
زنجیره‌یه‌ك گوتار له باره‌ی ناسنامه (6-7) ئیدوارد سه‌عید
ئیشكالیه‌تی ناسنامه
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
——————————————————-
یه‌كه‌مین كتێبی ئیدوارد سه‌عید له ساڵی 1966 له سه‌ر رۆماننوسی (پۆڵۆنی) (جۆزێف كۆنراد 1857-1924) بوو، كۆنراد له بری زمانی پۆڵۆنی و فڕه‌نسی به زمانی سێیه‌می، ئینگلیزی نوسیویه‌تی و له ئه‌ده‌بی جیهانیدا تاكه رۆماننوسێكه ناوهڕۆك و شێوازی به یه‌كه‌وه رێبكه‌ن، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و نه‌یتوانیوه له باره‌ی نامۆیی و په‌ڕگیرییه‌وه بنوسێ، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و له نیگه‌رانی و مۆته‌كه قاڵنهبۆتهوه، هیچ كه‌سێك وه‌ك ئه‌و سترێسی (stress) ناخی خۆی ده‌رنه‌بڕیوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه، كه له نێو زمانێكدا ژیاوه و به زمانێكی دیكه نوسیویه‌تی! وه‌ك چۆن ئیدوارد سه‌عید له نێو زمانی عه‌ره‌بیدا ژیاوه و به زمانی ئینگلیزی نوسیویه‌تی… له كتێبی یاده‌وه‌رییه‌كانی به ناونیشانی (له ده‌ره‌وه‌ی شوێن)دا ده‌ڵێت: ناسنامه‌ی من له كۆمه‌ڵێ شه‌پۆل و بزاڤی جۆراوجۆر پێكهاتووه، نه‌ك كۆمه‌ڵێ ره‌گه‌زی جێگیر و بنبه‌ستوو.
ناوبانگی ئیدوارد سه‌عید له كتێبی (رۆژهه‌ڵاتناسی) ساڵی 1978 ده‌ركه‌وت، له‌و كتێبه‌دا رۆژهه‌ڵاتناسی به ئیمپریالیزمه‌وه به‌ستۆته‌وه، ئه‌و تێزه له سه‌ر ئه‌ده‌بی كۆلۆنیاڵی و رۆمانه‌كانی (جۆزێف كۆنراد) و میتۆدی بونیادگه‌ری و كاره‌كانی (میشیل فوكۆ 1926-1984) و (ژاك دریدا 1930-2004) و هیتد، بونیاد نراوه. كتێبی رۆژهه‌ڵاتناسی دیارده‌ی مێژوویی له چوارچێوه‌ی مێژووی په‌یوه‌ندییه مرۆییه‌كاندا شیده‌كاته‌وه، ئه‌و كتێبه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر تیۆری ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و زانسته مرۆییه‌كان دروست كرد.
ئیدوارد وه‌دیع سه‌عید له 1ی نۆڤه‌مبه‌ری 1935 له شاری (قودس) له دایكبووه و له 25ی سێپته‌مبه‌ری 2003 به نه‌خۆشی (لۆكیمیا- سرگان الدم) كۆچی دوایی كردووه، زێتر وه‌ك تیۆریستێكی ئه‌ده‌بی و ئه‌كادیمییه‌كی جیاواز ناسراوه، به‌ڵام پیانۆژه‌نێكی زۆر لێهاتووش بووه، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكییه و بۆ ماوه‌ی سی و هه‌شت ساڵ له زانكۆی كۆلۆمبیای وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا وانه‌ی ئینگلیزی و ئه‌ده‌بی به‌راوردكاری گوتوته‌وه، یه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانی پۆست كۆڵۆنیالیزم، وه‌ك چۆن یه‌كێك بووه له سه‌رسه‌خترین به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ و دۆزی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینی… ئیدوارد سه‌عیدی چه‌پ و سیكوله‌ر و مرۆڤدۆست و تازه‌گه‌ر، زۆر رادیكاڵانه هاوسه‌نگی مرۆییانه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م و دنیا و دنیای ئیسرائیل و ئیسرائیلییه‌كان راگرتبوو و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سته‌مكاره‌كانی سه‌ركۆنه كردووه و خاوه‌نی پێشنیاری پرۆژه‌ی پێكه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ یه‌هودییه‌كان بوو… له كتێبی (سیاسه‌تی چه‌كداماڵین-1994) ده‌ڵێ تاكه‌ی (هۆلۆكۆست) و (دژایه‌تیكردنی سامییه‌ت) وه‌ك به‌رگریكردن له ئیسرائیل به كار ده‌هێنن؟ تاكه‌ی چاوپۆشی له هاواری منداڵانی (غه‌ززه) ده‌كه‌ن، كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به قوربانییه‌كانی هۆلۆكۆسته‌وه نییه…
ئیدوارد سه‌عید ساڵی 1999 به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ (دانێڵ باربنیۆم) تیپی ئۆركسترای (دیوانی شه‌رقی و غه‌ربی) دامه‌زراندووه، یه‌كێك بووه له پیانۆژه‌نه زۆر به ناوبانگه‌كان، هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیه‌ی ساڵی 2001 گفتوگۆییهكیان له باره‌ی موزیكاوه له شێوه‌ی كتێب به چاپ گه‌یاندووه…
ناسنامه‌ی فره ره‌هه‌ند و رۆشنبیری فره ره‌هه‌ند
ئیدوارد سه‌عید بڕوای به ناسنامه‌ی په‌تی نییه، هه‌موو ناسنامه‌كان به ئاوێته و جۆراوجۆر و جیاواز ده‌بینێ، پێیوایه چه‌مكی ناسنامه نه جێگیره و نه كۆتایی بۆ هه‌یه، به‌ڵكو به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ره‌گه‌زه‌كانی رۆشنبیریی داهێنه‌رانه له نوێبوونه‌وه دایه و هه‌میشه دینامیكی ده‌كه‌وێته‌وه.
ئیدوارد سه‌عید رۆشنبیرێكی ره‌خنه‌گره و خۆی له ئه‌ویدیكه‌دا ده‌بینێته‌وه و ئه‌ویدیكه له خۆیدا ده‌بینێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بكه‌وێته ساده‌گۆیی و گێڕانه‌وه‌ی بۆش، به‌ڵام نه تاكخوازییهكهی به تاك ناسنامه‌ییه‌وه ده‌لكێنێ و نه گرتنهباوهشی ئه‌ویدیكه له خودی خۆی جیای ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو به‌گرتنه باوه‌شی ئه‌وانیدیكه ناسنامه‌یه‌كی فره ره‌هه‌ند بۆ رۆشنبیری فره ره‌هه‌ند به ده‌ست ده‌هێنێ، پێیوایه ناسنامه هه‌ڵگری بنه‌مایه‌كی رۆشنبیرییه، وه‌ك هه‌ر بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی رۆشنبیریی گوزارشت له ویستی هێز ده‌كات، به‌و مانایه‌ش رۆشنبیر پێویسته خاوه‌نی ویست و ئاگایی بێت و رۆڵی ره‌خنه‌گر بگێڕێت.
كه‌واته من كێم؟ من خۆم ناس ناكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ون نه‌بم، من نیم/ من كێم…؟ هه‌موو ناسكردنێكی خود، ونبوونی خود و له هه‌مان كاتدا ره‌تكردنه‌وه‌ی خود ده‌گه‌یه‌نێت، له ناسكردندا خود ده‌كه‌وێته ئابڵوقهدانهوه و ده‌خرێته چوار دیواری زیندانه‌وه، ئه‌گه‌ر گوتمان (ئه‌و كه‌سه ئیدوارد سه‌عیده) كه‌واته ناساندمان و ناسنامه‌كه‌مان دیاری كرد، به‌و مانایه‌ش به به‌ندكردنی هه‌ڵساین… ئیدوارد سه‌عید هه‌میشه ئه‌و ناساندنانه ره‌تده‌كاته‌وه و مرۆڤ ناخاته چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراو و كۆتاییئامێزهوه… له (قاهیره- میسر) خوێندوویه‌تی و زۆربه‌ی قۆناغه‌كانی منداڵی خۆی له (به‌یروت- لوبنان) به‌سه‌ر بردووه، هه‌ڵگری ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌مریكییه، هه‌موو ئه‌و كۆچ و نامۆبوون و نائاشناییه چاره‌سه‌ری نییه، وه‌ك چۆن هه‌موو ئه‌و زانیارییانه ناسنامه‌ی ئه‌و دیاری ناكه‌ن، چونكه وه‌ك له یاده‌وه‌رییه‌كانیدا 1999 نوسیویه‌تی ئه‌و له “ده‌ره‌وه‌ی شوێن” ژیاوه… له‌و قسانه‌وه ده‌مه‌وێ بڵێم پرسیاری من كێم، پرسیاری ناسنامه، پرسیاری ئینتیما ئه‌وه‌یه مرۆڤ هه‌میشه بۆ ماناكانی بوونی خۆی بگه‌ڕێت، مرۆڤ هه‌وڵی خۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌رده‌وام بدات…
بیروڕاكانی ئیدوارد سه‌عید له باره‌ی بیركردنه‌وه و ناسنامه‌وه به فیكره‌ی پۆست مۆدێرنه‌وه به‌نده، به‌و مانایه‌ش راسته ناسنامه به شوێنی له‌دایكبوونه‌وه ده‌لكێ، به‌ڵام له كۆتاییدا به داهێنانی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، نه‌ك بۆ ماوه‌یی، ناسنامه په‌یوه‌ندی به به‌ها مرۆییه‌كان و داهێنانه‌وه هه‌یه، نه‌ك شوێنی له دایكبوون و بۆماوه‌یی، ناسنامه ئینتیما نییه بۆ مێگه‌ل، به‌ڵكو ئینتیمایه بۆ به‌هاكانی جوانی و مرۆڤدۆستی و رۆشنبیری… په‌ڕگیری و مێگه‌ل و گاران ناتوانێ سه‌رچاوه‌ی شتی نوێ و داهێنان بێت.
مرۆڤی مۆدێرن، رۆشنبیری كۆزمۆپۆلیتی
نموونه‌ی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ (ژان پۆڵ سارته‌ر 1905-1980)ه، كه وه‌همه‌كانی ناسنامه توانای ئابڵوقه‌دانیان نه‌بووه، ئه‌و كه‌سه‌ی له ساڵی 1964 خه‌ڵاتی نۆبلی ره‌تكرده‌وه، رۆشنبیری ره‌خنه‌گر ویستی گاڕان و په‌ڕگیری و ئاپۆڕه تێدهپهرٍێنێ… ئیدوارد سه‌عید وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌عریفی و ره‌مزی ئازادی و هیومانیزم ته‌ماشای سارته‌ر ده‌كات!
زاراوه‌ی رۆشنبیر له‌لایه‌ك له زاراوه‌ی رۆشنبیرییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، له‌لایه‌كی دیكه له فیكره‌وه دێت، به‌و مانایه‌ی بیركردنه‌وه به ئه‌ركی خۆیان ده‌زانن! ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پێناسه‌یه رووییه‌كی رۆشنبیر دیاری بكات، ئه‌وه رووییه‌كی دیكه‌ی رۆشنبیر وه‌ك ئیدارد سه‌عید بڕوای پێیه‌تی له ره‌خنه‌گرتن و گوتنی راستی و چاودێریكردنی ده‌سه‌ڵات خۆی ده‌بینێته‌وه، رووی دیاری رۆشنبیر به‌رجه‌سته‌كردنی ده‌نگه جیاوازه‌كان و به‌رگریكردنه له بیروڕای جیاواز و ململانێكردنی ده‌سه‌ڵات… ئیداورد سه‌عید كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ت وه‌ك ئه‌ركه هه‌ره پڕ بایه‌خه‌كه‌ی رۆشنبیر سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كه‌شفكردنی حه‌قیقه‌ته‌كان ئه‌ركێكه به باشترین شێوه رۆژنامه و هۆیه‌كانی راگه‌یاندن ده‌سته‌به‌ری ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ میدیا و هۆیه‌كانی راگه‌یاند، كۆمه‌ڵگا له رووداو‌و هه‌واڵه وسبه‌لێكراوه‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه و تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر شته په‌نهانه‌كان و ریسوا ئامێزهكانهوه, به‌و مانایه‌ش رۆشنبیر به مانا ته‌قلیدییه‌كه‌ی له خه‌ڵكێكی ئاسایی به‌ولاتر شتێكی دیكه نییه، یان ره‌نگه خه‌ڵكی ئاسایی له‌م باره‌وه له رۆشنبیر كه‌متر نه‌زانن.
ئه‌مڕۆ ئه‌ركی رۆشنبیر داهێنانی فیكره، یان دانانی تیۆره بۆ كاركردن، خۆشكردنی رێگایه بۆ گۆڕانكارییه‌كان، له هه‌مان كاتدا هه‌نگاونانه به‌ره‌و نادیار… هه‌موو ئه‌وانه‌ی داهێنان و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی فیكر و فه‌لسه‌فه و خوێندنه‌وه‌ی ره‌خنه‌گرانه به كاری خۆیان ده‌زانن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ناكه‌ونه نێو شوێنكاتێكی دیاریكراو و سیستمێكی دیاریكراو و سنوره‌كان و شوێنكاته‌كان ده‌بڕن و رێگایه‌ك بۆ پرۆسیسه‌كردنی كرده و كاریگه‌رییه‌كانیان ده‌سازێنن… مرۆڤی مۆدێرنن! مرۆڤی مۆدێرن وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌ناسێ و ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز ناس ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕوای به تازه‌گه‌ری و هاوچه‌رخی خۆی هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه ته‌نها له سه‌ر بنه‌مای مرۆڤایه‌تی ناس ده‌كات، ده‌شێ به مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی ناوی به‌رین… مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی مرۆڤێكه توانای دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌ی جیاواز هه‌یه، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی مرۆڤێكی كاریزمییه، كاریزمای مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی جۆرێكی دیكه‌یه له كاریزما، كه له بڕوابوونێكی قووڵ به خودی خۆی و ئازادی و بڕوابوون به ئه‌ویدیكه جیاواز هه‌ڵقوڵاوه، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی، مرۆڤێكه هه‌موو رۆژێ نوێ ده‌بێته‌وه، نه دابونه‌ریت و نه یاده‌وه‌ری و نه كه‌له‌پور بۆ دواوه‌ی راناكێشێ، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی پێناسه‌یه‌كی دیكه به رۆشنبیر ده‌به‌خشێت، مرۆڤی كۆزمۆپۆلیتی، به مانایه‌كی دیكه رۆشنبیره، رۆشنبیره به‌و مانایه‌ی بۆ خۆی رێگایه‌كی مرۆیانه‌ی هه‌ڵبژاردووه، مرۆڤێكه نه بڕوای به ره‌گه‌زپه‌رستی هه‌یه، نه به جێنده‌ر، بڕوای به جیاكاری سێكسی نییه، مرۆڤێكی كراوه‌یه، له‌گه‌ڵ هه‌مووان هه‌ڵده‌كات، ژیانێكی یه‌كسان بۆ هه‌مووان ده‌خوازێ، ئه‌وه‌ش ده‌شێ پێناسه‌یه‌ك بێت بۆ رۆشنبیری كۆزمۆپۆلیتی…
ره‌خنه‌ی ئیداورد سه‌عید له هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی ئه‌مڕۆ له فه‌رهه‌نگی جیهانگه‌ریی پێشكه‌ش ده‌كرێن، له‌وانه‌ش ناسنامه ره‌خنه‌گرتنه له مه‌یلی شه‌ڕی قووڵ و فه‌نده‌مینتاڵ (fundamental) و وه‌ستان به دژی جیاوازی… بۆ نموونه ئه‌مڕۆ ناسنامه زێتر مه‌سه‌له‌یه‌كه دژبوونه‌وه ده‌خاته‌وه، فیكره‌ی تاك ناسنامه‌یی دوژمنكارانه ده‌كه‌وێته، بۆیه ئیداورد سه‌عید ده‌ڵێ من له‌گه‌ڵ فره ناسنامهییدام، فره میلۆدی، كۆمه‌ڵێ ده‌نگی جیاوازی هاڕمۆنی، نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی تاك لایه‌نانه، من پێویستم به هه‌مووانه، زیاد له رۆشنبیرییه‌ك، زیاد له مه‌عریفه‌یه‌ك، زیاد له ئاگاییه‌ك، به هه‌ردوو مانای پۆزه‌تیف و نێگهتیفهكهیهوه… ئه‌مڕۆ هه‌موو ئه‌و ئامرازانه‌ی به دژی دیموكراسییه‌ت و هه‌موو ئه‌و مانگرتنه درۆئامێزانه و به پهراوێزكردنانه جگه له فه‌رامۆشكردنی گه‌نده‌ڵكاری و قه‌یرانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی شتێكی دیكه نیین.
ناسنامه‌ی كۆزمۆپۆلیتی، رۆشنبیر دژه‌كار
ئه‌ركی رۆشنبیر له به‌رانبه‌ر ره‌سه‌نایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی و باوه‌ڕی جێگیر و دووباره چه‌سپاندنی دابونه‌ریت و فۆرمه‌له‌كردنی مێژوو به شێوه‌یه‌كی ساده… خستنه‌ڕووی ئه‌لته‌رناتیڤێكی دیكه‌ی گێڕانه‌وه‌یه، قبوڵكردنی فره‌یی و خۆشه‌ویستی و ته‌ماشاكردنێكی دیكه‌ی مێژووه به دیدێكی جیاواز… جیاواز له یاده‌وه‌ری فه‌رمی و باوه‌ڕی جێگیر و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی…
ته‌ماشاكردنی مێژوو، یاده‌وه‌ری، دابونه‌ریت، باوه‌ڕی جێگیر… وه‌ك ئاڕاسته‌كردنی ستراتیجییه‌تی ده‌سه‌ڵات و وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌ك له كۆڵه‌كه‌كانی ده‌سه‌ڵات… له‌گه‌ڵ هاتنی (نیتشه 1844-1900) گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، بۆ نموونه به كاربردنی رابردوو (هۆلۆكۆست) و ته‌وزیفكردنی به سوودی ده‌سه‌ڵات، پێمان ده‌ڵێت هۆلۆكۆست ته‌نها كاتێك ده‌سه‌ڵات پێویستی بێت، ده‌یخاته روو! به كارهێنانی ناسنامه و بۆیه‌كردنی به سیاسه‌ت، له‌بری پێدانی مۆڕكێكی رۆشنبیریی، پێمان ده‌ڵێت ناسنامه له دوژمنایه‌تی ئه‌ویدیكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، له ململانێ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیكه‌دا دێته ئاراوه، به‌بێ دژبوونه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه، ده‌سه‌ڵات بیر له ناسنامه ناكاته‌وه!
له‌لایه‌كی دیكه به‌شێكی زۆری ئه‌و قسه‌وباسه جیاوازانه‌ی له باره‌ی دادپه‌روه‌ری و مافی مرۆڤ گفتوگۆی ده‌كه‌ن و ده‌مه‌ته‌قێی له باره‌وه ده‌سازێنن، جگه له دووباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و به‌رگریكردن له پابه‌ندبوون بۆ ده‌سه‌ڵات شتێكی دیكه نییه… به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌میشه ده‌بێ دووباره بكرێته‌وه ئه‌وه‌یه، كه هیچ ئاشتییه‌ك بێ یه‌كسانبوون بوونی نییه، هیچ قبوڵكردنێكی جیاوازی بێ خۆشه‌ویستی بوونی نییه، ئه‌و به‌ها فیكرییه ده‌بێ رۆشنبیر هێزی پێببه‌خشێت و بیخاته روو، به مانایه‌كی دیكه ئه‌ركی رۆشنبیر بونیادنانی بوارێكه بۆ خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیان، له‌بری شه‌ڕ فرۆشتن به یه‌كتری… كه‌واته ناسنامه‌ی تایبه‌ت گێڕانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و رازیكه‌ری له پشته‌وه‌یه، ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی كه تۆ ده‌توانی په‌روه‌رده‌ی بكه‌یت، ده‌بێ به ناسنامه‌ی تایبه‌تی تۆ، به‌ڵام هه‌رگیز نابێ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ویدیكه فه‌رامۆش بكه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له گێڕانه‌وه‌ی خۆت بكه‌یته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ی خۆت خۆش بوێت، پێویستت به یارمه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌وانیدیكه هه‌یه، پێویستت به خۆشه‌ویستی ئه‌وانیدیكه هه‌یه، ئه‌وه‌ش رووییه‌كی دیكه‌ی ناسنامه‌یه، ناسنامه‌ی كۆزمۆپۆلیتی كه هه‌موو رۆشنبیرییه‌كی مرۆیی و جیاوازییه‌كانی له‌خۆ ده‌گرێت…
هه‌میشه مه‌عریفه كرانه‌وه دروست ده‌كات و نه‌زانین داخران، هه‌میشه خۆشه‌ویستی قبوڵكردنی جیاوازییه، هه‌میشه هه‌وڵدان بۆ مه‌عریفه‌ی جیاواز گۆڕان دروست ده‌كات و په‌ڕگیری وه‌ستان… توانای مرۆڤ بێ سنوره، مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی نه‌گۆڕ نییه و به‌رده‌وام له گۆڕاندایه، مادام ئێمه به دوای مرۆڤایه‌تی و خۆشه‌ویستی و ئازادییه‌وه‌ین، بۆ ده‌بێ ناسنامه بكه‌ینه هۆكاری دژ به یه‌كبوونمان، رق له یه‌كبوونمان، بۆ ده‌بێ ناسنامه بكه‌ینه په‌رده‌ی لێكجیابوونه‌وه‌مان، بۆ ده‌بێ له‌سه‌ر باوه‌ڕ به گژ یه‌كدا بچینه‌وه، بۆ خۆمان به باوه‌ڕێكه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، بۆ خۆمان له كونجی ناسنامهیهكهوه گۆشه‌گیر ده‌كه‌ین، بۆ ئازادی و خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی خۆمان بۆ دنیا به‌یان ناكه‌ین…
هه‌ولێر 20/8/2017