Skip to Content

قەسیدەی خەمنووسێکی عاشق.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

قەسیدەی خەمنووسێکی عاشق.. شیعری: ستیڤان شەمزینی

Closed
by كانونی دووه‌م 2, 2022 General, Poems

لەسەر بانیژەی کات
بە قەڵەمی گرینۆکی تەنهایی
کتێبی بێدەنگیم ئەنووسی
ژاوەژاوم رەش دەکردەوە و
بە فۆنتێکی باریکتر
سەرگوزەشتەی شاعیرێکم
یادداشت کرد
کە بە پەلکە زێڕینە
شەقامەکانی ئاسمانی ئەڕازاندەوە
چۆڕاوی ئەو بارانەم ئەنووسی
لە چاوی بولبولێکی تۆراوەوە دەڕژان
پێناسەی ئەو شیعرانەم ئەکرد
لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە
بەڕێوەن و ناگەن بە هیچ کەس
خەونی ئەو ئاوێنانەم ئەخوێندەوە
هەزارەها رووی گوناهباریان دیوە و
شەڵاڵن لە هەزارەها سەرنجی تاوانبار
کراسی خوێناویی ئەو پەروانانەم
لە رەنگی زەردی هەتاو هەڵدەکێشا
لە یەکەم ژوانی شەمعدا کوژران
دڵنەوایی ئەو نیگا سپیانەم ئەکرد
پڕ ببوون لە دوکەڵی خواحافیزیی
گوێم بۆ چیرۆکی دەریا دەگرت
کاتێک باسی بێ ئەمەکی
پاپۆڕەکانی ئەگێڕایەوە
خۆم دابووە بەر شەپۆلی خەیاڵ
کە ئەیبردم بۆ گۆڕستانەکانی مێژوو
لەوێ سڵاوم لە سەدان شاعیر دەکرد
لە نێو دیوانەکانیاندا
لەوێ هەزارەها جۆگەی خۆکوژم ئەبینی
لە کاتی گریانی ئاودا
لەوێ دەیان عیسای عاشقم ئەبینی
بە خاچی پەیمانی شکاوەوە
لەوێ هەزاران خەونی شیرینم ئەبینی
بەدەم رەشەبای تاڵی کابووسەوە
لەوێ هەزارەها بەهەشتی خنکاوم ئەبینی
لە بیرە دۆزەخییەکانی جەنگدا
لەوێ هەزارەها کۆتری سەربڕدراوم ئەبینی
بە کێردی شەرەفی دۆڕاوەوە
لەوێ هەزارەها باخی سووتاوم ئەبینی
بە کڵپە و گڕی عەشقی ناکام
لەوێ هەزارەها ماچی وەریوم ئەبینی
بەسەر روومەتی چرچی ژیانەوە
لەوێ هەزارەها پیاوی خراپەکارم ئەبینی
لە کاتی گوشینی مەمکی تاواندا
خۆم دابوو بە دەم تۆفانەکانی فەنتازیاوە
کە ئەیبردم بۆ کوچەکانی گومان
لەوێ سەدان پرسیاری مناڵکارم بینی
بە دیار وەڵامەوە، ریشیان سپی ببوو
لەوێ سەدان فریشتەی خەمبارم بینی
بەدیار عەشقێکی شێتانەوە
پرچی سپییان هۆنیبووەوە
لەوێ سەدان باوەشی تەنیام بینی
لە حەسرەتدا ببوون بە پەیکەر
لەوێ سەدان دارستانی رووتەنم بینی
بۆ یەک تاکە خەندەی یار
قژی خۆیان رنیبووەوە
لەوێ سەدان مەلەوانی خنکاوم بینی
لە چۆمی شۆخە ژنێکدا نغرۆ ببوون
لەوێ سەدان دڵی شووشەیم بینی
بە بەردی دابڕان ورد و خاش ببوون
بە باڵی نەوڕەسەکانی ئەندێشە ئەفڕیم
بەرەو ئەو باخانەی
بە خوێنی عاشقان ئاو ئەدران
لەوێ هەزار پەپولەی لە سێدارەدراوم بینی
بە تاوانی تێپەڕین
بەناو تەلبەندەکانی حەرامدا
لەوێ سەدان چەمی وشکبووم بینی
کە لەناو دۆڵەکانی دابڕاندا خنکابوون
لەوێ هەزاران برینی تەڕ و قووڵم بینی
وەک تاڤگە هاژەیان ئەهات و
وەک کانیاو خوێنیان لێوە هەڵدەقوڵا
هەر برینێک حکایەتێکی هەبوو
یەکێکیان کریستاڵی چاوەڕوانی بڕیبووی
یەکێکی تر شوشەی مەراق تیغی کردبوو
یەکێکی تریش چەقۆی کولتوور
وەک دارکونکەرە لەشی کردبوو بە بێژنگ
لەوێ ملیۆنەها “قابیل”م بینی
کێردی بۆ کوشتنی “هابیل”
بە هەسانی ئیبلیس تیژ دەکردەوە
لەوێ چەندان شیعری هەڵوەریوم بینی
وەک فرمێسکێکی بێدەنگ
لە قەڵەمی شاعیرێکەوە دادەبارین
هەر شیعرێک داستانێکی حەزینی هەبوو
یەکێک ماچە وەریوەکانی دەگێڕایەوە
یەکێکی تر گۆرانی پەشیمانی ئەچڕی
یەکێکی تریش ئالودەبوونی
حەقیقەتی بە یەئس دەهۆنییەوە
ئەوانیتریش هەر هەموو
سەمفۆنیایەک بوون لە نائومێدیی و
پەنجەرەیەک بوون هەمیشە چاوەڕوان
ئاسۆیەک بوون هەردەم تاریک
خەونێک بوون هەمیشە بزڕکاو
پێکێک بوون لە شەرابی تێکشکان
پرسیارێک بوون بێ وەڵام
تێکست بوون، بێ هیچ خوێنەرێک
مەرگ بوون لە تابووتی ژیاندا
مەی بوون لە جامی زامدا
گریان بوون لە باوڵی پێکەنیندا
بەسەر پشتی گالیسکەی عەشقەوە
هێمن هێمن هەنگاوم ئەنا
رووەوە باخە رەنگاڵییەکانی تریفە
لەوێ تۆم بینی لە پیاڵەی خەمدا
پێک پێک شەرابی ئەوینت پێدام
لەوێ تۆم بینی ئاگرت ئەکردەوە
ئاگرێک بەربوو لە تەنهایی من و
لەو گیا وشکبووانەی رۆژانی غەریبیم
لەوێ تۆم بینی
کراسی کازیوەت لەبەردا بوو
پرشنگت ئەدا بەسەر برینەکانی مندا و
بە زەردەخەنەیەکی مۆنالیزاییەوە دەتووت
ئەی مەلولترین پیاو بەخێر بێیت
بۆ ناو ئێوارە رووخۆشەکانی من
لەوێ تۆم بینی، پەنجەرەکانی ژیانت
بە دەستەکانی ئومێد دەکردەوە و
پێت دەوتم ئەی نامۆترین پیاو
هەزاران ساڵە ئەم پەنجەرەیە
لە چاوەڕوانی تۆدا ئێشکی گرتووە
دڵی ژەنگی زەمەنی گرتووە
ئەوە منم بۆ یەکەمین جار
بە رووی تۆدا بۆ ئەبەد ئەیکەمەوە
لەوێ تۆم بینی کفنت ئەدوری
کفنێک بۆ مەراقە سەرمەدییەکانی من و
شەوە چاوەڕوانەکانی خۆت
کفنێک بۆ خەونە تاڵەکانی من و
رۆژە تفتە ناکۆتاکانی خۆت
کفنێک بۆ شیعرە وەڕسەکانی من و
خەیاڵە پەرێشانەکانی خۆت
لەوێ تۆم بینی مۆمێکت هەڵکردبوو
لە ناو شەوەزەنگی بیرکردنەوەی مندا
کاروانێکت لە خەندە بەڕێ ئەکرد
لەناو بیابانی کاکی بە کاکی رۆحمدا
نەمامی بەرائەتت ئەڕواند
لەناو باخە گوناهبارەکانی مندا
ئۆپێرایەکی دڵخۆشت بۆ ئەخوێندم
کە بەدیار تەرمی خۆمەوە پیر ببووم
هەناسەی ژیانت خستە گیانمەوە
کە لەسەر تەلاری خۆکوشتن هەڵنیشتبووم
لەوێ تۆم بینی ئەسپەکەمت زین کرد
کە بڕیارم دابوو تا مەملەکەتی تەم
غاری پێ بدەم
رێَگەی ئەو سەفەرە جاویدانییەت لێ گرتم
کە بڕیارم دابوو لە عەسرێکی تووڕەدا
لە نیشتمانی تەنهاییەوە
بۆ باوەشی گۆڕستان بیکەم
بەدەستی گوڵئاسات منت بردەوە
کوچەکانی عەشق و
کەناراوەکانی ئەوین
وتت ئەی کۆتری تینووی دڵداریی
لە ئۆقیانووسی عەشقی مندا
بەشی هەزاران ساڵ
ئاوی شیرینی عەشق بخۆرەوە
لەوێ تۆم بینی
وەک فریشتەیەک
لە چاوەڕوانیمدا بوویت
لەوێ تۆم بینی و
هەر تۆش ئەبینم

Previous
Next
Kurdish