Skip to Content

ڕوانینێک بۆ ئەدەبیاتی منداڵان.. نووسینی: ڕۆستەم خامۆش

ڕوانینێک بۆ ئەدەبیاتی منداڵان.. نووسینی: ڕۆستەم خامۆش

Closed
by كانونی دووه‌م 15, 2021 General, Kids Literature

ئەدەبیاتی منداڵان، ترۆپکی بەرز ڕوانینە بۆ کایەکانی دیکەی ژیان بەشێوەیەکی جوانتر، ئەدەبیاتی منداڵان، واتە: شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و هەموو ئەو ژانرە ئەدەبیانەی، کە لەنێو بازنەی ئەدەبیاتی منداڵاندا جێیان دەبێتەوە، واتە: هەموو ئەو پەیڤە ناسک و جوان و بۆنخۆشانەن، کە خۆیان دەخزێننە نێو ماڵی شیعر و چیرۆکەوەو بە زمانێکی ئاسان و بێ گرێ و شیرین و پاراو و سادە دەنووسرێن بۆ منداڵان، بەڵێ ئەدەبیاتی منداڵان، واتە: جیهانێکی پاک و پڕ لە ئەوین و خۆشەویستی، پڕ لە خەون و خۆزگە و خەیاڵی منداڵانە، ئەدەبیاتی منداڵان، گوڵستانێکی تژیی لە خونچەو گوڵ و چڵ و گەڵایە، کە هەزاران پەپوولەو باڵندەی نەخشینی تێدا دەبینرێن، دارستانێکە هەمیشە سەوز، کە بێ ئەژمار باڵندەی دەنگخۆش نەغمەو گۆرانی تێدا دەچڕن، جگە لە چێژ و شادی و کەڵک وەگرتن هیچی تری لێ نیە.
بۆیە دەڵێم دەبێ شیعر، کە بەشێکی بەرچاوە لە ئەدەبیاتی منداڵان، لە ڕووی ڕووخسارەوە جوان و قەشەنگ و ڕێک دەرکەوێ، وە لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوە هەڵگری پەیامێک بێ و مانابەخش و پڕ مۆسیقا و ئاوازی بەجۆش بێ، کە منداڵ هەم سوودی لێ وەربگرێ و هەم چێژی پێ ببەخشێ، هەتا بکرێ شیعر بۆ منداڵان وا باشترە کورت و پوخت و واتادار و دێڕەکانی کەم بێ و بڕگەی کورت بێ. وەلێ ئەفسووس، ڕەنگە زۆر کەس وابزانن، یان وا تێبگەن، کە نووسین بۆ منداڵ زۆر ئاسانەو هێندە مەرج و یاسای قورسی نیە، وەلێ پێچەوانەکەی ڕاست و دروست و تەواوە، کە ئەو ئەدەبیاتە ئەوەندە سەخت و دژوارە، کەم کەس دەتوانێ بەرەو ڕووی لوتکەی بەرز و باڵای هەنگاو بنێ و پێیدا هەڵزنێ، چونکە لە ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەوەی دەنووسرێ بۆ کەسانێکە، کە ئێستا منداڵن و بەڵام ڕۆژبەڕۆژ تەمەنیان هەڵدەکشێ و گەورە دەبن و دەبن بەتاکێکی پێگەیشتوو لەنێو کۆمەڵگەدا، بۆیە دەبێ بزانرێ کە چی و چۆنیان بۆ بنووسرێ، چونکە منداڵانی ئەمڕۆ، گەورەکانی ئایندەن، بەڕاستی ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر و پێشکەوتووبین، دەبێ لە منداڵەوە دەست پێبکەین.

جا ئەدەبیاتی منداڵان هێندە گرنگ و بایەخدارە، کە زۆر لە شارەزا و لێکۆڵەر و شاعیر و دڵسۆزانی ئەو بوارە باسیان لێوە کردووە، وەکو شاعیری ناسراوی بولگاری “ران بوسلیک” دەڵێ: (ئەدەب بۆ منداڵان، وەکو شیری دایک و هەوای پاک وایە، کە پێویستە هەبن)، بەڵێ بە دڵنیاییەوە نووسین بۆ منداڵان زۆر پێویستە، بەڵام وردەکاری و لێزانی و کەسی تایبەتمەندی خۆی دەوێ و کەم کەس دەتوانێ دەستی بۆ ببا، چونکە شارەزاییەکی باشی پێویستە بۆ ئەوەی شاعیران و نووسەرانی ئەو بوارە سەرکەوتنی تێدا بەدەست بێنن، وە دەبێ بەڕاستی منداڵناس بن و لایەنی پەروەردەیی و دەروونناسی لەبەر چاو بگرن، وە خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ منداڵان هەبێ و هێندەی گیان و دڵ و سۆمای چاوی خۆیان خۆشیان بوێن، چونکە خۆشەویستی بناغەی ڕاستی و پتەویی هەموو کارێکە، بۆیە ئەوانەی منداڵیان خۆشدەوێ و کار بۆ خزمەتی منداڵان دەکەن، بێشک دڵسۆزی گەل و خاک و زمانی نەتەوەکەیانن، وە خەمخۆری نیشتمان و وڵاتن، دەیانەوێ ڕێگەی مرۆڤایەتی بۆ ژیان، ڕێگەی جوانیی و ڕۆشنایی و دۆستایەتی بێ، وە کار بۆ ئێستا و داهاتووی نەوەیەکی ڕاستگۆ و دەستپاک و ئەمانەتپارێز دەکەن.
بۆیە زۆر زەحمەتە هەموو کەسێک بتوانێ لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی منداڵاندا ئەسپی خۆی تێدا تاو بدات و براوەو سەرکەوتووبێ، ئەگەر ئەو تایبەتمەندییانەی تێدا نەبێ کە باسمان کردن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانێ بەپەیژەکەیدا سەرکەوێ و دەنگ و پەیامی خۆی بگەیەنێ، چونکە نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە بەرامبەر نەوەکانمان، وە شاعیران و چیرۆکنووسانی بواری ئەدەبیاتی منداڵان دەبێ لە شیعر و چیرۆکەکانیاندا پەیامی پەروەردەیی و چاکەخوازی و مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی و بیری ئاشتیخوازی و هەستی پێکەوەژیان… هتد، لە ناخیاندا بچێنن، ئەگەر بەپێچەوانەی ئەوانەیان بۆ نووسرا، ئەوا ڕێک دوورە لە سروشتی ڕاستەقینەی خودی منداڵ.

بۆیە دەبێ شیعر و چیرۆکی منداڵان پڕ بن لە بەها باڵاکان و ڕەوشتە جوانەکان، تژیی بن لە گەشبینی و ئاوات و ئومێد و هیوا بەخشین. شیعر و چیرۆکی منداڵان دەبێ هەڵگری پەیامێک بن، کە ڕەنگدانەوەی ناخی خۆیان بن و واتادار بن و ببنە هەوێنی جوڵاندنی هزر و ئەندێشەیان، تا خەیاڵیان فراوان بێت و چەشنی ئەو باڵندانەی، کە ئارەزووی فڕین دەکەن بۆ دوور، بۆ ئەوەی ئەوانیش فێر بن دوور دوور بفڕن، بەڵکو زیاتر بڕوانن و بیربکەنەوە، وە جگە لە چێژ وەرگرتن، زانیارییان زیاتر بێ لەئەنجامی گەشتی خەیاڵ.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish