Skip to Content

دەرمانخانەی فەلسەفە .. بەشی  ..20 ئازاد حەمە

دەرمانخانەی فەلسەفە .. بەشی ..20 ئازاد حەمە

Closed
by November 4, 2020 General, Opinion, Slider


بەشی 20

فەلسەفە دەرمانی دەردە
ماركۆس ئۆرێلیۆس Marcus Aurelius

ئاماژە: بینینی فەلسەفە وەك دەرمان بەرەو ئەو بەشە لە توێژینەوە فەلسەفییەكانمان دەبات كە ویستی فەلسەفە ویستە بۆ چارەسەر(Therapy و Treatment). گەر فەلسەفە ئەم كارە بكات شوێن بە دەروونناسی لەقدەكات. باشە فەلسەفە دەكارێت شوێن بە دەروونناسی لەقبكات؟ مەگەر فەلسەفە لە ساتەوەختی پەتای كۆرۆنادا پتر لە دەروونناسی بەسەر ژیانی تاكەكانەوە كاریگەر نەبوو؟ بۆئەوەی وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە بدەینەوە قسە لە فەلسەفە دەكەین وەك دەرمان، ئەوەش لە فەلسەفەكردنەوە بەرەو چارەسەرسازیمان دەبات. وەكیتر، ڕوانینی ئەم بەشە لە هەناوی ئەو تەماشاكردنانەشەوە چرۆدەكات كە پێیوایە شێوەی بیركردنەوەی مرۆڤ گرنگی خۆی هەیە. واتە چۆن ئێمە ئەم جیهانە دەبینین و تەماشاكردنمان بۆ شتەكانی ناو ئەم جیهانە بە چ جۆرێكە، بینینی شتەكان و دواتر لێكدانەوەی ئێمە پاش ئەم بینینە جێی سەرنجی فەلسەفەیە. بینینی جیهان وەك شتێك لە هەڵە پەیوەندی تەنیا بەو هەڵەیەوە نییە لە جیهاندا هەیە، بەو بیركردنەوەشەوە هەیە کە هەڵەكە دەبینێت. جەختدەكەینەوە فەلسەفە لە كۆنەوە تا ئێستا مێتۆدی جیاجیای بۆ مامەڵە لەتەك بیركردنەوە پێشنیاركردوە، ئەو جیاوازیەش لە مێتۆدەكان هێندەی لە پێگەی فەلسەفەیان لە دۆزینەوەی شێوازی نوێ لە تێفكرین بەهێزكردووە هێندە مرۆڤیان كۆیلەی فەلسەفە نەكردووە. لە مامەڵەكردن لەتەك فەلسەفە دیدمان بۆ خۆمان، بینینمان بۆ جیهان، بۆ دەوروبەر وەك خۆی نامێنێت. بۆیە فەلسەفە پێماندەڵێت، هەریەك لە ئێمەی مرۆڤ شێوازی بیركردنەوەی خۆی هەیە، هەر لەوێشەوە بیروبۆچوون و تێڕامانە فەلسەفییەكان لێكدی جیادەبنەوە. چۆن سەیری ژیان دەكەین، چۆن ئەو ژیانە دەبینین كە تیایدەژین،دواتر چۆن ژیانەكە لەسەر بناغەی بینین و بیركردنەوەكانمان دەگوزەرێنین بۆ فەلسەفەكردن مانادارن و لە ئاكامی گشت ئەمانەشەوە تێگەیشتن دروستدەبن، لەوێندەرێوە مەیلی فەلسەفە بۆ فەلسەفەكردن چرۆدەكات. كاتێك ئێش و خەم دەستیپێدەكات گەڕان بەدوای دەرمان وەك چارەسەر شوێن بە خۆی دەگرێت. ئەو دەمەی هەستەكان ماندوو دەبن و بێزاری و بێ هیوای باڵ بەسەر بوونی مرۆڤ دا دەكێشن چارەسەر دەبێتە پرسیار و هەر ئەو دەمە گەڕان دەستپێدەكات. گەڕان هەوێنی چارەسەرە و لە پێویستی بۆ بنبڕكردنی ئێش و خەمەوە هەڵدەقوڵێت. گۆمی ئێش و خەم سەرتاپا برینە و لە چاوەڕوانی دەرماندایە. دەرمان وەك فەلسەفە دیرۆكی خۆی هەیە. مرۆڤایەتی ڕاستەوخۆ بەم جۆرە دەرمانە ئاشنانەبووە و كاتێكی زۆریشی خایاندووە تا فەلسەفە توانیویەتی ئەم ڕۆڵە ببینێت. بەشێك لەو ڕۆڵەی فەلسەفە وەك دەرمان دەیبینێت ئەوەیە، فەلسەفە وادەكات خۆت ڕۆڵی چارەسەرسازیەكە ببینیت، خۆت كار لەسەر خۆت بكەیت. بەشێك بەمە دەڵێن فەلسەفە وەك دەرمان. دەرمان لێرە خودی چارەسەرەكەیە. ئەو چارەسەرەی كاری سەرەكی دەرمانەكەی لێپێكدێت كاكڵی فەلسەفەكەش دەسازێنێت. كەچی بەشێكی تر پێیوایە هەندێك لە چارەسەرە ڕەفتارییەكانمان یان ئامرازەپراكتیكیەكانمان سەرچاوە لە فەلسەفەوە دەگرن. لێرە فەلسەفە وەك چارەسەر تەماشادەكرێت. لەبەرئەوەی چارەسەرە دەرمانیشە.
بەمجۆرە، لەم بەشە نووسینە، وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی Treatment و Therapy بەكاردەبەین و بایەخیش بەو تێهزرینانە دەدەین فەلسەفە وەك دەرمان دەخەنەڕوو، دەرمانێك کە ئیشی فەلسەفە دەكاتە كردەیەك لە چارەسەرسازی. بۆئەوەی فەلسەفە ئەمە بکات پێویستمان بە دروستكردنی هەڵاوگۆڕانی چۆنایەتی دەبێت لە تەماشاكردنمان بۆ دەرمان. ژەهر لەو شوێنەی بەكاربردنەكەی پێویستە دەرمانە. باشە مێژووی پزیشكی لەم بارەیەوە چیمانپێدەڵێت؟ مێژووی پزیشكی بریتییە لە مێژووی دۆزینەوەی چارەسەر، چارەسەر بە ڕووەك و گژوگیا، تادەگاتە نەشتەرگەرییە سەرەتاییەكان لە شارستانییە دێرینەكان( میسری كۆن، بابلییەكان، هیندی، چینی، یۆنانی، رۆمانی). ئەم مێژووە كە تەندروستی جەستەیی و عەقڵی مرۆڤەكان لەخۆدەگرێت لە قۆناغی پێش توێكاری جەستە و چارەسەركردنی برین و ناساغی بە ئەفسانە و جادووەوە دەستپێدەكات بەرەو تێڕامان و فێرگە فەلسەفییەكانی شارستانیە كۆنەكان ملدەنێت تادەگاتە چارەسەری پزیشكی لە چاخی زانیاری. لە سەردەمی نوێشدا ئارتۆ Artaud زەبری وەك دەرمان لە كارە شانۆییەكانیدا بەكاربردووە. بەشێك خوێندنەوەی نووسینەكانی شۆپێنهاوەر Schopenhauer دەكەنە دەرمانی ڕۆح و بەشەكەی تر نیچە. هەرچی سێنێكاSeneca، ئێپیكتێتۆسEpictetus، ئۆرێلیۆسAurelius و فەیلەسوفە ڕواقییەكانی Stoicism تری شارستانی رۆمانییە گرنگیەكی زۆریان بە بەختەوەری و بە خاوێنڕاگرتنی رۆح داوە. ئێستاش بیرمەندگەلێكی وەك فێری Ferry ،كۆنت-سپۆنڤیل Comte-Sponville و ئۆنفرێ Onfray لە فەرەنسا هەڵگری فێربوونە فەلسەفییەكانی ئێپیكۆر و ڕواقیەكانن و فەلسەفە بەرەو جۆرە تێراپیەك Therapyدەبەن كە وردە وردە خۆی لە تێڕامانێكی عەقڵی-و تێۆری پووخت بەدووردەگرێت. ئەمەش هەنگاوە بەرەو چارەسەرسازیی بە فەلسەفە. هەنگاوی یەكەمی ئەو چارەسەرسازییە لەوێوە دەستپێدەكات كە فەلسەفە لەناوەوەی مرۆڤ كاری خۆی دەستپێدەكات و دواتر والە مرۆڤ دەكات خۆی بێت. ئەمەش دەستپێكی فەلسەفەیە كە هەر لە سەرەتاوە كاری لەسەر خۆبوونی مرۆڤ كردووە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، فەلسەفە بەجۆرێك ئیش لەسەر مرۆڤ دەكات كە خودی خۆی بیت، خۆی نەك ئەویتر. ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی گەر مرۆڤ ئاگای لە خودی خۆی نەبێت بەدڵنیاییەوە ئەویتر ئاگای لێدەبێت، كەواتە تۆ ئیتر خۆت نیت و ئەویتریت. خۆبوونت مانای بۆ بوونت هەیە. بوونت واتە خۆت. بوونی تۆ بوونی خۆتە نەک ئەویتر، كە خۆت بیت كەوابێت تۆ خۆتت هەیە، خاوەنی خۆتیت. خۆتت نەبوو بە بێگومان ئەویترێك دەبێتە خاوەنت. كێشەكە چییە كە خاوەنی خۆمان نەبین و ئەویتر خاوەنداریمان بكات؟ كێشەكە لەوەدایە كە هەبوون بەر هەڵوەشانەوە دەكەوێت.
مایەوە ئەوەش بوترێت كە، ساتەوەختی كۆرۆناڤایرۆس ڕەوتی دەمەتەقێ، شیكارییە، فەلسەفییەكانی گۆڕی و جارێكی دی فەلسەفەی كردەوە بە پردی نێوان زانستە ئەزموونییەكان و زانستە مرۆییەكان. لە سەدەكانی پێش زایینیشەوە، لە دەمی سوكرات و گالێنۆس Galenosەوە، كە پزیشكە هەرە دیارەكەی شارستانی یۆنانییە، تادەگاتە مۆنتاین و هەنووكە (میشێل ئۆنفرێ بەنموونە) فەلسەفە مەشقكردنە لەسەر ڕۆح و دروستكردنی دڵگیری بۆ مرۆڤ، چڕینی سترانی مەرگ و تامكردنی ژیان، بەشیفابوونیشە لە ژیان گەر ژیان لەخودیخۆیدا درم بێت.

ئاسكلێپیۆس: خواوەندی شیفا

گەر یۆنانی كۆن بە نموونە وەربگرین دەبینین زۆربەی خواوەند و ئەفسانەكان كاری چارەسەرسازی و دەرمانسازی و شیڤابوونیان بینیووە. ئاسكلێپیۆسAsclepiusیەكێكە لە فیگەرە دیارەكانی ناو ئەفسانەی یۆنانی كۆن و خواوەندی پزیشكی و شیفا بووە و ئەمەشی لە باوكیەوە ،لە خواوەندی ئاپۆلۆن Apolloەوە وەرگرتووە كە خواوەندی خۆر، موزیك، هونەر و شیفابوون بووە. ئێپیۆن Epione ژنی ئاسكلێپیۆس بووە كە خواوەندی ئارامكردنەوە بووە. لە ئێستاشا كە دەچینە هەچ دەرمانخانەیەك گۆچانەكەی ئاسكلێپیۆس دەبینین کە بە مارێكەوە لكاوە و بووە بە هێمای پزیشكی. ئەم خواوەندە چوار كچی هەبووە: هیجێیا Hygeia (خواوەندی پاك و خاوێنی و تەندروستی بووە)، ئاساسۆAceso ( خواوەندی چارەسەركردنی نەخۆشی و شیفابوونبووە لە برین)، ئایاسۆIaso (خواوەندی چارەسەر بووە)، ئاگلایا Aglaea (خواوەندی تەندروستی باش بووە)، پاناسیا Panacea (خواوەندی دەرمان و چارەسەر بووە). لە سەردەمی ئاسكلێپیۆس دا خەڵكی ناساغ ڕۆژانە سەردانی پەرستگای ئێپیدۆرۆسیان Epidaurus کردووە تا لە ناساغی و برینەكانیان بەشیفابن. دووان (Machaon و Podalirius)لە كوڕەكانی ئاسكلێپیۆس لە داستانە شیعری یلیادە Iliáda ی هۆمێرۆس Hómēros ناویان وەك برینپێچ هاتووە. بەپێی گێڕانەوەكانی هۆمێرۆس ئەم كوڕانەی ئاسكلێپیۆس چارەسەری بریندارەكانی جەنگی ترۆیا Troyیان كردووە. ئەمە زۆر بە كورتی هەقایەتی خواوەندی شیفای یۆنانی كۆنە كە پاش یۆنان و لە شارستانی رۆمانی بەردەوامی خۆی هەبووە و پێش یۆنانیش شیفابوون ئیشی خواوەند و داناكان بووە.

فارماكۆن

بۆئەوەی ڕیشەی وشەی دەرمانخانەpharmacy دیاریبكەین پێویستە بە وشەی فارماكیە Pharmakia ئاشنابین كە لە زمانی یۆنانی φαρμακεία بە واتای ژەهراویكردن، جادووگەرایی دێت. فارماكیە دەرمانە. دەرمان لەناو پرۆسەی بەكاربردنی ئەم وشەیە ئامادەبوونی خۆی هەیە. وشەی فارماكیە لە فارماكۆن Pharmakon ەوە سەرچاوەدەگرێت. فارماكۆن φάρμακον یش لە یۆنانیدا بە مانای ژەهر، جادوو، تەلیسم، ئەفسوس، دەرمان دێت. هەموو ئەمانە پێماندەڵێن فارماكۆن لەیەك كاتدا بە واتای دەرمان و چارەسەریش دێت. هەربۆیشە فارماكیە بە واتای تێراپیا Therapeia (چارەسەر) دێت. ژەهر بۆنموونە دەرمانە و چارەسەریشە.وەكیتر ژەهر بكوژە، لێ هەلومەرجی بەكاربردنی چارەسەرسازیشی تێدایە. ئەو شتەی ژەهراویدەبێت لەناودەچێت، دەمرێت، جا ئەوە ڕووەك بێت یان ئاژەڵ و مرۆڤ. تەنانەت ئەو گیراوەیەی سوكرات خواردیەوە بڕیاری دادگا بوو كە لە جۆرە ڕووەكێك hemlock ی ژەهراوی پێكهاتبوو. بەپێی تێگەیشتنی نیچە ئەو كاتەی سوكرات گیراوەكە دەخواتەوە نیازمەندە بەوە خۆی لە ژیان شیفابكات. ژیان لەو حاڵەتە ناساغیە و ژەهر چارەسەرە. خودی دێریداش لە نوسینی” دەرمانخانەی ئەفلاتون”دا وشەی فارماكۆن لە سێ لایەندا قەتیسدەكات: دروگ Drogue (دەرمان یان عەقار) و مێدیسن Médecine (پزیشكی) و رێمید Remède(چارەسەر).

كۆیلەبوونی فەلسەفە چارەسەر نییە

فەلسەفە لە دەمی یۆنانەوە تا ئێستا لە گەڕان بەدوای مانای ژیان لە هەڵبەز و دابەزدایە. هەردەم فەلسەفە ویستویەتی خەمڕەوێنمان بێت، ئاستێك بۆ گورزی زەمانە دانێت، پەی بەو ئێستایەمان بەرێت هەنووكەمانە و بێوچانیش لەسەر بەرهەمهێنانی هزر، هزرێكی پێویست بۆ مرۆڤایەتی، ڕامانبهێنێت. ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر بینینی فەلسەفە وەك فەیلەسوف جیایە لە بینینی فەلسەفە وەك هەواداری فەلسەفە. هەوادارانی فەلسەفە جۆراوجۆرن. هەن وەك كۆیلە مامەڵە لەتەك فەلسەفە دەكەن. بوونە كۆیلەی فەلسەفە بە زیانی فەلسەفە دەگەڕێتەوە. كۆیلە وابەستە و بێدەنگ و ژێردەستەیە. لەم حاڵەتە فەلسەفە بەپێی پێویست سودی نابێت و كاریگەریش ناخاتەوە. فەلسەفە لەناو دەمەتەقێ و ڕووبەڕووبوونەوەكان نەشونمادەكات. كەواتە ئەوانەی ڕەخنەی فەلسەفە دەكەن یان فەلسەفە بۆ هەڵوەشانەوەی بۆچوون و تێگەیشتنەكان دەخەنەگەڕ ئەو بەشەن لە هەواداران و خوێنەرانی فەلسەفە كە بەرهەمهێنەری فەلسەفەن. هەشن تەنیا فەلسەفە لە پرسیارسازی و گومانكردن پووختدەكەنەوە و كاری فەلسەفەش لە وتن لەسەر ئەویتر بریتیدەكەن. ڕەنگە سوكرات نموونەیەكی ئەم بوارە و گروپی پێشتریش بێت. هەر ئەم بەشە ئەوە لەبیرناكەن كە فەلسەفە كاركردنە لەسەر خودیخۆ. شیكردنەوەی خودیخۆ و كردنەوەی ناخ بەشێكی سەرەكی لە كردەی فەلسەفەكردن پێكدێنێت. بەشێك لە فەیلەسوفان بەم شێوازە توانیویانە بگەنە ئەویتر. نیچە نموونە بەرچاوییەكەی ئەم لایەنەیە.
لەمیانەی ئەو قسانەی لای سەرەوە بەوە دەگەین، فەیلەسوفەكان كۆیلەی فەلسەفە نیین. فەلسەفە زادەی چرکەی خۆیەتی. چركەی فەلسەفە ئەو کاتەیە كە پیادەدەكرێت. لە ڕابردوودا فەلسەفە كردەی دەمی خۆیبووە. ئێستاش كردەیە بۆ هەنووكە. جگەلەوەی فەلسەفە دەم و ساتی خۆی هەیە، لێ بۆ گشت سات و دەمەكانیش دەشێت. ئەفلاتون، سپینوزا، مۆنتاین یاخود دێكارت، رۆسۆ، كواین بۆ ئەو دەمە و بۆ ئێستاش شیاون. بەپێی ئەوەی فەلسەفە بیركردنەوە و تێڕامانە دەشێت ڕەخنەبكرێت، دەكرێت شیاو بێت یان شیاو نەبێت بۆ ئێستا. ئەمە نییە كەڵكی فەلسەفە، كەڵكی فەلسەفە لە توانای بیركردنەوەیەتی لە سات و دەمە جیاكان. فەلسەفە لە هەموو سەردەم و چاخێكدا، لە گشت كولتوور و كۆمەڵگەیەكدا لەو چركەیە دواوە تیایا وتراوە. لە ئێستادا، لە كاتی كۆرۆناڤایرۆس دا، كێشە كولتووری و كۆمەڵایەتیەكانی مرۆڤ تا دەگاتە سیاسی و ئابووری و ڕۆحیەكانی هەمان ئەوانە نیین پێش ڤایرۆسەكە.وێجا بوونە كۆیلەی فەلسەفە وادەكات نە لە فەلسەفە بگەین نەش دژەكەی. جا ئەوە نا-فەلسەفە بێت تادەگاتە ئاین. هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئەو كۆیلایەتییە ئەو دیالۆگە دەكوژێت فەلسەفە دروستیدەكات. لە پاش كۆیلایەتی دیالۆگ نامێنێت، مشت و مڕ و ڕەخنە جێیان بەتاڵە و كاوێژ و دووبارەسازی جێیان دەگرنەوە. بۆئەوەی فەلسەفە بەرهەمهێنەر بێت پێویستە ڕەخنە و پێكدادانی هزری هەبێت. شتی نوێ و نەوتراویش تەنیا لەو كاتانەدا سەرهەڵدەدەن فەلسەفە مەستی گومان و سلەمینەوەیە.

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار چارەسەرە

شەڕی فەلسەفە لەتەك پرسیار بڕانەوەی نییە، چارەسەرە و ئەو دەرمانەشە بۆیدەگەڕێین. شەڕی وا بێكۆتا لە دەمی دەركەوتنی یەكەم ڕوناكی خۆری فەلسەفەوە دەستیپێكردووە و هەر بەردەوامە تا مرۆڤ خاوەنی ئاوەزی خۆی بێت. پرسیارە فەلسەفییەكان(گرنگیشە بزانین چ جۆرە پرسیارێك فەلسەفییە و چ جۆرێكیش نا-فەلسەفییە)لە زیادبووندان و هەر گەشەی بیركردنەوەی مرۆڤ و ئاڵۆزبوونی هەل و مەرجی بووناوی ئەم مرۆڤەشە فەلسەفەی گەیاندۆتە شوێنە سەخت و دژوارە ناكۆتاكان. لە میانەی پرسیارەكانمان تێگەیشتنمان بۆ خۆمان و دەوروبەرمان دەگۆڕێت. كە دەپرسین فەلسەفە چییە بەمە هەنگاوێك لە بیركردنەوەكانمان بەرەو پێشەوە دەچین تەنانەت ئەگەر وەڵامەكەشی دەقاو دەق نەزانین. ئەو وەختەی فەلسەفە لەتەك ئاین یەكدەگرێتەوە بە پرسیارێكی دی ڕووبەڕوودەكرێتەوە كە بەم شێوەیە: فەلسەفە زانستە یان نا-زانستە؟ قەرزاری فەلسەفیی زانست وەڵامە بۆ ئەم پرسیارە. ئەوەی تۆ بیڵێت هەروەك ئەوەی من دەیڵێم ڕاستە؟ نەخێر. ئەمەش لەبەرئەوەی دوو ڕاست پێكەوە هەڵناكەن.تا پتر لە ماهیەتی ئەم شەڕە تێبگەین كە فەلسەفە هەڵیگرساندووە ئەوكات ئەوەمان لاڕووندەبێت بۆ گەیشتن بە ڕاستی بۆتە دەروازە بۆ فەلسەفەكردن؟ بۆ ڕاست، نەك درۆ، دژە جەمسەری هەڵەیە؟ ئەدی باشە لەتەك چی لە جەنگدایە؟ لەتەك خراپە یان نا-باشە؟ بیركاری دایكی زانستەكانە یان فەلسەفە؟ فەلسەفە دەستی لە دروستكردنی زانست نەبووە؟ ئەی ئێستا، بۆ زانست خۆی وەك شتێكی سەرووی فەلسەفە دەبینێت؟ چۆن هۆكار دروستدەبێت؟ لەو جێگایەی هۆكار هەیە دەبێت دەرئەنجام هەبێت؟ هۆكار گرنگە یان دەرئەنجام؟ هۆكار پرسیار بێت كەواتە دەرئەنجام وەڵامە؟ مێژووی وەڵام لە پرسیار كۆنتر نییە؟ گەر پێچەوانەكەی ڕاست بێت كەواتە هۆكار دایكی دەرئەنجامە؟ گەڕانی فەلسەفە بەدوای مانا گەڕان نییە بەدوای واتای بوون؟ لەو شوێنەی بوونمان لە مەترسیدایە چ پرسیارێك دێتەكایەوە؟ ئایا پرسیاری مەرگ ئەو پرسیارە نییە؟ باشە كات دەمرێت؟ كە شوێن هەیە كاتیش لە هەمان شوێن دا بوونی پێویستە؟ كات گرنگترە یان شوێن؟ ئەدی ژیان لەناو بێ كاتیدا شیاوە؟ بۆ ڕزگاربوون لەم دیلێمایە (سەرئێشە) پێویستمان بە پێوانەیە؟ چۆن كات-شوێن بپێوین؟ ئاژەڵ هەست بە كات دەكات؟ یەزدان لە دەرەوەی كاتە؟ ئاژەڵ هەست بە گۆڕینی شوێن دەكات؟ پرسیاركردن لەسەر بوونی یەزدان شتێكی نا-ڕەوشتییە؟نا-ڕەوشتیی دیاردەیەكی مرۆییە یان ئاژەڵیش بۆی هەیە نا-ڕەوشتی بێت؟ بۆ ئاژەڵ بێ عەقڵ لەدایكبووە؟ ئاژەڵ خەودەبینێت یان خەونبینین هەروەك عەقڵ دیاردەیەكی مرۆییە؟ ئاژەڵ كە عەقڵی نییە شێتە یان شێت ئاژەڵە؟ باشە ئەی ئاین، بۆ ئاین بەس بۆ مرۆڤ هەبووە؟ بۆ دیندار و بێ دین لەناو ئاژەڵان بوونی نییە؟ لەبەرئەوە نییە كە ئاژەڵ عەقڵی نییە؟ ئەی ئاین عەقڵییە؟ گومانیناوێت فەلسەفە كە عەقڵییە پیرۆز نییە. هەرچی ئاینە دیاردەیەكی باوەڕییە تا تێڕامانێكی عەقڵی. ئەی كامیان ڕۆڵی چارەسەر دەبینێت ئاین یاخود فەلسەفە؟ئەم شەڕە هەر بەردەوامە و دیدگای، شیكاریی و ڕەخنەیی زۆری لێوەبەردێت و فەلسەفەش دەخاتە دۆزێكی چارەسەرسازی Therapy و بایەخپێدانەوە.

چارەسەر بە فەلسەفە

چۆن فەلسەفە ڕۆڵی چارەسەر ببینێت؟ چارەسەر لە چی؟ فەلسەفە جگەلەوەی كردەیەكی عەقڵییە و پرۆسەی بیركردنەوە بەرهەمیدەهێنێت دەکارێت لەڕێگای بیركردنەوەكانەوە كار لەسەر جەستە و دەروون بكات. مرۆڤی سەردەم لە هەموو كات زیاتر پێویستی بەو كارەیە كە فەلسەفە پێیهەڵدەستێت. پەشێوی دەروونی یان داڕمانی هزری بە گەڕانەوەی بایەخدان بە فەلسەفە دەمانگەیێنێتە قۆناغێكی چارەسەرسازیی. فەلسەفە پێویستی بەوەیە كار لەسەر لایەنی بیرلێنەكراو بكاتەوە لە ژیانی مرۆڤ. بەوەش ناسراوە کە ئاڵۆز و ژیریئامێزە و بە شێوازێكی تر، جیاواز لەوەی پێیناسراوە، خۆینمایشدەكات. ئەمەش لەوسەرەوە وادەكات فەلسەفە زۆرتر كاریگەربێت.
پێشتر هێمامانبۆكرد، لەم بەشە نووسینە،وشەی چارەسەر بەهەردوو ماناكەی بەكاردەبەین: Treatment و Therapy . فەلسەفە كە شوێنی چارەسەر دەگرێتەوە سەرچاوەی ئەم چارەسەرە نوسینە فەلسەفییەكانن. لەم حاڵەتە ناكرێت فەلسەفە جێی پەرتووكی پیرۆز و فەیلەسوفیش جێی پەیامبەر بگرێتەوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی ئامانج لە فەلسەفە خۆ پیرۆزكردن و فەیلەسوف پیرۆزكردن نییە بەقەدئەوەی ئامانج هەڵوەشانەوەی خودی پیرۆزییە. بۆ زۆرێك شۆپێنهاوەر و نیچە ئەو ڕۆڵەیان بینیووە. كارە فەلسەفییەكانی نیچە ساڵانێك وەك چارەسەری دەروونی تەماشادەكران. تەنانەت ڕۆمانەكانی دەستەێڤسكی و كامۆش. بۆ هەندێك ئێپیكۆر و ئێپیكۆرییەكانی شارستانی رۆمانیش( سێنێكا، ئێپیكتێتۆس، ئۆرێلیۆس) لەو ئاستەدا بوونە.
فەلسەفە هەر لە سەرەتای دەركەوتنیەوە لەسەر ئەو بنەمایە بووەتە چارەسەر كە گفتوگۆی كردۆتە بناغە بۆ قسەكردن لەسەر دیاردە و گرفتەكان. ئەمەش لە بنەڕەتدا شێوازی سەرەكی سوكرات بووە. وەكیتریش، خۆناسی هەنگاوێكی تری سوكرات بووە بۆ بەكاربردنی فەلسەفە بۆ خودچارەسەر. خۆناسی چارەسەرێكی خودییە كە مرۆڤ لە خودی خۆی نزیكدەكاتەوە. ئەوەش هەر شێوازێكە لە چارەسەری فەلسەفیی كاتێك سوكرات هەوڵی گەیشتن بە ڕاستی دەكاتە ئامانج بۆ گۆێگرانی. لە دوای سوكرات ئەریستۆ بووە کە گرنگی بە بەكاربردنی فەلسەفە بۆ چارەسەر خستۆتەگەڕ، وەلێ پاش مەرگی ئەریستۆ شێوازی عەقڵی و لۆژیكی لە فەلسەفە بەرەو چارەسەركردنی فەلسەفی بۆ خۆشژیان، بەختەوەری و دوركەوتنەوە لە ژیانی مادی هەنگاوینا. لەسەر ڕەوتی بیركردنەوەی فەلسەفیی ئێپیكۆریەكان و ڕواقییەكان بەدەستهێنانی چێژ و خۆشی وەك سەرەتایەك بۆ دوركەوتنەوە لە ئازار و خەمۆكی بووە چارەسەر. لەم ساتەوەختەوە ئەم دوو ئاقارە فەلسەفییە وەك جۆرێكی تر لە فەلسەفەی چارەسەر خۆی لە یۆنانی كۆن نمایشدەكات كە دواتر بەرەو شارستانی رۆمانی ملدەنێت. فەلسەفە وەك چارەسەر لە دوای ئەم ساتەشەوە بەردەوامی بە خۆی داوە. بەشێك لەو چارەسەرە خۆی لە چارەسەركردنی كێشە هەنووكەیی و ڕۆژانەییەكانی مرۆڤ چڕكردۆتەوە. كێشەكان كە بەشێكی بووناوی هەمیشەیین لەنێوان مرۆڤەكان لە گشت سەردەم، شارستانی و كولتوورێك دا دووبارە و هاوشێوەن. ئێستا بەزۆری پسپۆڕان لە فەلسەفەی پراكتیك ئەو ڕۆڵە دەبینن. هەوڵی ئەوە دەدەن لەڕێگای كلینیكی تایبەتەوە كار لەسەر ئەوانە بكەن كێشەی موڕالییان یان غەم و پەژارەیان هەیە و تێنەگەیشتنیان لەسەر مەرگ، تەنیای، هاوڕێیەتی و هەندێك دیاردەی تری بووناوی هەیە. بەشێك لەم كارە “”كلینیكی فەلسەفی”” لە ڕۆژئاوا كاری لەسەر دەكات. بۆیە لێرەوە قسەدێتە سەر فەلسەفە وەك دەرمان.

لە پێناسەی فەلسەفەوە بۆ پێناسەی دەرمان

مێژووی دەرمانسازی Pharmacology لەگەڵ مێژووی پزیشكی تێكەڵە. مێژووی پزیشکی مێژووی پەرستیاری و دەرمانسازی لەخۆ دەگرێت. ئاشکراشە هەر لەسەرەتاوە گژوگیا و ڕووەكەكان سەرچاوەی دەرمان یان دەرمانزانی بوونە. دەرمان لە دیدی دەرمانسازییەوە بریتییە لەو مادە كیمیاییەی بۆ دروستكردنی كاردانەوەی بایۆلۆجی یان فیزیۆلۆجی لە خانە و ئۆرگانێك لە لەش بەكاردەبرێت. ئەمە بەو واتایە دێت كە دەرمان بۆ دروستكردنی كارلێكە كە ئەوەش چارەسەری لێدەسازێت. هەرچی فەلسەفەیە بەجۆرێكی تر دەبێتە ئامراز بۆ چارەسەر. ئەڵبەتە چارەسەر بەرەو گۆڕینی ژیانمان. وەكیتریش گەڕان بەدوای دەرمان واتە دۆزینەوەی چارەسەر، بەڵام دەرمان بۆ چ دەردێك؟ دەرد دروستكەری ئازارە و دۆزینەوەی دەرمانیش تەنیا بۆ ئازار نییە، دەرمان ئازارشكێنە و بۆ زۆر شتی تریشە كە ئێش لە مرۆڤدا دروستدەكەن، لێ لێرە كێشەكە لەوەدایە كە ئێشی ددان وەك ئێشی تەنیایی نییە. ئێشی سك وەك ئێشی بێزاریی و بێ حەوسەڵەیی نییە. دەرمانی ترس لە دەرمانی بێ هیوایی و خەمۆكییەوە دوورە. بۆ شكاندنی ئازاری ددان یان چاو دەچینە دەرمانخانە ئەی بۆ شكاندنی ئازاری تەنیایی و بێزاریی بۆ كوێ بچین؟ فەلسەفە لە پاش مەرگی ئەریستۆ و دەركەوتنی فەلسەفەی ڕواقی بووە دەرمان. شوێنی فەلسەفە لە ژیانی مرۆڤ گۆڕانی هاتەسەر. ئەوەش پەیوەندی بە بینینی ڕواقییەكانەوە بووە بۆ فەلسەفە. لێرەوە بەكاربردنی فەلسەفە دژ بە مەرگ و ترس لە ئازار و كارەساتە سرووشتییەكان دەبێتە خواستی مرۆڤەکان.
فەلسەفە دیاردەیەكی عەقڵی و تێڕامانییە پشت بە بەڵگە و ڕەخنە دەبەستێت. سەرەتای دەركەوتنیشی تەقەلایەك بووە لەلایەن مرۆڤەوە بۆ ڕەتكردنەوەی بینین و تێڕامانە ئەفسانەیی و خورافییەكان. وەكیتریش فەلسەفە قەد بەوە نەدەگەیشت كە ئەمڕۆ پێیگەیوە گەر خۆی وەك بابەتێكی عەقڵی و لۆجیكی وەگەڕنەخستایە. بەمە فەلسەفە توانی ئەو تێڕامانانە بەرجەستەبكات مرۆڤ لەسەر گەردوون و بوونی خۆی هەیبووە. فەلسەفە لەم دۆخە زانستی هۆكارەكانە: هۆكاری بوونمان؟ هۆكاری بەدی؟ ناشرینی یان جوانی؟ بێدادی؟ هۆكاری بوونی گەرمای یان لافاو یاخود هەچ دیاردە و كارەساتێكی گەردووناوی؟ بەواتایەكی تر، بوونی بوونەوەرەكان هەر لە سەرەتاوە پرسیارێكی سەرەكی بووە بۆ فەلسەفە، كە ئەوەش بنەمای بۆ بیركردنەوە، بۆ گومان و بۆ جیهانبینیمان داناوە. فێری بیانوهێنانەوە و شیكاریماندەكات و سەلماندن و بەڵگەش دەكاتە بناغەی گفتوگۆ و ڕاڤەكردنەكانمان. بەپێی فەلسەفە دەرد هەیە و دەرمانیش هەیە. گەر دەردی دەرمان فەلسەفە بێت خودی دەردەكە چییە؟ بۆ هەندێك دەردەكە وڕێنەیە و بۆ هەندێكی تر نەزانینە (جەهل). خودی فەلسەفە كە جێی دەرمان دەگرێتەوە دەشێت ببێتە ئامراز بۆ چارەسەركردن یان تیماركردنی دەردەكە. بۆنموونە بەشێك پێیانوایە بەپێیئەوەی فەلسەفە بیركردنەوەیە دەكارێت دەرمانیش بێت ئەڵبەتە لەژێرناوی دانبەخۆداگرتن یان دانایی لە چارەسەركردنی كێشە و گرفت یاخودیش بەدەستهێنانی دڵنیایی بۆ خۆبەهێزكردن.
بەمجۆرە، دەرد هەبێت دەرمانیش دەبێت. وێجا دەردەكە چییە تا دەرمانەكە بەپێی ئەو دەردە دەستنیشانبكرێت؟ لەڕاستیدا دۆزینەوەی شوێنی دەرد دۆزینەوەی شوێنی ئێشیشە. ئەوە دەردە ئێش دروستدەكات. هەموو دەردێكیش ئێشێكی خۆی هەیە. پەیوەندی نێوان ئێش و دەرد كۆنە و لە مرۆڤەوە دەستپێدەكات.مرۆڤ یەكەم بوونەوەرە ئێشی خۆی باسدەكات. زمان ئامرازی باسكردنی ئەو دەردەیە. زمان پێماندەڵێت بۆ و كوێمان دەئێشێت. دوای هەستكردن بە ئێش گەڕان بەدوای چارەسەری ئەو ئێشە دەستپێدەكات كە هەمانە. چارەسەریش بە دەرمان دەبێت. فەلسەفە چ دەرمانێكە؟ ئایا فەلسەفە دەرمانی ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی تریشە؟ فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیایی، خەمۆكی، پەژارەی و زۆرێك نەخۆشی و بێزارییە. هاوكات فەلسەفە دەردی دەرمانی تەنیا مرۆڤە. بەپێی ئەوەی مرۆڤ عەقلی هەیە داهێنەری فەلسەفەیە و دۆزەرەوەی دەرمانیشە. نەك هەر ئەوە بگرە فەلسەفە دەرمانێكی بێ گیان و ئامرازێكی نابایۆكیمیاییە. فەلسەفە دەرمانە بۆ كاركردن لەناو خود تا ئەم خودە ناساغ، خەمۆك و پەشێو نەبێت. ئەم خودە دواتر دەكارێت بەشداری لە گۆڕینی ئەوە بكات پێویستە بكرێت. فەلسەفە وەك دەرمان بابەتێكی فەلسەفی پزیشكییە كە بناغەكەی وا لەناو ڕۆح. ڕەنگە زۆربەمان بپرسین فەلسەفە چ جۆرە دەرمانێكە؟ كە وتمان چ جۆرە دەرمانێكە واتە دەرمانەكان لەناوخۆیانا جوداوازن. فەلسەفە بەشێکە لەو جیاوازییە.

لە یۆنانی كۆنەوە تا هەنووكە لە مێژووی فەلسەفە قسە لە مانای پزیشكی ڕۆح (گیان ، ناخ، دەروون) و پزیشكی جەستە (لەش) دەكرێت. پزیشكی ڕۆح بایەخ بە ناخ و دەروونی مرۆڤ دەدات و ئەویتریان، پزیشكی جەستە، گرنگی بە نەخۆشی و ئازارەكانی مرۆڤی ناساغ دەدات. ناساغی ڕۆحی و ناساغی جەستەی لەنێوان فەیلەسوف و پزیشكا كراون بە دوو مرۆڤەوە. نووسینە فەلسەفییەكان و نووسینە پزیشكییەكان لە شارستانییە كۆنەكانی ئەوروپا (یۆنانی، ڕۆمانی) دڵەڕاوكێ، شێتی، بێزاری، خەمۆكی بەرباسخستووە و …ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەڵێن پزیشكی دەروونی (Psychiatrist) ،كە چارەسەری نەخۆشی دەروونی بە دەرمان دەكات، مێژووەكەی گەلێك كۆن نییە. كاری پزیشكی دەروونی بریتییە لە چارەسەركردنی پەشێویی دەروونی Mental disorder كە خۆی لەناو هەندێك دیاردەی دەروونی شپرزەئامێزی وەك دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و تادەگاتە شیزۆفرێنیا مەڵاسدەدات. چۆنیەتی مامەڵەی یۆنانیەكان، ئەسینا، لە سەدەكانی پێش زایین لەتەك نەخۆشییە عەقڵیەكان، بۆنموونە شێتی، گرنگی خۆی بۆ شیكاریكردنی پەیوەندی نێوان فەلسەفە و پزیشكی و بەتایبەت پزیشكی دەروونی هەیە. لەو دەمەدا، كە دەمووەختی نەشونمای هزری فەلسەفیش بووە،ئەو نەخۆشییانەی دووچاری جەستە بوونە لەو نەخۆشیانە جیاكراونەتەوە دووچاری ڕۆح بوونە. بەشی یەكەم چارەسەرەكەی لە خانەی پزیشكی ئەو سەردەمەدا بووە و بەشی دووەمیش لە خانەی فەلسەفەدا خۆی دیوەتەوە. هەندێك نەخۆشیش دەچێتە خانەی هەردوو بەشەكەوە وەك فێ. چارەسەركردنی نەخۆشییە دەروونییەكان (وەسواسی، ڕاڕایی، خەمۆكی) بۆ بیرمەندانی یۆنانی لەچاو نەخۆشییە عەقڵیەكان(شێتی) ئاسانبووە. كەوابێت دەكرێت بپرسین فەلسەفە لە كوێی مرۆڤ نەخۆشییەكان دەبینێتەوە؟ لە جەستە یان لە هزر(عەقڵ)؟ ئەی پزیشكی لە كوێیا دەیبینێتەوە؟ لە یۆنانی كۆن فەیلەسوف یاخود چاترە بڵێین دانا(حەكیم) كاری پزیشكی دەروونی كردووە. هەر لەو دەمەدا ئەو پزیشكیەی هەبووە گشتیبووە كە شانبەشانی فەلسەفە چارەسەری نەخۆشە دەرونبیمار و شیزۆفرێنیەكانی (ئەوانەی دووچاری كەرتبوونی مێشك دەبن) پێكراوە. بۆنموونە جیاوازی شێت و دەبەنگ (گەوج) كراوە. شێت وەك ترسناكێك سەیركراوە هەرچی دەبەنگە شیاوی چارەسەركردنی لەچاو شێت زۆرتربووە و كەمتریش ترسناك بووە.

فەلسەفە پزیشكی ڕۆحە؟:
پزیشكی و ئەفلاتون

سەرەتا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەین كە پزیشكی یان ئاگایی پزیشكی بوارێكی تایبەتە بە نەخۆشی. وەكیتر پزیشكی مامەڵەكردنە لەتەك نەخۆش و درمەكانی كەسی ناساغ. فەلسەفەی پزیشكی و پزیشكیدەروونی دەتوانن لەتەك بایۆلۆجی پێكەوەكاربكەن و زانینی پزیشكی بەو ئاڕاستەیە بەرن پزیشكی بەتەنیا پێیناگات. لێرەوە جۆرە گفتوگۆیەك دێتەپێش كە وامانلێدەكات بپرسین: چی پەیوەندی بە تەندروستی و چی پەیوەندی بە پزیشكییەوە هەیە؟ چی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی تر جیادەكاتەوە؟ گەر پزیشكی و پزیشكی دەروونی لە سنوری یەكدا كاربكەن نەخۆشیناسی خاڵی هاوبەشیان نابێت؟ ئەم پرسیارانە هەوێنی ئەو تێگەیشتنەن پزیشكی لە هزری تەندروستی و درمناسی(پاتۆلۆجی) ئێمەدا بەرجەستەیكردووە. تەنانەت كە دەشپرسین نەخۆشبوون چییە؟ پێویستمان بەوەیە بپرسین نەخۆشی چییە؟ و نەخۆش كێییە؟ نەخۆش تەنیا مرۆڤ نییە دەكرێت ئاژەڵ یان ڕووەكیش بێت. گەر نەخۆشییەكانی ناو ئاژەڵ یان ڕووەك هاوبەش بن ئەوا ئەو نەخۆشییانەی دووچاری مرۆڤ دەبن لەم ڕێسایە بەدەر نیین. كاتێك پزیشكی بڕیار لەسەر نەخۆشبوونی كەسێك دەدات بەمە پزیشكی لەسەر بناغەی كۆمەڵێك بنەما كاردەكات. بڕیاری پزیشكی Medical Decision بە خودی چییەتی نەخۆشییەكەوە پشتبەستوە. چی ئەو كەسەی نەخۆش كردووە و دیاریكردنی شوێنی نەخۆشیەكە دوو فاكتەری سەرەكین بۆ دەستنیشانكردنی یان جیاكردنەوەی نەخۆشی دەروونی لە نەخۆشی جەستەیی و نادەروونی. ئەو زانیارییە كلینیكیانەی پزیشك سەبارەت بە جەستەی بیماری نەخۆش بەدەستیدەهێنێت بنەمای زانستی دەستنیشانكردنەكە یان بڕیاردانە پزیشكییەكە دروستدەكەن. باشە بڕیاردانی پزیشكی پێش ئەوەی كردەیەكی پزیشكی بێت یاسای یان ڕەوشتی نییە؟ خانمە روناكبیری فەلسەفیی ڤیرۆنیك لۆ ری Véronique Le Ru بە پرسیاری فەلسەفە پزیشكی رۆحە؟ لە دەرگای گەلێك بابەتی خەفەكراو و زەقی فەلسەفی دەدات كە لێرە بەشێك لە دیتنەكانی بەسەردەكەینەوە. ئامانجی سەرەكی ئەم خانمە خوێندنەوەی ئەفلاتونە لە ڕوانگەی پزیشكیەوە. ئەم بایەخپێدانە سەرچاوە لەو گرنگیەوە دەبینێت کە سوكراتی مامۆستای ئەفلاتون بە پیشەی پزیشكی داوە. پزیشكی وەك كار و هونەر. سوكرات لە دیالۆگەكانیدا ئەو گرنگییەی نیشانداوە كە پزیشك بۆ جەستە وەك فەیلەسوف وایە بۆ ڕۆح. هەروەك ئەوەی پزیشك جەستە لە بەدی و نەخۆشیەكان دەربازدەكات ئاواش فەیلەسوف ڕۆح لە بەدی و ناساغییەكان، لە نەزانی و دادوەری پێشوەخت، ڕزگاردەكات. بۆ ئەو مەبەستە ڤیرۆنیك لۆ ری دوو لایەن دەخاتەڕوو. یەكەم شێوازی سوكرات لە فەلسەفەكردن (شێوازی پرسیاركردن) كە زۆر جیاوازبووە. دووەم ئەفسانەی پرۆمێتۆس Prometheus ە،کە لە دیالۆگی پرۆتۆگۆراسی ئەفلاتون دا ناوی هاتووە. ئەمەش بۆ دۆزینەوەی هاوشێوەییە لەنێوان پزیشكی و ئەفسانەدا. ئەم لایەنە ئەم روناكبیرە فەرەنسییە بەرەو هەنگاوی سێهەم دەبات: ئەوەش بریتییە لە دۆزی پزیشكی لە ساتەوەختی سوكرات. ئەڵبەتە ئەمە ئەو هەڵاوگۆڕانەیە لە مۆدێلی پزیشكەوە دەمانبات بەرەو مۆدێلی فەیلەسوف. بۆ سوكرات بایەخدانی پزیشكی بە جەستە، نەك ڕۆح، ئەو مۆدێلەیە پێویستە پزیشكی كاری لەسەربكات.

هیپۆكرات Hippocrates ، كە بەدامەزرێنەری پزیشكی دادەنرێت، یەكێكە لە پزیشكە دیارەكانی مێژووی پزیشكی لە یۆنانی كۆن و هاو سەردەمی سوكراتیش بووە. ئەم زانایە بەشێوازی تەكنیكی و فیزیكانە تێگەیشتنی پزیشكی بەرەو ئاستێكی تر بردووە و ئەوەشی یەکلا کردوەتەوە کە جەستەی تاك هێزێكی خودی تیایە سەرچاوەكەی سروشتە. پزیشكی لەسەر دەستی هیپۆكرات ئیشی لەسەر كاریگەریەكانی جیهانی دەرەكی، هێزی سروشت و لەسەر بونیادی جەستەی بوونەوەر كردووە. یەكەم پزیشكیش بووە توانیویەتی پزیشكی لە ئایین و جادووگەرایی جیابكاتەوە و بیشیکاتە زانستی سەرنجدان. بۆیشە تائێستا خوێندكارانی پزیشكی لەكاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشكی سوێندی هیپۆكراتی دەخۆن(لەگەڵ هەندێك گۆڕانكاری كەم كە هاتۆتە سەر سوێندەكە). تۆماركردنی دۆزی ناساغی نەخۆش لە پزیشكناسی هیپۆكرات خاڵێكی گرینگە. نەخۆش پێویستی بەوەیە بزانێت لەشی لە چ دۆزێكدایە. لەبەرئەوەی سوكرات پزیشكی ڕۆحە نەخۆشەكانە شێوازیشی جیایە. سوكرات ئەو نەزانین و دادوەرییە پێشوەختە لە نەخۆشا ئاشكرادەكات لەو ڕۆحە ناساغەدا پەنهانە. داوای هیپۆكرات ئەوەیە ئەفلاتون سەرقاڵی پزیشكیی ڕۆح بێت. گومانیش ناكات جیهانی پزیشكی لە هەڵە بەدەر نییە. ئەوەش پەیوەندی بە سروشتی نەخۆشییەكان و سروشتی پزیشكییەوە هەیە. دەكرێت نەزانینی زانستی لە دیاریكردنی نەخۆشی و بێتوانای هونەری لەو بوارە كاردانەوەی لەسەر پیشەی پزیشكی هەبێت. یەك لەو هەڵانەش هەڵەی ڕەوشتییە كە هیپۆكرات بە گرنگییەوە قامكی دەخاتەسەر. بۆنموونە گوێنەگرتن لە نەخۆش. سوكرات گوێگرێكی باش بووە، توانیویەتی لە رۆحی نەخۆشی نەخۆشەكانی گوێبگرێت. كەوابێت فەلسەفە پزیشكیئاسا دەبێت بزانێت چۆن پراكتیزەی كارەكانی دەكات و مامەڵەی نەخۆشەكانی دەكات. فەیلەسوف وەك پزیشك لە هونەری شیفابوون تێدەگات و لە دەجال و فێڵباز جیایە و شارەزای هونەری مایۆتیك maieutics (مامانی، شێوازێكی گفتوگۆی سوكراتییە) و دیالێكتیكە Dialectic (شێوازێكە لە وتوووێژ). واتە شارەزای هونەری گوێگرتنە. ئەو جۆرە مامەڵە سوكراتییە لەتەك نەخۆشەكانی ڕۆح شێوازە سوكراتیەكە پێیوێراوە، هیچ نەبێت لەبەرئەوەی سوكرات ئەو شێوازەی لە دایك و باوكییەوە بۆماوەتەوە. دایكی سوكرات مامان بووە و باوكیشی پەیكەرساز. سوكرات لە گفتوگۆكانیدا لەتەك خەڵك ،لە ڕێگا و بانەكان، هەوڵیداوە گوێگر و چارەسەرسازبێت و لە فەیلەسوفە سۆفیستە هاوسەردەمەكانی (گۆرگیاس Gorgias و پرۆتۆگۆراس Protagoras ) ،كە فەلسەفەفرۆشبوونە، جیاوازبێت. ئەفلاتون لە هەردوو دیالۆگی پرۆتۆگۆراس و گۆرگیاس دا بەجۆرێک تەقەلای گۆڕینی گفتوگۆ فەلسەفییەكانی داوە كە لە دەجالی و فێڵبازی پزیشكییەوە بەرەو دەجالی و فێڵبازی فەلسەفی (سۆفیستیانە) و لەوێشەوە بەرەو پزیشكی هیپۆكرات ملبنێت. لەوێ پزیشكی نوێنەرایەتی جەستە دەكات و فەلسەفەش نوێنەرایەتی رۆح. هەندێك جار پزیشك لەبەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش مامەڵەی قێزەوەنانە لەتەك جەستەدا دەكات. هاوكات هەندێك جار فەیلەسوفیش لە بەر بەرژەوەندی تەندروستی نەخۆش واپێویستدەكات مامەڵەیەكی هاوشێوە لەتەك رۆحی نەخۆشەكانیدا بكات. لەبەر هەمان هۆ بیهێنەرەوە پێشچاوت پزیشكێك لە دادگایەكی مناڵان دایە و لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە دراوەتە دادگا. گەر فەیلەسوفیش لەلایەن فەیلەسوفێكی سۆفیستەوە بدرێتە دادگای نەزانەكان بەدڵنیاییەوە تاوانباردەكرێت. بابزانین سوكرات لەم بارەیەوە چۆن ڕەفتاردەكات: وەك پزیشكێك لەلایەن چێشتلێنەرێكەوە لە دادگای مناڵان دادگایدەكرێم. چێشتلێنەرەكە بە دادگا دەڵێت: ئەم پزیشكە مناڵەكانتان بریانداردەكات، نەشتەرگەریان بۆدەكات، هەوڵی زەعیفكردنیان دەدات و دەرمانی تاڵیشیان پێدەدات، هەرچی منم خواردنی خۆش و جۆراوجۆریان بۆ دروستدەكەم. لەم حاڵەتە دەبێت ئەم پزیشكە لەم جۆرە دادگایە بە چ جۆرێك بێتەگۆ؟ گومانیناوێت دادگایەكە چارەنووسی هەر وەك چارەنووسی دادگایەكەی سوكرات دەبێت كە لەپێناوی ڕاستی ژەهرەكەی هەڵقوڕاند.

ئازاد حەمە


ژێدەر:

Josephine Selander & Gustav Jonsson. Filosofi som terapi – Verktyg för levnadskonst. Förlag: Roos & Tegnér.2019.
Magnus Helgesson. Äg ditt liv – annars gör någon annan det . Förlag: Roos & Tegnér. 2020.
.https://www.domuni.eu/fr/formations/diplomes/nietzschenbsp-la-philosophie-comme-medecine-/
Nietzsche : la philosophie comme medicine
Véronique Le Ru, CIRLEP EA4299, Université de Reims. Le philosophe est-il le médecin de lâme ?
https://halshs.archives-ouvertes.fr/halshs-02054119/
Michael Grant. Who’s Who in Classical Mythology.Routledge. 2001.
Alexander Stuart Murray. Handbook of World Mythology.Dover Publications . 2005.
Joyce Filer. Disease. Austin, Texas: University of Texas Press. 1996.
Nigel Wilson. Encyclopedia of Ancient Greece. Routledge. 2013.
Michael Boylan. Hippocrates. Internet Encyclopedia of Philosophy. 2006.

Previous
Next