Skip to Content

ململانێ لەگەڵ ترافیکەکان لەبارەی (قاوەی سوێر)ی بەختیار حەمەسوور …. حەمە مەنتك

ململانێ لەگەڵ ترافیکەکان لەبارەی (قاوەی سوێر)ی بەختیار حەمەسوور …. حەمە مەنتك

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 29, 2016 General, Literature

کاتێك چیرۆکێکی باش دەخوێنینەوە، یەکەم چتێ بیرمان بۆ بەهێزی بونیادی چیرۆکەکە دەچێت. لەوێوە هەست بە بوونی ئەو بونیادە دەکەین، کە چیرۆکەکەی لەسەر وەستاوە. هاوکات ئەمە دەبێتە یەکێک لە خاسیەتەکانی چیرۆکی نوێ. چیرۆکی (قاوەی سوێر)ی “بەختیار حەمەسوور” لە یەکەم بەرکەوتنیدا ئەم بونیادە بەهێزەی خۆی نیشان دەدات، بە بەڵگەی ئەوەی ناتوانی یەك وشەی لێ لابەریت. دەسکاریکردن، یان فڕێدانی هەر وشەیەك، یان ڕستەیەك خوێنەر بە تەواوی هەست بە لەنگی و کوونبوونی شوێنێك لە چیرۆکەکە دەکات. هۆکاری ئەمەیش بۆ پێکەوەگرێدانی کۆی چرکە و جووڵانەکانە. یەکەم ڕستەی چیرۆکەکە بە وەستانی جووڵەیەك دەست پێ دەکات. (( کە گەیشتینە ترافیك، گڵۆپەکە سوور بوو.)) دیمەنی کۆتایی چیرۆکەکەیش هەر بە وەستان کۆتایی دێت، ((ئۆتۆمبێلەکە دەکوژێنێتەوە.)) دوای ئەوەی کارەکتەر ژنەکەی دەگەیەنێتە بەردەم فەرمانگە. ئەم بەیەکەوە گرێدانی سەرەتا و کۆتایی چیرۆك کارێکی سەختە. خۆ لە هەقایەت و چیرۆکی کۆنیش سەرەتا و کۆتایی هەن، بەڵام ئەو ماوەیەی لەنێوان ئەم دوو توخمەدا هەن، نابێ هیچ کوون و بۆشایییەکی تێدا بێت.
خوێنەر چۆن هەست بە بوونی وەها بونیادێکی هونەریی بەهێز دەکات؟ بە بڕوای من ئەگەر خوێنەر خۆی وەکو بەشداربوویەکی ناو چیرۆکەکە بینی و هەستی کرد خۆی لە جووڵە و ڕووداو و پەیڤەکان بەشدارە، ئەوا دەبێ بزانێت، کە چیرۆکێکی باش دەخوێنێتەوە. لەم چیرۆکەدا خوێنەر ناتوانێ لەناو چیرۆکەکە بێتەدەرەوە، هەرچەندە چیرۆکەکە لە چوونی کارەکتەر لە ماڵ تاکوو فەرمانگە، بیست خوولەکە. لەم ماوە کەمەدا خوێنەر لە هەموو دیمەن و گۆشەنیگا و جووڵەیەك بەشدارە. ((منداڵەکان بە نێوان ئوتومبێلەکاندا پێچ لێ دەدەن. بە جامەکاندا دەکێشن. پێدەکەنن و پێکدا هەڵدەپژێن.)) منی خوێنەر هەست ناکەم وەگێڕ بۆ کەسێکی دیکە جوودا لە من قسان بکات. هۆکاری ئەمەیش ئەوەیە فەزایەك دروست کراوە، بەدەر نییە لە بوونی خوێنەر. ئەمەیش خاسیەتێکی دیکەی چیرۆکی نوێیە. خوێنەر هەست ناکات کارەکتەرەکان، کەسی خەیاڵی بن، بەڵکوو دەتوانێ دەستیان لێ بدات. کارکتەرەکانی ئەم چیرۆکە هێندە لێمانەوە نێزیك دەبنەوە، هەست بە هەناسەدانیان دەکەین، دەتوانین دەستیان لێ بدەین، ئەمەیش بۆ کاریگەری ئەو بەشداریەی خوێنەر لە چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە. هاوکات بۆ شێوازی کارکتەرسازی چیرۆکنووسیش، چونکە کارەکتەرەکان وەکوو کارەکتەری چیرۆکی کۆن ئەرکی ئەخلاقی و ئایدۆلۆژیان لە کۆڵ نەکردوە، بەڵکوو کەسانێکن دەستت دەگرن بۆ بەشداریکردن.
لە چیرۆکی کۆندا هەمیشە چیرۆکنووس عەوداڵی ئەوە بوو، ڕستەگەلی فەلسەفی، یان لە شێوەی وتەی جوان و کاریگەر بنووسێت. بەمەیش خوێنەر زەینی تەنێ لەسەر ئەو ڕستە جوان و فەلسەفیانە دەمایەوە، وشە و ڕستەکانی دیکەی وەلا دەنا. بۆیەیش هەمیشە ئەو خوێنەرانە لە دەرەوەی دەقەکە دەمانەوە، خوێنەر زۆر جار خەتی بەژێر ئەو ڕستانەدا دەهێنا. بەڵام لە چیرۆکی نوێدا هەموو وشەیەك، ڕستەیەك لە چیرۆکەکەدا بایەخی خۆی هەیە. وەکوو “گولشیری” دەڵێت: کاتێ چیرۆکێکی باش دەخوێنمەوە، هەستەکەم ئەم ڕستە، یان ڕووداوە نییە بۆ خۆیم ڕادەکێشێ، بەڵکوو کۆی چیرۆکەکەیە. کەواتە چیرۆکی نوێ بە کۆی چیرۆکەکە دەمانخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. لێرەدا ناتوانین وشەیەك، یان ڕستەیەك لابدەین. لە (قاوەی سوێر)دا هەر پەیڤێکی کارەکتەر لە شوێنی خۆی بە کار هاتوە. هیچ وشەیەك جێلەق نییە. هۆکاری ئەمەیش بۆ لە دەرەوە وەستانی چیرۆکنووس دەگەڕێتەوە. لەم چیرۆکەدا هەست بە بچووکترین سێبەر، یان تارمایی چیرۆکنووس ناکەیت. ئەمە ڕێ بە کارەکتەرەکان دەدات زیندوو دەرکەون، هەستیان پێ بکەین.
ململانێ لەم چیرۆکەدا هێندە نەرمە، هێندەیە لەسەرخۆیە، خوێنەر هەست بە ئارامییەکی جوان دەکات. ڕاستە ململانێ بۆ ئەوەیە ڕووداوەکان و ڕەوتی گێڕانەوە تووشی سڕبوون نەبێت. چیرۆکنووسی باش ململانێی هێز و چەمکە گەورەکانی وەك: هێزی باشە و خەراپە نیشان نادات، چونکە ئەمە کاری هەقایەت و چیرۆکی کۆنە. مرۆڤی ئێستا ململانێی لەگەڵ شتە وردەکانی دەورووبەریەتی، چیدی ململانێی چینەکانی ناو کۆمەڵ کێشەی سەرەکیی مرۆڤی ئێستا نین. (قاوەی سوێر) ململانێیەکی نەرم و جوانی نێوان ژنومێردێکە. کێشەی ئەوان، کێشەی لەسەرخۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە بۆ گەیشتن بە دەوام، کێشەی ئەوان ئەوەیە کامیان باشتر گوزارشت لە خۆشەویستی خۆی بۆ ئەویدیکە دەکات. بە ناڕاستەوخۆ نیشاندانی بێزاریی ترافیکە، نیشاندانی ژیانی ئەو منداڵانەیە لە ترافیکەکان هێرش بۆ جامی ئۆتۆمبێڵەکان دەهێنن. ئەم ململانێیانە، ململانێی چکۆلانەی ژیانی دوو کەسن. ئەو شتانەی مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەیدا هەستیان پێ ناکات، یان بایەخیان پێ نادات، ئەم چیرۆکنووسە وەکوو چیخۆف، سالینجەر، کارڤەر، هەوڵێ نیشاندانی ئەم شتانە دەدات، کە لە بنەڕەتدا ململانێن لەناو ژیانی هەر یەکێکمان.

Previous
Next
Kurdish