نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا.. نووسینی: ستیڤان شەمزینی
مۆنۆلۆگی حەوتەم لە کنێبی (خۆشەویستی لە سەردەمی شێرپەنجە)دا
خۆم: عاشقەکان ھەمیشە شاعیرن، بەڵام مەرج نییە ھەموو کات شاعیرەکان عاشق بن. پەیوەندیی نێوان شیعر و خۆشەویستی، وەک پەیوەندیی نێوان ئۆکسژین و ھەناسەدان وایە.
من: نەک ھەر شیعر بەڵکو لێکۆڵینەوە ژاپۆنییەکان ئەوەیان دەرخستووە موزیکیش ھۆکارێکە بۆ کەوتنە ناو پرۆسەی خۆشەویستییەوە، من شیعر وەک بەشێک لە موزیک دەبینم، شیعر زمانی ھەستەکانمانە، لەبەرئەمە ھەمیشە عاشقەکان وشەکانیان ھێندە ناسکە شیعرییەتی لێ دەچۆڕێت.
خۆم: شیعرەکانت جیھانێک لە خۆشەویستی رۆدەنێن، زۆربەی جار ئەم جیھانە وەک یۆتۆپیایەک دەبینرێت، ھەمیشە ریتمی شیعرەکانت جۆرێکە وەک ئەوەی حکایەتێک بۆ ئێمە بگێڕیتەوە، زۆر خودی و سایکۆلۆژییانە شیعر دەنووسیت، ناتەوێت پێناسەی ھیچ شتێک بکەیت لە دەرەوەی عەشق، عەشقیشت لە ئەزموونی خۆتدا کورت کردۆتەوە، پێموایە ھەموو جیھانی شیعری تۆ، جیھان و ئەزموونی سۆزداریی خۆتە.
من: ئەو شیعرانەی بۆ خۆشەویستی نوسیوومن ھەموو خەونی بەدینەھاتوون، زۆر جار ئەمە لە شێرپەنجە زیاتر ئازارم دەدات!، چون جیھانێکم لە شیعردا بەتایبەت لەگەڵ مەعشوق دروستکردووە کە تەنیا لە ئەندێشەی خۆم و جوگرافیای خەونە تاکەکەسییەکانمدا ھەیە. ھێشتا نازانم مەعشوق ئەو جیھانە بە ھەموو تانوپۆکەیەوە قبوڵ دەکات؟.
خۆم: ئەو جیھانە بێگەردە ھەرگیز رەت ناکرێتەوە، ھۆکارێک نییە بۆ گەوارنەکردنی ئەو خەونە رەنگاڵییانە.
من: گرفتەکەم ئەوەیە زۆر قووڵم لە خەون بینیندا، پێموایە جیھانی ناو خەونەکانم سبەی دەبێتە واقیع و کەسێک دەتوانێت ئەو جیھانە قبوڵ بکات!. لەگەڵ ئەوەشدا نایشارمەوە تا ئێستا شیعر فریام نەکەوتووە، بەڵکو تیغی زیاتری تێکردووم!، ئیدی ھەموو کات دەڵێم چیدی شیعر نانووسم، بەڵام بێ ئەوەی ھەست بە خۆم بکەم دەبینم دیسانەوە خەریکی نووسینی شیعرم. جیھانی من لەناو خەون و دنیای مەجازیی شیعردایە.
خۆم: کەواتە مافی ئەوەمان ھەیە بڵێین تۆ دنیایەکی راستەقینەی خۆت نییە، یان ئەگەریش ھەبێت تاکو ئێستا کەس نەیتوانیوە راڤەی بکات؟.
من: دروست وایە، کەس ئازایەتی ئەوەی نەبووە، سەرکێشی بکات و بێتە ناو جیھانە ئاڵۆز و جەنجاڵەکەمەوە. سەیرتر لەوە خەڵکانێک ھەن گرەو لەسەر کڕینی خۆم و دنیا یۆتۆپییەکەم دەکەن، ئەوان زۆر گوناھن چوونکە تێناگەن ھیچ کات ناخرێمەوە مەزادەوە و نرخم لەسەر دانانرێت. تا ئێستا کەس جورئەتی نەبووە بمخاتە گیروگازی کڕین و فرۆشتنەوە. ترسناکییەکەش ئەوەیە ھەنووکە دەخوازم ئەو جیھانە، بەسەر خۆمدا وێران و خاپوور بکەم و ئەم گەمە سەخیف و پووچەی ژیان لێرەدا کۆتایی بێت.
خۆم: جیھانی تۆ، جیھانێکی دوالیزمییە، لەسەر چێژ و ئارەزوو لەلایەک و سەرکێشی و یاخیبوون لەلاکەی تر، بونیاد نراوە!!، کۆکردنەوەی ئەو دووانە ھەم نامۆ خۆی دەنوێنێت، ھەم زۆرینەی کەس تەنیا دەتوانن بەشێکی قبوڵ بکەن!.
من: من بەش بەش ناکرێم، کەس ناتوانێت من لە خەون و ئارەزووەکانم جودا بکاتەوە، ھەر کەس بەو نیەتە بێتە ناو جیھانەکەمەوە، نەک فەزیڵەت نییە بۆی، بەڵکو ھەوڵیداوە بۆ تیرۆرکردنیشم.
خۆم: دەگەڕێمەوە سەر باسی شیعر، وتت شیعر فریام نەکەوتووە، ئەوە بە پێچەوانەوە دەبینم، لەبەرئەوەی تەنیا شیعر فریات کەوتووە! ئەو کاتانەی نەتتوانیوە راز و ئازاری ناخت بۆ کەسێک باس بکەیت، شیعر وەک فریادڕەسێک ھاتووە بۆ لات، ئەگەر نا ئەو ھەموو ژانەی نێو ژیانت دەمێک بوو لە ناویان بردبوویت.
من: شیعر وەک دەرمان نابینم، لە شیعردا داستانی خۆم دەگێڕمەوە، کاتێک باسی خۆم دەکەم، مانای ئەوە نییە لە بارەی خودی خۆمەوە دەدوێم، نا، باسی ئەزموونی خۆم لەتەک عەشق دەکەم، ھەمیشە بەڵێنی ئەوە بە مەعشوق دەدەم، پرچی تەڕترین شیعری بۆ دابھێنم، ھەر ئەو شیعرانە دەبنە یادگارییە شیریینە پڕ ئازارەکانی ژیانی، ھەرچەند ئەوەی لە مندا ھەڵدەقوڵێت بە چارەگێکی نەھاتۆتە دەرێ.
خۆم: وتت باسی ئەزموونی خۆت دەکەیت لەگەڵ خۆشەویستی، لەگەڵ ژنێک لەنێوان وەھم و ھەقیقەتدا، ئەمانە ھەوێنی شیعری تۆن، بەڵام ئیدی کە شیعرەکانت دەگەنە خوێنەر، تۆ دەمریت، ھەموو خوێنەرێک مافی ھەیە وا تێبگات باسی جیھانی ئەو دەکات، یان خەونەکانی ئەو راڤە دەکەیت.
من: لە بڵاوکردنەوەی ھەندێک لە نووسینەکانم پەشیمانم، وەھا تێدەگەم منێکی تر ئەو دەقانەی نوسیوە، باوەڕم بە رەوشی دیالێکتیکیی سروشت و زیندەوەران ھەیە، کە ھەمیشە فۆرمیان دەگۆڕێت و بەرەو پێشەوە دەڕوات و نوێ دەبێتەوە، منیش وەک زیندەوەرێک بەدەر نیم لەم رێسا دیالێکتیکییە. لەگەڵ ئەوەشدا نامەوێ خوێنەر بمکاتە موڵکی خۆی، ئاخر خۆ ناتوانم دابەش بم بەسەر مەعشوق و چەند کەسێکی تردا، من خۆشەویستی ئەوم ھەڵبژاردووە، ئەویش ژیانی بێ بەھای من.
خۆم: ئەمە چیرۆکی “پۆسیدۆن”ی برای “زیۆس”م بیر دەھێنێتەوە، کە خودای دەریاکان بوو، ئەو لە قووڵایی دەریاکاندا دەژیا نەک لە ئۆڵۆمپیاد، ھەموو دەسەڵاتێکیشی ھەبوو بۆ زریان ھەستاندن و ھێورکردنەوەشی، ھەندێک جار بە سێ ئەسپ بەسەر شەپۆلەکانەوە پیاسەی دەکرد!. دەبێت عاشق وەک پۆسیدۆن تەنیا “ئەمفیتریتی”ی کچی خودای دەریاکان بکاتە شازادەی کۆشکە ئەفسووناوییەکانی نێو قووڵایی دەریای ئەوین. عاشق دەبێت لە خۆشویستندا بگاتە قووڵایی ئۆقیانووسی ھەست، باوەڕم بە لوتکە نییە لە عەشقدا، بەڵکو بڕوام بە نغرۆبوونە لە یەکێکی تردا، دەبێت وەک پۆسیدۆن یان کەشتییەکی نقومبوو، لە قووڵایی دەریای دڵی مەعشوقدا بژیت، نەک بەسەر پشتی شەپۆلەکانەوە بێیت و بچیت.
من: داستانێکی سەرسوڕھێنەر ھەیە لە بارەی لەیلا و مەجنون!، وا دەگێڕننەوە رۆژێک “لەیلای عامری” شۆربا دابەش دەکات بەسەر پیاوانی ھۆزدا، کاتێک نۆرە دەگاتە سەر قەیسی کوڕی ملەوەح “مەجنون”، لەیلا بەشە شۆربای پێنادات!!. پیاوانی ھۆزیش بە تەوسەوە بە مەجنون دەڵێن تۆ ئاوھا سەوداسەری لەیلا بوویت، کەچی ئەو ئامادە نییە کەوچکە شۆربایەکیشت پێبدا!، ئەمە چ جۆرە عەشقێکە؟. قەیس “مەجنون” لە وەڵامدا دەڵێت: لەیلا بەو کارەی منی لە ھەمووتان جیاکردەوە. دروست عەشق ئەو جیاکردنەوەیەیە، تۆ کەسێک لەنێو ملیارەھا مرۆڤی تردا جیا دەکەیتەوە!. رەنگە لەم بابەتەدا بۆچوونێکی سۆفیستانەشم ھەبێت، پێموایە مرۆڤەکان ناتوانن عاشق بن، تاوەکو ھەزاران ساڵ رۆحیان ئاشنای یەکتر نەبووبێت!، لێرەدا قسە لەسەر تەمەن نییە، بەڵکو باوەڕم بە دۆنادۆنی گیانەکانە بەدەر لە بوعدە ئاینییەکەی ئەم پرسە، لەگەڵ ئەمەشدا عەشق ئەو نەریتە مازۆخییە نییە لە رۆژھەڵاتی دنیادا باوە، ئەو لیبرالیزمە سێکسییەش نییە لە جیھانی خۆرئاوادا دەبینرێت., ئەو عەشقەی من لە بارەیەوە دەدوێم کەوتۆتە نێوان ھەردوو دیاردەکەوە.
خۆم: نابێت عاشق ھەست بە تەنگەبەریی بکات لە جیھانی مەعشوقدا، دەبێت ئەو ھەستە ھێندەی گەردوون بەرین بێت بۆ ژیانکردنی، ھەروەک لە ئەفسانە “گورجستانی”یەکەدا ھەیە: زاوای خۆر لە پاش گەڕانەوەی لەلای دایکی فەرمانڕەوا لە دنیاکەی تر، لە کاتی تێپەڕین بەلای ژن و پیاوێک کە لەسەر دەمی تیژی تەورێک درێژ ببوون، پرسیاریان لێ دەکات و ئەوانیش دەڵێن زۆرمان دیون بە ئێرەدا رەت بوون بێ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئەگەر گەڕایتەوە پێتدەڵێین بۆچی لەسەر دەمی ئەم تەورە درێژ بووین، کاتێک زاوای خۆر دەگەڕێتەوە، ژن و پیاوەکە پێی دەڵێن “ئێمە لەو دنیا ئەوینداری یەکتر بووین، لێرەش وەک ئەولا بە دڵی یەکتر گونجاوین، تەنانەت لەسەر دەمی تیژی تەورێکیش جێمان دەبێتەوە بە مەرجێک لێک دانەبڕێین و ھەرگیز یەکدی لە دەست نەدەین”. کەچی ئەمڕۆ خۆشەویستەکان لە کیشوەری دڵی یەکتردا جێگەیان نابێتەوە، دنیای عەشق ئاوەژوو بۆتەوە!، وەختە بڵێم جاران زەوی بەدەوری خۆردا دەورانی دەکرد، ئێستاش خۆر بە مەمنونییەوە بە چوار دەوری زەویدا دەسوڕێتەوە.
من: من و تۆ وەک ئەوەی پاشماوەی خەڵکی بناری “ئارکادیا” بین، زۆر پاکیزانە لە خۆشەویستی دەڕوانین., لێ ئەم چاخە، چەرخی ھەرەسھێنانی خۆشەویستییە، کەچی ئێمە وەک ئەو سەربازە ژاپۆنییانەی کاتی جەنگی جیھانی دووەم، پاش کۆتایی جەنگیش لە دارستانەکاندا مانەوە و خۆیان رادەست نەکرد، دەستمان گرتووە بە چەمکی عەشقەوە. ھەر ئەمە ئێمە جیا دەکاتەوە لەو حەشاماتەی دەژین و دەمرن بێ ئەوەی بە قووڵی نەفەسێک خۆشەویستیان ھەڵمژیبێت.
خۆم: مرۆڤی ھاوچەرخ، عەشق وەک بەشێک لە فۆلکلۆر دەبینێت، پێیوایە زەمەنی خۆشەویستی لە سەردەمی دیجیتاڵدا بووەتە بەشێک لە کەلەپوور کە دەبێت لە مۆزەکاندا ھەڵبگیرێت. مرۆڤایەتی فێری ئاکاری دەستبازیی بووە، لەناو ئەو رەوشتەشدا جێگەیەک بۆ خۆشەویستی بوونی نییە، بەڵکو ئەم ئاکارە بەھەموو شێوەیەک دەستدرێژیی دەکاتە سەر عەشق، لە سایەی فرەیی سێکسیی و پەیوەندیی میکانیکیی بێ رۆحی نێوان ھەردوو رەگەز، خۆشەویستی ئەتک بووە.
١٨-١١-٢٠١٨
کاتژمێر: نۆ و چل و پێنج خولەکی بەیانی
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
نووسینی: ستیڤان شەمزینی