ڕووسیا و كورد … ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی
هه‌ڵوێستی رووسیا له ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری دا …
ڕووداوه‌كانی دوای ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان خه‌مساردی و بێده‌نگی دۆستانی كوردی پیشاندا، له‌به‌رامبه‌ر گوشاره‌كان بۆ سه‌ر باشووری كوردستان، بۆیه هه‌ندێ كه‌س هاتنه‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كورد واز له دۆستایه‌تی و پشتیوانی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا بێنێ و ڕوو له ڕووسیا بكات، له‌وانه‌یه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمیش كردی هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه هاتبێ، كه دووه‌م ڕۆژی دوای ڕیفراندۆم گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (ڕووس نه‌فت)ی ڕووسیا ببه‌ستێت، كه پێیان وایه ڕووسیا دۆستێكی ڕاسته‌قینه‌تری كورده و پێویسته كورد ڕووی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی به‌ره‌و ڕووسیا وه‌رگێڕێ، بۆیه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و وته‌یه‌ی كه (ئاینده له‌سه‌ر ڕابردوو بنیات ده‌نرێت)، پێویسته ئاوڕێك له‌په‌یوه‌ندی ڕابردووی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بده‌ینه‌وه و چاوێكی خێرا به‌قۆناغه‌كانی په‌یوه‌ندی ڕووسیا له‌گه‌ڵ كورد بگێڕین.
سه‌رچاوه مێژووییه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه، ڕووسه‌كان له‌دێر زه‌مانه‌وه به‌بایه‌خه‌وه له نه‌ته‌وه‌ی كوردیان ڕوانیوه و هه‌میشه كوردیان به‌جه‌نگاوه‌ری ئازا و قاره‌مان زانیوه و هه‌وڵیان داوه بۆ فراوان كردنی سنووری قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاتیان بۆ گه‌یشتن به ئاوه‌گه‌رمه‌كان له كورد نزیك ببنه‌وه، بۆیه ڕووسیای قه‌یسه‌ری له جه‌نگ و ململانێكاندا له‌گه‌ڵ ئیمپڕاتۆریه‌كانی فارس و عوسمانی‌دا هه‌وڵی داوه كورد به‌لای خۆیدا ڕاكێشێت. یان لانی كه‌م له جه‌نگدا بێلایه‌نیان بكات، به‌رامبه‌ر به‌وه هه‌ندێ به‌ڵێنیان پێ بدات، به‌ڵام دواتر له به‌ڵێنه‌كانی پاشگه‌زبۆته‌وه و هیواو ئاواته‌كانی كوردی كردووه به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی.
كورد هه‌میشه هه‌وڵیداوه په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ رووسیا هه‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ڕووسیا زیاتر كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر پێوه‌ندی نێوان كورد و رووس، و كورد و ئه‌رمه‌ن هه‌بووه، سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده ڕووسه‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورده‌كانی یێریڤانِِ باش نه‌بووه و باجی زۆریان لێ سه‌ندوون، به‌ڵام باجی له‌ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌رنه‌ده‌گرت و له‌هه‌موو شوێنێك فه‌رمانداری ئه‌رمه‌نه‌كانی به‌سه‌ر موسوڵمانه‌كانه‌وه دانابوو، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆری كورد بۆ په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌رمه‌نه‌كان، به‌ڵام به‌فیتی ده‌وڵه‌ته بێگانه‌كان به‌تایبه‌ت ڕووسیا زۆرجار ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌ستیان له‌تاڵان و سوتاندنی دێهات و بردنی مه‌ڕوماڵاتی ناوچه كوردییه‌كان هه‌بووه، هه‌تا ساڵی (1853) كورد له‌دژی ده‌زگاكانی یاسایی ناوچه‌ی ئه‌رمه‌ن ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه، به‌ڵام ڕووس زیاتر گرنگیان به ئه‌رمه‌ن داوه، له‌ساڵی (1854) ئه‌و كوردانه‌ی كۆچیان ده‌كرد بۆ ڕووسیا مه‌رجیان بۆ دانا بوون، كه‌سانی ئه‌رمه‌نیان ده‌كرده فه‌رمانده‌یان، به‌ڵام كورده‌كان ڕازی نه‌بوون، به‌ڵكو یان ڕووسی یان ده‌بێ كورد بێت، كه‌واته ڕووسه‌كان هۆكارێكی تێكچووونی په‌یوه‌ندی نێوان كورد و ئه‌رمه‌ن بوون، ساڵی (1855) ڕووسه‌كان ئاگاداری ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ش بوون له‌لایه‌ن كورده‌وه له‌ئه‌رمه‌ن ده‌كرا، به‌ڵام چاره‌سه‌ریان نه‌ده‌كرد.
