۆكنووسین، بە هۆی چیڕۆكەوە وەڵامی ئەو حاڵەتە شاراوە و ونانە دەدەمەوە كە لەپشت هەر بارێكی بێبەشبوون لەمانە یان هەر تابووێكی كۆمەڵایەتی و دەسەڵات هەن”.
چیڕۆكی ئێوارەیەکی ئاسایی لە بوەینوس ئایریس، بە دەقێكی گرنگ دادەنرێت، چونكە خەڵەف چیڕۆكەكەی لە قۆناغێكی درەنگی تەمەن و ئەزموونی خۆی نووسیوە و گۆڕانكاریی لە شێوازی گێڕانەوە و كەرەستەكانی شێوازەكەشی كردووە، لێرەدا فەزای گێڕانەوەی فرەوانتر كردووە، جگە لە شار، هاتووە شار و كەسایەتیی بیانی و ڕۆشنبیریی بیانییشی كردووەتە كارێكتەری چیڕۆكەكەی. بوەینوس ئایریسی وەك ئاماژەیەكی ئەدەبی كردووەتە ناونیشانی چیڕۆكەكەی، لێرەدا پێوەندییەكی ڕوون بە ناونیشانی دەقەكە و شاعیر و وەرگێڕی ئەمەریكایی ویلیس بارنستۆن هەیە، ئەویش پێوەندیی بە شاعیر و كورتەچیڕۆكنووسی ئەرجەنتینی “بۆرخیس”ـەوەیە. لەم چیڕۆكەیدا، هەر تەنێ شوێن لە بەغداوە بۆ ئەرجەنتین نەگۆڕاوە، بەڵكە پەڕینەوەكە لە بەغدای واقیعی ژیانی خۆیەوە بۆ شوێنێكی خەیاڵمەند كە پێوەندیی بە ڕۆشنبیرییشەوە هەیە. هەست دەكەین لەم دەقەدا، گرێچن هەر ئەو شێوازە كۆن و كلاسیكییەی گرێچن نییە كە نووسەر پێشتر پێی ڕاهاتووە، لەم چیڕۆكەدا خوێنەر تووشی كۆتایییەكی كراوە دەبێت و دەبێ بە شیمانەی خۆی بیر لە كۆتایی ڕووداوەكان بكاتەوە، ئەمەش هەوڵێكی ئاماڵ ماتماتیكانەیە و بیر و هزری خوێنەر دەبزوێنێت.
ئێوارەیەکی ئاسایی لە بوەینوس ئایریس
چیڕۆكی: ئەحمەد خەڵەف
وەرگێڕانی: عەبدولڕەحمان فەرهادی
هەوڵێکی زۆرم دا بۆ ڕزگاربوون لە فێڵە منداڵانە و قۆڕەكانی، بەڵام بێسوود بوو، درکم بەوە کردبوو هەر کاتێک دەلیڤەی یەکلاکردنەوەی حسێبی بۆ بڕەخسێت بەردەوام دزیم لێ دەکات، دەزانێ ئێستا لەبارەیەوە دەنووسم و تایبەتمەندییەکانیم بۆ شێوەی کەسایەتییەکانی شەکسپیر زۆر نزیک کردۆتەوە، ڕاستییەكەی ئەوەیە کە هەیە.. کاتێ لێی پرسیم: ویلیس بارنستۆن، نووسەری ژیاننامەی بۆرخیس، ئەمە لە یەکێک لە سەردانەکانی بۆ بەغدا بینیم، هاوڕێی ڕۆماننووسم زوهێر جەزائیری لە هەفتەی یەکەمی ڕۆژانی داگیرکارییدا لە ئۆتێلی ئەمباسادۆر پێی ناساندم. كە لە تەلاری ڕۆژنامەکە هاتینە دەرەوە، بەشێک لەو ڕۆژنامە و گۆڤارە جیاوازانە و ئەوانەشی كە لەگەڵ ڕوانینی ئێمە بۆ پرسی داگیرکاری نەدەهاتنەوە، لەبن كەوشمان بوو. سەرەتا نیازمان وا نەبوو بچینە ئوتێلی ئەمباسادۆر، بەڵکوو مەبەستمان ئەوە بوو یەكەوسەر بچینە یەکێک لە مەیخانەكانی نزیک تەلاری ڕۆژنامەکە، ئەمە بیرۆکەی یەکێک لەو كارمەندانە بوو كە لەگەڵمان بوو، بەڵام زوهێر داوەتەکەی ڕەتکردەوە و پێشنیاری بۆ کردم کە بچینە هۆتێلەکە بۆ دیداری نووسەری ژیاننامەی بۆرخیس.
بارنستۆن لێی پرسیم:
– تۆ بە نیازیت لەسەر یەكێك لە کەسایەتییەکانی بۆرخیس بنووسیت، دوێنێ شەو كاك زوهێر بۆی باس كردم.. وایە؟
بەرسڤیم دایەوە: – نا.. نا… مەبەستت ئەوەیە لەبارەی پیاوێکی ئێسكگرانی وەك شایلۆکی دادگای بەدكاری بنووسم؟ هیچ خەیاڵمەندێك ناتوانێت لە دەست خستنە نێو ئەو بابەتانەی پێوەندییان بەو نییە لەم پیاوە شایلۆکییە تێپەڕێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەم شێوەیە نەبوو هەر کاتێ هەوڵم دا هەنگاوێک بۆ دواوەی پاڵ پێوە بنێم، لە بەردەمم بە شێوەیەكی میلۆدرامیی نەگریسانە، هەر دەیگوت و دەیگوتەوە:
هەنگاوێک بەرەو دواوە، دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە.
– ئەمە لە کوێ فێر بوویت؟
ئەمە پێوەندیی بە تۆوە نییە. زۆر شتان فێر دەبم بۆ ئەوەی بتوانم زوو یان درەنگ لە شوێنی خۆتت دەرپەڕێنم.
ئۆهـ! جوانكیلە. چما ئەوە گاڵتەم پێ دەكەی؟
سەرەتا، ناومان نا هاوڕێی نەیار، سەیرەكە لەوەدایە دەتگوت ئەم ناوەی بەدڵە، بە هەر ڕەخنە و جنێوێك خۆشحاڵ دەبوو، بە ڕوخسارە درێژوكانییەکەی و ڕەنگی زەرد هەڵگەڕاوی و داهاتنەوەی هەردوو لاشانی، ئاماژەیان بۆ پیرییەك دەكرد كە هی تەمەنی وی نەبوو، خۆ ئەگەر بتڕوانیبایێ واتدەزانی كەسێكی غەمگینە.
دەیویست هانم بدات لەبارەیەوە بنووسم، بۆ ئەوەی بەشی ئەوەی بۆ بهێڵمەوە تا ڕۆژگارە تاڵەكانی بەرەو بەختەوەری بچێت، ڕەنگە ئەو بیرۆكەیەی كە پێیەوە سەرقاڵ بووبوو، بۆ ئەوەی بوو هەوڵەکانم سەرکەوتوو بن، ئەوپەڕی هەوڵی خۆمم دا چاو لەوە بپۆشم كە پێشترێ هەندێ کردەوەی خراپی بەرانبەرم هەبوو.
بارنستۆن كە ڕۆژنامەنووسێکی ئەزمووندار بوو، پەندی لە زەمانە وەرگرتبوو، گوتی:
نووسین لەبارەی کەسانێك كە پێشتر لە بیروڕا دژت وەستاون، پێویستی بەوەیە تۆش ڕاشكاوانە دژیان بوەستیت، دەنا دەبێ بەشێک لە میهرەبانی و خۆشەویستییان بدەیتێ.
پاشان بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو:
ئایا ڕقت لێیەتی یان زۆر خۆت لە بەدكارییەكانی بەدوور گرتووە؟
پێکەنیم و گوتم: نا. بەڵام ڕقوقینەی ئەو وای كرد ژمارەیەک لە هاوڕێیانی لەدەست بدەم.
ئامادەبووان گوێیان بۆ دەگرتین، ژنێكی بیانیی شۆخ و شەنگ و جوان سڵاوێكی لە بارنستۆن كرد، ژنە دوو چاوی گەورە و دەمێكی قنج و سەرنجڕاکێشی هەبوو، دیار بوو هاووڵاتیی یەك شوێنن یان ڕەنگە لە نزیکەوە ناسیاوی بێت، كە هاتبووە نێو کۆمەڵێک وەرگێڕ و ڕۆژنامەنووس و نووسەری ژیاننامە و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، بەو ئێوارەیە کۆمەڵێک خەڵکی بیانی ڕوویان لە باڵیۆز کردبوو.
یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکان بە هۆی دوا وتاری بڵاوکراوەی لەو ڕۆژنامەیەی کاری تێدا دەکرد زۆر شادمان بوو، بە هەردوو دەستی ڕۆژنامەکەی هەڵدەشەقاند کە وا پێدەچوو سبەینەكەی لە كارمەندی پرسگەی وەریگرتبێت. بارنستۆن و هاوڕێ ڕۆماننووسەکەم سەیری ئەو ڕۆژنامەنووسە عەرەبەیان دەکرد کە ئەمڕۆ زۆر بە جۆشوخرۆشەوە دەردەکەوت، دەستی هەڵشەقاوی بە ڕۆژنامەکەوە بۆ یەکێک لە ئاشنا و هاووڵاتیانی خۆی هەر نەدەهێنایە خوارەوە، بە دەنگێکی دلێرانە دەیگوت:
بەم وتارەم، دادپەروەرانە ئاوڕم لە ئێوەی عیراقی داوەتەوە.
پێكەنین ڕوخساری زوهێر جەزائیریی گرتبووەوە، سەری بۆ ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکە دەلەقاند. درکم بەوە کرد میوانەکەمان لە هەندێک ئاماژەی ناوەڕۆکی بابەتەکە تێگەیشتبوو، بۆیە لەسەر ڕای خۆی مكوڕ بوو. کاتێ هاوڕێکەم تەواوی بەسەرهاتەکەی بۆ وەرگێڕا، زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانە لەسەر لێوی بارنستۆن دەركەوت. من بارنستۆنم بینی چۆن سەری بەملا و بەولادا دەگێڕا و بێوچان و خێراخێرا و بە باشی تەماشای ڕۆژنامەنووسە عەرەبەکەی دەکرد..
دەنگی ئەو ژنە بیانییەی بارنستۆنی دەناسی بەرز بووەوە، ئاوازێک من بەلامەوە نامۆ نەبوو، سەرم سوڕما و گوێم لێ بوو ڕووی کردە ئەو و لێی پرسی: ئەرێ ئەمە گۆرانییەکی گۆرانیبێژی ئەمریکیی ساڵانی شەستەکان ئاندی ویلیامزە؟ بە خاتوونەکەشم گوت: ناوی گۆرانییەکە “ڕووباری مانگ”ـە.. زەردەخەنەی خاتوونەکە جۆرێک لە ڕەزامەندیی پێوە دیار بوو.. كە بارنستۆن چەند وشەیەکی بە چرپەوە دەگوت، من تەماشام دەکردن و ئەویش بە وردییەوە گوێی بۆ دەگرت و سوور بوو لەسەر ئەوەی تێیبگەیەنێت، منیش زۆر بە زەحمەت چاوم لەسەر لاقولەتەرە جوانەکەی بەرانبەرم لادەبرد، لاقولەتەری دەربڕی خۆشییەکی بەخشندانە بوون کە لە قەناعەتەوە هاتبێت نەك بە خورتی.
لەپڕ پێی گوت: نا… ئەو چیرۆکێک دەنووسێت و بیرۆکەی لەناوبردنی کەسێکی ڕەزاگرانی هەیە، دەیەوێ لە بوونی کتوپڕی ڕزگاری بێت.. ناوی ناوە هاوڕێی نەیار.
ژنە ئۆپۆزسیۆنە بیانییەكە پێکەنی و لە سەرلەقاندنی خێرای نەکەوت.. من تێدەگەشتم لە بێباکیی بەرامبەر ئەوەی برنستۆن دەربارەی من دەیگوت.
گوتم: ئەمە چیڕۆکی داهاتووم دەبێت، پێویستە ڕزگارمان بێت لەو پیاوە شایلۆکییە ڕەزاگرانە.
زوهێر پێی گوتم: ئیدی توانام نەماوە هەموو شتێکیان بۆ وەرگێڕم نەكا بزانیت چی دەڵێن.
هۆڵی باڵیۆز پڕ ببوو لە میوان و سەردانییاران، کە زۆربەیان ڕۆژنامەنووس و ئەو كەسانە بوون كە پێوەندییان بە شیکاری هەواڵ و بەدواداچوونی هەواڵەکانەوە “لەبارەی داگیرکردنی بەغدا” هەبوو.
زۆربەی سیماكان لای من نامۆ بوون، هیچم لێ نەدەناسین، کاتێ بە زوهێرم گوت کەس لەناو هۆڵی ئوتێلەکە ناناسم، گوتی:
زۆربەی ئەوانەی دەیانبینی، خەڵکی وڵاتانی بیانی یان عەرەبن.
سەرنجم دا یەكێك ڕێك چاودێریم دەکات، نەمدەتوانی باشی بیناسم. ئەمە تەواو نیگەرانی كردم، شتەکان زۆر لەوەی پێشتر خراپتر بوون.
هۆڵەکە بە ڕوخساری زۆر و خەڵکی نامۆ بە یەکتر سیخناخ بوو، درکم بەوە کرد کە دەبێ پارێزبەندیی تایبەت بۆ پاراستنی شوێنەکە هەبێ، دەنا هەموو هەوڵەکان بۆ دابینکردنی سەلامەتیی بیانییەكان بەفیڕۆ دەچن. لێشاوی زۆری ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران، هۆڵەکەیان وا لێ كردبوو ئیتر شوێنەكە بۆ مانەوەی زیاتر دەستنەدەدا و ئامادەبوونی ئێمەش وەک پێشتر لەوێ ئاسان نەبوو.
