…قه‌له‌م زمانی خودایه … د. عه‌لی شه‌ریعه‌تی و. مقداد شاسواری
قه‌ڵه‌م رۆحی منه. رۆحی ئێمه‌یه. سوێند ده‌خۆم به قه‌ڵه‌مه‌كه‌م، به‌و خوێنه ره‌شه‌ی له گه‌روویه‌وه ده‌ڕژێته سه‌ر كاغه‌ز، به تنۆك تنۆك ئه‌و خوێنه‌ی له نووكی زمانیه‌وه ده‌تكێ، به‌و ناڵه‌و نووزه‌ی، به‌و شین و زارییه پڕ له ژان و ئازاره‌ی له هه‌ناوییه‌وه ده‌رده‌چێ… سوێند بێ كه‌وا رۆحی پیرۆزی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م نه‌فرۆشم، گۆشت و خوێنی نه‌خۆم، ده‌سته‌مۆی ده‌ستی زۆردارانی نه‌كه‌م، نه‌یده‌م به زێڕ و ماڵی دنیا، نه‌یخه‌مه نێو په‌نجه‌كانی دووڕوویی و ریاكاری و مهراییكاری. په‌نجه‌كانم ده‌بڕمه‌وه و واز له قه‌ڵه‌مه‌كه‌م ناهێنم. چاوه‌كانم كوێر ده‌كه‌م، گوێچكه‌كانم كه‌ڕ ده‌كه‌م، قاچه‌كانم ده‌شكێنم، قامكه‌كانم گرێ گرێ ورد وخاش ده‌كه‌م، سینگم هه‌ڵده‌دڕم و دڵم ده‌كوژم، ته‌نانه‌ت زمانم ده‌بڕم و لێوه‌كانم ده‌دوورمه‌وه… به‌ڵام قه‌ڵه‌مه‌كه‌م نافرۆشمه بێگانه.
سوێند به گیانی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م گیانی به قوربان ده‌كه‌م… سوێند به خوێنه ره‌شه‌كه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م له‌نێو خوێنی خۆمدا دهگهوزێم له پێناوی پاراستنی دا، فه‌رمانی لێ وه‌رده‌گرم، بۆ هه‌ركوێی بمبات، بۆ ههركوێم په‌لكێش بكات ملكه‌چی ده‌بم.
قه‌ڵه‌م رۆحی منه، پێ‌سپێردراوی “رۆحی پیرۆز”ی منه. ئه‌سپارده‌ی مریه‌می پاكی منه. خاچی پیرۆزی منه. به‌ڵێن و سۆزی پێده‌ده‌م نه‌بمه دیل و كۆیله‌ی پاشای رۆم. خۆم راده‌ستی هه‌رێز و نامه‌ردان ناكه‌م. با به‌ژن و باڵای به‌رز و راسته‌قینه‌و خۆڕاگری قه‌ڵه‌مه‌كه‌م له زه‌ویدا بچه‌قێنن و بیكه‌ن به خاچ و پێیه‌وه له‌خاچم دهن، با به‌چوار مێخم بكێشن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌مم كه مایه‌و سه‌رچاوه‌ی پته‌وی و هێز و وزه‌ی ژیانم بووه، ببێته خاچی مه‌رگم، ببێته شایه‌ت و گه‌واهیده‌ری په‌یامه‌كه‌م، ببێته شایه‌تی شه‌هیدبوونم تاوه‌كو خودا بزانێ قهڵهمهكمم نه‌كردۆته پلیكانه‌ی ناوبانگده‌ركردن و پێی ههڵزنابم و، خه‌ڵكیش بزانێ قهڵهمهكمم نه‌كردووه به سفره‌و گۆشتی تاڵی رۆحی خۆمم له سه‌ری نه‌خواردووه… هه‌ركه‌سێك و، هه‌ر هۆز و خێڵێك رۆحێكی هه‌یه. رۆحی من، رۆحی هێز و خێڵی من قه‌ڵه‌مه. قه‌ڵه‌م زمانی خودایه. قه‌ڵه‌م پێ‌سپێردراوی “ئاده‌مه”، راسپارده‌ی عه‌شق و خۆشه‌ویستییه. هه‌ركه‌س رۆحێكی هه‌یه‌و قه‌ڵه‌م رۆحی منه‌و قه‌ڵه‌م رۆحی ئێمه‌یه.
***
دۆخی ژیانم، چۆنێتی په‌روه‌رده كردنم و بیروباوه‌ڕم و به‌تایبه‌تی وره‌و هه‌ڵسوكه‌وتم هه‌ر له مناڵییه‌وه منیان پیر كرد و هه‌روه‌ك جارێكی تریش له وتارێكدا نووسیومه، به‌رده‌وام وه‌كو برا گچكه‌ی باوكم و براگه‌وره‌ی هاوزێدهكانم ده‌ركه‌وتووم. هه‌رگیز تامی خۆشی وشادی هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زو جووڵه‌و بزێویهكانی قۆناغی منداڵێتیشم نه‌چه‌شت. له‌هه‌موو پۆله‌كانی قۆناغی خوێندنیشمدا له كه‌سێكی به‌ساڵاچوو ده‌چووم و له‌م دوا پۆلیشدا، بێجگه له دووانیان، له هه‌موویان بچووكتر بووم و له‌هه‌موویان ریشسپیتر ورده ورده تێڕوانینی منداڵه هاوزێ و هاوته‌مه‌نه‌كانم كه منیان له‌خۆیان جیاده‌كرده‌وه و منیان له‌خۆیان نه‌ده‌زانی و ریزپهڕیان ده‌كردم وایان لێكردم به‌خۆشم باوه‌ڕ به‌وه بێنم كه‌وا من منداڵێكی ریش سپیم. ئه‌م دۆخه درێژه‌ی كێشا‌و، دووره په‌رێزی و تهریكبوون و ته‌نهایی و چوونه نێو داڵغه‌و خهیاَڵان و خه‌مباری، دزه‌ی كرده نێو مۆخی ئێسقانه‌كانم و چیدی لێی ده‌رنه‌چوو. ده‌ره‌نجامی ئه‌و پێگهیهشم ئه‌وه‌ی لێ كه‌وته‌وه هه‌ركه‌سێك پرسیارێكی جدی هه‌بوایه رووی له‌من ده‌كرد. شادی و گه‌شت و سه‌یران و دیاری و خۆشیه‌كانی ژیانیان هی خۆیان و هی خۆیهكانیان بوو كه‌چی هه‌ركاتێ بیانویستبا ده‌ردی دڵیان هه‌ڵرێژن و حه‌زیان به گله‌یی و نك و ناڵه ده‌كرد له ده‌ستی “رۆژگار” و “خودا” و “ئایین” و” سیاسه‌ت” و “خه‌ڵك”، یان حه‌زیان له قسه‌و باسی ئه‌م دنیا‌و و ئه‌و دنیا بوایه به‌دوای مندا ده‌گه‌ڕان و، منیش باوه‌ڕم به‌خۆم كردبوو كه له بنه‌ڕه‌تدا من بۆ ئه‌وه هه‌م تا پرسیارم لێ بكرێ و من وڵامی هه‌موو پرسیاره‌كان بده‌مه‌وه و، ئه‌ركی ئه‌وه‌یان خستبووه سه‌ر شانم كه‌وا ئاریشه‌و گرفتی هه‌مووان چاره‌سه‌ر بكه‌م، وڵامی هه‌موو پرسیاره‌كان بده‌مه‌وه، هه‌ر ئیشكال و تانه‌و ره‌خنه‌و عه‌یب و بیانووی بن شڕ و بێ پایه‌و، هه‌ر ناڕه‌زابوون و ئیرادێكیان له‌مه‌ڕ زه‌مین و زه‌مان و زانست و فه‌لسه‌فه‌و دین و ئه‌ده‌ب و خه‌ڵك وسیاسه‌ت هه‌بوایه، ده‌بوایه و‌ڵامیان بده‌مه‌وه.
” نازانم” و “په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه نیه” و ” شتێكی وام به مێشكدا نه‌هاتووه” یان لێ قبوڵ نه‌ده‌كردم و ده‌بوایه وڵامم بۆ هه‌موو پرسیاره‌كانیان هه‌بێ. ببوومه بریكار و پارێزه‌ری سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌ره‌كان و ته‌نانه‌ت “خوایه تۆبه” ده‌بوایه كاره نابه‌جێیه‌كانی خوداشیان بۆ راست بكه‌مه‌وه و رێكخستن و یه‌كسانییان له جیهاندا، له‌كاتێكا من خۆم له‌نێو ئاگری سته‌مكاریدا دهقرچام “بۆ بسه‌لمێنم!!
من له زه‌ینی خۆمدا نیشته‌جێی ئاسمان و هه‌ساره‌كانی دیكه بووم و له دنیایه‌كی تردا ده‌ژیام كه‌چی ئه‌وان له‌سه‌ر گۆی ئه‌م زه‌مینه‌دا هه‌ر پرسیاریان به‌ره‌وڕووم هه‌ڵده‌ڕشت و منیش هه‌ر ده‌بوایه و‌ڵامیان بده‌مه‌وه. هه‌ر من به‌رپرس بووم. هه‌ر من ده‌بوایه چاره‌سه‌ره‌كان بدۆزمه‌وه. هه‌موو دژوارییه‌كان، مه‌ترسیه‌كان و پلانه‌كان و كێشمه‌كێش و رووداوه دڵته‌زێن و سهرهردهری له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و حكومه‌ت و پۆلیس و ته‌نانه‌ت نووسینی تێزه فكری و شه‌ن و كهوكردنه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان له ئه‌ستۆی من بوو، هه‌ر پێشهاتێكی نه‌خوازراویش، ده‌كه‌وته ئه‌ستۆی من و هه‌ر تفت و تاڵیه‌ك و ڕه‌نج و زه‌حمه‌تێكیش هه‌بوایه له ملی من بوو. منیش وه‌ك هه‌میشه‌ی ژیانم وامده‌زانی لێره‌ش ده‌بێ ئه‌وان پرسیار بكه‌ن و من وڵام بده‌مه‌وه. شان و پیلی ئه‌وان ئاسووده بێ له هه‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك و ئه‌ستۆی من داڕووشێ له‌ژێر قورسایی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریه‌كان و سۆز و به‌ڵێنه‌كاندا. لێكاولێك ده‌یانپرسی “ده‌بێ چی بكه‌ین” ؟ منیش كه تێیدا ده‌مام ده‌چووم كتێبه‌كانی “ده‌بێ چی بكه‌ین”ی لینین و چڕنۆفسكی و داستایوفسكیم ده‌خوێنده‌وه و ده‌مبینی نا، ئه‌و وڵامانه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌م پرسیارانه‌وه نیه . ئه‌وان، هه‌مووان له‌منیان ده‌پرسی”ده‌بێ چی بكه‌ین” ؟ منیش ده‌بوایه وڵامێكم هه‌بێ بۆ ئه‌و پرسیاره‌و ده‌مبینی جیاوازی من و ئه‌وان له‌وه‌دایه كه‌وا “ئه‌وان هه‌ر ده‌مبینن لێم ده‌پرسن ده‌بێ چی بكه‌ین؟ منیش هه‌ركاتێك ئه‌وان ده‌بینم له‌خۆم ناپرسم ده‌بێ چی بكه‌ین؟!!
- د. عه‌لی شه‌ریعه‌تی ساڵی 1934 له پارێزگای خوراسان له‌دایك بووه.
- ساڵی 1978 له ئه‌وروپا كۆچی دوایی كردووه.
سه‌رچاوه: سایتی ئه‌لیكترۆنی Ettelaat