بایه‌خدانی ڕووسیا به‌ئه‌رمه‌نه‌كان جگه‌له ئاینێكی هاوبه‌ش نه‌بێت، هیچ شتێكی دیكه كۆی نه‌ده‌كردنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌راورد به‌كورد هیچ سوودێكی بۆیان نه‌بووه، سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی ڕووس (پ.ی. ئه‌ڤریانۆڤ) ده‌ڵێت:” له‌كاتی پێكدادانی شه‌ڕی ئێمه و عوسمانیه‌كاندا پۆلیسه ئه‌رمه‌نه‌كان هیچ قازانجێكیان بۆ ئێمه نه‌بووه، ئه‌وانه هه‌میشه له‌كاتی هێرش كردنه‌كاندا هه‌ڵده‌هاتن، وه‌ك دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌وانه دوای شه‌ڕه‌كان ته‌نیا بۆ كوشتن و سه‌ربڕینی موسوڵمانه‌كانی شاره‌كان ئاماده بوون.”
له‌كاتی جه‌نگی ڕووسیا- عوسمانی له ساڵی (1877-1878) سه‌رۆكه كورده‌كان سه‌ره‌تا خۆیان بوارد له به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه، به‌ڵام له دواتر به‌هۆی گوشاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی و بانگه‌شه‌ی غه‌زا و به‌شداری موسڵمانان به‌ناوی دینه‌وه له‌و شه‌ره‌دا هه‌ندێكیان به‌شداریان كرد به‌تایبه‌تی سه‌رۆكه كورده دیاره‌كه‌ی ئه‌و كات شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری، به‌ڵام به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای به‌شداری كردنیان هێزه‌كانی (شێخ عوبه‌یدوڵڵا) بێزاری خۆیان له‌بارودۆخه ده‌ربڕی و به‌ره‌كانی شه‌ڕیان به‌جێ ده‌هێشت، بێ گومان ململانێ و جه‌نگی رووسی – عوسمانی بۆ كورد زیانی زۆر بوو ژیانی لێ تێكدان، كاتێك كورد خراپه‌كاری و زوڵم و سته‌می عوسمانیه‌كانیان بۆ ده‌ركه‌وت ورده ورده به‌خۆیان و چه‌كه‌كانیانه‌وه به‌ره‌كانی جه‌نگیان به‌جێ هێشت. رووسه‌كان ویستیان قارس داگیر بكه‌ن، كورده‌كان هاوكاری رووسه‌كانیان ده‌كرد له (6)ی تشرینی دووه‌می (1877) قارس گیرا، پاش ئه‌وه‌ی رووسه‌كان قارس و باریه‌زیدیان گرت، هه‌ستیان به‌بێزاری كورد كرد به‌رامبه‌ر به‌عوسمانیه‌كان، وه‌ك (ئیڤانۆڤ)ی كونسۆڵی رووسیا له‌ئه‌رزڕۆم له‌پاش داگیركردنی قارس ده‌نووسێت: ” بڕوام وایه كوردستان بیر له ڕاست بوونه‌وه ده‌كاته‌وه و بگره خۆی بۆ ئاماده ده‌كات.” كوردی ناوچه‌ی ده‌رسیم دوای سه‌ركه‌وتنی ڕووسیا له‌به‌ره‌ی قه‌فقاسدا ڕاپه‌ڕینیان به‌رپاكرد.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووسیای تزاری پێ باشتر بوو له ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپاییه‌كانی تر، ڕه‌نگه هۆی ئه‌مه ئه‌وه بووبێ رووسیا هاوسنوور و هه‌میشه كێشه‌ی شه‌ڕ و سنووری له‌گه‌ڵ توركیا هه‌بوو، له‌لایه‌كی تریش ده‌وڵه‌ته‌كانی تر به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا له‌كوردستانه‌وه دوور بوو، هه‌میشه هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌كورد باش نه‌بوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵا له ساڵی (1879) نوێنه‌ری خۆی بۆ كونسۆڵگه‌ی رووس له‌ئه‌رزروم نارد بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ هه‌ڵوێستی رووس چی ده‌بێ ئه‌گه‌ر شێخ شۆڕش بكا، نوێنه‌ره‌كه بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه، شێخ یارمه‌تی و كۆمه‌كی ڕووسه‌كانی له‌هی هه‌ر لایه‌نێكی تر پێ باشتره. كاتێك شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئاماده‌كاری ده‌كرد بۆ ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووسیا به‌وردی چاوێری ده‌كرد، كاربه‌ده‌ستانی رووس هه‌وڵیان ده‌دا پشتیوانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ نه‌كرێت، له‌نامه‌یه‌كی نهێنیدا كه بۆ سه‌رۆكی قه‌زای ئیچمیازدین نێردرابوو، ئامۆژگاری و ئاگادار كردنه‌وه‌ی تێدا بوو” به‌بۆنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كورده‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانیه‌وه، گومانی تێدا نیه له‌ته‌ك ناوه‌رۆكی سیاسی ناوه‌رۆكێكی ئاینیشی هه‌یه، داوا له جه‌نابی پایه‌به‌رزتان ده‌كه‌ین كورده‌كانی قه‌زاكه له‌چاو ون مه‌كه‌ن و به‌هیچ جۆرێك ڕێگا مه‌ده‌ن به‌شداری ئه‌و ڕاپه‌ڕینه بكه‌ن، نه‌به‌پاره و نه‌به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیان نه‌ده‌ن” به‌ڵام شێخ له‌ناو كورده‌كان ناو و پایه‌یه‌كی به‌رزی هه‌بوو، خه‌ڵكی به‌خۆشیه‌وه پێشوازی بیر‌و ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان ده‌كرد.
پاش ئه‌وه‌ی رووس كونسۆڵگه‌ی له‌شاری وان كرده‌وه، شێخ نوێنه‌ری خۆی سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عید بۆ لای (كامساراكان) نارد، نوێنه‌ره‌كه بۆ كونسۆڵی ڕوون كرده‌وه، كورد ده‌توانێ ڕۆڵێكی گرنگی هه‌بێ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له‌نێوان رووسیا و عوسمانی هه‌ڵبگیرسێ. چونكه هه‌موو ناوچه گرنگه‌كان له‌به‌رده‌ستی كوردایه. به‌ڵام (كامساراكان) به‌خه‌مساردییه‌وه گووتی: باشێخ داواكانی بخاته به‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی. چونكه له‌وكاته‌دا رووس و عوسمانی په‌یوه‌ندی باشیان هه‌بوو. پێده‌چێ (كامساراكان) دژی هاوكاری كورد بووبێ زیاتر له‌گه‌ڵ هاوكاری مه‌سیحیه‌كاندا بووه.
