Skip to Content

چیرۆک بۆ منـداڵان.. ئۆخـەی نیشـتمان … رەزا شوان

چیرۆک بۆ منـداڵان.. ئۆخـەی نیشـتمان … رەزا شوان

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 13, 2018 General, Kids Literature

شایەکی بیابان نشین، هەر لە منداڵییەوە زۆر حەزی لە دەنگی باڵـندە بوو.. لە باخچە فـراوانەکەی كۆشکە قەشەنگەکەیـدا، لە نێو تەلبەند و قەفـەزی نایابدا، چەندین جۆرە مـەل و باڵـندەی پـەڕ ڕەنگـین و جـوان و دەنگـخۆشی هەبـوون.. خۆشەویسـترین و جوانترین و دەنگخۆشترین باڵندە بەلای شاوە، جوانی و دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی بوو.. کە لە نێو تەلەبەندێکدا، دیکۆرێکی زۆر جوانی بۆ رازاندبۆوە.. کە بریتی بوو لە شاخ و لە تاڤگە و لە گۆڵـزارێکی رەنگین و لە بەردی جوان.. شا هێندە هۆگری دەنگی باڵندەکـانی ببوو.. هێندە گوێی لێیان گرتبوو.. تا رادەیەک لە زمانی باڵندەکـانی دەزانی.

شا بەیانیان بە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکەی لە خەو هەڵدەسا.. دەچووە دیاری و گوێی لێدەگـرت.. بەڵام شـا سەری لەوە سووڕمابوو، کە کەوەکـەی هەموو جارێک لە کۆتـایی خوێندنەکەیـدا، دەیـوت: خۆزگـەم بە نیشـتمان ! شا لەبەرخۆیـەوە وتی: جا کەوەکـە لە چیت کەمە؟! خۆشترین دان و میوە و سەوزەم لە بەردەمتدا داناوە.. جوانترین دیکۆرم بۆ رازاندوویتەوە.. قاپەکانی ئاو و دانەکەشت لە زیـو دروستکـراون.. شـوێن خـەوێکی نەرم و گەرمم بۆ رازاندوویتەوە.. پێم ناڵێیت بۆ هەموو جارێک خۆزگە بە نیشتمانەکەت دەخوازی؟! تۆ بڵێی دیمەنەکانی نیشتـمانەکەت لەم دیـکۆر و دیمـەنەی ئێرەت جوانـتر و قەشەنگـتر بن.. لەم نـاز و بەخشـینەی ئێرەت خۆشـتربن؟!
شا شەوێکیان خەونی بینی.. لە خەوەنەکەیدا بەیانی بوو، گوێی لە دەنگی قاسپە قاسپی کەوەکـەی گـرتبوو.. وەکو رۆژانی تر گـوێی لێبوو کە کەوەکـەی وتی: خـۆزگـەم بە نیشـتمان.

شا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کـردەوە.. بەرەڵای کرد و پێی وت: دە هەڵبـفڕە و بڕۆوە بۆ نیشـتمانەکەت.. کەوەکە بەرەو باکوور هەڵـفڕی.. شا لە خوا پاڕایەوە، کە بیکات بە باڵندەیەک، بۆ ئەوەی دوای کەوەکەی بکەوێت.. داواکەی شا هاتەدی و بوو بە باڵندەیەک.. هەڵـفڕی و قۆناغ بە قۆناغ دوای کەوەکەی کەوت.. تا بزانێت کوێیە ئەو نیشـتمانەی خۆزگـەی بۆ دەخوازێت. لە دوای فـڕینی ماوەیەکی زۆر، گەیشتنە دۆڵێکی رەنگین و فراوانی کوێستانی کوردستان، کە کەوتبووە نێوان دوو زنجیرە شاخی بەفرین و بەرزەوە.. چیاکان بە دارستانی سەوز و چـڕ پۆشرابوون.. دۆڵەکە پـڕبوو لە دار و دەوەنی سەوز و لە تاڤگەی جوان، لە کانیاوی روون و خوڕ، لە گوڵـزاری سروشتیی گوڵ هەمەڕەنگەی جوان و بۆن و بەرامە خۆش.. شـا لە هـەموو لایـەکەوە گوێی لە چریکە و لە خوێندنی جۆرەهـا مەلی دەنگخۆش بوو، کە لە ژیانیدا شوێنی وەها خۆش و ئەفسووناوی و دیمەنی قەشەنگ و دڵـڕفێنی لەو شێوەیە نەبینیبوو.. واقی وڕمـا، لەبەر خۆیەوە وتی: هەبێ ونەبێت ئێرە بەهەشـتە، کەوەکـەم ناهەقی نییە کە خـۆزگە بەم نيشـتمانە جوانەی دەخـوازێت.. بە راستی زۆر جـوانە.

کەوەکە لە لای کانییەکی ئاو روون و سارد نیشتەوە.. هەشت نۆ قوم ئاوی خواردەوە.. پشوویەکی دا.. ئینجا چووە سەر تاشەبەردێکی قوت.. بە دەنگێگی بەرز و بەسۆز و زوڵاڵ دەستی بە قاسپە قاسپ کرد.. لە کۆتاییدا سێ جار لەسەر یەکتری وتی: ئۆخـەی نیشـتمانە شـیرینەکەم، نەمـردم و پێت شـادبوومەوە.. رەوێک کەو هاتـن و لە دەوری کەوەکەدا نیشتنەوە.. دووبارە کەوەکە دەستی بە قاسپە قاسپ کـرد.. لە کۆتـاییدا وتی: ئۆخەی کە بە کەس و کارم و بە هاوڕێکانم شادبوومە.. لە دواییدا لەگەڵ ئەو کۆمەڵە کـەوەدا، دای لە شەقـەی بـاڵ و بەرەو چـیایەکی لووتـکەبەرز هەڵـفڕین.

شا لە پـڕێکدا، لە دەنگی قاسـپە قاسـپی کەوەکـەی خەبەری بۆوە و وتی: ئۆخـەی کە ئەمە خەون بوو بینیم.. شا لە پێشا چوو دەرگای تەلبەندی کەوەکەی کردەوە و ئازادی کرد.. کەوکە بەرەو باکـوور هەڵـفڕی و لە چـاو ونبوو.. شا هەموو باڵندەکـانی تریشی ئازادکـردن و وتی: هەر هەمووتان ئازادن و بفـڕن و بچنەوە بۆ نیشتمانەکانی خۆتان. چی قەفەز و دیکۆر و تەلبەنديشی هەبوون، هەر هەمووی شکاندن.
شا هەر ئەو رۆژە بڕیارێکی دەرکـرد، کە راوی هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵێکی کێویی لە وڵاتەکـەیدا قەدەغـەکرد.. راشیگەیانـد، کە هـەر هاوڵاتییەک سەرپێچی ئەم بڕیارەی بکات، بە توندی سـزا دەدرێت.

رەزا شوان
کەرکوک: ١٩٧٥

Previous
Next
Kurdish