
به بۆن كه‌وتنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ” بۆنی بنیاده‌م” ی جه‌لیل كاكه‌وه‌یس دا …. محه‌مه‌د ته‌ها حوسێن
ڕۆمانی ” بۆنی بنیاده‌م ” ی ڕۆمان و چیڕۆكنووسی به‌ناووده‌نگی كورد هاوڕێم ” جه‌لیل كاكه‌وه‌یس ” م خوێنده‌وه، چێژێكی ئه‌ده‌بی زۆرم لێ وه‌رگرت. له‌وانه‌یه ئه‌م چێژه به‌ستراوه‌ی باش چنینی خه‌یاڵ و جوان داڕشتنی زمان و پاكی هاڕمۆنیای ڕوداوه‌كان و نزیكی ڕۆحی مه‌ولانا بێ له ڕۆحی من و مامۆستای گه‌وره جه‌لیل كاكه‌وه‌یس.
ڕۆمانه‌كه مانیفێستۆیه‌كه بۆ لێبورده‌یی و هۆنینهوهیهكه له تووڕه‌یی و تابلۆیه‌كه له ڕه‌نگاڵه‌یی، كه هه‌میشه ده‌مانباته‌وه سه‌ر جیاوازیه‌كان و ڕیتمه سهرسامكهرهكانی ده‌نگ و ڕه‌نگه جوداكان. مامۆستا جه‌لیل دۆنادۆنی ڕۆحی مه‌ولانا خالید بووه و له ژێر گوشاری نادادپه‌روه‌ری و ناشیرینی و تاڵی و تڕشی ئه‌م زه‌مه‌نه‌ی ئێمه گه‌ڕاوه‌ته‌وه زه‌مه‌نه‌كه‌ی مه‌ولانای نه‌قشه‌به‌ندی و هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه ده‌باته هیندوستانی فرچكگرتوو به ڕۆحی بوزا بۆ خزمه‌ت شا عه‌بدوڵڵای نه‌قشبه‌ند به‌و مه‌رامه‌ی له ڕۆحی ئه‌و بنۆشین و به هۆشی ئه‌و ببینین و له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و فێری ئێستاتیكای جیاوازیه‌كان و به‌زم و نه‌زمی ئاوازه‌كانی دڵ و ده‌روونه پاكهكان بین.
له‌م سه‌فه‌ره‌یدا كاكه‌وه‌یس له خزمه‌ت مه‌ولانا خالید بۆ ماوه‌ی چوار مانگ خه‌ڵوه‌تی هه‌ڵبژارد و من لای خۆمه‌وه حه‌زم ده‌كرد منیشی له‌گه‌ڵ بوام به‌ڵكو نه‌مهێشتبا ئه‌م چوار مانگه‌ی به‌س بێ و هه‌ر نه‌بوا به‌یه‌كه‌وه زیاترمان له ڕۆحی مه‌ولانا نۆشیبایه. زه‌مه‌نی كاكه‌وه‌یس له‌م ڕۆمانه‌دا سه‌ره‌تا هێواشه تا به هاوڕێیه‌تی مه‌ولانا ده‌گاته هیند و پاشان له گه‌ڕانه‌وه‌یاندا كه‌مێ خێرایی زیاد ده‌كا و له‌وانه‌شه ئه‌م خێراییه زیاتر له نه‌ستی كاكهوهیسهوه په‌یوه‌ست بێ به زووتر گه‌یشتنه‌وه نیشتمان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به‌ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌م گه‌شته ڕۆحانیه چنیویه‌ته‌وه به‌ته‌نها نه‌یخوا و به‌شی هه‌موو ئه‌وانه‌ی لێ بدا كه وه‌ك ئه‌و تینووی به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی وه‌جد ئامێزن بۆ سه‌ری سه‌ره‌وه و وه‌ك ئه‌و ئومێدی هاتنه ئارای هه‌موو ئاواته‌كان ده‌كه‌ن و ئاره‌زووی نیشتنه‌وه‌ی ڕقه ئه‌ستووره‌كانی وڵاتخۆركهكان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به هۆشێكی مه‌ولانایی و به ڕۆحێكی شاهانه، ئه‌مما شاهانه‌ی سۆفیانه بێنه‌وه ئاستی خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیان و چیتر له لووتكه‌ی چیاكانی سامانه‌وه سه‌یری ئینسانه ئاساییه‌كان نه‌كه‌ن.
زمانی مامۆستا جه‌لیل له “بۆنی بنیاده‌م” دا له‌وپه‌ڕی جوانی و شیرینیهتی، وشهسازیهكی شاره‌زایانه‌ی تیایه و بێ گرێ و گۆڵه و ئاوازی ریتمه زمانه‌وانیه‌كه له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌مانبات و نامانوه‌ستێنێ.
ته‌كنیكی به‌كارهاتوو شێوازێكی هونه‌ریانه‌ی پێوه دیاره و گێڕانه‌وه‌ی نه‌خستۆته ئه‌ستۆی تاكه گێڕهرهوهیهك و گرنگ له‌م ڕۆمانه‌دا ئه‌وه‌یه دوو یادگه یه‌كێكیان زیندوو و ئه‌وه‌ی تریان نوسراو له نێو ده‌فته‌ره‌كه‌ی میرزا فه‌تۆ تێكه‌ڵی یه‌كتر ده‌بن و بوونه‌وه‌ره‌كانی نێویان تا دوا ساتی ڕووداوه‌كان هاوڕێی یه‌كترن.
یه‌كێتی زه‌مه‌ن به هه‌ستیاری سیناریزه كراوه و كاكه‌وه‌یس ژیرانه توانیویه‌تی دوو زه‌مه‌نی دوور له یه‌كتر كه دوو سه‌ده‌ی جیاوازن بخاته‌وه نێو یادگه‌ی كوردهواری، و ئه‌وه‌شمان بیرده‌خاته‌وه كه حه‌یف زه‌مه‌ن بۆ له‌وێ ڕۆژێوه هیچی نه‌هاتۆته سه‌ر و ئه‌وه‌تا دنیا له‌م دوو سه‌ده‌یه‌دا گۆڕا كه‌چی ئێمه مانان و سهردارهكانمان هه‌ر له‌م به‌ر و ئه‌وبه‌ر و ئه‌مسه‌ر و ئهوسهرین و تۆزقاڵێ هزرمان له میزاج جیانه‌كرده‌وه و هه‌رده‌م كۆیله‌ی شادیه ساتهوهختهكان بووین و نه‌مانتوانی شادی بۆ هه‌موو كاتێك درێژه پێبده‌ین و وه‌ك یه‌ك بیبهشینهوه.
كاراكته‌ره‌كانی نێو ڕۆمانه‌كه هه‌ر یه‌كه‌یان كه‌سه‌كانی سه‌رده‌مه‌كانی خۆیانن، بینین و هه‌ڵبژاردنه‌كانی كاكه‌وه‌یس له ڕووی سینۆگرافیشهوه وریایانه‌یه و ئه‌و توانیویه‌تی كه‌ره‌سته‌ی دیمه‌نه‌كانی ڕووداوه‌كانی نێو ڕۆمان به باشی و لێزانانه بدۆزێته‌وه و بیانخاته‌وه شوێنی خۆیان، هوشیاری به سازكردنی سینۆگرافیانهی دیمه‌نه‌كان هۆشێكی ده‌رهێنه‌رانه‌ی ده‌وێ و بێ ئه‌م توخمه زه‌مه‌نه‌كان ناناسینه‌وه.
جه‌لیل كاكه‌وه‌یس له‌م ڕۆمانه‌یدا هه‌موومان ده‌خاته نێو سرووتگهلی سۆفیانه‌وه و به رۆحه ناسك و دڵه ڕووناكه‌كه‌ی خۆی داوای ڕووناكایی بۆ هه‌موو ئه‌و دڵانه ده‌كا كه ڕه‌شهه‌ڵگه‌ڕاون و ترووسكاییه‌ك له گه‌شانه‌وه‌یان تیا نه‌ماوه، چون چیدی به‌رگه‌ی ئه‌م وه‌ستانه زه‌مه‌نیه ناگرین، زه‌مه‌نی ئه‌م ڕۆمانه له زۆر دوور و له مێژه‌وه ده‌ست پێده‌كات یاخود جوانتره بڵێین بۆ زۆر دوور ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ساته‌وه‌خته‌كانی ئێستا كه لێیانه‌وه ده‌چینه‌وه خزمه‌ت مه‌ولانا خالید، لای كاكه‌وه‌یس هه‌مان زه‌مه‌نه و ئه‌مه‌ش ڕێك ئه‌و زه‌مه‌نه میتۆلۆژیهیه كه داریوشی شایگان له كتێبی” بته زه‌ینیه‌كان و یاده‌وه‌ریه ئه‌زه‌لیه‌كان” باسی ده‌كا و به‌و بازنه‌یه‌ی ده‌چوێنێ كه له هه‌ر كوێیهكیهوه ده‌ستپێبكه‌ی ده‌گه‌ڕێیته‌وه هه‌مان خاڵ. زه‌مه‌نی میتۆلۆژی له‌م ڕۆمانه‌دا زه‌مه‌نی ڕوودانی هه‌رچی ڕووداوی نێو ڕۆمانه‌كه‌یه و هه‌ر ئه‌وه‌شه ئه‌و به‌د بهختیهی مه‌ولانا وێڵی زه‌مه‌نێكی تر ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان تیایدا وه‌ك یه‌ك دهرنهكهوینهوه.
كاكه‌وه‌یس ده‌یه‌وێ زه‌مه‌نی كوردی بۆ زه‌مه‌نه باشلاریهكه وه‌رگێڕێ و هه‌ر ئه‌ڵقه‌یه‌كی بۆ ئه‌وه‌ی تر ببێ به هێز و ئینێرژی و تیایدا تین و تاقه‌ت بۆ چالاكیه‌كانی نێو ئه‌ڵقه له دوایه‌كه‌كان كۆكاته‌وه و جیاوازی زه‌مه‌نه‌كان به جودایی چالاكیه ئینسانیه‌كانه‌وه بناسرێنه‌وه. ئه‌و سۆفیانه وشه و قه‌ڵه‌م و كاغه‌زی خۆش ده‌وێ و كه دهشیانڕازێنێتهوه تێكست ده‌خه‌نه سه‌ما و له‌گه‌ڵیشیدا خوێنه‌ر به سه‌ماوه له‌سه‌ر ئاوازی ڕووداوه‌كان به‌ستراوه‌ی زنجیره‌یه‌كی یاده‌وه‌ری و به‌سه‌رهاته‌كان ده‌كا تا ئه‌و ده‌مه‌ی به حهمدهلهیهك خۆی ده‌حه‌سێنێته‌وه.
ده‌ستخۆشی له برای گه‌وره و هاوڕێی هه‌ره پاك و بێگه‌ردم ڕۆماننووسی گه‌وره جه‌لیل كاكه‌وه‌یس ده‌كه‌م، به ڕاستی ” بۆنی بنیاده‌م ” هه‌مان بۆنی ڕۆمانه جیهانیه‌كانی لێده‌هات و تام و چێژیشی له‌وان كه‌متر نه‌بوو.