Skip to Content

ئاسمان، بۆ ئێمە ئازارێکی تری خوداییە.. ئەنوەری ڕەشی عەوڵا

ئاسمان، بۆ ئێمە ئازارێکی تری خوداییە.. ئەنوەری ڕەشی عەوڵا

Closed
by حوزه‌یران 15, 2021 General, Literature


لە باخی خەراباتی خۆیدا، بە دڵپێدانەوە، داریوش ئەم سکاڵا و داد و بێداییە وجودییانەی بیر دەهێناینەوە، کە هەریەکەمان بەجۆرێک خۆمان لێ نەناس دەگرت. یاخود نەماندەویست، نەغمەی ئەو هەقیقەتە تاڵانە بژنەوینەوە کە هەموو رۆژێک بەریدەکەوتین.
بەراورد بە دنیای ئێمە، کە ئەوپەڕی پاکوتێ بوو لە پەرشوبڵاوییەکی بێ سەمەرەدا. کەچی دنیای ئەو دەروێشە تاک و تەنهایە، بە دەرەختێکی سەرسەوزی پەلوپۆداری بەردار دەچوو، لە کاتی زیکر لەگەڵ وێڵ باکاندا.
داریوشێک لەحاڵەتێکی دەروونییدا وەهادا، لە تەنیاییەکی قووڵدا سەوز سەوز بچێتەوە، لە رێی شیعرەوە، دەبوو زمانی وێڵباکانی زەمزەمە و زیکر کردبا، هەتا گەڵا بە گەڵای درەختی خەمەکانی پێ بدوێنێتەوە.
لە رێی هەڵبژاردن و تەماسی روحی بە شیعرگەلێکەوە، زانینمان لەو قەلەندەربوونەیدا، وەک ئینسانێکی وێڵگەرد، چ ئەزموونێکی دەروونی،
لە رێی هونەرێکی راقیی بە ئێمە نیشاندایەوە..؟
بۆ ئەو سەرگەردانی و گەڕۆکییەشی، بڕوانە.. دەست وەردەداتە چی، چی بە مەرج دەگرێ بۆ رێدەربردنی خۆی
كێو ئەیەم بەشانما)
بەرگی هەر جەنگێک ئەپۆشم
شەپۆلی دەریا ئەگرم
شیری بەرد ئەدۆشم
مانگ بۆ ماڵەوە ئەبەم
” با ” بە نیشانە ئەگرم
هەموو خاکی ئەم زەمینە
بست بە بست ئەپێوم
گەر چاوەکانت ڕازی بن
لە هیچ کارێ دەربەست نیم )

وەها زمانی هەڵهێناوەتەوە، وەک بڵێی: مەحاڵ، بە واقیع دەکا، گەر چاوەکانی یاری لێ دیاربێ.
داخوا عارفێکیش هەروا، بە ئیمکانیەتێکی روحییانەی وەهاوە، لە زیکری مەعشوقەکەیدا نیە..؟

لەو دۆخەدا، داریوش بەر لە هەرشتێک بەدەرگایەک دەچوو، لە هەر بەرگ و باخ و خەڵوەتێکی عیشقێکدا بووبین، جێی هامووشۆی دڕدۆنگییەکانی هەموومانی تیا دەبوەوە.
چون دەنگی داریوش لە هەناوی ئەو شتانەوە دەردەهاتن، کە کەنارخراون، دەبوو ژیانیان بەبەردا بکرێنەوە.
بە بەهای نوێی هونەرییەوە، دەربکەوتنایەتەوە، بۆ ئەوەی بەهادارانە بە هەناسەیەکی نوێی ژیانمەندییەوە، بژین.
بێ هیچ هەڵە تێگەیشتنێک، بێ ئەوەی ویستبێتی، خۆی سەپاند، بە روحێکی باڵای هونەرییەوە، کە پەنجەمۆری دەروونی داریوش، خۆی پێوەبوو.
گەر وانەبا، داریوش وەک هەر گۆرانیبێژێک وەرزێک دەهات و دەچوو، ئەوجا ون دەبوو.
هەڵبەت ئەو رێ هونەرییەی داریوش گرتیەتە بەر، راستە رێیەک نەبوو. لێخوڕە دەشتە، نا….!
بەڵکو پێچاوپێچ، پڕ لە بەرزی و نزمیی بوو.
بۆیەکا گەر کەسێ ویستبێتی موسافیری دنیای ئەو بێ، چێژ ببینێ، نابێ ببپەشۆکێ، کە لەیەککاتدا کارە هونەرییەکانی ، وێنای کەسایەتییەکی یاخیبوو.. کەسایەتییەکی خەرابات نشین.. کەسایەتییەکی دۆڕاو و نائارامی بۆ کردبین.
لە توێی درکاندنی گوزارشتەکانیەوە، ئێمەی بە ئاگا هێنا، بەوەی، دەبێ گوێیەکی نوێ لە خۆماندا شک ببەین، هەتا گوێمان لە ئاوازێکی تر، نەغمەیەکی تر، زەمزەمەیەکی تری سترانبێژێکەوە بێت.

ئالەوێڕا دەیبینین چەنێ بە روحێکی باڵاوە، لە هونەرەکەی خۆی ڕوانیووە، هەر ئەوەش ماڵە راستەقینەکەی ئەو بووە.
ئەمە بەو مانایە نیە، دوور لە نەڕەنەڕی ساواک و ناسیۆنالیستەکان، ژاوەژاوی ئایدۆلۆژیستەکان، قوڕ و لیتەی مەزهەبییەکان، چنگیان لەگەڵی گیر نەکردبێ..
لەو ماڵە هونەرییەیدا لە رێی غەزەلەکانیەوە، لەو ماڵە هونەرییەیدا دەتوانین هەستی پێبکەین،
لە باخی یاخیبوونەکانی خۆیدا، چ شەیدایانە نەغمەی ئەو وێڵگەردی و دەروێشی و پەتیارەیی خۆی چەنێ ئوستادانە و بوەیهیمیانە، چڕیوە و دەگێڕێتەوە.
دەی ئەگەر ئەو گوێیە شک ببەین ، ساناتر دەیژنەوین، ساناتر دەیبینین، ساناتر دەیبیستین، ئەوجا لەگەڵیدا وەسڵ دەبین.
لەوێڕا تێدەگەین، بە چ راددەیەک بە دنیای شەڕ و ئاشتییەکانی ناو دنیای شیعرەوە پەیوەستە.
لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە… تێدەگەین، ویستوێتی کوڕێکی جوانخاسی غەزەلخوێنی چ ماڵ و عەرشێکی هونەری بێ. لە رێی هەڵبژاردنی شیعرەکانەوە، تێدەگەین، لە کوێوە ئازاری دەستەجەمعی ئینسانی ئێمەی ناسیووە و سەر لە نوێ، بە لەونی خۆی دواندونی.
بۆیە کەم و زۆر لە دەیەی هەشتاکاندا، ئازارەکانی ئەو ئینسانە بە ئاوازێکی تایبەت، کە لە روحی خۆیەوە بڵاچەی دەکرد، ئەو هەیەجانە دەروونیی یە،
بە گیانی هەر کەسێکی هۆشمەنددا کەم و زۆر گەڕاوە.
ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵی بۆ ئازادی لێیدابێ، ناتوانێ بەر تەلیسمی وەسوەسەکانی داریوش نەکەوتبێ.
واتا ئەو کەسایەتییە گەر بە نەفرەتلێکردنیشەوە بووبێ، لە یادوەری هەمووماندا بوونی هەبووە.
ئەمەش ئەو تەلیسمە بوو، کە داریوش هەڵگری بوو.
ئەمە هێما و سیما و پەنجەمۆری هونەرییانەی ئەوبوو..
تا ئەو راددەیەی ، سیمای هونەرییانەی داریوش، بۆ روحە یاخیبووەکان، رۆڵی وەک رۆڵی، پینک فلۆید وەهابوو لە رۆژئاوا، بە تایبەتتر بۆ ئینگلیزەکان .

سەبارەت، بە جەمعێک لە چەپگەرای رادیکالیش، تیایاندا جێکەوتبوو،
کە هەموو شتێکیان بە قەپانی ئایدۆلۆژییەکەیان دەکێشا.
لە دەستیان بهاتایە بە جەوهەری هەموو شتێکدا روو دەچوون، بۆ ئەوەی ماسکەکانیان لەسەر روو لاببەن، ئەمە توێکارییەش، بە غەیری ئایدۆلۆژییاکەی خۆیان نەبێ، کە جێی گومان و تێڕامان نەبوو،
ئەگینا سەرسەختانە، بەریان دەدایە وێزەی هەموو شتێک، کە تەنها لە رەنگی خۆیان نەبێ. بۆیە نەیاندەتوانی بەس رەخنەیان بۆ دەرەوەی خۆیان نەبێ. رەخنەش نەبوو، بگرە نەفرەت بوو.
بە غەیری، ئەوەی تەڵقین دادرابوون، بە ئەفیونی ئایدۆلۆژییەک، گوێیان بە شتێک بدایە، تەنها بۆ ئەوەبوو، لەسەر ئەو یەقین و باوەڕەوە گوێی لێدەگرتیت، هەتا بزانێ بە چرپای ئایدۆلۆژییەکەی بیپێوێت.
هێندە روودەچوون بە گێژەنی ئایدۆلۆژییەکەیاندا، هەتا دەگەیشت بەوەی:
” هیچم لێت ناوێ یان هەموو شتێکتم لێت دەوێت “.
هەمیشە بەرژەوەندی بێ قەید و شەرتی کرێکاران و زەحمەتکێشانیش بۆ پێداگیری و دەمارگیرییەکانیان پاساویان بووە، بەو ئەخلاق بڵندیی جەنگاوەرانەوە، دەهاتە پێش، تەنها بۆ ئەوەی قڕو قەپت پێبکەن. چون خۆی یەکەمین کەسە، قڕوقەپی پێکراوە، لەو نێو میتۆدی ئایدۆلۆژییەکەیدا، کە دنیا هیچ نییە، جگە لەوەی چاوی عەقیدەکەی پێیدەبینێ.
لە جەوهەردا ئەمەش وەک صەدەقەڵلاهو عەظیمی موسڵمانان وەهابووە لە بەرامبەر سەنگەسارکردنی شەیتاندا.
هەر بۆیە، لە دواجاردا دنیای هونەری داریوش، بۆ پێودانگە ئایدۆلۆژی و سیاسییەکەی ئەوان، تەنها دەیتوانی وردەبورژوایەکی ناڕازی بێت بە دنیای سەرمایەداری و هیچ بە دەستەوە.
ئا… بۆ چەپێکی ئاوا رادیکال، داریوش هەر مناڵێکی لاساری دنیای سەرمایەداری زیاتر نابێ. ئیتر لە دۆخە شەرمهێنەرەدا، زۆرجار هونەر کورت دەکرایەوە بۆ ئەم ئینشا و مەحفوزاتانەی لە رێی حزبەوە دەرخواردیان دەدرا.
هێندەی لە بیری عەقیدەکەیاندا بوون، با بەو راددەیەش لە بیری ئەوەدا بن، ئاخۆ کەسێک بێ پشتوپەنای حیزب و گروپەکان دەتوانێ رۆڵێکی هەبێ…؟ بە داخەوە لە بری ئەم ئەندێشەکردنە، بۆ ئەوان داریوش لەو مناڵە لاسارانە دەچوو، ناخودئاگا بەر ئەفیونێکی سەرمایەداریی کەوتۆتەوە، گەرچی دژیشی دەبێ. لەوە بترازێ، هەرچی بڵێ ی، ناتوانن بیبیستن. بەر ئەفیونی ئایدۆلۆژیا کەوتوون بە قەولی مارکۆز.
ئەوی وردە بۆرژوا، ئاڵتەرناتیڤی بۆ ئەو سیستەمە سەرمایەداریی یە پێ نییە.
کەوابێ لە رووی پراکتیکییەوە، هەر دەکاتە سڕرکردنی گیانی شۆڕشگێرانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەم رێگەیە ئاو دەکاتەوە بە ئاشی سەرمایەدارییدا.
ئەمەش بە پاساوی ئەوەی، لە میتۆدی هونەری داریویشدا هەموو هاوکێشەکان، هەموو شتێک ، دواجار خەراباتێکن.
بەم هەموو لێکدان و لێدەرکردن و دابەشکارییانەی، وجودییەکانی ئەو حەلە، سیاسییەکان و ئەهلی قەڵەم، و عاشقان، داریوش بەو هەموو لێکدژییەوە دەنگێک بوو، نەدەتوانرا نەبیسترێ.
رەنگێک بوو نەدەتوانرا نەناسرێتەوە.
بە هەموو ئەو تەفسیر و روانگە جودایانەوە، گیانە تەنیا و ئیعتیرازییەکەی داریوش لەوە رەنگاو رەنگتر بوو، جێی راستڕە و میانڕە و چەپڕەو، ئیماندار و بێ ئیمان و خەراباتیەکیشی تیا نەبێتەوە.
چون بەر لە هەرشتێک خەمی ئەو خەمێکی ئینسانی بوو.

” هەرچیەکم دروست کرد
دواجار شکا
شکا… شکا
من هەمیشە دۆڕاووم
دۆڕاووم.. دۆڕاووم.. دۆڕاووم.

ئەهلی دەسەڵات توانای ئەوەیان نەبوو، لێیان نەدەوەشایەوە، بچنە ژێر باری شکست و دۆڕانەکانیانەوە، هەموو ئۆباڵەکانیان دەنایە ئەستۆی نەیارەکانیان و بە تایبەت سەرمایەداری.
ئەزموونی داریوش، لە پارادۆکسیەتێکدا لە جستوجۆدا بوو، نەدەتوانرا بە راستە و پرگاڵ، صرات مستقیمی هیچ ئایدۆلۆژییەتێک بپێورێت و بە هەر عوزر و بەهانەیەکەوە بێت، ئازادییەکەی زیندانی بکرێ.
دەنگی ئەو گەرچی سرک بوو، روحی تێدابوو، بە پێی توانایەک کە هەیبوو، عاشقانە گوزارشتی لە خەمە وجودییەکانی ئینسان دەکرد.
بە هەر یاخیبوونێکەوە کە هەیبوو، لەو ژاروژەنگەی رۆژگاردا، لە داچۆڕانیدا، سەر بە ژیان بوو. چەنێ نائومێد بوایە، بۆ ژیان دەجەنگی و ژیانی نەدەکوشت.
زۆرێک لەو جەبرە عەقیدەیی و ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی و شاهانەیی ئەودەم، کە لە دەستیان دەهات بتکەنە خانی خانان یاخود تۆزی بانان، بەو هەژموونە ئایدۆلۆژییانەوە کە لەگەڵ خۆیاندا، بە جەبرەوە دەیانگێڕا و دەیاسەپاند، کەوتنە کەناری رووداوەکانەوە.
کەچی داریوش گەرچی تاک و تەنهاش بوو، بە بڵندیی خۆیەوە مایەوە و وەستا.
چون لە رێی خوێندنەکانیەوە، پێوەی دیاربوو، خۆی تەرخان کردووە، وردە وردە… تەییار و گورجوگۆڵ، بە هەر هەلاکەتێکەوە کە دەیچەشت، ژیانی لە هونەردا، دەژیاندەوە.
هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی مەرگدۆستدا، لە نێو ئەو پاشەڕۆکانەدا، ئەو باوەش کردنەوەیەش بە ژیاندا هەڵوێستێکی کەم نەبوو.
رۆژان و ساڵان رێکردن بەنێو چرکە چرکی دڕکەزیی و ئازارەکانی زیندەگیدا، هەریەک بەجۆرێک سەر هەڵدەگرێت، ئا لەوێدا باوەش کردن بە مەحەببەتدا، دەبێتە فەزیلەتێکی دەروونی بۆمان، پێموابێ ژیانیش بۆ نوێکردنەوەی خۆی؛ ئەمەی لێمان دەوێت .
یانی دەبوو هێندە ژیریت لە خۆتدا شک ببردایە، هەتا عارفێکت لە روحتدا کەشف بکردایە.
تاوەکو بەرگەی ئەو هەموو جەور و خواروخێچیانەی وجود بگرێ و
بە خۆی بڵێ: ” ژیان نەدەبوو ببێ، بەڵام بەهەر داڕمان و دزێوی ئافەریدەکارەکانیەوە هەیە “
چون داریوش وەک کەسایەتییەک، تیشکێکی زیندووی هونەر بوو، نەیدەتوانی هونەرمەند نەبێ. یانی عیشقی بۆ دنیاکەی خۆی نەبێ.
بێپەروا بۆ ئەو سەر و سەودایە دەژیا.
ئەزموونەکانی ئەو دەورانە، پێی قەبڵانین، پێی سەلماندینەوە، حەماسیەت هەر شەرعیەتێکیشی هەبێ، هەر رەوتەنیە..و عیشق بە هەر سەرشێتییەکیشیەوە کە هەیەتی، هێشتا ئارامگرتووترە.
گوێ گرتن لە داریوشێک کە عاشق و دەروێشی دنیاکەی خۆیەتی، بە هەموو خەمگینییەکیەوە، ئارامیهێنە.
فڕێت ناداتە، شەرەنگیزییەکانی ژیانەوە، بەڵکو بە حەسرەتێکەوە، کە هەست کردنە بە لێپرسراوییەتێکی ئینسانیانە، بەیانی دەکا، مرۆڤ چۆن لە نێو خەراباتەکانی عیشق و تەنیایی و ژیاندا سەرمەستانە ونبووە. لە بێدەنگی شتەکاندا نقومە، کە خۆیان کشاندووە بەسەر هەموو نهێنییەکاندا.
نهێنی نیگا بێدەنگەکانیش
” بێ دەنگیتم نەزانی|
سەیرکردنم تێنەگەیشتی
من هیچم نەووت
و
تۆش هەرگیز نەتپرسی “
بەڵام هەر ئەو مرۆڤەشە، لە هەر چوارچێوەیەکدا بێت، بۆ هەناسەدانەوەیەکی تر، کۆڵ نادا، چون مەحکومە بە ژیانی خۆی.
هەیە ئەو مەحکومیەتەی ژیانی… پێ بەتاڵ بەتاڵە، بۆیە هیستریایانە، لەوەش یاخی دەبێ، هەتا ئەوپەڕی دەست چوونە خۆ. واتا خودکوژی. یانی یاخیبوونیش لە خودی خۆت…
ئەم تێکشکاندنەوەیەی هەموو شتێک، ئەوەی هیچ دەرەتانێک نەماوە بۆ چاککردنەوەی، بە خاتری هاندانەوە، بۆ هەڵبوونەوەی هیوایەک، دەبوو هاندەری ئەوە بیت، بە خەڵکی بڵێی گرێ و گۆڵەکانی خۆت ببینە، شەرمی لێ مەکە.
بەڵام کە هەموو شتێک بەرەو وێران بوون بڕوات، هیدایەت کردنەوەی ئەویتر زەحمەت زەحمەتە.
بۆ ئەم هەقیقەتە تاڵەش، با گەشتێک بکەین بە:

گۆرانی ساڵی دوو هەزاردا..) مانفێستی هەرەسهێنانی ئینسان.)

ئەنوەری رەشی عەوڵا _ مانچستەر
“”””””””””””””’

“سەرچاوە: بۆنی گەنم- کتێبی کۆمەڵە شیعری داریوش ، وەرگێڕانی لە فارسییەوە:پشکۆ ناکام

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish