Skip to Content

دەقی بێ دەق.. غازی حەسەن

دەقی بێ دەق.. غازی حەسەن

Closed
by كانونی دووه‌م 6, 2022 General, Literature


پێناسەی جیاواز و زۆر بۆ چەمکی دەق کە بەئینگیزەکەی پێی دەگوترێت تێکست کراوە، هەر پێناسەیەکیش پەیوەستە بە فکر و قوتابخانەیەکی فکری و ئەدەبی و زمانەوانییەوە. دەق چ دەگرێتەوە، کتێبە، یان هەر پارچە نووسراو و هێما و دەنگێک و نیشانەیەکی واتاداری خاوەن پەیامە. هەرچیەک بێت دەق شوێنێک دەگرێت و کاتێکی هەیە و خاوەنی گوتار و مەبەست و پەیامێکە، بەشێواز و جۆر ولەڕێگەی هۆکارێکی پەیوەندیکردنەوە بە وەرگرەکانی دەگەیەنرێت.
لەنێو نووسینی کوردیدا، بەتایبەتی لەنێو ڕۆژنامەکاندا، یان لەنێو فێیس بووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەسەدان بابەت کە لەشێوەدا (دەق)ە دەبینرێت، بەڵام لەنێوەڕۆکدا خاوەنداریەتی هیچ پەیام و فکر و چەمکێک ناکات، بەواتای ئەوەی لەشێوەدا دەقە، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بنەماکانی دەقبوونی تێدا بەرجەستە نەکراوە.
هەندێک پێیان وایە دەق بریتییە لەهەموو شتێکی دیار و ڕوون، واتا دیاردەیەکی زمانەوانییە، واتادارە، کۆکەرەوەی نێوان ڕستە و قسەکردن و گوتن و ڕاگەیاندن و گوتارە، واتا لەئاستی ڕێکخستن و پێکهاتەدا لەگەڵ ئاستی واتایی و گوتاردا هاوتا دەبن. هەندێکیش پێیان وایە دەق بریتییە لە (شیکردنەوە و لێکدانەوە و ڕاڤەکردن).
نابێت لەبیری بکەین دەق لەدەرەوەی فکر و بۆچوون و بیروباوەڕدا وەکو ئاوێنەیەکی شکاوی لێدێت، مرۆڤ، یان خوێنەر و بەکارهێنەری دەقەکە ناتوانێت بەجوانی و بێ گرفت خۆی تێدا ببینێت. دەق کە بڵاوکراویەوە، ئیدی بەکارهێنەرەکانی دەبنە خاوەنی و نووسەر و داهێنەرەکەی مەگەر هەر تەنیا وەکو تاپۆیەکی خاوەنداریی کەرەستەکە ناویان بەسەرییەوە بێت.
هەر کاتێک دەق بێ فکر و زانیاریی و بێ بنەما و بێ بۆچوون و لێکدانەوە و ڕاڤەکردن بوو، واتە بەشێک لەچەمک و ئەرک و نێوەڕۆکی دەقبوونەکەی لەدەست دەدات. گوتمان لەم سەردەمی خێراییەدا و لەبەر زۆربوونی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی گشتی و کەسی، نەمانی سانسۆری فکری و زمانەوانیی و تەنیا خودیش، دەق لەپێست و دەماغ و بیری دەقبووندا دەردەچێت و هەمان ئەرک و کاری نابێت، کە دەقی خاوەن گوتار هەیەتی.

ئێمە ڕۆژانە دەیان وتار دەبینین، چەندین ناوونیشان بەناوی لێکۆڵینەوە و دەیان بابەت و دیداری تیڤی و ڕادیۆ ڕووبەرڕوومان دەبێتەوە، کە تەنیا قسەن، واتا لەشێوەدا دەقن، بەڵام لەنێوەڕۆکدا دابڕانێکی زەق و ئاشکرایان پێوەدیارە، کە هیچ فکر و بۆچوون و پەیامێکیان تێدا نییە. بۆ نموونە ناوونیشانی دەقێکی شیعری (هێندە پڕخرۆشە و ئافرەت دەکاتە کەرەستەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ پڕوپاگەندە بۆ خودی دەقە شیعرییەکە) لە نێوڕۆکدا ئافرەت جوان نییە، بەڵکو کەرەستەیەکی هەرزانی رازیکردنی مەرامێکی خراپی دەرەوەی دەقەکەیە، کە ئەویش پیاوسالاریی و پیاوسێکسیی و پیاو ئارەزووە.

ناوونیشان، وتار، کتێب، وێنە، نیشانەکانی سەرشەقام و گرتە ڤیدیۆییەکان و هەواڵ و شڕۆڤەی سیاسی و ئەدەبیی و بەدواداچوون و تەنیا هەندێک نامەی زانستی لەزانکۆکانیشدا و .. تاد دەبینین، لەشێوەدا دەقن، بەڵام لەنێوەڕۆکدا بنەما و ئەرک و گوتاری دەقیان تێدا نییە، ئەوەی حیسابی بۆ نەکەن خوێنەر و وەرگرەکانیانە. بەو شێواز و قەناعەتە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنەرەکانیان دەکەن، کە (فرۆشیارێک) لەبازاڕ و دوکان و کۆگاکاندا بەهەموو توانا و قەناعەت و شێوازێکییەوە بەکڕیارەکەی دەڵێت (دەیکڕی، یان نایکڕی منتەم پێت نییە، پرسیارم لێ مەکە، خۆ چاوت هەیە)، (خۆ چاوت هەیە) بەناڕاستەوخۆیی بە کڕیارەکەی دەڵێت (خۆ کوێر نیت) واتە سوکایەتیشی تێدایە، سەرباری ئاوازەیدەربڕینی پڕ لەقین و توڕەیی و هەڵچوونی فرۆشیارە فەندی، کڕیار دەکەوێتە دۆخێکی دەروونیی ناخۆش و ئابلوقەدراو، نەک هەر ئەوە (فرۆشیار تەنیا وەڵامی پێویستی کڕیارەکانیشی ناداتەوە) و (بەلموزبەرزیی و لەخۆباییبوون و پشتگوێخستن و بێ منەتییەکی بەرزەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیارەکەی دەکات)، (تەنیا هەندێک فرۆشیار پێیان وایە کڕیار کۆیلەیەکی هەرزانی بێ بەهایە)، خاوەنی هەندێک دەق بەهەمان شێواز و قەناعەتەوە مامەڵە لەگەڵ خوێنەر و بینەر و گوێگرەکانیان دەکەن، بەکۆیلەیەکی بێ چارەسەر و ئابلوقەدراویان دەزانن، پێێان وایە وەرگرەکانیان هیچ پێگە و بەهایەکی فکری و کۆمەڵایەتی و دەوروبەرێکی گونجاویان نییە. بۆیە گوتاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دەزگا زانستییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان و ناوەندە ئەدەبییەکان، گوتاری بێ بەهاکردنی بەکارهێنەرەکانی دەقە، لەگوتارەکانیاندا لەپێشکەشکردنی دەقەکانیاندا بێ منەتانە و وەکو نیمچە دیکتاتۆرێکی یەکلابۆوەی تاکڕەوەی سەرکێشی لەخۆبایی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەکانیان دەکەن.

پێکهاتەکانی دەق بریتییە لە گوتن و قسەکردن و فکر و بیرۆکەکان و واتا و وێناکردن و خەیاڵ و مەزەندە و سۆز و باری دەروونیی. گوتاری دەق لەڕێگەی ژمارەیەک کەناڵی پەیوەندیکردن و کەرەستەی گەیاندنی جیاوازەوە بە بەکارهێنەرەکان دەگەیەنرێت. ئەگەر توندڕەویی نەبێت (دەقی ئێستا وەکو میوە و خورادن و کەلوپەلە داڕزیوەکانی سەرشەقامە گشتییەکان تام و چێژیان نییە، هەرزان و لاواز و بێ بایەخن، تەنیا هەندێک کوتومت لە میوە و سەوزەی نێو قوڕ زستان و تەپ و تۆزی هاوینەی شێخەڵڵا دەچێت)، تەنیا وەختە بڵێم هەندێک لەدەقەکانمان وەکو کەلوپەلی چینیان لێهاتووە بە کوالێتی خراپ و هەرزان و خۆنەگر و شڕە زمانێکی پەست ئاسا بەرهەمهێنراون دەتوانم ناویان بنێم (دەقی چینی). خۆ باسی (دەقی تۆزوبا) هەر ناکەم.
ڕەنگە ئەمە پەیوەندییەکی پتەوی بەپرۆسەی ڕەخنەگرتنەوە هەبێت، پێشتر ڕەخنە وەکو دەسەڵاتێکی چاودێریی و بەدواداچوون و لێکدانەوە و سانسۆریش کاریگەریی لەچۆنیەتی بەرهەمهێنانی دەقی بەرپرسانە و زمان چاک و پاک و دروست هەبوو، هەر کاتێک (کردەی ڕەخنەگرتن وەکو مەعریفە) بە‌هێزبوو، بەرهەمهێنانی دەقیش بەهێز و کاریگەر و جددی دەبێت. لەبەر نەمانی ڕەخنە دەیان (دەقی بێ دەق) ڕۆژانە بڵاودەبێتەوە، وەکو خاشاک و خواردنی ماوە بەسەرچوو، کەلوپەلی بێ نرخ و بێ بەها دەردەکەون. ئەمەش وایکردووە جۆرە دەقێک بڵاوببێتەوە، مرۆڤ بێزی نەیەت بۆنیشیان بکات، نەک بیانخوات، چونکە بۆگەن بوون و مرۆڤ گێژ دەکەن.

زۆر لەو بابەتانەی بەناوی دەق بڵاودەکرێنەوە (قسەکردنێکی ڕاشکاوانەی خاوەنی هیچ بیرۆکە و بیروڕایەکی قووڵ و دیاریکراو نین، بریتین لەژمارەیەک پەخشانی زمان سەقەتی بێ شێوازی ئەدەبی و ئەتەکێتی نووسین، هیچ واتایەکیان تێدا نییە، تەنیا پڕکردنەوەی لاپەڕە و شاشە و جووینەوە و پیاهەڵدان و ناشیرینکردن نەبێت. هەر دەقێک لەدەرەوەی واتا، بەواتای بۆگەن بوونی بابەتەکە دێت. هێز و وزە و توانای هەر دەقێک لە واتا و مەبەستەکەی دایە. (خەیاڵدان و خەیاڵ بنەمایەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی دەقە، بەتایبەتی دەقی ئەدەبی)، لەم سەردەمەدا دەق هیچ خەیاڵێک پێشکەش ناکات، بەڵکو وەکو دزێکی نەشارەزا بابەتێکی دزراوی کۆپیکراوی نەک جیهانی، بەڵکو هینی ناوچە ناوەخۆییەکانمان بە زمانێکی تێکشکاوی هەنجن هەنجکراو پێشکەش دەکەنەوە. پیشەسازی بەرهەمهێنانی دەق هێندە لاواز و ڕەزیل و سووک بووە، کاری دزیی بەئاشکرا و بێ شەرمانەی وەکو ماستی سپی بەلێوانەوە دیار بێت.

دەقی بێ دەق وێناکردن و مەزەندە و تێڕوانین و ڕامانی تێدا نییە، دەڵێن سەردەمی خێراییە، کات و شوێنی بیرکردنەوەمان نییە، بۆیە دەق کاتی ئەوەی نییە خۆی بەم جۆرە بابەتە قووڵ و قورسانە خەریک بکات، نابێت خوێنەر بەبابەتی قورس و قووڵ بارگران و ماندوو بکەین، ئەرکی دەق جووڵاندنی عەقڵ و گەیاندنی مەعریفەیەکی نوێ و جووڵاندنی باری دەروونیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتی بەکارهێنەرەکانییەتی.
ڕۆژانە بەپارەیەکی ئێجگار زۆر و قەبە، دەیان ڕستەی جوواوەی سەدبارەکراوە بڵاودەکرێتەوە، کە لەشێوەدا هەر یەکێک لەم ڕستانە دەقێکن، بەڵام لەشێوەی دەقێکی دابڕاو لەخودی دەقدا نمایش دەکرێنەوە، نمایشێکی بێ جەماوەر، وەکو شانۆگەری بێ جەماوەر وایە. کێ ئێستا لەزەت لەشێوە و شێواز و زمان و جۆری دەربڕین و گوزارشتی ناوونیشانی دوکان و هوتێل و چێشتخانە و تابلۆکانی سەرشەقام و ناوونیشانی دکتۆر و کۆگا و تەنیا ناوی منداڵەکانیشمان دەکات، کە هەریەکەیان بۆخۆیان دەقێکی سەربەخۆن، بەڵام دەقێکی شێوێندراوی زمان تێکشکاوی سەر و قەپۆز شکاوی بێ مانا و سەروگێلاک پێچراوە. کێ بڕوا بەمانشێت و ناوونیشانی ڕۆژنامەکان دەکات، کێ لەگەڵ ناوونیشانی نامەی زانستی توێژینەوەکان ئاستی بیرکردنەوەی دەگۆڕێت و بیرۆکەی نوێی بەمێشکدا دێت، کێ لەگوتار و لێدوانی سیاسییەکاندا دەقێکی نوێی واتاداری خاوەن زانیاریی و پڕۆژەی نوێ دەبیستێت. کێ دەقێکی نوێی ئەدەبی داهێنەرانەی ناوازەی پێشکەشکردووە.

نەبوونی ڕەخنە هۆکارێکی گەورەییە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسی دژە دەق، نەبوونی ڕەخنە، واتە نەبوونی خوێنەری جدی، نەبوونی خوێنەری جدی واتە نەبوونی شیکردنەوە و لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی وردی دەق. دەق تووشی پەتای نەخوێندەوە بووە. هەر دەقێک نەخوێندرێتەوە، واتا مردن و نەبوونی خودی دەقەکە.
دەقی ئەدەبی بێ خەیاڵ و مەزەندە و وێناکردن، دەقێکی بێ فکری کۆمەڵایەتی و بێ گوتاری ورژێنەرە، ئەمەش بەرهەمی دەقی بێ فکر وبێ بیرۆکە و بێ بیروبۆچوونە، کە لەڕێگەی زمانەوە ئەنجام دەدرێن. بەداخەوە زمانی نووسینی دەقی کوردی دووچاری ڤایرۆس و پەتایەکی کوشندەی بکوژ بووە. زمانی دەق واتە فکری دەق، زمان و فکر بەیەکەوە وەکو هێزێکی هاوسەنگ و هاوتا و تەواوکەری یەکتر کار دەکەن. کاتێک وەسفی ئافرەتێک دەکرێتە ناوونیشانی شیعرێک ئەمە وشە و دەستەواژەیە پەیوەندی بەفکری دەقنووسەکەوە هەیە، ئایا بەکردەوە ڕیز لە ئافرەت و مافەکانی دەگرێت، یان ئافرەت وەکو کەرەستەیەکی سێکسی بۆ سەرنجڕاکێشانی خوێنەرەکانی بەکار دە‌‌هێنێت؟
دەقی بێ زمان زمانێکی شێوێندراوی بێ ئەرک و پەیام، واتە دەقێکی بێ فکر و بیروبۆچوون، ئەم جۆرە دەقە لەکردەوەدا دەقێکی بێ دەقە. وەکو کارتۆنێکی گەورەی بەتاڵە. کە ئەم کارتۆنە مەزنە شوێنێکی زۆر دەگرێت و خەڵکێک بە بیر و لێکدانەوەی هەڵخەڵەتێنەرانە مژوول دەکات، بەڵام لەکۆتایدا لەبۆشایی و بەتاڵییەکی کوشندە پتر هیچ شتێکی دیکە پێشکەش بە بەکارهێنەرەکانی ناکات، دەقی بێ فکریش، وەکو ئەم کارتۆنە بۆشە وایە، سەردەمی ئێستمان پڕە لە کارتۆنی بۆش.. بۆش و بەتاڵ.

ناوونشان و مانشێتی ڕۆژنامەکان، ژێرنووسی تەلەڤزیۆنەکان و نامەی توێژینەوە زانستییەکان و گۆڤارە ئەکادیمی و تەنیا وانەی بەشێکی زانکۆکان و قسەی بەشێکی سیاسییەکان و حزبەکان و دامەزراوە یاساییەکان و خودی پەرلەمانیش پڕە لەبۆشایی و وەکو دەقی بەتاڵ بەرهەمهێنراون، بۆ ئەوەی هیچ پێشکەش بەوەرگرەکانیان نەکەن. گەلێک لەوانەی لەگوتارەکانیاندا قسە دەکەن، دەیانەوێت (هیچ) پێشکەش بە وەرگرەکانیان بکەن، نە (شتێک) پێشکەش بکەن. ئەمەش هونەرێکی نوێی بەرهەمهێنانی دەقی کوردییە، خاوەنی دەقەکە هەموو وزە و توانا و هێزی خۆی بەکاردەهێنێت (هیچ شتێک) پێشکەش نەکات و وەکو کارتۆنە بەتاڵەکە نمایشی مەبەست و خواست و بەرهەمهێنانی دەقەکەی خۆی لەچوارچێوەی گوتارە گوتراو، یان نووسراوەکەی بکات. ئەمە ڕێک واتای هێمابۆکراوە لەبەرهەمهێنانی دەقدا بێ هێمایەکی ئاماژە پێ نەکراوی نێو دەقەکە کە بریتییە کە (هیچ و بۆشایی).

سەردەمی دەقی بێ دەق بەرەو داتەپین و نەمانی متمانە و داڕووخانێکی ناوەکیی و خودیی ترسناکمان دەبات، لەڕووی دەروونییەوە هەر تاکێک و دامەزراوەیەک بەرەو داتەپین و پاشەکشە دەچێت، کە هیچ دەقێکی پڕ و واتادار و خاوەن فکر و ئیرادە و واتاداری نەبوو، بەواتایەکی دیکە خەریکی بەرهەمهێنانی دەقی بۆش بێت، یان بەدەقێکی بۆش مژوول بکرێت.

Previous
Next
Kurdish