Skip to Content

کەرەنتین … نوسینی: کاوە عوسمان عومەر

کەرەنتین … نوسینی: کاوە عوسمان عومەر

Closed
by حوزه‌یران 16, 2020 General, Poems

ماڵێک، دڵێک، چرایەک،
ڤایرۆسی مرۆڤ، مرۆڤی ڤایرۆس، ژەهری..
پەنجەکان، سوتانی باڵی نەوسەر،
کوێربوونی ماسیەکان، خنکانی هەڵۆ

لە گەردونێکی بێهودەدا
هەموان کەرەنتین، بە تاریکی هاتن..
بە تاریکیش، ئەم شانۆ بێسەرو بەرە..
جێدێڵن، پەیامی ناڕۆشن،
دڵەکان کون، ئاسمانیش…
وەک ڕۆح، وەک وشەکان، بۆش
هەر چاوەڕوانن، دوور لە ڕێگای بینینەوە
پێش سوتانی زەمین، ڕاوکردنی سروشت، هەروەک..
مەرگی پڵنگ، خنکانی دارستان،
دانانی تەڵە بۆ هەوری یاخی
کەرەنتینی دڵ، کەرەنتینی حەز، کەرەنتینی..
نیشتمانێک، بەجێمان هێشت،
لەسەر لەپی ڕەشی ئافات

دڵۆپە بارانێک لە بونێکی سارد ،
ڕوخسارێک وەریو وەک سوتماک..
وەک ڤایرۆس ، لە جەستەی تەنیاییدایت ،
وەک ڤایرۆس، لە نەبوونا دێی، ئەشمێنی و..
ناشمێنی، مردن لە جەستەی هەردوکمانە..
وەک ڤایرۆسێکی نادیار، بەڵام زۆر ترسناک
خاکێک، وەک دوو لەتە سێو..
کراوەتە سەر خوانی دوو مەرگپۆش،
نەوت و کریستاڵی زەمین، خۆراکی ئەوان
ئێمەش وەک خەو، وەک ڕەشەبا
دێێن و ئەچین،لێئەگەڕێین، بێگوێدانە
ئازار، تا ڤایرۆس لاشەمان کەوڵ ئەکا
دوای مەرگ برسێتی کوا، گەڕان کوا

کەرەنتینی ماڵە چۆڵەکان، کەرەنتینی چۆلەکە بەستەزمانەکانی دوای جەنگ،
سواڵکەرەکانی ئەوشەقامانەش..
نەچووونەوە سەر تولەڕێی هیچ فیردەوسێ

پرسیارێک، لە گوڵی خۆڵەمێشی…
خۆشبەختی، لە وڵاتێک لە زەرنیخ
و هەنگوین، پرسیارێک دەربارەی..
بەدبەختی ئەو مردوانەش، هەم خاکیان، ..
هەم خوێنی زەمینیان لێدزرا.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish