حەسەن سوورمە ، خۆشەویستی و ڕەسەنایەتی.. سارا فەقێ خدر
کەڕۆمانی حەسەن سوورمە دەخوێنیتەوە ، ھەست دەکەی ڕووداوێکی سروشتی و جیاواز دەبیستی . نە لاسایی و نە زۆر لەخۆکردنی تێدایە .
زمان/ وەک ئاوی ڕەوان ، وەک سیوادی بەیانییان ، وەک ئاوازی ڕەسەن ساف و بێ گرێ و گۆڵ . وات لێدەکا دەستی لێ ھەڵنەگری . وەلێ جار ..جار پێویستی بە پەراوێزێک ھەیە بۆئەو وشانەی ناوچەیین، وەک (تەقیە ،مەکروف ،چەپاڵە ،قوشقی ….ھتد )
سەرەڕای ئەوە ژمارەیەک وشەی عەرەبی تێدایە کە بەرامبەریان بەکوردی ھەیە . بۆیە پێویست ناکا بەعەرەبی بنووسرێن وەک (موشکیلە ، وەسایلی حەللاقی ،تەڕەف ، سادق ، حاڵەت ھتد…)
خۆشەویستی / بەسروشتی خۆی ھەڵگری ململانێیە. لەڕۆمانی حەسەن سوورمەدا ھەستی ڕاستەقینەی ھەڵقوڵاو لەباوەڕی کۆنی کوردەواری ، لەگەڵ داب و نەرێتی بارکراو بە باوەڕی سەپاو یان ھاوردە لە ململانێ دان .
پاڵەوانەکانی ڕۆمانی حەسەن سوورمە زۆربەیان ئاشقن .کەسایەتییەکی زەردەشتییانەیان ھەیەلە حەسەن سوورمە و بەس چۆلەکەوە بیگرە ھەتاسوڕەییا و موسا و ھەتا عیشقی سۆفیانەی سەڵاواتی.! زۆربەیان خاوەن زەینی پاک و گفت و لفتی شیرینو ئەتواری جوانن .، بەڵام ھەندێ جار دژەکانیان ناچاریان دەکەن ئاراستەی ھەنگاویان پێچەوانە بێ .
درک و لاینگیری حەقیقەت لە ترۆپکدایە دەشزانن یاخیبوون و قوربانیدانی گەرەکە . حەسەن سوورمە لەپێناوی ھەموواندا ژیا و ماندوو بوو بەس چۆلەکە خەمی دنیای قووت دایەوە لەپێناوی لایەنگیری راستی و لەنێوان بەرداشی سەلامەتی ڕۆڵەکانی و ئەوەش کە لەدەورووبەری ڕوویدەدا .
زارا لەپێناوی پاراستنی شکۆی خێزاندا تەنیایی ھەڵدەبژێرێ و درۆ لەگەڵ خۆیدا ناکا . . مووسا سەرەڕای ئەو ھەموو حەز و ئارەزووانەی، خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەشی بۆ سوڕەییا ھەیە . سوڕەییاش بە ھەمان شێوە بەڵام لەکۆتاییدا پێ لەجەرگی خۆیان دەنێن و لەپێناوی سەلامەتی و مانەوەی یەکتردا، دەست لە حەزەکانیان ھەڵدەگرن و خۆشەویستییەکی رۆحی بۆ ئەبەد بە غەمگینی دەیانھێڵێتەوە !
خۆشەویستی نیشتمان و نەتەوەش بەتایبەت چینی چەوساوە و بەشخوراو ، ئاوێتەی دەروونی مووسا و زۆربەی کاراکتەرەکانی دیکە بووە ( چی وێنە و سروودی شۆڕش ھەبوو، ھەست و ڕوانینمی داگیر کردبوو .ئاخر دڵمان زۆر بە پێشمەرگە خۆش بوو ، ئۆخەیمان بەپێشمەرگەی پارچەکانی دیکەی کوردستان دەھات)
ڕەسەنایەتی/ ھێند سادە و جوان ڕەنگی داوەتەوە ، ئارامی بەخوێنەر دەبەخشێ . دڵ گەورەیی، لەخۆ بووردەیی، گیانی ھاوکاری، ژیانی سادە و خواردنی تەندروست،مرۆڤ دەبەنەوە باوەشی سروشت و لەجەنجاڵی ژیانی ڕووکەش ودەمامکداری شار دووری دەخەنەوە، میھرەبانی بەھەموو کون و کەلەبەرێکی ژیاندا بڵاو بۆتەوە لەھەمووی گرنگتر ئەوڕێزەیە کە لە ژن گیراوە ، ئەمەش ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زۆر دێرین (کە بەس چۆلەکە قسان دەکا ، حەسەن سوورمە ھەموو گیانی دەبێ بەگوێ ) ئەم کلتوورە ئێستا پێچەوانە بۆتەوە ! کێشەی زۆربەی ژنان گوێ لێنەگرتنیانە لەلایەن پیاوانی خێزانەوە .
لەلایەکی دیکەوە سەڵاواتی دوای مردنی دایکیان ،خۆی دووکچە بچکۆلەکەی دەشوا بێئەوەی بەنەنگی بزانێ و فشاریان لێ ناکا کە دەبێ زارای کچی حەسەن سوورمە بیانشوا .
ئەمەش بەو مانایە نییە کەھیچ توندوتیژییەک بەرامبەر ژن لەئارادانەبێ .
کۆتایی ئەم ڕۆمانە سەروبەندی ڕاپەڕینە و ئومێدی ژیانێکی نوێ بەگوێی خەڵکدا دەدا و ژمارەیەکیان بەھەواڵی مان و بەیەک گەیشتنەوەی ئازیزانیان شاد دەبنەوە . ئەمەش ھەوێنی ئارامی و ئاسوودەییە بۆ خوێنەر .
• حەسەن سوورمە یەکەمین ڕۆمان و نوێترین بەرھەمی شاعیرو نووسەر( بەکر ئاڵەیی) یە لە دوو توێی ١٦٠ لاپەڕەی قەبارە مامناوەند و لەساڵی ٢٠٢٢ لە(خانەی موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە) لەھەولێر چاپکراوە .
سارا فەقێ خدر
تشرینی دووەمی ٢٠٢٢