![هه‌قایه‌ته تاقانه‌كه‌ی دایكم … ئەدیب نادر هه‌قایه‌ته تاقانه‌كه‌ی دایكم … ئەدیب نادر](https://dengekan.info/wp-content/uploads/2017/06/adibNadir4-400x300.jpg)
هه‌قایه‌ته تاقانه‌كه‌ی دایكم … ئەدیب نادر
ساڵی دووهه‌زار و چوار بوو, كه كتێبه‌كه‌ی ئێچ. جی. وێڵز, “ماشێنی كات”م له دووكانی ده‌ستی دووه خێرخوازییه‌كه‌ی بلاك ستۆك ڕۆد به پاوه‌ندێك كڕی, خۆ كتێبه‌كه‌ی ڕۆبنسن كرۆسۆی دانیال دێفۆیش له‌ناو ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كاندا جێی به خۆ گرتبوو, وه‌لێ ئه‌وم نه‌كڕی, ئه‌گه‌ر بكرێ له خۆم بپرسم بۆچی؟ ئه‌وا ڕه‌نگه وه‌ڵامم بۆ خۆم هه‌ر ئه‌وه بێت بڵێم : چونكه من به كرده‌وه سی ساڵا بوو وه‌كو ڕۆبنسن كرۆسۆ ده‌ژیام و ده‌مویست هه‌لێك, یاخود بابڵێم كه‌شتییه‌كم له ئاسۆكانی ئه‌م ده‌ریای تاراوگه‌یه‌دا لێ په‌یدا بێت و بمگێڕێته‌وه..”ماشێنی كات”یش ئه‌و كه‌شتییه بوو له ئاسۆكانی ئه‌و خه‌مۆكییه‌وه لێم ده‌ركه‌وت كه ده‌ریای تاراوگه دایم و ده‌رهه‌م خۆی پێ ده‌ڕازانده‌وه. ئه‌و كتێبه, هه‌ر بۆ خۆی ماشێنێكی دانسقه‌ی ئه‌وتۆ بوو هه‌ر تاقه وشه‌یه‌كی, چه‌ند مه‌ترێك, یان چه‌ند كیلۆمه‌ترێك, منیان بۆ دنیای تاسه و ئاره‌زوویه‌كی بێ‌ئامان ده‌گێڕایه‌وه, ئه‌و تاسه و ئاره‌زووه‌ی كه چه‌شنی پشیله‌یه‌ك, به قه‌پاڵێكی میهره‌بان ملی ده‌گرتم و به‌سه‌ر دیواره‌كانی حه‌وت مه‌مله‌كه‌تدا ده‌یبردم, تاوه‌كو له ژیانمدا, جارێكی تر چاوم له‌وێ بكرێته‌وه, له‌وێ به‌یه‌كجاریی ڕوون بێته‌وه. به‌ڵێ, وه‌كو به‌چكه پشیله‌یه‌كی تازه له‌دایكبووی چه‌ند ڕۆژه, له‌وێ, له‌و دنیا دووره چاو ئاوه‌ڵا بكه‌مه‌وه..كه هاوكات دنیایه‌كه, یان دنیایه‌ك بوو, هه‌م له بۆته‌ی خه‌یاڵیشدا و هه‌م له تانوپۆی ڕاستیشدا خۆی له قاڵب دابوو..
ئه‌م كتێبه نیوداشته, له هه‌ندێ شوێنی‌دا تووڕی هه‌ڵده‌دامه نێو كووچه و كۆڵانگهلێكی سه‌یر و عاجباتی. سه‌ره‌تا, كه به‌ناویاندا ده‌گه‌ڕام, ئاوا خۆم ده‌دواند: ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ساڵه‌كانی ترس و ڕاكردن, ئه‌و ساڵانه‌ی كه نه‌یان ده‌هێشت به گه‌نجیی ئاشنا بم, چێژ له چركه‌ساته گهوههرئاساكانی وه‌ربگرم, نازانم ئه‌م كتێبه جادووی لێ ده‌كردم, یان من هێشتاكێ نه‌متوانیبوو خۆم له‌و شوێنه به‌له‌سه بكه‌م كه وه‌كو فاق و ته‌ڵه گرتبوومی و لێنه‌ده‌گه‌ڕا له‌ده‌ستی ڕه‌ها بم. سه‌یرییه‌كه‌ی له باوه‌ڕ به‌ده‌ر بوو, جاروبار ته‌مه‌نی له بیر ده‌بردمه‌وه, هه‌ستم ده‌كرد هێشتا ساڵه سپییه‌كانم ته‌شریفیان نه‌هێناوه و له ساتی له‌دایكبوونه‌وه نزیكترم وه‌ك له‌وه‌ی له ساتی مردن نزیكبووبمهوه. جاروباریش: وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕۆڵی په‌ڕه‌شووتێك ببینێت و له فه‌زایه‌كی به‌رفراوانه‌وه بمخاته ناو شوێنێكی ئه‌وتۆی وا كه له هه‌مان كاتدا دیاریشه و نادیاریشه..
چوار..چوار..چوار..
ئه‌و ده‌مه و عه‌سره, چه‌ند كه‌ڕه‌تێك ته‌ماشای سه‌عاته دیوارییهكهم كرد, هه‌ڵبه‌تا به‌ده‌م په‌ڕه ههڵدانهوهوه تیله‌ی چاوم ده‌گرته سه‌عاته‌كه و هه‌ر جاره‌یش وام ده‌زانی میله‌كه وه‌كو شمشێره‌كه‌ی دیمۆكلیس له‌سه‌ر ژماره چواردا گیرسابووه‌وه, كه‌چی دیقه‌تدان پاشگه‌زی ده‌كردمه‌وه و ههستهكهمی له شه‌رم ده‌گه‌وزاند. نه‌خته تووڕه بوونێك داوێن گیرم بوو, تفێكم له سه‌عاته‌كه كرد..ئاخر من قه‌ت نایه‌ته بیرم ئاوا تووڕه بووبم, ده‌توانم بڵێم من له هیچ شتێك تووڕه نه‌بوومه,بۆیه له‌و كاره‌ی خۆم تێنه‌گه‌یشتم و واقووڕمانێك داڵده‌ی دام..چوارچوارچوار..ئه‌م ژماره‌یه ژووره‌كه‌ی ته‌نییه‌وه, نه‌یده‌ویست ده‌ست له یادم هه‌ڵبگرێت. تۆزێك هێدم دایگرتم, به‌ڵام..ئه‌و سه‌عاته نه‌فره‌تییه, سه‌عات نه‌بوو, به‌ڵكو چیلكه‌یه‌ك بوو ده‌ستێكی لاسار و بزۆز له ئاوه‌زم وه‌ری ده‌دا و حه‌جمانی لێ هه‌ڵده‌گرتم..به نه‌عله‌ت بێ له به‌رانبه‌رم بوو, چیبكه‌م؟ ڕۆیشتمه ژووری خه‌وتنه‌كه‌م و گه‌یشتمه ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه:”ئینجا گومانه سه‌خڵه‌ت كه‌ره‌كان ده‌سته‌ویه‌خه‌م بوونه‌وه. داخۆ بۆچی مۆڕڵۆكهكان ماشێنی كات-ه‌كه‌ی منیان بردبوو؟”و فاقئاسا باڵنده‌ی نیگاكانی گرتم. وه‌كو پله‌ی ئه‌و ساردییه‌ی زستانی جه‌مسه‌رێكی دووریش ڕایان گرتم, كه ده‌توانم بڵێم ئه‌م كه‌سیره بوونه ئه‌و تامه‌یان پێبه‌خشیم كه جارناجار شرینقه‌ی یاده‌وه‌ریی ده‌یچۆڕێنێته ناو ده‌ماره‌كانی گیانمه‌وه.. یه‌كه‌مجار كه ئاوڕم له دیواره‌كه‌ی به‌رامبه‌رم دایه‌وه, ڕووتوقووت بوو, به‌ڵام كه سه‌رله‌نوێ سه‌رم ههڵبرییهوه, تارمایی سه‌عاته‌كه ده‌ركه‌وته‌وه, وه‌ك بڵێی ئه‌فسوونێكی ناوازه‌م لێبكات, دیار بوو, دیاریش نه‌بوو. له‌وه دڵگران بووم كه ژماره چوار شوێنی خۆی به‌جێ نه‌هێشتبوو..به خۆم گوت: ئه‌ی ده‌ستم بۆ خاڵییه, كتێبه‌كه چی لێهات؟ كتێبه‌كه ببووه ماشێنی كات و وه‌ك بڵێی له شوێنێكی گه‌رم گه‌رمه‌وه, یان له دۆزه‌خێكی سارده‌وه گه‌یشتبمه شوێنێكی دیكه. شه‌ماڵێكی ئاره‌ق ڕه‌وێنه‌ره‌وه لێیدام و په‌ییم به‌وه برد كه ئه‌مه ئه‌و شوێنه‌یه كه زۆرجار وه‌كو گه‌رده‌لوولێك وردوخاشیی بیركردنه‌وه و خه‌یاڵم بۆ لای خۆی ڕاپێچ ده‌كات و ده‌یبات, ده‌یبات و ده‌یشزانم وه‌كو خه‌ونێك وایه, خه‌ونێك, كه وه‌كو چاوترووكانێك ته‌مه‌ن كورته و درێژه ناكێشێت و..كه وه‌كو مووی ناو ماستیش له‌ناو خه‌وه‌كانم خۆی دهردهكێشێت, هه‌ست به مایه پووچییهكی بێڕاده ده‌كه‌م, گێجهكهی ئومێدی ناخم ڕیكۆردی پێچه‌وانه ده‌شكێنێ. ده‌كه‌ومه شوێنێك..وردوخاشییم چیدی وردوخاشیی نییه.. لێره: شته‌كانی یاده‌وه‌رییم به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه, یان شته‌كان به‌ر له‌وه‌ی له یاده‌وه‌ریی بنه‌خشێن ده‌رده‌كه‌ونه‌وه..شته‌كان ئازارم ده‌ده‌ن, سه‌رشكان, دڵشكان و..شكانه‌كانی تریش…كۆڵانه‌كان ختووكه‌ی ئاره‌زووی قاچه‌كانم ده‌ده‌ن, به‌ر له‌وه‌ی شهقاوهكانم تاوبده‌م, به‌ردێك ده‌گرمه حه‌وشه‌یه‌كی ئاشنا, له ده‌رگاكه‌وه, عه‌له‌درێژ دێته ده‌رێ, مه‌وداكان پڕ ده‌بن له سه‌رسامیی: پێی ده‌ڵێم: ده‌ڵێی ڕۆژێك له عومرت تێنه‌په‌ڕیووه, ئه‌ویش لۆمهبارانه لێم وردده‌بێته‌وه و هه‌مان شتم پێ ده‌ڵێت. پێم هه‌رس ناكرێت. خۆم ده‌دوێنم: یانی چی؟ یانی ئێمه هێشتا هه‌ر گه‌نجین؟ زه‌حمه‌ته ئه‌مه وه‌ك باوه‌ڕ بچه‌سپێت,به‌ڵام..به هه‌شتاو به‌رنامه‌یه‌كی سه‌رپێیی داده‌نێین. كات هێشتا گره‌وی لێمان نه‌بردۆته‌وه, په‌نجه‌ره‌یه‌كی ئه‌فسووناویی سه‌رمان پێ هه‌ڵده‌بڕێت, ئه‌وه په‌نجه‌ره پیرۆزه‌كه‌ی ئوم مه‌جیده, ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی ده‌بوو له كوڕه‌وه بمانكات به پیاو, كه‌چی مخابن! شار ده‌بێته كیژێكی نایابی ئه‌وتۆ نیگاكانمان به باڵای خۆیدا ده‌دوورێته‌وه, ئێمه‌یش گۆرانی: ئه‌نگوستت ده‌رزی زولفت خه‌یاته‌ی بۆ ده‌ڵێین. بارانێكی به‌سته‌زمان ده‌كه‌وێته بارین, ئێمه ته‌ڕ ناكات, وه‌لێ زه‌وی ده‌كاته جه‌سته‌یه‌كی خنكاو, ئێمه‌یش هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌مان له‌ده‌ست دێت ته‌ماشای بكه‌ین..كۆڵانه‌كان باوه‌شن, باوه‌شی گه‌رم و گوڕن و به‌دوای خۆیاندا ڕاپێچمان ده‌كه‌ن, بۆ هه‌ر كوێ ده‌چین, له هه‌ر كوێ سه‌یری سه‌عات ده‌كه‌ین, سه‌عات هه‌ر چوار نیشان ده‌دات..به كۆتایی جاده‌كه‌ی شاترلوو, ئه‌و جاده‌یه‌ی حه‌مام عه‌لی به‌گ ده‌كه‌وێته سه‌ری, پێ هه‌ڵده‌گرین, گۆڕستانه‌كه‌ی تالیم ته‌پپه نیگاكانمان تۆزاویی ده‌كات و به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه پێچه‌كه‌ی ده‌سته ڕاستی شه‌قامی جمهووری, مامۆستا عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج به‌ره‌و پیرمان دێت, زۆر سه‌رسامانه پێمان ده‌ڵێت: ئه‌وه هێشتا نه‌ڕۆیشتوون؟ ئه‌ی من نه‌مووت خۆتان له‌م بارانه ناڕه‌سه‌نه ده‌رباز بكه‌ن؟ ئه‌ی من نهم..
ئیدی نازانم عاشقین, یان سه‌رخۆش..
به‌ر له‌وه‌ی به‌ره‌و كتێبخانه‌كه‌ی ئاسۆ شۆڕبینه‌وه, له پێچهكهدا, وه‌ك هه‌میشه, حسێن میسری و سه‌عید كاكه‌یی سه‌رقاڵی ده‌مه‌ته‌قێیه‌كی شانۆییانه بوون سه‌باره‌ت به پرۆڤه‌كانی”ترێی ڕێوی”, كه به منداڵان تایبه‌ت بوو, له‌وێ قه‌ده‌رێك له ته‌كیان ڕاوه‌ستاین و هه‌ندێك سه‌رم نایه سه‌ریان, به‌ڵام هیچ ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی لێ سه‌وز نه‌بوو, پاشان میهره‌بانانه بۆ جهنهڕاڵا پرۆڤه‌كه‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌یان داوه‌تیان كردم, له‌وێوه داگه‌ڕاینه خواره‌وه و ئینجا چووینه ناو “ئاسۆ” و نه‌ختێك چاومان به كتێبه‌كاندا گێڕا و ئه‌و ده‌مه‌ی كه ده‌مانویست ئه‌وێ به‌جێ بێڵین, كاك جه‌بار له ژێر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می, كتێبێكی بچكۆلانه‌ی خسته ناو ههفتهنامهیهكی هاوكارییه‌وه و وتی: كاك فه‌خره‌دین چوار سه‌د و بیست و پێنج فلسمان بده‌رێ. منیش ههفتهنامهكهم كرده‌وه”ناڵه‌ی جودایی- یه‌كه‌ی هێمن”م تێدا بینی, وامزانی به به‌لاش ده‌مداتێ, پاره‌كه‌م دایێ و ده‌رچووین..له‌وێوه په‌ڕینه‌وه, به‌ره‌و”كازینۆ نه‌سر”سه‌ركه‌وتینه سه‌ره‌وه, پیشانگای شێوه‌كار”سوعاد ستار”ی تێدا نمایش كرابوو, تابلۆ تاریك و خهڵووزئاساكان بێ ترووسكایی بوون, هه‌ندێك مشتومڕم له‌گه‌ڵا كاك سوعادداكرد و نه‌گه‌یشتمه هیچ ئه‌نجامێك, ئینجا بوو به مشتومڕێكی گه‌رم و گوڕ, من نه‌متوانی شێوازه‌كه‌ی قبووڵا بكه‌م,كه‌چی”ئه‌ییوب شه‌ریف”باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ئه‌مه شێوازێكی ته‌عبیرییه و گشت تابلۆیه‌ك به مانایه‌كی په‌رده‌پۆشكراو دووگیانه, له‌ڕاستیدا, ده‌متوانی ده‌رك به قووڵییهكانیان بكه‌م, به‌ڵام دانم پێیاندا نه‌ده‌نا,ده‌مویست خه‌ڵك بخرۆشێنن, هه‌ستم ده‌كرد بۆ من تابلۆكان به‌یه‌ك ده‌چن, چۆن گومه‌زی مزگه‌وته‌كان هه‌ر هه‌موو هاوشێوه‌ن, ئه ئاوا. بۆیه پێم گوت: نه‌ده‌بوو پڵیتهیهك له‌ناو ئه‌م هه‌موو شه‌وه‌دا تیشك بداته‌وه, خۆ له‌م هه‌موو تاریكاییه‌دا چاو چاو نابینێت. پاشان مشت‌ومڕ هه‌ر به‌رده‌وام بوو, عه‌له‌درێژیش, وه‌ك هه‌میشه هه‌وڵیدا شته‌كان به ئاڕاسته‌یه‌كی فه‌لسه‌فییدا به‌رێت, به‌ڵام بۆی نه‌چووه سه‌ر, ئیدی ئه‌و كه‌شوهه‌وا بارگاوییهمان به‌جێ هێشت و لێماندا ڕۆیشتین ..هه‌موو كۆڵانه‌كان گه‌ڕاین, لای مه‌زاتخانه‌كه عه‌لی وتی: با سه‌رێك له باوكت بده‌ین, من پێویستم به سپرایه‌كی خۆڵه‌مێشیی هه‌یه, ڕه‌نگه لای ئه‌و ده‌ست بكه‌وێت.
چووینه لای, هه‌ر به خووخده‌ی جارانی خۆی, وه‌كو ئه‌وه‌ی پارچه شیرینییه‌ك بێت و مێش و مه‌گه‌ز تێی ورووكابێت, ده‌وری جمه‌ی ده‌هات, پێكه‌نین خانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی دامه‌زراندبوو ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بوو, هه‌ر كه له چاوه‌كانی ده‌ركه‌وتین, هاواری كرد: ها كرماشانی..كه‌ڵه‌شێر كرماشانی چۆنی؟ عه‌له‌درێژیش وه‌كو ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانیی شتێكی دیكه‌ی لێبكات, ده‌نگی لێوه نه‌هات, ئیتر باوكم ده‌ستێكی به سمێڵه زلهكهیدا هێنا و به پێچه‌وانه‌ی گرژ و مۆنیی و كهمدووییهكهی ماڵه‌وه‌ی, ڕووخۆشانه و گاڵته‌جاڕانه وتی: وتت به دایكت؟ وتت به دایكت سهروپێیهكمان بۆ بكات و دوو پێمان بۆ هه‌ڵبگرێت؟ ئیتر ناگه‌هان ئه‌و ده‌وروبه‌ره بوو به شایلۆغانی پێكه‌نین, من زۆر ته‌ریق بوومه‌وه, به‌ڵام عه‌له‌درێژ, ئه‌گه‌رچی ده‌یزانی باوكم له ده‌ره‌وه ئه‌و گاڵته بێحهددوسنوورانهی بێ مه‌به‌ست بوون, وه‌لێ له ناخه‌وه وه‌ك كه‌فوكوڵی قاوه هه‌ڵچبوو.. ساتێك بێده‌نگیی حه‌په‌سانی پێبه‌خشین و ئیدی وه‌كو دوو دز قهلفڕمان بۆ كرد و ئه‌وێمان به‌جێ هێشت. پاش ئه‌وه‌ی نه‌ختێك دڵیم دایه‌وه, لێخنییهكهی ڕه‌وییه‌وه و به‌لای حهسیرهكهدا, به‌ره‌و پریادی شۆڕبووینه‌وه, دوو ڕۆژ بوو ئازاد شه‌یدا دیار نه‌بوو تاسه‌مان ده‌كرد و ده‌بوایه بیبینین, ئیتر نازانم دواتر له‌وێوه بۆ كوێ چووین..به‌ڵام ئه‌وه ده‌زانم كه ڕاوه‌ستان به‌رۆكی نه‌گرتین, هه‌ر ڕۆیشتین و ڕۆیشتین, هه‌ستم كرد ئه‌م شاره گه‌نجییمان ناداته ده‌م هیچ ڕه‌وت و تهووژمێك, گه‌نجییمان هه‌ر تێیدا ده‌مێنێته‌وه, گه‌نجییمان مسۆگه‌ر له‌ودا پارێزراوه..ئینجا به بێ ئه‌وه‌ی ماندوو بووبین به لای سینه‌ما خه‌ییام دا لێژبووینه‌وه و به‌سه‌ر پرده‌كه‌ی سهرخاسهدا ملی كۆڕنیشمان گرت و به‌ره‌و لای قوتابخانه‌كه‌م, ناوه‌ندیی باوه‌گوڕگوڕ په‌ڕینه‌وه, ده‌بوایه هێدمه‌یه‌كی قووڵا دامبگرێت, به‌ڵام..چاوم له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كانی گیرسانه‌وه, ته‌نانه‌ت یه‌ك شووشه‌ی ساغ چییه پێیانه‌وه نه‌مابوو, بێده‌نگ به ههورازهكهدا هه‌ڵگژاین, له‌سه‌ر پرده بچكۆلانهكهوه, به‌لای چه‌پدا خوار بووینه‌وه, له قه‌برسانه‌كه‌وه, به هه‌نگاوی سووك, سووكتر له كێشی ئه‌و په‌پووله‌پاییزه‌ی كه شوێنه‌كان گه‌مه‌ی پێده‌كه‌ن, لێژ بووینه‌وه و به‌ره‌و ته‌پپه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا, ئه‌و شوێنه‌ی كه لێیه‌وه ئه‌م گه‌شته پیادهیهمان ده‌ستیپێكرد, گه‌ڕاینه‌وه. هه‌ر كه نزیك بووینه‌وه, یه‌كه‌وڕاست ده‌نگی دایكم منی كرده‌وه به منداڵێك و كه‌وتمه ناو دوورگه‌ی تاقه هه‌قایه‌ته كاریگه‌ره‌كه یه‌وه..هه‌قایه‌تی “بولبوولێكی دڵشكاو”, گوێم سه‌رله‌نوێ پڕپڕ بووه‌وه له‌م هه‌قایه‌ته, وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی سه‌یر ڕووبدات, ته‌ماشای سه‌عاته‌كه‌م كرد, سه‌عات چوار بوو, هاوكات به یه‌كمان گوت: كوێڕا كات زه‌فه‌ری پێ بردین؟ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه هێزێكی جادوویی هه‌بوو, وه‌كو هۆكهس پۆكهسی جادووگه‌رێك وابوو, هیچ شتێك له ده‌وروبه‌رم دیار نه‌ما, كتوپڕ گوێم له ده‌نگی قاژقاژه بوو, داره‌كان ڕه‌نگی خۆیان ته‌كاند, دنیا به ته‌واوه‌تیی خۆی له تۆزی خۆڵه‌مێش وه‌ردا, تاق و ته‌نیا خۆم به‌دی كرد, نه عه‌له‌درێژ, نه ته‌پپه‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا, نه ده‌نگه‌كه‌ی دایكم, نه هه‌قایه‌ته تاقانه‌كه‌ی و نه شار و نه ئه‌و دنیایه‌یش چیدی له‌به‌رچاوم دیار نه‌ما, كه پێیه‌كانم تێیدا جێ ئه‌ته‌ری كۆنی خۆیان هه‌ڵده‌گرته‌وه. هه‌ستم كرد سێبه‌ری من جارێكی تر ناكه‌وێته سه‌ر ئه‌رزی ئه‌م شاره, ئه‌و شاره‌ی كه پارێزگاریی له گه‌نجییم كردبوو, ڕه‌ویبووه‌وه, بۆشاییه خۆڵه‌مێشییه‌كانی هه‌ر ته‌نها ده‌نگی ئه‌فسووناویی قاژقاژه تژییان كرد و سێبه‌ره‌كانیشی بایه‌كی بێ یاده‌وه‌ریی له‌گه‌ڵا خۆیدا ده‌یبردن. له‌ناكاو كتێبه‌كه له ده‌ستم په‌یدا ده‌بێته‌وه, چاوه‌كانم به سه‌عاتی سه‌ر دیواره‌كه‌دا هه‌ڵده‌شاخێت, میله‌كه له‌سه‌ر سه‌عات چواردا به قه‌تیسیی ده‌بینم, تفێكی لێده‌كه‌م و لاپه‌ڕه‌یه‌ك هه‌ڵا ده‌ده‌مه‌وه, لاپه‌ڕه‌ی كۆتاییه: ئاوا دوا دێڕی ده‌بینم: یان دوا دێڕی وای لێ دێت:”گه‌شتیاره‌كه‌ی كات به‌ر له- سی ساڵا- دیار نه‌ما. ئێستا ئیدی هه‌موو كه‌سێك ده‌زانێ كه ئه‌و هه‌رگیز نه‌گه‌ڕایه‌وه”.
ئیتر دایده‌خه‌م..بیرده‌كه‌مه‌وه, بیركردنه‌وه وه‌كو په‌نجه‌ره‌یه‌كی هه‌ڵماویی لێدێت, بۆ ساتێكی كه‌مخایه‌ن ڕوون ده‌بێته‌وه: ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی دوور له كۆڵانه‌كه‌ی جارانم هه‌میشه هه‌ستم به‌وه كردووه كه شتێكم بزر كردووه, هه‌میشه هه‌ستم كردووه كه بكه‌ومه‌وه ناوی, ئه‌و هه‌سته‌م وه‌كو شله‌یه‌ك ده‌بێ به هه‌ڵم و دیار نامێنێ, به‌ڵام..ئێستا, ئێستا پاش ئه‌وه‌ی پشیله‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان, به قهپاڵا ملی تاسه و ئاره‌زووه‌كانی بینینه‌وه‌م به‌سه‌ر دیواره‌كانی حه‌وت مه‌مله‌كه‌تدا ده‌بات و ده‌مگه‌یه‌نێته‌وه, هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌و هه‌سته شله ئاسایه‌م ناپاكیی لێكردووم. ئیتر په‌ی به‌وه ده‌به‌م كه برژانگی چاوه‌كانم چه‌شنی گژوگیای سه‌رله‌به‌یانی به دڵۆپه‌ی ورد ته‌ڕ ته‌ڕ بوونه.
ئه‌یلوولی2016: هه‌ولێر