
ئازیز.. شیعری نەوزاد بەندی
کە لێم ونبوویت ،
ئەوەندە بە دواتا گەڕام ،
هەموو ئەو شتانەی
ساڵەها ونم کردبوون ،
دۆزیمنەوە ..
بەس تەنها تۆم نەدۆزییەوە ..
وەک ئەو پاشایەی
نقێمی موستیلەکەی ئەکەوێت و ..
دەست و پێوەندەکەی
لەگەڕاندا ،
هەزاران نقێم و تاج و
مەدالیای ئازایەتیی و
بزمار و فیشەک و تیر و
ملوانکە و ئەڵقە و موستیلە ئەدۆزنەوە ،
بێجگە لە نقێمی پاشا ..
زانیم چەند کەس
ناوی تۆیان هەڵگرتووە و ..
چەند کەس
پیشەکەی تۆ ئەکەن ..
چەند کەس تۆیۆتا کرۆلای
هایبردیان هەیه و
چەندیشیان
حەزیان لە قاوەی سادەیە و
لای پەنجەرەکەدا نەبێ،
دانانیشن ..
سەفەر ناکەن ..
بۆم دەرکەوت چەندیان دووشەممان ،
وون ئەبن و ..
لە کۆشکێکی داڕوخاوی باپیرەدا ،
تەماشای تەنیایی و
گەڵای کەڕ ولاڵی
درەختەکان ئەکەن و ..
چاوەڕێن ، بەڵکو ..
ڕابوردوو ،
بە قاتێکی ڕەش و
کراسێکی سپی و
بۆینباخێکی تاریکی
کونج کونجەوە ،
لە دەرگا بات و بێتە ژوور ..
شەوکەوت ڕەشید بە کلارنێتێکەوە ،
بە ئازاد مەولود بڵێ ئای هاوڕێ
چۆن خزمەکەی دڵی دێ ڕێگات پێ بگرێ ..
ئەویش بڵێ
دڵ پارچە قوڕێکی سوورە ،
چیت بوێ لێی دروست ئەکرێ ..