Skip to Content

وەکو شاژنی دارستان پاشماوەی جەهل ئەماڵم ….. چنوور نامیق

وەکو شاژنی دارستان پاشماوەی جەهل ئەماڵم ….. چنوور نامیق

Closed
by كانونی دووه‌م 18, 2019 General, Poems

ڕۆمانە ژنێک زۆری ماوە بیڵێت و ناتوانێ
دەستێک بۆ ئەوەی دڵنیای بکاتەوە سزا هەیە
لەژورێکدا
جەهەنەمی پیشان ئەدا
ئەوەیە بەڵگەی ئیلاهی
ڕۆمانە ژن
ئیتر لەوێ نا
ئا لێرە
دیارە ڕاوڕاوێنێ خێڵی بەهەشت و جەهەنەمە
دیارە گۆڕینەوەى دنیا و قیامەتە لێرە
من خەڵکی ئەم زەوییە نیم
زەوییەک بۆتە ستەیجی
نمایشی جەهەنەم و پیاوانی خوا
لەو شوێنەی دڕینی قورئان
ئەکرێ بە ئەلبومی وێنە….
سوتاندنى مرۆڤەکان ئەبێتە بۆنەی دیدار و عەسرە چایی و هیلاکبونی دایکێکی ڕوو بزڕکاو
دەسموچێنی ڕیشسپیان و
گۆڕینەوەی بەرژەوەندی بزنسمان و
گەرمبونی ئەحادیسی گوێئاگردانی بوختان و
ساغکردنەوەی چەن پرۆژەیەکی بەسەرچوو….
ئيتر لێرە؟
نا نا لێرە
کە ناپاکی ژن و پیاوێک ئەگۆڕێت بۆ بەرائەت و
عەشقی پیاوێک دابەش ئەبێتە سەر کۆمەڵێ ژن….
ئەمە فیلمی جارییەکانی سەردەمی زووم پیشان ئەدا…،
ديسان لێرە؟
نا نا لێرە
ڕۆمانە ژن وەکو شاژنی دارستان ڕاوەستاوم
بەفرێک بێت و….
دەستێکی سارد بەڕوومەتی مناڵی منا بێنێت و
جەستەی گەرمی یاخیبونی چەن ساتێکت ساردکاتەوە…
ڕۆمانە ژن
چاوەڕوانم ئەو بێت و قردێلەی سپی بدات لەقژی مناڵیم..
لەوێشەوە بەپروشە ناخی گەرمت ساردکاتەوە
ڕۆمانە ژن
تۆ ئازاترین ژنەکانی سەر زەویت
هەر تۆ توانیت لەسەردەمی ئەبو جەهلدا بڵێی نا…
هەنارە ژن
وەکو شاژنی دارستان چاوەڕوانی بارانێکم
برژانگم بەسەرکاتەوەو
دانپیانانی ئاگرەکەی تۆ وەرگرێ …
رووی تۆش مانگێکی تۆراوە و
بەشەوقی خەم سێ پەروانەی سوتاندووە
وەکو شاژنی دوای هەرەسی دارستان
بەدیار بێدەسەڵاتی هەورەوە ڕڵوەستاوم
کۆمێنی گەنجێکی موعتاد ئەخوێنمەوە
بەفۆنتێکی زۆر شپرزە نوسیویەتی
(یانار کونی بردا وسلاما علی سێوان)
ئەو سێ مناڵەکەی سێوانی بیرچووە…
کەچی کچێک بە دڵنیاییەوە دەنوسێت
من لەهەوەڵەوە زانیم باوک مناڵی خۆی ناسوتێنێ
هەنارە ژن
وەکو شاژنی دارستان لەدەرگای سێبەران ونم
قەت ناتوانم مشتێ فێنکی بەسەر ئێوەدا بپرژێنم
ڕۆمانە ژن
ئەم ڕۆمانە تەمومژاوی کردووم و
گێڕەرەوەی تێدا نیە
ڕۆمانە ژن
ئیتر لێرە جێیەک نەما بۆ من و تۆ
پێم وایە جەهەنەم لەولا بونی نییە
چونکە پێچەوانەی فەتوای گشت تەریقەتەکان لێرە بینیم
ئیتر لێرە ناگیرسێمەوە
نا لێرە…
سیمایەک لەبەهەشت ئەچێ و جەهەنەم دێ و ئەیسوتێنێ
کە سێ پەروانەی بەهەشتی بەدەوری تۆوە داگیرسێن
عەشق و وڵات و متمانە نەما لێرە
ڕۆمانە ژن
وەکو شاژنی دارستانەکانی دوای جەنگی گشت مرۆڤەکان
پاشماوەی جەهل ئەماڵم
چاوەڕوانی کلووە بەفر و نمە بارانی شپرزەم
تاکو بێت و ڕووداوەکانی هەناسەت بنوسێت
تا من و تۆ لەگوناهی دەستی تاوان پاککاتەوە
ڕۆمانە ژنەکەی ژیان…

چنوور نامیق
16-1-2019

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress