Skip to Content

مەحوی و نەجات و من!.. سۆران محەمەد

مەحوی و نەجات و من!.. سۆران محەمەد

Closed
by ئه‌یلول 1, 2024 General, Literature



١
مەحوی


هۆ مەلا موحەممەدی کوڕی مەلا عوسمانی باڵخی! ئەی حەکیمی دڵ دەردەداران! هێشتا گیانت لە نێو قافیەکاندا لەگەڵمان دەدوێ.. سەدەو نیوێک پێشتر نووسیوتە: قەی کردنی سوراحی ئەوی تێبگات دەڵێت: دڵ تێکەڵهاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی. ئەی ئەگەر لەگەڵ مرۆڤگەلی ئێستادا بژیایتاتە چیت دەنووسی؟ ئەو پەرداخەی ئاوی حەیاتی تێدەکرێ سەد جار تف و نەفرین لە سوراحی دەکات!
بپرسە لەو میوانانەی گۆڕستان لەملاولاتەوە چەندیان بە خەنجەری دۆستان پەڕەی ژینیان هەڵوەریوە؟ هەرچەندە ئەستەمە بۆ ئێمە لە جوگرافیای بوون تێگەشتن، لێ ئەم بوونە لەسەر وەفاو راستگۆیی و دەستپاکی و میهرەبانی و خۆشەویستی و لێبووردەیی …. بنیاتنراوە، گەر ئەو بناغانە هەڵتەکین ئەوا لە هەموو لایەکەوە مەرگی جۆراوجۆر شاڵاو دێنێت، دۆش دادەمێنی کێ بگری بە دۆست؟
ئەی پیری عاشق! ئەو عەشقەی تۆی لە هەلهەلەی مەخلوق دوور خستەوە، ئەمڕۆ لە تاقی هیچ خانەقایەکا نابینرێتەوە. ئەمڕۆ وەلوەلەی مەخلوق لە هەموو لایەکەوە بۆ کەشکەڵانی فەلەك بەرز دەبێتەوە، نازانرێ کێ قوربانییەو کێ جەللاد؟ کێ دزەو کێ خاوەن ماڵ؟ کێ دۆستەو کێ دوژمن! رەنگە لەهەمانکاتدا ئەو عالەمە زاڵم بن و مەزڵوم، گورگ بن لە پێستی مەڕا یان مەڕ بن لە پێستی گورگا.. نازانرێ سەرزەنشتی کێ بکرێ و لە کوێوە دەست بۆ ژیان ببرێ!
شارەکان بوونەتە سارایەکی چۆڵ، بە چراو زەڕەبینەوە بە دوای مرۆڤێکدا بگەڕێی نایبینیەوە، ئەوەی هەیە دۆستێکە لە پشتەوە خەنجەر دەوەشێنێت و دوژمنێکە لە پێشەوە جەرگ بە ئاو دەکات.
هۆ مەلای باڵخی! سەدەونیوێك دوای تۆ دەیجورێکی تۆزاوی دڵڕەق باڵی بەسەردا کێشاین، تیایدا ماهی مەعریفەت و عەدالەت و ئیحتیرام و ئەمانەت بۆ یەکجاریی لێمان ئاوا بوو..
ئەی پیری دانا… ئەمەیە شەڕی پاڵەوانە کارتۆنییەکان لەم سەرابستانەدا، سوپایەکیان لە چەکوشی نادان سازکردووە بۆ سەری مەعدوم و بێ نەوایان.
٢
نەجات


ئەو کاتەی شیعرەکانی ناو کتێبی (ئەزموونێکی جیاوازی شیعر)م بۆ نەجات حەمید ئەحمەد نارد هەر پێشبینی ئەوەم دەکرد پێشەکییەکی کورتی بۆ بنووسێت و زوو بۆم رەوانە بکاتەوە، بەڵام سێ مانگ و نیوی خایاند هەر دەیخوێندنەوە – کە ئەو کات ژمارەشیان ١٥ شیعر بوو نەك ١٩- دوای ئەو ماوەیە سەرەداوێکی بۆ دەرکەوت و گوتی دەتوانم کاری لەسەر بکەم، تەواو ئەم بۆچوونە دروستە؛ چونکە رەخنەنووس دەبێت لە دەقەوە زەمینەیەك بسازێنێت و ئەو خاڵە بدۆزێتەوە کە وەك چەق لێکٶلینەوەکەی لەسەر بنیات دەنێت، چونکە وەك چۆن دەق داهێنانێکە هەر واش لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی و باش و ئارگیومنتی نەگوتراوەکانی دەق و ئیستیتێك و تەکنیك و لایەنە شاردراوەکان خۆی لە خۆیدا دەبێتە دەقێکی ئەدەبی تر.
لەناکاو ئەو مرد نزیکەی دوای ساڵێك لە نووسینی ئەو لێکۆڵینەوەیە، مەرگ هیچ پێوەرێکی نییەو لەناکاودا پرسەی چاوەڕوان نەکراو لەملاو لا بە مرۆڤەکان دەنووسێت و هەندێكیان کاریگەری قووڵ لە ناخماندا جێدەهێڵن.
من بە هیچ جۆرێك ئەدەب تێکەڵاوی ژیانی شەخسی نووسەر ناکەم، هەموو مرۆڤێك ئازادە چ رێبازو ئایین و بۆچوون و گروپێك هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەوەی لەیاد ناچێتەوە وردبینی و قووڵیی و تازەگەریی لێکۆڵینەوە رەخنەییەکانی نەجات حەمید بوو، ئەو وەك ستایڵێکی هزریی پەرەی بە رەخنەی بونیاتگەریی دابوو و بەرەنجام شتێکی تری لێ دروست کرد بوو.
هەندێکجار ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم کە بۆچی ئێمەی کورد رەخنەگرمان کەمە؟ ئەگەر نەڵێم هەر نیمانە! بێگومان ئەدەبیش بێ رەخنە لە بازنە بۆش و لاوەکییەکاندا دەخولێتەوە.
نەجات دوای خۆی چەندان لێکۆڵینەوەو کتێبی رەخنەیی جێهێشت، رۆژنامەی (هزرو هونەر)یش یەکێك بوو لەو بڵاوکراوە ناوازانەی لەسەر ئاستی میدیای ئەدەبیدا نموونەی کەم بوو، ئەوەی سەرنجمدا بوو بە هیچ جۆرێك نەجات هیچ بابەتێکی خۆی تیا بڵاونەکردەوەو وەك بیستبووم زۆر لە کەسە نزیکەکانی لێ زویر بوو بوون چونکە بابەتی کاڵوکرچی ئەوانی وەك خاترانە تێدا بڵاونەدەکردەوە.
نەجات لە خەمی هزروهونەردا سیس بوو و دوایی بێدەنگ خامۆش بوو، نەخۆشی و پارادۆکسەکان تەنگیان پێ هەڵچنی، ئەو کات شیعرەکەی گۆرانم یاد هاتەوەو بە خۆمم گوت ئەمەیە قەدەری وێژەو هونەر لە ناو قەومی بەسیتا ..
٣
من


شارەکان هێند گەوەرەبوون تەنانەت گەڕەکێك تیایاندا بووەتە شارێك و باس و خواستی خۆی هەیە، نەوەی دەیەکانی رابردوو تیایدا نامۆ دەبن؛ چوون لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بە پێشتر ناچن و زۆر گۆڕدراون، خۆ هەموومان لەگەڵ گۆڕانکاری ئەرێنیداین، بەڵام بەدگۆڕان کێشەیە.
لە رووی مادیەوە هەر ماوەو مۆدی بابەت و کەرەسەیەکی نوێ دێت و بێ فلتەر خۆی دەکات بە ناو دڵەکاندا، ئەوەی هەبوو بێت و نەبوو بێت هەر هەوڵی وەدەستهێنانی دەدات بێ ئەوەی بزانێت گەر پێ بەقەد بەڕەی خۆ ڕانەکێشرێت ئەوا ئارامیی لێمان بزر دەبێت، بێ ئەوەی لەخۆ بپرسن: کاکە ئەوەی مافیایەکی نەوت پێی هەڵدەستێت و لەسەری دەژی بە ئێمەی کاسب و فەرمانبەرو بێکار ناکرێت!
لە رووی مەعنەوییەوە کەسایەتی رووخاو و بێ متمانەو دووفاق و هەلپەرست و درۆزن و بەرژەوەندیخوازو دز و چاولێکەرو کاڵفام و ناپاك ….. وەکو گەڵای دار بە گوزەرەکاندا خلۆر دەبنەوەو دەکەونە باوەشی کۆمەڵگاوە، ببورن گەر بشڵێم: باوەشی کۆ. مەڵـ. . گا . وە! کە شیرازەی لە مێژە وەکو دەنکی تەسبیح پچڕاوەو هەر دەنکەی لە ناو زێرابێکدا تەوژم دەیبات.
من ویستم بە شیعر چێژی رەسەنایەتی بکەینەوەو لەگەڵ ژیاندا ئاشت بینەوە، بەڵام کەس گوێی نەگرت، ئەو شەپۆلە میکافیللیە دڵرەق و کوێرانەیەی کە سێ دەیەیە بەڕێوەیە هەموومانی هاویشتە دەرەوەی ژیان و مێژوو، ئیتر لە دەرەوەی ژیاندا کەی روح و شیعر جێی دەبێتەوە؟ کە ئێرە بووەتە خەستەخانەیەکی تایبەتی گەورەو بەس چارەسەری ئەوانەی تیا دەکرێت کە پارەیان هەیە، بۆیە پارە بووە بە دوا مەبەستی ئەو بوونەوەرانەی لەو رووبەرەدا ناودەبرێن بە مرۆڤ!
(پیاوێك لە شەختە) مژێك ئۆکسجینی دارستانە دوورە دەستەکان بوو کە هێشتا دارەکانی نەبڕدراونەتەوەو زەمینەکەی نەکراوە بە ئەپارتمانە کۆنکرێتییەکان. دەزانم نەك شیعر بەڵکو کتێب و پێنووس و ئەوەی بەلای زەین و ویژدان و هەست و ئاگامەندیدا بچێت زۆرینە لەو نەخۆشخانەیەدا هێڵنجیان پێ دێتەوە، هەرچەندە مەرگ هێزێکی دادوەرەو بەرودوا هەموومان پەلکێشی تەنیایی دەکات، کەچی ئێستا لەسەر شێوەی بەردەکان کەس بە مەرگی ئازیزان ڕاناچڵەکێ و تنۆکێك ئەسرین لە چاوان نایەنێتە خوار، ئیتر نازانم چۆن ئەڵقە پچڕاوەکانی نێوان ئێمەو ژیان چاک کەینەوە کە هێزی شەڕەنگێزی مرۆڤ دەستی خستووەتە بینەقاقای تروسکاییە دڵسافەکانی سەحەر و هەموو شتێك بۆنی مەرگ دەدات، ئیتر کێ دەچێت (پیاوێك لە شەختە) دەستخات کە رەنگە خۆی لە کۆپلەیەکیدا بدۆزێتەوە؟ یان رەنگە ئەو مەرگە بوەستێنێت و دوابخات.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress