
ژیان هەر بۆ ئەوە باشە لەناو لانکێک بیت و لەشوێنی خۆت بجولێی!.. رۆژگار خالید
بەیادی سەردەمی منداڵی و گەنجی و ئەزموونی ئێستای سەدان مرۆڤی خێرلەخۆ نەدیووی ئەم نیشتمانە .
خوێندنەوەیەک بۆ دیوانی شیعری ” پایزی زەعیم “
نووسینی ” تەلعەت تاهیر “
پایزی زەعیمێکی خەیاڵاوی و نیشتمانێکی لە کارتۆن دروستکراو و سەدان مرۆڤی شێتکراو .
لەسەرەتادا دەمەوێت بڵێم
ئەو ژیانەی تێدا دەژین بەم شێوەیە بووە !
_ دیوێکی جوانە و دیوێکی ناشیرینە .
_ دیوێکی ڕووناک و دیوێکی تاریکە .
_ دیوێکی برسی و دیوێکی تێرە .
_ دیوێکی زانا و دیوێکی نەزانە .
_ دیوێکی بەپێکەنینە و دیوی دووەمی هەمیشە گریاوە .
_ دیوێکی لەڕابردوو دەڕوانێ و دیوێکی لەداهاتوویەکی نادیار .
_ دیوێکی کۆنەپەرست و ترساو لەداهاتووی ، وە دیوێکی سەرلێشێواوە .
_ دیوێکی کڕدراوە و دیوێکی فرۆشراوە .
لە سێوێکی سپی دەچێت دیوی ناوەوەی ڕەشهەڵگەراوە .
ئەگەر ژیان کۆد و ڕەمز و شتی نەبینراوی تێدا نەبوایە شتێکی ئەوتۆ نەدەما لەبارەیەوە چیرۆکی بۆ بگێڕینەوە یانیش شیعری بەباڵای بڵێن .
هەر بۆیە پێش ئەوەی قسە لەسەر دەقە شیعرەکانی ئەم دیوانە بکەم .
بەپێویستی دەزانم وورد ببمەوە و بزانم نهێنی تێڕامانی شاعیر لەکوێی دەقی ئەدەبیاتی کوردییە تاوەکو هەڵوەستەی لەسەر بکرێت !
چونکە دەقەکان بۆ لاواندنەوەی دڵی گەنجێک نییە یانیش ستایشی کچە شۆخێکی جوان نییە ، گریان و ڕۆڕۆش نییە بۆ ساتێک یاخود ڕوودانی شتێک ، ووشەکان و نیشانەی پرسیار و سەرسوڕمانەکان و ماناکانی نێو هەر ڕستەیەک وادەکا تێڕامان و گێڕانەوەکان تووشی شۆکمان بکات ، بۆیە پێویستە دووجار وێنەکان ببینین جارێکیان سادە و جارێکیتر بەئاڵۆزی ، جارێک ڕقمان لێی بێت و جارێک بەتوندی لەباوەشی بگرین .
هەموو ئەو شتانەی لەبارەیەوە نووسیم :.
دەتوانم بڵێم نیوەی ڕاستیەکانی ژیانن و شتی لەبارەیەوە دەزانین کەچی ژیانی هەر یەکێکمان دیوێکی شاراوە هەیە پێویست دەکا هەستی پێبکەین ئەگەر هیچ شتێکی لەبارەیەوە نەڵێن .
کەواتە لەسەردەمێک دەژین هیلاکین و برسین و یانیش هەژارین و پیربووین و یادەوەرییەکان و هەموو ئەو شتانەی هەن و نابینرێن لەڕێی ئەم دەقەوە لێی تێدەگەین بۆچ شتێک لەم ژیانە ژیاوین !!
کەچی ئەو شتانەی لەپێش چاون و ئەو شتانەی ئیهمالکراون لەلای خەڵکی پرسیاری جددیان لەسەر ناکرێت شاعیر دەیکاتە پرسیار و دەیکات بەشیعر و یادەوەری !
ئاوڕدانەوە لە ژیانی منداڵی و گەنجی و بیرەوەرییەکان لەگەڵ دایک و باوک و گێڕانەوەی خەمەکان و هیلاکی ئێستای گەورەکان وادەکا لەیەککاتدا هەم ڕابردووی خۆشبووێت هەمیش ئیهمالی بکات .
شاعیر چەندە بەدوای ووشەی جوان دەگەڕێت هێندەش بەدوای ئەو شتانە دەگەڕێت مرۆڤی ئێمەی تێکشاندووە .
بۆیە هەندەکجار بەزمانی حەقیقەت دەدوێت ئەو حەقیقەتی وەک تونێلێکی تاریکە هەتا گوزەری تێدا نەکەی و لێوەی فێرنابی ، کەچی کاتەک فێردەبی ڕقت لەو ڕابردووە دەبێتەوە !
چونکە هەست دەکەی تەنیایی و ڕۆشتنی ئازیزان نیوەی خۆشیەکانی لێوەرگرتیەوە ، دڵڕەقی و بێدەنگی و توڕەیت وادەکات هەست بکەی ئەم ژیانە زوڵمی لەهەموو کەسێک کردووە .
بۆیە ناچارانە پێویستت بەڕوانینێکی جوانتر هەیە ، پەیامێکی جوانت هەبێت بۆ هەموو شتێک ، ئەم دیوانە دەتوانێت جوانییەکانی ژیان ببینی ، تێبینی و ووردبوونەوی جوانم بینی بەم شێوەی خوارەوە : .
” لەڕووی تەکنیکیەوە “
وەڵامی هەندێک پرسیاری دەداتەوە هیچ کاتێک بەخەیاڵمان نایەت شیعر بتوانێت وەڵاممان بداتەوە هەندێک شت هەیە لە ژیانمان دەیکاتە پرسیار و وادەکات خوێنەر خۆی لەژیانی ڕۆژانەیدا بەدوای وەڵامەکان بگەڕێت.
بۆ نموونە :.
زەعیم دروستکەری وەرزەکانە
بەقسەکانی بەهار دێنێ
بە کردەوەکانیشی پایز ! ” لاپەڕە 39 ” ” لەڕووی جوانبینی ” شتێکمان نیشان دەدات نابینرێت بەڵام هەستی پێدەکرێت ، لای ئەو نیشاندانی ساتێک یاخود هەڵوەستەیەک یانیش گریانێک جوانییەکی نەبڕاوی هەیە . بۆ نموونە :. دوعای پارچە پارچە دەکرد و تۆزێکی دەخستە قاپەکانمانەوە ! ” لاپەڕە 82 “
” لەڕووی مرۆڤناسی “
خەمێک هەیە یاخود هەژارییەک هەیە مرۆڤایەتی گرتۆتەوە ئەو هەژارییە تەنها شاعیران دەتوانن هەستی پێبکەن و لەبارەی بدوێن و بینووسنەوە .
بۆ نموونە :.
کەس بیری نایە لەکەیەوە بۆتە زەعیم ؟
ئەوەی زانراوە کەسێکی ئاسایی نییە
دەتوانێ کانزاکانی ژێر زەوی بخوات
پێدەشت بەدارستانەوە بجوێت و
ڕووبار هەڵقورێنی و ئاسمان بخاتە باخەڵییەوە ،
نەوت دەخاتە گیرفانییەوە و ناڕژێ ! لاپەڕە ” 17 _ 18 “
” لەڕووی هەستەوە “
بەدەگمەن ئەو شتانە دەبینین ژنان دەیکەنە قوربانی وەکو تەمەن و جوانی و لەشساغی و ئەو هێزە فیزیکیەی هەیانە لەپێناو ئەوەی ئەو دونیایە بەجوانی بمێنێتەوە لەکاتێکدا پیاوان هەموو شتێک دەشێوێنن.
بۆ نموونە :.
ئای لەباشی ژنەکان
مرۆڤ دروست دەکەن
چێشت و دوورمان و چاکردنەوەی دڵ دەزانن
ئێمەی نێرینەش چیمان کرد ؟
قامچیمان بەپشت ناساند و
هەندێک کلتورمان لەناوبرد و
ئەمەریکاشمان دۆزییەوە …. ! ” لاپەڕە _ 115 “
” گێڕانەوەی سەردەمێک “
شیعر سەردەمێک دەگێڕێتەوە ئەو سەردەمی بووە بە مێژوویەکی تاڵ و ناخۆش ، سەرباری برسیەتی و هەژاری و شەڕی براکوژیمان دیت .
لەم سروشتە جوانەی ئێمەدا
تاکەدار کەنەک مێژوو
کەنەک ئەدەب پایزیش دەرەقەتی نەیەت براکوژییە ! ” لاپەڕە _ 99 “
” کاتێک مردن نایەت “
لەچاوەڕوانی مردنێکی ڕەشدا کەچی مرۆڤەکان سەدان خەونی ڕەنگا و ڕەنگیان هەیە و کەچی مردن خاڵی ڕەشی هەموو شتێکە و چارەی هیچ ڕەنگێکی ناوێت .
لە ژیان ڕاهاتووین
خەمی ئەوەمانە بمرین
لێرە گۆڕستانیش دیواری هەیە ! ” لاپەڕە _ 103 “
” گێڕانەوەی ژیانی پادشاکان “
لەڕاستیدا شیعر ئەو دیوەی شتانەمان نیشان دەدا سەرکردە و پادشا و کوڕەکانیان ڕوانینێکی خەیاڵییانە و سەیر و سەمەرەیان هەیە بۆ ژیانی خەڵکی ئاسایی بۆیە بەگشتی ئەو شتانە دەنووسنەوە خۆیان دەیانەوێت ، گرنگ نییە تۆ کێی و چۆن دەژی ، پێویستە گرنگی بەهەموو شتێک بدەیت پادشاکان دەیانەوێت .
زەعیم بێ ئەوەی نووسەر بێت
دەمانخوێندەوە
زەعیم بێ ئەوەی خوێنەر بێ
دەمانووسییەوە . ” لاپەڕە _ 133 “
” مرۆڤی بێجوولە “
ژیانێکی مۆمیاکراو ئەو شێوە ژیانەیە هیچ جوولەیەکی جەستەیی و فکر و خەیاڵی تێدا نییە ، هەموو شتێک ڕەقبۆتەوە مۆمیا ناتوانێت بجوولێت چ بگاتە ئەوەی بیەوێت بژیت .
قاچی لەشوێن گیربووە
چاوەکانی لەزەمەن بێشومار مردنی دیت
لەپێخەفی یەک تەمەن . ” لاپەڕە _ 104 “
” زاڵمێکی شێت و خەلەفاو “
دڵی خۆشە مێژوویەکی ناشیرین دەنووسێتەوە و پێی وایە دەتوانێت هەموو شتێک بە جادووێک یانیش سحرێک بەتاڵ بکاتەوە و پێی وایە پاڵەوانە خەڵک دەبێت خۆشیان بوێت .
ئەم پشتە
بەرگەی چەند زاڵم بگرێ ؟
لەچاڵی گەروودا چەند گۆرانی بنێژین ؟
بۆچی مردن تەنها ماوە ؟!
لەجەستەی شوێندا تەنها قەبر و زیندان باوە ؟
پێمان بڵێ :
لە پۆشاکی زەمەندا چەند پینە ڕێگەپێدراوە ؟ ” لاپەڕە _ 105 “
کورسییەکی جێگیر و چاوێکی جووڵاو
موعجیزەیە
بەهۆی بیرکردنەوەی وەستاوەوە خەون غلۆر بێتەوە ! ” لاپەڕە _ 88 “
ئەوەی وایکرد بەم ڕۆژە بگەین
بەس تۆ نەبوویت … ئێمەش بووین
ئێمەش خاک و نەتەوەمان لە حوکمڕانی جوودا نەکردەوە .
” لاپەڕە _ 77 “
ئیتر بەسەرچوو ڕۆژگاری ئەو دڵانەی بەدروشمێک چاک دەبوونەوە !
بەسروودێک پاک دەبوونەوە !! ” لاپەڕە 76 ” کەچی ئێستا دەیانزانی باشترین چاکە کە شۆڕشگێڕ بیکات ئەوەیە پێش وەرگرتنی دەسەڵات شەهید ببێ ! ” لاپەڕە _71 ” زەعیم گەورەترین گرفتی ئەوەیە ئەم وڵاتەی بەسەریەکەوە بۆ نافرۆشێت !! ” لاپەڕە 53 “
هەرکەسە و کۆیلەی ئاراستەی خۆیتی
ئەو کۆیلەی ئەو بیرۆکەیە بوو کە ئێمە بمێننەوە
ئێمەش کۆیلەی ئەو ئازادییە بووین کەڕۆژی دوای نەمانی ئەو چیمان بەسەر دێ ؟ ! ” لاپەڕە _ 131 “
چەند ووشەیەک بۆ کۆتایی ” کاریگەری ووشە “
دونیای شیعر و فکری شاعیر زۆر جیاوازە لەم ژیانەی تێدا دەژین !
بۆیە هەموو کاتێک خەیاڵ بەهێزترە لە حەقیقەت ، خەیاڵ جوانترە لە ڕاستییەکانی ژیان .
ئەگەر کاریگەری ووشە ئەوەندە بەهێز نەبوایە و مرۆڤی لەچاوەڕوانی ژیانێکی باشتر و جوانتر و دادپەروەرانەتر شێت دەبوو .
مرۆڤ ناتوانێت رووبەڕووی ئەم هەموو ستەم و زۆرداری و ناخۆشی ژیان و برسیەتی ژیان ببێتەوە ئەگەر بەخەیاڵ نەڕوانێت .
هەر ئەوەشە وادەکا مرۆڤ بەرگەی ئەو ژیانە نەگرێت ئەگەر شیعری لێوەربگرینەوە !
بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ نووسینی دەستپێکی کتێبەکە بەم شێوەیە نووسراوە :.
لەپەراوێزی ڕۆمانی ” پایزی پاتریکی _ گابرێل گارسیا مارکێزەوە ” .
تێبینی /
هەر کەسێک هەستی کرد ئەم دەقە ڕەفتارەکانی دەگرێتە خۆی ئەوا هەڵەی ئەم نووسینە و ڕۆمانی گابرێل گارسیا مارکێز نییە، بەڵکو هەڵەی کار و کردەوەکانی خۆیتی ، خۆ ئەگەر خۆیشی تێدا دۆزییەوە ئەوا پێش هەموو شتێک پێشکەشە بە ئەو .