Skip to Content

بەشی سێیەم و کۆتایی گفتوگۆی دەنگەکان لە گەڵ بەڕێز عەدنان کەریم ( ئەحمەد موعین)

بەشی سێیەم و کۆتایی گفتوگۆی دەنگەکان لە گەڵ بەڕێز عەدنان کەریم ( ئەحمەد موعین)

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 19, 2016 dengekan, General, Marxism, Opinion


بۆ خوێندنەوەی بەشەکانی تری ئەم چاوپێکەوتنە کلیک لەسەر بەشەکان بکەن لای خوارەوە
بەشی یەکەم:…..

بەشی دووەم:…..

————————————-

دەنگەکان :
مارکس لە تەعمیمێکدا بۆکۆنگرەی نێونەتەوەیی یەکەم باسی لەسەربەخۆی ئیرلەندا کرد، لینینیش بە هەمان شێوە باس لە هۆشیارکردنەوەی نەتەوە زوڵم لێکراوەکان دەکات بە ئاراستەی سەربەخۆییدا.ئێوە چۆن دەڕواننە هەڵسوکەوتی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستانی عێراقدا هەر لە حیزبی شوعییەوە تا دەگاتە کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بە دیدو تێڕوانینیان لە بەرانبەر کێشەی نەتەوەیی کوردا، وەک کێشەیەکی زیندوو لە ناوچەکەدا؟

عدنان کریم :
لە قۆناغی دامەزراندنیەوە، بناغەی سیاسەتی حیزبی شیوعیی عێراقی لەسەر کۆڵەکەیەک وەستابوو کە بریتی بوو لە کۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی نیمچە داگیرکەری بەریتانی لە عێراق و ڕووخاندنی حکوومەتی پاشایەتی کە ڕۆڵی وەکیلی ئیستیعماری بەریتانی ئەبینی.ئامانجی شیوعیەکان لە عێراقدا لە گشتی ترین ئاستدا بریتی بوو لە بنیاتنانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکرات و سەربەخۆ کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی تیایدا سەروەر بێت. واتە عێراقێکی ئازاد و سەرفراز کە ئایدیایەکی نەتەوەیی یا دینیی نەبێت و عێراق ووڵاتی هاونیشتیمانیەکانی بێت. شیوعیەکان لەو قۆناغەدا لەو چوارچیوەیەوە ئەیانڕوانیە مەسەلەی کورد . بەومانایە مەسەلەی کورد لە دیدگای حیزبی شیوعیەوە بەشێک بوو لە خەباتی گشتی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە گشتیەی کە باسمان کرد.
لەو قۆناغەدا حیزبی شیوعیی عێراق هەرچۆن ڕابەری خەباتی جەماوەریی خەڵکی عێراقی ئەکرد تا کۆتایی پەنجاکانی سەدەی پێشوو، لە کوردستانیشدا هەمان پایگای بەهێزی هەبوو و هەمان ڕۆڵی ئەگێڕا.

بەڵام بەهۆی تایبەتمەندیی مەسەلەی کوردەوە وەکوو مەسەلەیەکی دیموکراتی و بەتایبەتیش بەهۆی لاوازیی ڕەوتی ناسیونالیستیی عەرەبی لەو قۆناغەی عێراقدا و لاوازیی پێگەی ڕەوتی عروبی و شۆفینیزمی عەرەبی ، جگە لە لاوازیی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد، حیزبی شیوعی لەهەوڵی ئەوەدا بوو کە مەسەلەی کورد لە چوارچیوەی کۆمەڵێک ئیسڵاحاتی دیموکراتی لە عێراقدا چارەسەر بکات و ئەو سیاسەتە جێگەی مەقبووڵیەتی خەڵکی عێراق بوو بەخەڵکی کوردستانیشەوە. یەکێک لەو فاکتەرە بەهێزانەی کە لەقازانجی ئەو سیاسەتە هەڵئەسووڕا پشتیوانیی جەماوەریی فراوانی خەڵکی عەرەبی عێراق بوو لە ئاواتی خەڵکی کوردستان بۆ لابردنی کۆتی ستەمی نەتەوەیی لەسەریان. جگە لەوەش ڕژێمی پاشایەتیی ئەوکات ڕژێمێکی ناسیونالیستیی عەرەبی نەبوو.

ئەو ڕژێمە بە یەکسان جێی نەفرەت و ناڕەزایەتیی هەردوو میللەتی عەرەب و کوردی عێراق بوو. لەهەمووشی گرنگتر ئەو خاڵەبوو کە ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەنتەر و چەقی قورسایی خەباتی شۆڕشگێڕی جەماوەری و دیموکراتیی خەڵکی هەموو عێراق بوو کە ئەوەش لە قازانجی چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد بوو لە چوارچێوەی یەکگرتویی و یەکپارچەیی خەباتی دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراق بەسەڵماندنی مافە نەتەوەییەکانی کوردەوە.

ئەوەی کە قاڵبی ڕەسمیی ئەو هەڵوێستەی حیزبی شیوعی لەو کاتەدا لەژێر تایتڵی ئۆتۆنۆمی یا مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورددا گەڵاڵە ئەکرا فاکتەر و مەسەلەی سەرەکی نەبوو بەقەدەر ئەوەی کە ستەمی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لەچوارچێوەی خەباتی سەرتاسەری دیموکراتیکی هەموو خەڵکی عێراقدا بەسەرەنجام بگات و لەجەرگەی ئەو خەباتەدا جێگیر بێت. جگە لەوەش چەوسانەوەی نەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لە قۆناغی پاشایەتیدا ، لە ڕاستیدا ، ئەو قاڵبە زبر و تووندوتیژ و سەرتاسەریە و ئەو خەسڵەتە میلیتاریەی نەبوو کە لە قۆناغەکانی دواتری کۆماریدا هەیبوو. لەچاو هەموو ڕژێمەکانی دواتردا ، سولتەی مەلەکیی عێراقی لەهەموویان نەرمتر و لیبراڵ تر بوو بەلەبەرچاوگرتنی ئەو فەزای کوشت و بڕەی کە بەتایبەتی لە ١٩٦٣ بەدواوە لەلایەن ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە لەبەرانبەر گەلی کورددا و گشت گەلی عێراقدا پیادەکرا.

لەڕاستیدا حیزبی شیوعی خەباتی ئەکرد بۆ بەدیهێینانی عێراقێکی نیشتیمانی و دیموکراتیک کە جیاوازی نەتەوەیی جێگەیەکی لە سیمای ئەو دەوڵەتەدا نەبێت. تا ١٤ ی تەمووزی ١٩٥٨ ئەوە سیاسەتی ڕەسمیی حیزبی شیوعی بوو سەبارەت بەمەسەلەی کورد و پێموابێت سەرکەوتوانە توانی باڵانسی ئەو سیاسەتە ڕابگرێت. واتە حیزبی شیوعی توانی هەم ڕەوتی شۆفینی عەرەبی زۆر لاواز بکات و هەم توانیبووی کە جڵەوی خەباتی گەلی کورد لەدەستی ناسیونالیستی کورد و نوێنەرە ڕەسمی و تاقانەکەی واتە پارت دیموکراتی کوردستان دەربهێنێت. ئەو سیاسەتە بەدەر لەوەی کە ناوەکەی ئۆتۆنۆمی بوو یا هەر شتێکی تر، خەباتی گەلی کوردی وەکوو میللەتێکی زوڵملێکراو کرد بە بەشێک لە خەباتی سەرتاسەریی خەڵکی عێراق بۆ بەدیهێنانی نیزامێکی سیاسیی پێشکەوتنخواز کە زۆرترین دەسکەوتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی بۆ هەموویان هەبێت لەسایەی جمهوریەتێکی دیموکراتیکدا.

دیارە ئەو سیاسەتە کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵوێستەکانی پارتی وەکوو حیزبی بزووتنەوەی ناسیونالیستیی کورد. پارتی کە بەهۆی بوونی حیزبی شیوعی و ئەو سیاسەتەی پێشووی و پایگایەکی بەهێز کە لەناو کورد و عەرەبی عێراقدا هەیبوو، خاوەنی پایگایەکی ئەوتۆ نەبوو و زیاتر لە ناو ئیلیتی قەومی و دەرەبەگ و ڕۆشنبیرانی موتوربەکراو بە بیری قەومی و کوردایەتی نفوزی هەبوو . بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو مەددە دیموکرات و چەپەی کە مەسەلەی کوردیشی بەدوای خۆیدا ڕاکێشابوو، پارتی چارێکی نەمابوو جگە لەوەی کە ئەویش نمایشی دیموکراتی بوون و بگرە چەپ بوونیش بکات. ئەوە مۆدی ئەو ڕۆژگارە بوو و حیزبی شیوعیش پێویستی بەوە نەبوو کە دژایەتی پارتی بکات و بگرە پێشی باش بوو پارتیش لە مەوقیعیەتێکی لاوازترەوە ، گەر لە ژێر زەبری زەمانەشدا بێت ، پەیڕەوی لەسیاسەتێکی چەپی یا پێشکەوتنخواز بکات . پارتی بۆ دوانەکەوتن لەو ڕەوتە لە ١٩٥٣دا ڕایگەیاند کە ئەوانیش ( سوود لە تیۆریی مارکسیزم – لینینیزم وەرئەگرن بۆ داڕشتنی سیاسەتەکانیان ) .

هەر لەو سەروبەندەدا حیزبی شیوعی ، لە زەمانی سەرکردایەتیی باسمدا ( واتە بەهادین نوری ) مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هێنایە ئاراوە وەکوو چوارچێوەیەکی ئوسوڵی نەک وەکوو بەرنامەیەک بۆ چاری مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئەوە ٢ هۆی هەبو. لەلایەکەوە بۆ ڕاکێشانی خەباتی خەڵکی کوردستان کە لەپەنجاکانی ئەو سەدەیەدا پەرەی سەندبوو و لەولاشەوە بۆ تەریککردنی پارتی و ڕێگری لەوەی کە مەسەلەی کورد لەچوارچێوەی تەسکی کوردایەتیدا شەتەک بدات.
جێی بیرهێنانەوەیە کە لە هەموو مێژووی چلەکان و پەنجاکاندا و بەهۆی خەسڵەتی کۆنەپارێز و ناسیونالیستیی خۆیەوە پارتی نەیتوانیوە خەباتی جەماوەریی گەلی کورد وەکوو بزووتنەوەیەکی جەماوەریی گەورە هاوچەشنی ئەوەی لە بەغدا و جنووبدا ئەبینرا ڕێکبخات و ئەوە شیوعیەکان بوون کە ببوون بە سیمبولی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستانیش. نموونەکانی مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ١٩٤٨ و ١٩٥٢ – ١٩٥٣ و دواتر ١٩٥٦ لە دژی حیلفی بەغدا و بزووتنەوەی جوتیارانی کوردستان لە ١٩٥٣ نموونەی زەقی ئەو ڕاستیەن.

دیارە هەموو ئەوانە دواتر بەسترانەوە بە چارەنووسی حکوومەتی کۆماریی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ەوە . لە دوای ٥ ساڵ تەمەنی حکوومەتی کۆماریی عەبدولکەریم قاسم ، حیزبی شیوعیی عێراق نەیتوانی خۆی ڕاستەوخۆ دەسەڵات بگرێتە دەست و سۆڤیتیەکان بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ پێیان ڕاگەیاندن کە ئەوان لەدژی هەنگاوێکی لەوجۆرە ئەوەستنەوە ، و نە توانیشیان ئەو سیاسەتانە بکەن بە ڕێباز و بەرنامەی حکوومەتی عەبدولکەریم . ئەوە کەلێنی کردەوە بۆ بەهێزبوونی ڕەوتی ناسیونالیزمی عەرەبی و بەعسیەکان و بزووتنەوەی قومیە عەرەبیەکان ( حرکة القومیین العرب ) و هەروەها بەهێزبوونی ناسیونالیزمی کورد و پاشەکشە بە بزووتنەوەی جەماوەری و دیموکراتیکی گەلی کورد. ئیتر هەم مەسەلەی کورد و هەم چارەنووسی هەموو ژیانی سیاسیی عێراق کەوتە ناو بەرداشی ڕەوتێک ناسیونالیستیی عەرەبیی فاشیی و بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستی کوردی کە بوو بە سووکان بەدەستی مەسەلەی کورد و لەوێشەوە مەسەلەکە جەڕا و بوو بە دەسکێشی دەستێوەردانی ئێران و بەریتانیا و ئەمریکا لە سایەی سیاسەتە کۆنەپەرستەکانی هەموو باڵەکانی پارتی و بزووتنەوەی کوردایەتیەوە.

هەرچی جارەنووسی حیزبی شیوعیە ئەویش گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا دێت. دوای سەرکوتە خوێناویەکانی کۆدەتای فاشیستیی ١٩٦٣ی بەعس و قومیە عەرەبیەکان ئیتر ئەم حیزبە هەم تووشی لاوازی و لەدەسدانی پایگا جەماوەریەکەی ئەبێت و هەم ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕاستڕەوی زیاتر بەسەریدا زاڵ ئەبێ تا لە ١٩٧٣ دا و دوای هاتنەوە سەرکاری بەعسیەکان وەکوو سۆڤیەتی هاوپەیمانیان بەرەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەعسدا پێکدێنن و ئەچنە ناو دەسەڵاتە فاشیەکەی بەعسەوە کە دواتر ڕاودەنرێن و بەعس ئیشی پێیان نامێنێت و دیسانەوە دەدەنەوە پاڵ بزووتنەوە چەکداریە کۆنەپەرستەکەی مەلا مستەفا .

ئەم ئاڵوگۆڕانە ئیتر ئەم حیزبە دائەبڕێت لەهەر ناوەڕۆک و سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە و لە هەشتاکانی سەدەی پێشووەوە تا ئێستا هەمیشە حیزبی شیوعی وەکوو هاوکار و دۆستی باڵە ڕاستڕەو کۆنەپەرستەکانی ناو بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد ڕۆڵیان گێڕاوە . ڕەوتی ئەو سیاسەتانە ئەمڕۆ گەیاندوونی بەشوێنێک کە ئیتر حیزبی ناوبراو لەمڕۆدا هیچ پەیوەندیەکی واقیعی بە هیچ لایەنێکی خەباتی خەڵکی کوردستانەوە نەماوە چ جای هەوڵی ئەو خەڵکە بۆ چارەکردنی مەسەلەی کورد بەشێوازێکی ڕادیکال و شۆڕشگێڕ.

بەڵام کەیسی کۆمۆنیزمی کریکاری زۆر جیاوازە.

ئەم ڕەوتە نوێنەرایەتیی هیچ بزووتنەوە و کێشمەکێشێکی سیاسی یا چینایەتی و کۆمەڵایەتی ناکات لەناو هیچ چین و توێژێکی خەڵکی عێراق یا کوردستاندا. كۆمۆنیزمی کرێکاری لەهەناوی هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی یا کۆمەڵایەتیی کاریگەری کۆمەڵگای کوردستانی عێراقەوە نەهاتۆتە دەر. ئەم ڕەوتە درێژەی ڕادیکالبوونەوەی چەپی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشووی کوردستانی عێراقە کە لەدوای ڕاپەڕینی ئێرانەوە بێ لێکدانەوەیەکی قووڵ کە جێگەی ئیقناعی سادەترین چاودێری سیاسی بێت ئەبێ بە پاشکۆی تەیارێکی دابڕاوی ناو چەپی ئێران.

ئەو کورتە تایبەتمەندیانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە هێمام پێدان کاریگەری هەبوو لەسەر تێڕوانینیان بۆ مەسەلەی کورد لە کوردستانی عێراقدا. ئەم ڕەوتە پایگای خۆی بە بزووتنەوەی کرێکاری دیاریکردووە ، بزووتنەوەیەک کە لە کوردستاندا هیچ خاسیەت و بروزێکی سەربەخۆ، دیار ، کاریگەر و ڕۆشنی نەبووە لە کۆمەڵگەدا.چینی کرێکاری کوردستان ، کە ئەم حیزبە گرەوێکی زۆر و قورسی لەسەر کردووە ، لە واقیعێکی زۆر جیاوازتردایە لەچاو ئەو وێنەیەی ئەم حیزبە بۆی کێشاوە. جگە لەوەش خۆ ئەم ڕەوتە کە دواتر حیزبی خۆی لە ساڵی ١٩٩٣ بەدواوە پێکدێنێت، هیچ جۆرە کاریگەری، لێکەوت ، بەرکەوت و جێدەستێکی دیار نیە بەسەر بزووتنەوەی کرێکاریەوە.

لەبەرانبەردا بزووتنەوەیەکی پانوپۆڕ ، بەهێز، خاوەنی پایگای کۆمەڵایەتی ، زیندوو و کاریگەر هەبووە کە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانە بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ئەوکات ودوایی هێنان بە چەوسانەوەی نەتەوەیی و جینۆساید کە لەدژیان پیادەکراوە ، بەڵام حیزبی ناوبراو زۆر بی موبالات ڕوانیویەتیە ئەم بزووتنەوەیە و هەر چاوەڕوانی هەڵسانی بزووتنەوەی کرێکاریی کردووە. ئەوە بە بەراورد بە حاڵەتی حیزبی شیوعی لەبەشی یەکەمی وەڵامی هەر ئەم پرسیارەدا جیاوازی تێڕوانینی ئەم دوو ڕەوتە بۆ خەباتی سیاسی بەتەواوی نیشان ئەدات. هەڵبەتە هەر بە پێی تیۆریی مارکسیزمیش ناکۆکیەک نیە و ئەوە لە کۆمۆنیستەکان حەرام نەکراوە کە ڕابەریی بزووتنەوەکان بکەن بۆ داماڵینی کۆتی ستەمی نەتەوایەتی بەتایبەتیش کە ئەو بزووتنەوەیە ، وەکوو حاڵەتی کوردستانی عێراق ، هەم عادیلانە بووە و هەم زۆر بەتەوژم و گوڕ وتین دێژەی هەبووە و پۆتانسێلێکی پێشکەوتنخوازیشی هەبووە.

لایەنگری و تەنانەت بەشداری یا ڕابەرایەتی کردنی خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ داماڵینی کۆتی چەوسانەوەی نەتەوەیی شتێکە جیاواز لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی و بە پێچەوانەوە زامنکردنی ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ ئەو بزووتنەوەیە پاشەکشە بە ناسیونالیزمی کوردیش ئەکات.

بەلام کێشەی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوە بووە کە ئەوان لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستانەوە هەڵناسن تا شیکردنەوەی دروستی بۆ بکەن ، خاسیەتەکانی دیاری بکەن ، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی دەسنیشان بکەن ، بەوجۆرەی کە بە فیعلی و واقیعی هەیە نەک بەوجۆرەی ئەوان ئەیانەوێ، تا سەرەنجام بتوانن بەکەڵکوەرگرتن لە تیۆری و تاقیکردنەوەکانی مێژوو بەرنامە و سیاسەت و هەڵوێستی دروست لەبەرانبەریدا دیاری بکەن. ڕێک بە پێچەوانەی ئەوەوە ئەم ڕەوتە کۆمەڵگەی کوردستان بە لابراتۆر و تاقیگەیەک ئەزانن بۆ پیادەکردنی بیروباوەڕە ئایدیۆلۆجیەکانی خۆیان. واتە ئەوان ئەیانەوێت ملی واقیع بەولایەدا بابدەن کە ئایدیۆلۆجیی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئیدیعای ئەکات.

کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ناڵەناڵی ” ناسیونالیزم شەرمەزاریە بۆ بەشەریەت ” کە حوکمێکی تیۆریی دروستە، کەوتنە گرتنەبەری سیاسەتێکی پاسیفیستی و نەهلیستی لەبواری مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وەکو مەسەلەی کورد لە عێراقدا. ئاخر ئەوە ناکۆکیەکی زەق بوو کە لەلایەکەوە بانگەشە بۆ ماف و تەنانەت پێویستیی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق بکەیت و لەولاشەوە بە گەلی کورد بڵێیت ” کورد زمان ” کە نە لەڕووی زانستیەوە دروستە و نە لەڕووی سیاسیەوە. ئەوە ترس نەبوو لە خزان بەرەو هەڵوێستگیریی ناسیونالیستیی بەقەدەر ئەوەی ڕەنگدانەوەی سیاسەتێکی پاسیڤ و عەدەمی بوو و هەیە.

بەڵام لە دواییدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە ناکرێ مەسەلەی کورد لە عێراقدا لەم قۆناغەدا ڕێک وەکوو پەنجا ساڵ لەمەوپێش و تەنانەت وەکوو نەوەتەکانی سەدەی پێشوو تەماشا بکرێت. ئەمڕۆ مەسەلەی کورد لە عێراقدا کەوتۆتە ژێر تەپوتۆزی سیاسەتی مافیایی و چەتەگەریی بزووتنەوەی ناسیونالیستی کوردەوە” کوردایەتی ” . بزووتنەوەیەک کە دابەش بووە بەسەر سەنگەرەکانی هێزە فاشیەکانی وەکوو تورکیا وسیاسەتی میحوەرسازیی نێوان ئێران و تورکیادا کە جگە لەوەی ٢ قوتبی کۆنەپەرستی ناوچەکەن ، خۆشیان بەهەموو شێوەیەک ئاواتەکانی گەلی کورد لە ووڵاتەکانی خۆشیاندا لەخوێندا غەرق ئەکەن.

هەژموونی بزووتنەوەی ناسیونالیزمی کورد لە بواری مەسەلەی کورددا ، خاسیەتی ئەو مەسەلەیەی بەتەواوی شێواندووە و تێکەڵی کردووە لەگەڵ سەفەقاتی نەوت و ئیرتیزاقی سیاسی و گەندەڵی و تاڵانچێتی و کرێگرتەیی و ڕێک لەبەرانبەر بەرژەوەندی و چارەنووسی زۆربەی خەڵکی کوردستاندا ڕایگرتووە. ئیتر جوینەوەی شیعارە کلاسیکیەکان و مەقوولە تیۆریە کۆنەکان نەک هیچ ڕوون ناکەنەوە لەم بوارەدا بەڵکوو ڕەنگبێ سەرەگێژی و تەمومژیش دروست بکەن.


دەنگەکان: لە کۆتایدا زۆر سوپاسی کاک عەدنان کەریم دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەو کاتەی، لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانماندا.

Previous
Next
Kurdish