سەرەتا، بارنستۆن پێشنیاری کرد بچینە بەشی مەیخانەكە، بۆ ئەوەی لە قەرەباڵغی و ژاوەژاوی ئێرە ڕزگارمان بێت.. لە ڕاستیدا منیش زۆر حەزم دەکرد بتڵێك بیرەی سارد بخۆمەوە، ئەوانی تر هەرکەسە و داوای شتێکی کرد.. شوێنەکە نیمچە تاریک بوو و ڕووناکییەکەی بای ئەوە نەبوو چاوت بە تەواوی شتان ببینێ، بۆیە زەحمەت بوو بزانم کێ دێتە ژوورەوە، ئەگەرچی من لە شوێنێک دانیشتبووم ڕووم لە دەرگای چوونه ژوورهوه بوو.. یەکێک لەوانەی هاتنە ژوورەوە، چەند هەنگاوێک لایدا بۆ ئەوەی ڕووی بکاتە شوێنەکە و بە باشی تەماشا بکات..
دەموچاوێکی زەرد هەڵگەڕاو، جەستەیەکی لەڕ و کەمێک شان كووڕ دیاربوو. بەرەو ڕووم هات، كە بینیی بە وردییەوە دەیڕۆنمێ!
گوتی: كاتێ لە هۆڵی ئوتێلەکە پرسیارم کردیت، گوتیان لێرە دانیشتوویت. ئەرێ منت لەبیر نەماوە؟
من: چما من دەتناسم؟ پێم بڵێ!
ئەو “بە بێزارییەكەوە پێکەنی”: ئەی بە نیازی ئەوە نیت چیڕۆکێکی نوێم لەبارەوە بنووسیت.. ئەی هاوڕێ نەیارەكەم؟
ئەو: من “ئەمجەدی کوڕی نانەواکەم” چما منت لەبیر چۆتەوە؟ وەک چۆن “ئیسماعیل”ت لەبیر کرد و پشتگوێت خست؟ ئەی من پاڵەوانی یەکێک لە ڕۆمانەکانت نەبووم بە ناوی “مەرگی باوک”؟ چما وا نییە؟
من: ئەی چۆن ئەم شوێنەت دۆزییەوە؟
ئەو: ماوەیەکی زۆر پرسیارم كردیت، تاوەکو یەکێکیان هەر ئاوا پێی گوتم بۆ ئەوەی لێرە بمگەیەنێتە لات.
دوای ئەوە، کاغەزێکی بچووکی دایە دەستم و ڕۆیشت و لێم ون بوو، منی بە سەرسامی بەجێهێشت و نەمدەزانی چی بکەم جگە لەوەی بڕۆنمە ئەو كاغەزەی دامیێ.
ناوەڕۆکی کاغەزەکە: دەزانم تۆ وام لێدەکەیت لەسەر کاغەز بە شێوەیەکی ڕەمزی بمرم “وەک دەڵێن” بەڵام من بەم زووانە لە یەکێک لە پێچەکاندا بۆ مەرگی تۆ دەکەومە بۆسەوە.
بە دڵنیاییەوە “بارنستۆن” وەرگێڕی ژیاننامەی بۆرخیس ئاگاداری ئەوە نەبوو کە پاڵەوانی داستان یان چیڕۆکی داهاتووم لەبەردەممدا وەستاوە و گلەییم لێ دەکات، بەڵکوو وایزانی ئەو کەسە لەسەر زێدەڕۆیی و خراپەکاری بەرامبەر بە ژیانی تایبەتی خۆی سەرزەنشتم دەکات، وەک لە ڕۆمانی پێشووترم “مەرگی باوک”دا باسم كردووە. بەڵام هاوڕێم “زوهێر جەزائیری”ی ڕۆماننووس، بێ ئەوەی تەماشام بکات بە گوێی دانەری ژیاننامەی بۆرخیسدا “ئێوارەیەکی ئاسایی لە بوەینوس ئایرس” چرپاندی، ئەو کاتەی چاوی سەرنجیان بڕیبووە سەر پاڵەوانی چیڕۆکی داهاتووم کاتێک شوێنەکەی بەجێدەهێشت.
بەغدا / ئایاری ٢٠١٥
*كڵاواسنە: كڵاوی ئاسن، بە عارەبی پێی دەڵێن “خوذة – سەرباز لە جەنگ بۆ سەرپارێزی لە سەریان دەنێن.
سەرچاوە: احمد خلف – یوم عادی فی بوینس ایرس- من منشورات الاتحاد العام للادباء والكتاب العراقیین. بغداد 2022.

