هێڵ و گونجاندنی هێزی خود له ئه‌زموونی سه‌باح ڕه‌نجده‌ردا.. بڵند باجه‌لان
سه‌ره‌تا:
هه‌میشه گه‌یشتن به فه‌زای ئه‌و وشانه‌ی له ڕۆحه‌وه ده‌رده‌چن، پێویستی به مه‌عریفه هه‌یه، خۆ ئه‌گه‌ر قسه له‌باره‌ی (فه‌زای شیعری) بكه‌ین، ئه‌وا له‌پاڵ ئه‌و مه‌عریفه‌یه، پێویستیمان به دروستكردنی دنیایه‌ك هه‌یه، بانگمان ده‌كا بۆ خۆشه‌ویستی و به‌رائه‌ت و ترازان له كینه و تارمایی.
ئه‌ركی ڕه‌خنه‌گر بریتی نییه له دابه‌شكردنی ده‌ق به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی ده‌قی (باش) و (خراپ)، به‌ڵكو گه‌یشتنه به‌و فه‌زایه‌ی، ڕۆح تیایدا سه‌نته‌ره و ئاگادار كردنه‌وی خوێنه‌ریشه له‌و ته‌گه‌ره ده‌ستكردانه‌ی، زۆرجار (جه‌هلی ئه‌ده‌بی)، كه به‌رهه‌می (كینه‌ی ئایدۆلۆژی و فیكری و ده‌روونییه)، له پشتیه‌وه‌یه‌تی.
بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆحه شیعرییه، كار ده‌كه‌ین بۆ كه‌شفكردنی چه‌ند كۆدی شاراوه‌ی نێو دنیای مه‌ودا فراوانی شیعری (سه‌باح ڕه‌نجده‌ر)، چونكه هه‌ست ده‌كه‌ین توانیویه‌تی، خوێنه‌ر بخاته نێو بازنه‌ی ئه‌و بیركردنه‌وانه‌ی، هه‌میشه پێویستییان به دووباره بوونه‌وه هه‌یه.
شیعر دنیایه‌كه سه‌ربه‌خۆ. سه‌ربه‌خۆیی دنیای شیعر سنوورداره، شیعر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار، سه‌ربه‌خۆیه. ئه‌وه‌ی سنووری سه‌ربه‌خۆیی شیعر دیاری ده‌كا, فیكره. ئه‌وه فیكره وا ده‌كا شیعر سه‌ربه‌خۆ بێت, وه‌لێ فیكر خۆشی دیارخه‌ری سنووره، كه‌واته: فیكر سه‌ربه‌خۆییه‌كی سنووردار ده‌به‌خشێ به‌و دنیایه‌ی ناوی شیعره. سنووره‌كانی شیعر، كه فیكر دیاری كردوون, پێویستین. له‌ودیو ئه‌و سنووره سروشتییانه‌ی شیعردا ژانره ئه‌ده‌بییه‌كانی تر بوونیان هه‌یه. سنوورداركردنی سه‌ربه‌خۆیی شیعر دواجار به‌خشینی سه‌ربه‌خۆییه‌كی ته‌واوه به شیعر ئه‌و كاته‌ی قسه دێته سه‌ر (شیعری جوان).
بۆ نووسینی شیعرێكی جوان, بوونی ئه‌و سنووره جوانانه پێویستین, چونكه جوانییه‌كی فیكری ده‌به‌خشن به شیعر، ئه‌گه‌ر ئه‌و سنوورانه گوزارشتێكی ڕووت بن له خودی فیكر, كه‌واته: ده‌ركه‌وت شیعر پێویستی به فیكره، فیكریش پێویستی به شیعره, له كاتێكدا فیكر و شیعر ده‌كه‌ونه نێو یه‌ك بازنه‌ی خودییه‌وه, واته: ئه‌گه‌ر شیعر بازنه‌یه‌كی هه‌بێت, یه‌كێك له ئه‌ندامانی ئه‌و بازنه‌یه فیكره, به پێچه‌وانه‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر فیكر بازنه‌یه‌كی سروشتی هه‌بێت, ئه‌وا شیعر كه‌لێنێك له‌و بازنه‌یه‌دا پڕ ده‌كاته‌وه.
شیعرییه‌ت چڕ بوونه‌وه‌ى حاڵه‌تێکى واقیعى و زانستى نییه، قسه‌کردن له‌باره‌ى خۆ گرێدانه به گوریسى نه‌گه‌یشتنه‌وه. شیعرییه‌ت لای هه‌ندێ شاعیر، به وێنه و ڕایه‌ڵێكى فیکرى و مه‌عریفى، خۆى نه‌خستۆته ڕوو، وه‌کو هاوكێشه‌یه‌كی ته‌مومژاوى له چه‌ندین شوێن به‌یان نه‌بووه، شیعرییه‌تێکه ده‌کرێ ببینرێ، به‌ڵام ناکرێ بکرێته میکانیزمى به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ڕه‌خنه.
لێدوان له شیعرییه‌ت له سیاقێكی ڕه‌خنه‌یی وشكدا، ڕشتنى خوێنى شیعره (poem) و نووسینه‌وه‌ى نه‌هامه‌تییه‌کانه به خوێنى ئه‌ده‌ب، ئێمه ته‌نیا قسه له‌باره‌ی جۆرى شیعرییه‌ت ده‌که‌ین. (ڕۆلان بارت) له کتێبى (ئه‌فسانه‌ناسیدا – fable logy) ڕه‌خنه له ڕه‌خنه‌گره‌کان ده‌گرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پێیان وایه ده‌قێک، که ئه‌وان تێى نه‌گه‌ن؛ خوێنه‌ریش تێى ناگا. گرژى ڕه‌خنه‌گره کۆنه‌کان گه‌یشته ئاستێک، که ده‌قه‌کانى (بارت) به بێبه‌ها و بێسه‌لیقه له قه‌ڵه‌م بده‌ن، دواجار (بارت ) وه‌ڵامى به‌شێک له ڕه‌خنه‌گره کۆنه‌کانى دایه‌وه له کتێبى (ڕه‌خنه و حه‌قیقه‌ت)دا.
پێناسه‌كان بۆ ڕه‌خنه جیاوازن. (کریتیک) لاى (شێکسپیر) به واتاى تێپه‌ڕاندنى سنووره ئه‌خلاقییه‌کانه. ئه‌خلاق لێكدانه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تى هه‌یه لاى (شێکسپیر) که له ده‌قه‌کانیدا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه. (هاملێت) و (ماکبێس) گوزارشت له فۆڕمێک له ئه‌خلاق ده‌که‌ن به جیاوازییه‌کانى نێوانیانه‌وه. گرنگه ڕه‌خنه‌گره‌کان گوێ به بۆچوونى جیاواز بده‌ن و کار بۆ به‌ته‌خته‌بوون و به‌به‌فربوونى عه‌قڵ نه‌که‌ن.
لاى (کانت)ى فه‌یله‌سووفى مۆدێرنه، ڕه‌خنه، واته: فۆڕمێک له دادوه‌رى، (هیگل)یش ڕه‌خنه‌ى به‌و واتایه‌ى (کانت) قه‌بووڵ کردووه و له (ئۆدیسه‌ى ڕۆح)دا به‌کارى هێناوه.
جوانترین ده‌ق ئه‌و ده‌قه‌یه، زۆرترین ڕه‌خنه هه‌ڵده‌گرێ و زۆرترین به‌یه‌کداکه‌وتن و جه‌نگى ناوخۆیى له نێوان وشه‌کانیدا ڕووده‌دا. وه‌کو پێویستییه‌ک و ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ ستایش‌کردن، ڕه‌خنه‌م گرتووه.
دووپات کردنه‌وه‌ى ڕوانگه نه‌ریتییه‌کانى دڕدۆنگى توندڕه‌وانه و پابه‌ندبوون به‌و واقیعه‌ى له وه‌هم و ئه‌ندێشه ڕووته‌کانه‌وه نزیکه، تاریکستانى فیکر به‌رهه‌میه‌تى. ڕه‌خنه‌گرتن له پاڵ ئه‌وه‌ى كرده‌یه‌کى درێژکراوه و درێژخایه‌نى مه‌عریفییه، دروشم و سیمبوله و له په‌ناگه‌ی ئه‌ده‌بیى و فیکریدا، خۆمان (منى نووسه‌ر ) و ده‌قه‌کانمان (ده‌قى نووسراو )ى پێ ده‌ناسینه‌وه.
که‌سانێک ئه‌و میتۆده‌یان به دڵ نییه، ئه‌م وته‌یه دووباره ده‌که‌نه‌وه: (شیعر هه‌موو که‌سێک پێى ده‌وێرێ)، ئه‌م وته‌یه زاده‌ى نه‌بوونى ڕۆشنبیرییه‌کى فیکرى و شیعرییه و دابڕانه له ڕۆشنبیریى ئێستاى ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌ماى شیعرى (نه‌ک پێوه‌رى شیعرى) ڕێککه‌وتین، که شیعره‌کانمانى له‌سه‌ر هه‌ڵبسه‌نگێنین، ئه‌وا چیتر شیعر بێده‌سه‌ڵات نییه، ته‌نیا شاعیره‌کان ده‌توانن بینووسن، شاعیریش ئه‌و که‌سه‌یه، که شیعر ده‌نووسێ، شیعریش واته شیعرییه‌ت و شتى تر.
ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ لێكۆڵه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ت نییه به‌و جۆره‌ی خۆی ده‌یبینێ، به‌ڵكو بینینی بابه‌ته‌كه‌یه به‌و جۆره‌ی هه‌یه، ئه‌و كرداره‌ش كامڵ نابێت تا به چاوی وشه‌ی نێو ده‌قه‌كانه‌وه سه‌یری ده‌قه‌كان خۆیان نه‌كه‌ین.
ئه‌وه‌ی ده‌بێته سه‌نته‌ر، وشه‌گه‌لی نێو تێكسته، دواجار یه‌كگرتنی وشه‌كان ڕسته‌گه‌لی لێ ده‌كه‌وێته‌وه: (هه‌ڵبه‌ت مامه‌ڵه‌ی لێكۆڵه‌ر له‌گه‌ڵ وشه و ڕسته، دوو مامه‌ڵه‌ی جیاوازه). ده‌ره‌نجامی یه‌كگرتنی ڕسته‌كان، هاتنه كایه‌ی تێكسته به ژانره جیاوازه‌كانیه‌وه. هه‌موو تێكستێك ڕووبه‌ڕووی چه‌ند ڕێگایه‌كی بێكۆتایی ده‌بێته‌وه، له دیارترینی ئه‌و ڕێگایانه‌ش، لێكۆڵینه‌وه‌یه وه‌كو ڕێگایه‌ك بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ و دڵی ده‌ق: (لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌مان به رێگا چوواند، ئه‌گینا خودی لێكۆڵینه‌وه‌ش تێكسته).
پاژی یه‌كه‌م: خود چییه؟
قسەكردن لەباره‌ی چەند بابەتێك بەیەكەوە، پێویستی بە جۆرێك لە پۆلێن‌كردن هەیە، یانی ناكرێ ئێمە قسە له‌باره‌ی بابەتی ئەخلاق بكەین، ئەگەر قسەمان نەكردبێ لەباره‌ی خود، بەڵام بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، پێویستیمان بە گەڕانەوە نییە بۆ ئەخلاق، چونكە خود دەروازەی ئەخلاقە نەك بە پێچەوانەوە.
بۆیە من وەكو نووسەری ئەم بابەتە، ڕێگا بە خۆم دەدەم ڕاستەوخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەخلاق، قسە لەباره‌ی خودی مرۆڤ بكەم، بەڵام دواجار ئەمە ئەوە ناگەیەنێ، كە ئەو مرۆڤانەی باسیان دەكەین بكەونە دەرەوەی ئەخلاقەوە، بابەتەكە پەیوەستە بە پێویستی قسەكردن و ئەوەی، كە من دەبێت چی بڵێم و دەبێت چی نەڵێم.
بۆ قسەكردن لەباره‌ی خود، ڕووبەڕووی كۆمەڵێك دەرگای جیاواز دەبینەوە، هەندێ لە دەرگاكان كراوەن و هەندێكی تریان داخراون و هەندێكی تریان شكاون، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كەلتووری جیاواز و وێنا جیاوازەكانی خود و شێواز و میتۆدە جیاوازەكانی قسەكردن لەباره‌ی خود.
مەبەست لە خود، كەسی یەكەمی قسەكەرە، واتە: منی بینراو، كە دەمەوێ حەقیقەتی كەسیی خۆم و حەقیقەتی شتەكانی دەوروبەرم بخەمە ڕوو، ئەو مەودایەی لە نێوان خود و دەوروبەر هەیە، بەستراوەتەوە بە زەمەنەوە، ئەوە زەمەنە مەودای نێوان خود و ئەویتر دیاری دەكا.
خودێك هەیە لەناو خودی ئێمەدا، ئەو خودە چون منداڵێكی ساوایە، وەلێ زۆر جوان بیردەكاتەوە و توانای بیركردنەوەی بەرزە، ئەو باسەش گفتوگۆ هەڵدەگرێ، كە ئایا ئەو منداڵە ساوایە خودە ڕاستەقینەكەیە یانی ئەو خودەی فەیلەسووفان بە خودی حەقیقی ناوزەدی دەكەن, یان خودی هەڵگری ئەو منداڵە ساوایە خودە حەقیقییەكەیە؟ بە لێكدانه‌وه‌یه‌كی ئاسانتر: ئایا مرۆڤەكەی ناومان خودی حەقیقییە، یان خودی خۆمان؟
ئەوەی ناسنامه‌ی كەسێك دیاری دەكا، وای لێ دەكا بیناسینەوە، دواتر مامەڵەی لەگەڵدا بكەین و پەنجەی لە ئاستدا شل بكەین، چۆنیەتی بینین و تێبینیكردنی خودە جەوهەرییەكەیە، ئەمەش دوو وەسفی گشتی و تایبەتی لەخۆ دەگرێ، هەڵگری هەردوو وەسفەكەیە وەكو دوو وەسفی جیاواز، ئەگەر ڕوونكردنەوەیەك بدەین لەو ئاستەدا، ئەوا دەكرێ بڵێین مەبەست لە وەسفی تایبەتی، خاسیەتەكانی كەسەكەیە، ناسنامه‌ی خودیش عەقڵ و ژیری خودە، واتە: عەقڵ و ژیری ناسنامه‌ی خود دیاری دەكەن و بەرپرسیارن لەو ناسنامه‌یه.
ئێمە هەریەكەمان هه‌ست بە خودی تاك دەكەین، هەست بەوە دەكەین ئەوەی لە بەرانبەرمانه شتێكە، كە دەكرێ لە وشەیەكدا چڕی بكەینەوە، ئەویش وشەی (تاك)ە، دەشكرێ بڵێین خودێك، كە جێگای گومان نییە. دڵنیاین لەوەی لەسەر ئەرزی واقیعدا بوونی هەیە، توانای هاموشۆ و خواردن و خەوتن و خوێندنەوە و دواتریش داهێنانی هەیە، خودێكی بیركەرەوەیە، بەو مانایەی توانای بیركردنەوەی هەیە، ئاگایە بە بوونی خۆی و لە بوونی خۆی دڵنیابۆتەوە، هیچ چه‌ندوچوون و گومانێكی نییە لە بوونی خۆی (تیۆریییەكی دیكارت لە فەلسەفەی مۆدێرندا هەیە جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە).