له‌كاتیكدا داواكاری و پشتیوانی كوردله‌سه‌ر حیسابی ڕووسیا نه‌بووه و ته‌نیا داوای هاوكاری بووه له ڕووسیا له‌به‌رامبه‌ر دا كوردیش هاوكاری ڕووسیا بكات، (ئه‌ڤریانۆڤ) له‌كتێبه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: ” هه‌میشه كورده‌كان پێشنیاری ئه‌وه‌یان كردووه هاوكاریمان بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه(رووس) هیچ كاتێك نه‌مانتوانی له‌گه‌ڵ كورده‌كان پێكه‌وه بچین به‌گژ توركدا و نه‌مانتوانی له‌هیچ كاتێكدا نرخی ئه‌و داخوازیانه‌ی كورد هه‌ڵسه‌نگێنین”
شێخ عوبه‌یدوڵڵا پلانی دانا تا هێشتا ناڕازیه‌كان له‌خۆی كۆبكاته‌وه و له خاكه‌لێوه‌دا ده‌ست به‌جه‌نگ بكاته‌وه. (ژانویه‌ی 1881). به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ته‌قه‌للایانه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و فه‌رمانده‌كانی كورد، ته‌قه‌للای گه‌وره‌تر و سامناكتری گه‌له‌كۆمه‌كێی ده‌وڵه‌تان له دژی به‌رنامه‌كانی كورد هه‌بوون، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ئێران، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شۆڕشه‌كه و بگره پێش هه‌ڵایسانی شۆڕشه‌كه، ده‌رباری قاجاری و خودی (ناسره‌دین شا)، به‌په‌له و هه‌ڵپه له‌گه‌ڵ: ڕووسیا، ئینگلستان، و عوسمانی به‌گه‌رمی كه‌وتبووه ته‌قه‌للای كاری دیپلۆماسی و ڕاوێژ و نامه و نوێنه‌ر ناردن و گۆڕینه‌وه، بۆ لای یه‌كتری و ڕێگا گرتن له ته‌نینه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه، له‌م پێناوه‌شدا ئێران تكا و داخوازی له ئینگلستان بۆ ئه‌وه بوو، داوا له ڕووسیا بكه‌ن، هێز و له‌شكری خۆی، بۆ سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجانی خواروو بنێرێ، و گوشار بخه‌نه‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، تا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێگا له‌هه‌وڵی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ڕابه‌رانی تری كورد بگرێ.
دوای شگستی ڕاپه‌ڕینه‌كه و گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشماوه‌ی هێزه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ ناو وڵاتی عوسمانی بوو به‌هۆی كێشه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌نێوان ده‌وڵه‌تی عوسمانی و قاجاریدا، حكومه‌تی ئێران داوایان له‌حكومه‌تی عوسمانی كرد بوو، شێخ عوبه‌یدوڵڵایان بداته ده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی سزای بده‌ن. له‌وه‌دا رووسیا و به‌ریتانیا لایه‌نگیری ئێران بوون، به‌جووته به‌توندی داوایان له كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی كرد بوو سزای شێخ عوبه‌یدوڵڵا بدات.
دوای سه‌رنه‌كه‌وتنی ڕاپه‌ڕینه‌كه و شكانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، له‌جیاتی هاوكاری كردنی شێخ بۆ به‌رده‌وامی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی، رووس و ئینگلیز گوشاریان خسته‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عوسمانی، پشنیاز بكات بۆ شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، تا ناچاری بكات له‌وێ بمێنێته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی بۆ مه‌رامه‌كانی خۆی به‌كاری بێنێ.
له‌ساڵی1881 دوای وتوێژ و كۆششێكی زۆر ده‌وڵه‌تانی رووسیا و به‌ریتانیا شێخ عه‌به‌یدوڵڵایان گه‌یانده ئه‌و بڕوایه‌ی پێویسته له‌ڕێگای وتوێژه‌وه چاره‌سه‌رێك بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد بدۆزێته‌وه. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا هه‌ستا به‌نێوانگیری له‌نێوان شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانی بۆ ڕازی كردنی شێخ سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات هه‌ڵوێستێكی ناحه‌زانه‌ی له‌گه‌ڵ كورد دا نواند و له‌پایزی (1882) بزوتنه‌وه‌كه‌ی تێك‌شكاند شێخ له ئه‌نجامی زۆر لێ كردن و سه‌ركردنه سه‌ری ناچار بوو بچێت بۆ لای سوڵتان و له‌وێ یه‌كسه‌ر ده‌سبه‌سه‌ر كرا.
پاش ده‌ستبه‌سه‌ری و ڕاكردنی شێخ له ئه‌سته‌مبوڵ و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان، شێخ عوبه‌یدوڵڵا نوێنه‌ری خۆی عه‌لی قاسم ئۆغلی نارد بۆلای (كامساراكان) جێگری كونسۆڵی روس له ورمێ، داوای لێ كرد پشتگیری شێخ بكه‌ن و هیچ داوای مه‌عنه‌وی و دارایشی له‌رووس نیه، به‌ڵام ڕای رووسه‌كان وابوو پێویسته شێخ داوای لێ بكرێ گوێڕایه‌ڵی حكومه‌تی عوسمانی بێ قه‌ید و شه‌رت بێ. ئه‌مه‌ش وای له شێخ كرد هیچ ئومێدێكی به‌رووس نه‌بێ.
حكومه‌تی رووسیای تزاری و به‌ریتانیا ده‌مارگیریه‌كی مه‌سیحیگه‌ری توندیان به‌رامبه‌ر به‌چاره‌نوسی ئه‌رمه‌نیه‌كانی توركیا و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له كوردستانی توركیا ده‌ژیان نیشان ده‌دا. مه‌به‌ستیشیان هه‌ر ئه‌وه‌بوو پاراستنی مافی ئه‌رمه‌نیه‌كان به‌ناوی مه‌سیحیگه‌ریه‌وه بكه‌نه بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌باری سیاسیه‌وه تین بۆ سوڵتان بێنن. ئه‌وه‌ندی په‌یوه‌ندی به‌كوردیشه‌وه هه‌بوو ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته مه‌سیحی كوردیان هه‌ر به مرۆڤ نه‌ده‌زانی.
ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپیه‌كان گوشاریان ده‌خسته‌ر سه‌رده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌ناوی چاكسازی بۆ ئه‌رمه‌نه‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌مه بووه هۆی توڕه بوونی عوسمانی له‌ساڵی (1880) عوسمانیه‌كان به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیان ده‌دا كورد به‌گژ ئه‌رمه‌ندا بكه‌ن، وه‌كو ئامرازێك دژی چاكسازی به‌كاری بهێنێت. به‌ڵام شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕێگای نه‌دا ئه‌و ویسته‌ی عوسمانیه‌كان بێته‌دی. سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ په‌ڕۆشی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئاسوورییه‌كان، به‌ڵام حوكمدارانی له‌خۆبایی ئاسووری هه‌میشه مه‌یل و ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵات بوون به‌سه‌ر كورددا، له‌سه‌ره‌تاوه تا كۆتایی له‌گه‌ڵ كورد خه‌ریك بوون، هه‌میشه زیانیان پێ گه‌یاندووه و خۆشیان زیانیان كردووه.
بۆ زیاتر پته‌و كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه شێخ ڕووی كرده (مارشه‌معون) و داوای لێ كرد لابداته‌لای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد. به‌ڵام ئه‌ویش وه‌ڵامێكی دایه‌وه هیوای ڕێك كه‌وتنی تێدا نه‌بوو. له كۆتایی مایسی ئه‌و ساڵه‌دا (كامساراكان)ی یاریده‌ده‌ری كونسوڵی رووسیا له‌گه‌ڵ (مارشه‌معون) یه‌كیان دی، (مارشه‌معون) به‌ئاشكرا ئه‌و ڕاستیه‌ی بۆ دركاند و گوتی:
” شێخ هه‌وڵیدا به‌لای خۆیدا ڕای بكێشێت، به‌ڵام ئه‌م ڕازی نه‌بوو به‌شداری بزووتنه‌وه‌كه‌ی شێخ بكات، چونكه ڕای وابوو ده‌وڵه‌ته ئه‌وروپاییه‌كان ئه‌مڕۆ بێ یان سبه‌ی باری سه‌رشانی گاوره‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سووك ده‌كه‌ن”.
یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی بووه هۆی شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا، رووسیا و ئینگلته‌ره و توركیا هه‌ڵوێستی دژ به ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردیان گرته‌به‌ر. رووسیا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر بوو له‌ئیران، ئینگلته‌راش له‌وكاته‌دا كاریگه‌ری زۆریان هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌سته‌مبوڵ.
پاش دوورخستنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد كه‌وته كزی و هێمن بووه‌وه، ئه‌سته‌مبوڵ گه‌لێك له‌و سه‌رۆكه كوردانه‌ی كڕی ڕۆژی خۆی پشتگیری ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی عوبه‌یدوڵڵایان كرد بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان (1880) به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بایه‌خێكی گرنگی هه‌بوو، ئه‌گه‌رچی سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، به‌ڵام هه‌نگاوێكی گرنگ بوو بۆ به‌ره‌و پێش بردنی كێشه‌ی كورد. له‌ڕاستیدا ئه‌م ڕاپه‌ڕینه له هه‌موو ڕاپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌كانی پێشووی كورد به‌تواناتر بوو له‌هه‌ردوو لایه‌نی سیاسی و ڕێكخستنه‌وه. دامركاندنه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌بووه مایه‌ی ئارامی له كوردستاندا، هه‌رچه‌نده ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا نه‌یتوانی ئامانجه گه‌وره‌كه‌ی به‌دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ كورد به‌دیبێنێ، به‌ڵام توانی جۆرێك یه‌كێتی كوردستانی ژێر سایه‌ی تورك و فارس نیشان بدات و یه‌كخستنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌گوێی داگیركه‌رانی كوردستاندا بچرپێنێ.
هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌گه‌رچی كورد هه‌میشه به‌باوه‌ڕی پته‌وه‌وه هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندی باشی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڕووسیا هه‌بێت، به‌ڵام ڕووسیا هه‌میشه پشتی له‌كورد كردووه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆشی هاوكارییه‌كی كه‌می كوردی كردبێت، له‌ناوه‌ڕاستی ڕووداوه‌كاندا به‌جێی هێشتوون و پشتی تێكردوون، له‌به‌رئه‌وه كورد پێویسته وانه له‌ڕابردوو وه‌ربگرێ و ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخی سیاسیش داوای په‌یوه‌ندی و پشتیوانی له‌ڕووسیا بكات، به‌ڵام هه‌رگیز نابێت ئه‌وه‌نده بچێته پێشه‌وه كشانه‌وه و پشت تێكردنی ڕووسیا ببێته هۆی كاره‌سات و سه‌ربڕینی خواسته‌كانی كورد.
ڕه‌سوڵ بۆ سكێنی
3011- 2017
—————————-
بۆ ئه‌م بابه‌ته سوود له‌م سه‌رچاوانه وه‌رگیراوه:
1- دكتۆر عبدوللا عه‌لیاوه‌یی، كوردستان له‌سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی‌دا، چاپی سێیه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر 2004.
2- دكتۆر جه‌لیلی جه‌لیل، ڕاپه‌ڕینی كورده‌كان ساڵی 1880، وه‌رگێڕ له‌رووسی یه‌وه: دوكتۆر كاوس قه‌فتان، چاپخانه‌ی الزمان-به‌غدا، 1987.
3- محه‌مه‌د ڕه‌سوڵ هاوار، كوردوباكوری كوردستان له‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه هه‌تا شه‌ری دووهه‌می جیهان، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، 2006.
4- هه‌ستیار كه‌مال كوردی، سیاسه‌تی رووسیای قه‌یسه‌ری به‌رامبه‌ر به‌كورد(1850- 1914)، سلێمانی 2011.
5- نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا، شۆرشی عوبه‌یدوڵاڵای نه‌هری له‌به‌ڵگه‌نامه‌كانی فه‌ره‌نسیدا (1879-1882)، سلێمانی 2004.
6-كامه‌ران محه‌مه‌د حاجی، كوردستان له‌بازنه‌ی كێشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا 1800- 1900، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر 2007.