خوێنه‌رێكی نموونه‌یی.. به‌ختیار محه‌مه‌د
ڕه‌خنه‌گر خوێنه‌رێكی نموونه‌ییه. خوێنه‌رێكه ته‌نها ستایش ناكا، به‌ڵكو خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه (ته‌ئویل) بۆ ده‌ق ده‌كا. خوێنه‌ری نموونه‌یی له كوێ ستایشی بوێ ستایشی ده‌ق ده‌كا، له كوێش كه‌موكووڕیی له ده‌ق هه‌بێ ئاماژه‌ی بۆ ده‌كا.
ڕه‌خنه بێژینگه ده‌ق له بێژینگ ده‌دا: گه‌نم له زێوان جودا ده‌كاته‌وه. ڕه‌خنه‌گر عاده‌ته‌ن ئه‌و ده‌قانه له بێژینگ ده‌دا (واته لێكیانده‌داته‌وه و ده‌یانخوێنێته‌وه)، كه قورسایی مه‌عریفی و ئیستێتیكی و ئه‌ده‌بی خۆیان هه‌یه.
ڕاستییه‌كه‌ی خوێنه‌ری نموونه‌یی و ده‌قی نموونه‌یی (باش) ته‌واوكه‌ری یه‌كن. هه‌موو ده‌قێكی باش، خوێنه‌رێكی نموونه‌یی (ڕه‌خنه‌گرێك) له پشتی ڕاوه‌ستاوه. له‌مه‌وه نووسه‌ر قه‌رزارباری خوێنه‌ری نموونه‌ییه (واته قه‌رزارباری ڕه‌خنه‌گره). ئایا ئه‌ده‌بێكی پێشكه‌وتوو هه‌یه به بێ ڕه‌خنه‌یه‌كی پێشكه‌وتوو؟ ئایا ده‌قێكی نموونه‌یی هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی خوێنه‌رێكی نموونه‌یی؟ ئایا نووسه‌رێكی نموونه‌یی هه‌یه به بێ ڕه‌خنه‌گرێكی نموونه‌یی؟ ڕاستییه‌كه‌ی هه‌م داهێنان ڕه‌خنه (ڕه‌خنه‌گر) ده‌خوڵقێنێ، هه‌م ڕه‌خنه (ڕه‌خنه‌گر) داهێنان (نووسه‌ری ده‌ق) ده‌خوڵقێنێ.
ڕه‌خنه‌گر خه‌سڵه‌تی جووتیاری هه‌یه، كه زه‌وی به‌یار (ده‌ق) ده‌كێڵێ (ده‌ق وه‌ك زه‌وی به‌یار وایه به‌رله‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گر {خوێنه‌ر} بیخوێنێته‌وه و بیكێڵێ)، تا خوێنه‌ر (وه‌رگر) له به‌رهه‌می باش و خراپی ده‌قی كێڵدراودا (واته ده‌قی خوێندرا‌وه و ته‌ئویلكراودا) ئاگادار بكاته‌وه و پێیان پیشان بدا و پێیان ڕابگه‌یه‌نێ. ڕه‌خنه‌گر له خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه له جاری داهاتوودا نووسه‌ر به‌رهه‌مێكی باشتر و ده‌قێكی باشتر به‌رهه‌م بهێنێ. ئا ئه‌مه وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گره. ئه‌و نووسه‌ره‌ی له‌م ئه‌ركه‌ی ڕه‌خنه تێنه‌گا، نووسه‌رێكه لوتبه‌رزه ، بێ ئاگایه، دۆگمایه، دۆڕاوه… تاد.
ڕه‌خنه‌لێگرتن هه‌رگیز به‌واتای كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ق و نووسه‌ره‌كه‌ی نییه؛ به‌ڵكو ڕێك به پێچه‌وانه‌وه، له ڕێی خوێندنه‌وه‌ی بێژینگیانه‌وه، گه‌وره‌كردنیانه؛ چونكه ڕه‌خنه باش (گه‌نم) له خراپ (زێوان) جودا ده‌كاته‌وه. ڕه‌خنه ئه‌م ئه‌ركه ئه‌رێنییه‌ی هه‌یه، نه‌ك ئه‌ركی نه‌رێنیی، وه‌كو هه‌ندێك كه‌سی (ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و شاعیر) ی نادیموكراتی قینچكه‌ته‌نگ لێی تێگه‌یشتوون. ڕه‌خنه عاشقی ده‌قه، نه‌ك دوژمنی ده‌ق. واته ڕه‌خنه‌گریش عاشقی نووسه‌ره، نه‌ك دوژمنی نووسه‌ر. به‌واتای ڕه‌خنه دوژمنایه‌تیی نییه، به‌ڵكو دۆستایه‌تییه له نێوان ڕه‌خنه و ده‌ق و له نێوان نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گردا.
به‌ختیار محه‌مه‌د