كەواتە: ئەو كاتەی مرۆڤ شوێنی نەفسی دەكەوێت، نەفسی دەبێتە خودە ڕاستەقینەكە و ئیتر ئەو كەسە بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی جووڵە دەكا، نەفسی داوای چی لێ بكا ئەوە دەكا، دەست لە هەڵە ناپارێزێ، خراپە دەكا و گوێش بەوە نادا، كە دەرەنجامی هەڵەكانی بەرەو كوێی دەبەن, تا ئەو كاتەی, بڕیار لەسەر خۆی دەدا بەوەی تەسلیمی نەفسی دەبێت و ئیتر بەگوێرەی بڕیارەكانی نەفسی دەجووڵێتەوە، دەبێتە كۆیلەی نەفسی.
ئەگەر بڕیار بێت خود كۆی هۆشیاری نەبێت وەك ئەوەی (جۆن لۆك) دەڵێ، ئەوا خود بەشێكە لە عەقڵ، خود ئەو بەشەی عەقڵە, هەڵگری ڕابردووە، لای (جۆن لۆك) ئەمە گوزارشتە لەوەی كە ئێمە هەمان كەسین لە پەنای گۆڕانە ڕادیكاڵییەكاندا. لای (كیركگارد)، خود یەكسانە بە سۆز و لای (نیتشە) خود (ئیرادە)یە. دەشكرێ خود بیركردنەوەی عەقڵانی بێت.
لێرەدا پرسیار دەكەین: (ئایا ئێمە جگە لە ناسینی خۆمان، توانای ناسینی ئەوانی تریشمان هەیە؟) ئەگەر قسەكردن لەباره‌ی هەر یەكێك لە ئێمە قسەكردنێكی ڕووت بێت لەباره‌ی هۆشیارییمان و قسەكردن لەباره‌ی هۆشیاری قسەكردن بێت لەباره‌ی ئێمە، لەو ئاستەدا چۆنچۆنی دەتوانین بگەین بە خودەكانی دەرەوەی خودی خۆمان؟
(سارتەر) پێی وابوو خود بەردەوام لە داهاتوودا دانیشتووە، ئێمە دەمانەوێ خۆمان بكەین بە شتێك. ئەو تیۆرییانەی لە فەلسەفەدا پێیان وایە خود بوونی هەیە، لای سارتەر بێكەڵكن، چونكە سارتەر پێی وایە خودی ڕەسەن شتێكە بنیاتدەنرێ، شتێك نییە بدۆزرێتەوە، سارتەر ئەو تیۆرییانە بە بەدئیمانی ناودەبا.
پاژی دووه‌م: خنكان له‌نێو دنیای جوانیدا:
خنكان هه‌ر به ته‌نیا وێستگه‌ی گه‌یشتن نییه به مردن، به‌ڵكو زۆر جار گوزارشته له قووڵترین خاڵی بیركردنه‌وه، كه له‌ڕێگایه‌وه ده‌گه‌ین به حه‌قیقه‌تی زیاتر، كه‌واته: جۆرێك له خنكان هه‌یه، له ده‌ره‌نجامی گه‌ڕان به‌دوای حه‌قیقه‌ته‌وه پێی ده‌گه‌ین.
(ئاوه‌دانی ڕه‌گم
ڕه‌گ ده‌مگه‌یه‌نێ به لێهه‌ڵبووم
لێهه‌ڵبووم بۆم ده‌ڕوانێ
لێوی په‌ڕیوم به گۆلمی خۆم وه‌ده‌نێم
پرچی په‌رتی مناڵیم هێشووی سێبووری گرتووه
دێم و كۆت و به‌ندی كات و ناكات ده‌كه‌مه‌وه)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 9.
له‌م كۆپله شیعره‌دا، شاعیر مرۆڤ په‌یوه‌ست ده‌كا به ڕه‌گه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌خشه‌ری هێزه به‌و مرۆڤه‌ی، ویستی گه‌یشتنی هه‌یه به وزه‌ی درێژه‌دان به ژیان. دیسانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ منداڵی، پشت به‌ست به ئاوه‌دانیی ئه‌و ڕه‌گه‌ی شاعیر تێبینی ده‌كا، سێبووری بۆ ئێستای شاعیر ده‌هێنن، ده‌ره‌نجام منداڵیی شاعیر پڕ ده‌بێت له ده‌نكه ترێ و دڵۆپه فرمێسك كه تامی بزه ده‌ده‌ن، سه‌ره‌نجامی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ش، كرانه‌وه‌ی ئه‌و كۆته هه‌میشه‌ییانه‌یه، كه‌سێك له زه‌مه‌نێكی شین‌دا ده‌یانخاته گه‌رده‌نمانه‌وه.
زه‌مه‌ن كاتێ شین ده‌بێت، هه‌موو شتێكی نێو زه‌مه‌ن هه‌ر شینه، پرته‌قاڵه‌كان شینن و په‌نجه‌ره‌كانیش هه‌ر شین، ده‌رگاكان شینن و فرمێسكه‌كانیش هه‌ر شین، بۆیه بۆ ڕزگار بوون له‌و (شینستانه)، پێویسته به‌رده‌وام ئێستامان گه‌ڕانه‌وه بێت بۆ منداڵی، چونكه ئه‌و دنیا په‌مه‌ییه‌ی له‌نێو خه‌یاڵی زۆرێكمان بوونی هه‌یه، مه‌گه‌ر هه‌ر له باخچه سه‌وزه‌كانی ئه‌وێدا پێی بگه‌ین، ئه‌گینا بیابانی شینی (گه‌وره‌بوون)، هه‌رگیز نابێته مه‌مله‌كه‌تی خه‌یاڵه په‌مه‌ییه‌كان.
وه‌كو گوتمان، شاعیر تێبینی ئه‌و ڕه‌گه پته‌وه ده‌كا، كه هێزی ئه‌وه، هێزی خۆشویستنی وشه و نیشتمان و خودا، هێزی به‌رگه‌گرتن به‌رانبه‌ر ئازار و سه‌راب و ناڕه‌حه‌تی، كه ئه‌مه‌ش دیدگای (نیتشه)یه، كاتێ پێی وابوو، ئازار مرۆڤ به‌هێز ده‌كا و دژی بۆچوونی (شۆپنهاوه‌ر) بوو، كه وجودی ئازاری وه‌كو پێویستییه‌ك قه‌بووڵ نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌و پێی وابوو، كه به‌زه‌یی تۆ به‌رانبه‌ر به من، ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه، ترسی ئه‌و ئازاره‌ی تووشی من بووه، له خۆت دوور بخه‌یته‌وه.
پاژی سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه بۆ سروشت و ترسان له سروشت:
ئه‌و ساته‌ی، مرۆڤ له‌نێو سروشتدا، سروشتێكی به‌د نمایش ده‌كا، ئه‌وا به‌رانبه‌ر تووشی ئازارگه‌لێك ده‌كا، وه‌كو ئازاره‌كانی نێو سروشت ده‌رده‌كه‌ون، كه‌چی له‌نێو وێنا ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌و نمایشه، ده‌زانین، كه ئازاره‌كان هیچ نین جگه له ئازاری مرۆڤه به‌ده‌كان كه ده‌مانسووتێنن.
( سروشت هه‌موو شتێكت ترساندوومی
لرفه‌ی ئاگرت
بڵندایی چیات
گه‌فی ڕووبارت
ده‌شتایی ڕووتت
په‌نجه‌م له چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو یان گیان پێنه‌ماو)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 5.
ترسان له سروشت، ترسانه له‌و دیوه بینراوه‌ی، كه مردن به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ، به‌ڵام له شیعره‌كه‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ ترسان له مردن بوونی نییه، ته‌نیا ترسان له ڕێگاكانی گه‌یشتن به مردن هه‌ستی پێ ده‌كرێ، بۆیه شاعیر وه‌كو كاره‌كته‌رێكی بوێر باسی ئازاری ئه‌و سروشته ده‌كا، بوێرییه‌ك كه له ترسان له ئاگر و چیا و ڕووبار و ده‌شتاییدا به كۆتا ده‌گات، ترسانێك، كه چاوه‌ڕوانییه‌كی دوانه‌هاتوو، یان گیان پێ نه‌ماو به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
مرۆڤ له ئه‌ستانه‌ی گه‌یشتن به مردن، له‌وه‌یه بیر له ڕێگاكانی گه‌یشتن به‌و مردنه بكاته‌وه، وه‌ك چۆن باڵنده‌یه‌ك ده‌فڕێ و ده‌شزانێ فڕینی ئه‌و له‌وه‌یه مردنی ئه‌و بێت، له‌وه‌یه له میانه‌ی ئه‌و فڕینه‌یدا، ببێت به قوربانیی فیشه‌كێك، یان ساچمه‌یه‌ك، یان دارلاستیكێك، به‌ڵام هێشتا ئه‌و ترسانه له فڕین پاشگه‌زی ناكاته‌وه و به‌رده‌وامه له فڕین به‌ره‌و مه‌مله‌كه‌تی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ی، بێكۆتایه.
(سارتەر) لە شانۆنامەی (دەرگای داخراو)دا، لەسەر زاری كارەكتەرێكەوە دەڵێت: (نەخێر لە دۆزەخدا پێویستیمان بە گورزی ئاگرین نییە، دۆزەخ هەر ئەمانەی دەوروبەرمانن). ناڕەحەتیی نائاسایی (سارتەر)، بەشێكی پەیوەستبووە بە شێوەی (سارتەر) خۆیەوە، كە خاوەنی دوو چاوی كز بووە و مامەڵەی ئەوانی تر لەگەڵیدا لە منداڵییەوە نائاسایی بووە، دواجار (سارتەر) نیگای ئەوانی تر بە ڕق و كینەوە ڕوون دەكاتەوە، بۆیە ژیان لەگەڵ ئەوانی تر لای ئەو فەیلەسووفە، دۆزەخێكە بۆ خۆی، چونكه هه‌ست به‌و ئازاره ده‌كا كه له مرۆڤه‌كانه‌وه پێمان ده‌گه‌ن.
پاژی چواره‌م: له ئه‌زموونی مردنه‌وه بۆ ئه‌زموونی گۆڕستان:
گۆڕستان ئه‌زموونێكی تازه‌یه بۆ مرۆڤ به هه‌میشه‌یی، چونكه به‌رده‌وام مردووی تازه دێنه نێو گۆڕستان، بۆیه ئه‌و مه‌مله‌كه‌ته به‌رده‌وام خۆی تازه ده‌كاته‌وه، به‌رده‌وام له‌سه‌ر حیسابی خوێن و ئێسقان و جه‌سته‌ی ئێمه، بانگه‌شه بۆ ڕیفۆڕم ده‌كا.
( گۆڕستان ماڵێكه ئازیزه‌كانی بانگ ده‌كاته ناو خۆی به مه‌دالیا ناسراویان ده‌كا
فێری زمانی هه‌موومان ده‌بن
له
كتێب و
چرا و
سرووش و
شۆڕش و
ئه‌سپ ده‌دوێن
دارشه‌خسه‌كانی لێیان ده‌بڕدرێ بۆ
لانك و
بلوێر و
گۆپاڵ و
په‌رژین
چۆن و به چ تامه‌زرۆیییه‌ك ده‌مخه‌یته سه‌ر دووباڵی به‌هێزی فڕین
ئای فڕین به‌ره‌و كوێم ده‌بات)
دیوان: به‌رگی یه‌كه‌م، ل: 19.
شاعیر باسی ونبوونی ئازیزه‌كان ده‌كا له‌نێو گۆڕستاندا، باسی ئه‌و لێدوانه ده‌كا، كه لێدوانه له كتێب و چرا و شۆڕش و ئه‌سپ، دواتر (فڕینی نادیار) كه فڕینه به‌ره‌و دنیایه‌كی نادیار، خه‌یاڵی شاعیر داگیر ده‌كا، فڕینێك له‌پاڵ ئازار و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی، له‌خۆگری تامه‌زرۆییه‌كانی گۆڕستانه و وێناگه‌لی وه‌كو لانك و بلوێر و گۆپاڵ و په‌رژین به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
گۆڕستان پێمان ده‌ڵێ: شكستی مەزن ئەو شكستەیە, مرۆڤ هەست بكا لەسەر ڕێگایەكی ڕاستە و هەر ئەو ڕێگایەش سپاردەی دۆزەخی بكا، شەڕ لە پێناوی ئایدیایەك بكا، هەر ئەو ئایدیایەش بیبا بەرەو كەناراوەكانی مردن، شانازی بە مەعریفەیەكەوە بكا، هەر ئەو مەعریفەیە وجود و بیركردنەوە و عەقڵی لێ بسێنێ، كەواتە: لەو ساتەدا ئەو مەعریفەیە هیچ نییە جگە لە جەهلێكی خەست، كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێ بۆ گومڕابوونی زیاتر.
مادام ژیان هەر كۆتایی دێت و لە چركەساتێكدا دەبینەوە بە سفر، كەواتە: ئەوەی دەمێنێتەوە، ڕابردووی ئێمەیە، هەر ئەو ڕابردووە بەرپرسیارە لە داهاتووی ئێمە و خۆشی و ناخۆشی ئێمەی پێوە لكاوە، بەئەندازەی جوان كێشانی تابلۆی ڕابردوومان، باخچەی ئایندەمان فراوانتر دەبێت, ئەو حەقیقەتە شتێكە پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە زمانی حاڵی هەموو مردووەكان ئەوەمان پێ دەڵێن، كە ژیانی دنیا كۆتایی بۆ هەیە، بەڵام وێستگەی جوانكردن و نەخشاندنی ژیانی حه‌قیقییه، هەر ئەو چركەساتەی سپاردەی خاكمان دەكەن، تێ دەگەین ئازاردانی ئه‌وانی تر، چ كارەساتێكی مەزن بوو، وەلێ تازە درەنگە بۆ هەموو شتێك.
كۆتایی:
شاعیر به‌رده‌وام له‌م به‌رهه‌مه‌یدا كه (زێوان)ه، پێمان ده‌ڵێ: پێویسته به قووڵی له دنیا بڕوانین و مامه‌ڵه‌یه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان بكه‌ین، وه‌لێ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه، هیچ له حه‌قیقه‌تی پووچێتی دنیا كه‌م ناكاته‌وه.
سه‌رچاوه:
1- دیوانی سه‌باح ڕه‌نجده‌ر، به‌رگی یه‌كه‌م، 2018، هه‌ولێر.
2- ژیان بێمانایه؟، بڵند باجه‌لان، 2023، هه‌ولێر.
3- سه‌فه‌ر به‌ره‌و مناڵی به كه‌شتیی گه‌وره‌بوون، بڵند باجه‌لان، گۆڤاری گه‌لاوێژی نوێ، 2022.
4- زه‌ینه‌ب خان له‌نێو دنیای چه‌مكه جیاوازه‌كاندا، بڵند باجه‌لان، هه‌ولێر.